کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆنیخ: هۆکارەکان و کاریگەرییەکانی بانگهێشتنەکردنی ئێران
دووەم ڕۆژی پەنجا و نۆهەمین کۆبوونەوەی “کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆنیخ” لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و چەند وڵاتێکی تری بەرەی وڵاتانی یاخی/دیکتاتۆری بانگهێشتی ئەو کۆنفڕانسە نەکراون. ئەمە بۆ کۆماری ئیسلامی کە لانیکەم لە ساڵی ۲۰۰٨وە و تەنانەت لە کاتی پەرەپێدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی و پەرەسەندنی کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا بەردەوام لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار دەبوو، شکستێکی گەورەی دیپلۆماتیکە.
٭ لانیکەم لەبەر دوو هۆکار شکستە:
١. پێشتر نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان دەدا لەو کۆنفڕانسە وەک پێگە و بڵندگۆیەک بۆ پرۆپاگەندە و چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی جیهانی سەبارەت بە سیاسەتەکانیان لە ناوخۆو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەڵک وەربگرن. تەنانەت وەزیرانی دەرەوەی ئەو ڕژیمە بەئاشکرا نکۆڵییان لەوە دەکرد شتێک بە ناوی “زیندانیی سیاسی” لە وڵاتیاندا هەبێت! بەڵام ئەمجارە و لە کاتێکدا کە یەکێک لە پرسە گرنگەکانی ئەو کۆنفڕانسە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکدانەوەی دۆخ و ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێرانە، لە جیاتی نوێنەرایەتی ئەو ڕژیمە، چەند کەسێک لە نوێنەرانی بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێران لەوێدا بەشدارن.
٢. لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ئەمە یەکمجارە کە لە کۆنفڕانسێکی هەرە بەرزی نیونەتەوەییدا چالاکانی دژبەری ئەو ڕژیمە بەشدار دەبن.
٭هۆکارەکانی بانگهێشتنەکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو کۆنفڕانسە چین؟
١.بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەکە بە ئاشکرا ئاماژەیان بە چەند هۆکار کردووە کە بریتین لە: ئینکاری مەوجودییەتی ئیسرائیل و هاوکات هەوڵدان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیا بەمەبەستی بەکارهێنان لە دژی ئوکراینا، هێرشی دڕندانەی سوپا و پۆلیسی ئێران بۆ سەر خەڵک و خۆپیشاندەران، پێشێلکردنی یاسا و رێسای نیودەوڵەتی. لەبەر ئەو هۆارانە بە پێوستیان نەزانیوە بڵندگۆ بە دیکتاتۆرەکان بۆ پڕۆپاگەندە و پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتەکانیان بدەن.
٢. لەپاڵ ئەوانەدا دەکرێ ئاماژە بەم هۆکارانەش بکرێت: گۆڕانی ڕوانگەی بەشێکی زیاتر لە کۆمەڵگەی جیهانی بە نیسبەت ڕژێمی تاران، بەو مانایە کە ئێستا ژمارەیەکی زیاتر لە وڵاتان وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی دەیبینن، کاریگەری چالاکییەکانی دەرەوە/دیاسپۆرا و بەتایبەت بەڕێوەچوونی گەورەترین کۆبوونەوەی ناڕەزایی لە ئەڵمانیا و کاریگەریدانانی لەسەر ڕای گشتی و بەرپرسانی ئەو وڵاتە وەک میوانداری ئەو کۆبوونەوە.
کەوابوو، بە گشتی دەکرێت بڵێین هۆکاری ئەو بانگهێشتنەکردنە پەیامێکە بۆ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەوەی کە ناتوانێت ئاسایشی جیهانی بە ناردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیا و بەشداری ناڕاستەوخۆ لە شەڕی ئوکراینا و پەرەپێدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی و هەروەها ئاسایشی ناوچە بە مووشەکهاوێشتنی بەردەوام بۆ خاکی دراوسێکان و ڕەوانەکردنی چەکوچۆڵ بۆ گرووپ و میلیشیا تیرۆریستییەکان و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی تر بخاتە مەترسییەوە و لە ناوخۆش هاووڵاتییانی بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت بکات و هاوکاتیش یەکێک بیت لە وڵاتانی ئامادە لە کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆنیخدا.
٭ کاریگەرییەکانی بانگهێشتنەکردنی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو ڕژیمە چین؟
١.وەک پێشتر ئاماژەم کرد، ئامادەنەبوونی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی بە واتای لەدەستدانی بڵندگۆیەکە بۆ چەواشەکاری و پڕۆپاگەندە.
٢.ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێونەتەوەییدا نزم بووەتەوە و ئەگەر ئەم رەوتە لە باقی کۆبوونەوەکاندا بەردەوام بێت، کۆماری ئیسلامی زیاتر گۆشەگیر دەبێت و پەراوێز دەخرێت.
٣.ساڵانێکی زۆر کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هیچ پرسێکی ئەمنیی لانیکەم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەبێ هەبوون و بەشداری ئەوان چارەسەر نابێت. بانگهێشتنەکردنیان بۆ بەرزترین کۆنفڕانسی گەردوونی کە تێیدا سەبارەت بە ئاسایشی جیهانی ڕاوێژ دەکرێت کۆتایی ئەو ئیدیعا ناڕاستەیە.
٤. بانگهێشتنەکردنی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی بە جۆرێک ئینکاری ڕەوایی ئەو دەسەڵاتە و بگرە ڕەواییدان بە ئۆپۆزیسیونی ئەو ڕژیمەیە.
٭ چالاکانی بەشداری ئێرانی لەو کۆنفڕانسەدا جەختیان لە چی کردەوە؟
لە میانەی پەنێلێکدا لەژێر ناوی “شۆڕش، ژن، ژیان ئازادی” جارێکی تر دەرکەوت کە بەشداربووان و بە تایبەت ڕەزا پەهلەوی هیچ پلان و بەرنامەیەکی توکمەیان نییە. بە تایبەت ڕەزا پەهلەوی وەڵامێکی گونجاوی بۆ هیچ یەک لە پرسیارەکان سەبارەت بە چۆنییەتی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و داهاتووی شۆڕش و سیناریۆکانی ئۆپۆزیسیون نەبوو. تەنانەت کاتێک پرسیار لە پلان و بەرنامەی بۆ شەش مانگی داهاتوو کرا وڵامێکی ئەوتۆی پێ نەبوو. بە وتەی خۆی ” جارێ سەرقاڵی ڕووخاندنن”! جۆرێک لە دابەشکاری ئەرکەکان دیار بوو:
– مەسیح و نازەنین هەوڵیان دەدا جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کە ئەوەی ئەمجارە لە ئێران ڕوو دەدا “شۆڕش”ە و لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتر جیاوازە، بۆیە پێویستە وڵاتانی ڕۆژاوا بیر لە سەردەمی پاش کۆماری ئیسلامی بکەنەوە.
بەپێچەوانەوە ڕەزا پەهلەوی زیاتر هەوڵی دا باس لە ئێرانی داهاتوو و پێویستی ئێرانێکی دێموکراتیک بکات کە هاوبەشێکی باش بێت بۆ دراوسێکان و جیهان. هەرچەندە پێداگری لەسەر هەندێ بابەتی تر و لەوانە تەحریمکردنی سوپای پاسداران کردەوە، بەڵام بە گشتی هەوڵی دەدا تەرکیز بخاتە سەر ئەو پرسانەی کە لەو کۆنفڕانسەدا گرنگییان پێ دەدرێت [ژینگە و ئاسایشی ناوچە و جیهان]. بە ڕوونی هەوڵی دا بەپێی چاوەڕوانییەک کە وڵاتانی ڕۆژاوا هەیانە قسە بکات.
٭ ئایا بەشداریپێکردنی بەشێک لە چالاکانی ئۆپۆزیسیون وەک هەندێک دەڵێن بە واتای دەستنیشانکردنی ڕابەرایەتی ئەو بزووتنەوە یان شۆڕشەی ئێستایە؟
١.کۆنفڕانسی ئاسایشی مۆنیخ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەچێت و ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی سیاسەتی فەرمی وڵاتانی جیهان و تەنانەت بەشداربووان نییە. لە بنەڕەتدا لەو کۆنفڕانسەدا بڕیارێک دەرناکرێت و زیاتر شوێنێکە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە گرنگترین پرسە ئەمنییەکانی جیهان. سەرەڕای ئەوەش بە هۆی ئەوەی بەرپرسانی باڵای وڵاتان تێیدا بەشدار دەبن پرسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دەتوانێ دواتر لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی بەشداریش کاریگەری دابنێت. بۆیە شوێنێکی زۆر گرینگە بۆ لۆبیگەری.
٢. بانگهێشتکردنی گرووپێک لە چالاکانی ئۆپۆزیسیون دەتوانێت بە جۆرێک یارمەتی بدات بە ڕەواییپێدان و لانیکەم ناساندنی زیاتری ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیون و لە قازانجیان بێت، بەڵام هاوکات ناتوانێت حاشا لە ڕاستییەکانی وڵاتی ئێران و بەتایبەت ئەو ڕاستییە بکات کە نوێنەرانی بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزیسیونی رژیم لەو کۆنفڕانسەدا بەشدارییان نەکردووە.
٭ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێویستە:
١.لە ناوخۆ ئەوپەڕی هەوڵیان بدەن بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوئاهەنگ و ڕێککەوتن لەسەر پرسە سەرەکییەکان بە بەشداری زیاترین لایەنەکان کە ئەمەش توانای لۆبیگەرییان بۆ بەشداریکردن لەو جۆرە کۆبوونەوانەدا بەرز دەکاتەوە.
٢. بەهێزترکردن و چالاکترکردنی هاوپەیمانێتی “هاوپیوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری” کە پیکهاتووە لە نوێنەرانی نەتەوەکان لە ئێران وەک جەمسەرێک کە نەکرێت لە هاوکێشەکاندا و لەلایەن ئەکتەرانی دەرەوە پشتگوێ بخرێت.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!