کۆماری ئیسلامی و هێزی پێشمەرگەی شاخ

دژایەتی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران لەگەڵ جێگیربوونی پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە شاخ هەرچەندە ئێستا بەرجەستەتر، زەقتر و توندترە بەڵام دیاردەیەکی نوێ نییە. نزیک لە دوو ساڵ دوای جێگیربوونی پێشمەرگەکانی حدکا لە شاخ لە چوارچێوەی سیاسەتی ڕاسانی شاخ و شار سپای پاسداران بە بیانووی “بەزاندنی سنوور و تێکدانی ئاسایشی وڵات” هێرشی مووشەکی کردە سەر حیزبی دێموکرات لە کۆیه [ڕەنگە لەسەر هۆکارەکەی و کێ ئامانجی سەرەکی بوو جیاوازی بیروبۆچوون هەبێت من لێرەدا باس لە بیانووی کۆماری ئیسلامی دەکەم]. نزیکەی چوار مانگ دواتر لە سەرەتای زستانی ۱۳۹۷ فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران لە کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازی “پیامبر اعظم” ڕایانگەیاند: لە ئێستا بەدواوە مەترسی و هەڕەشەکان لە سەرچاوەکەیانەوە وشک دەکەین… تا ئێستا ستراتیژی ئێمە بەرگریکارانە بووە، بەڵام لەمە بەدوا هێرش دەکەین و وەدووی دوژمن دەکەوین…ستراتیژی بنەمایی ئێمە بەرگرییە، بەڵام لە ئاستی تاکتیکدا هێرش دەبەین…. باشترین جۆری بەرگریکردن هێرشبردنە”. بێگومان ئەمە بەشێکی ڕووی لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچە و بەشێکی ڕووی لە ئۆپۆزیسیونی چەکدار [حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک بەرجەستەترین نموونە] بوو.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابڕدوودا، سەرەڕای ئەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خۆیان بواردووە لە چالاکییەک کە بیانوو بەدەست کۆماری ئیسلامییەوە بدەن کە فشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو ڕژیمە لە قۆناغە جیاجیاکاندا ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم بۆ دەرکردنی پێشمەرگەکان کۆبووەتەوە و بە کردەش بەردەوام ناوچە سنوورییەکانی تۆپباران کردووە و تەنانەت هەوڵی داوە بەئەنقەست و بۆ ئاژاوەگێڕی زیان بە گوندەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت. هۆکاری ئەمە چییە و بۆچی کۆماری ئیسلامی ئەوەندە بە هەبوونی پێشمەرگە لە شاخ هەستیارە؟ ڕەنگە ئەو چەند خاڵەی خوارەوە بەشێک بن لە وەڵامی ئەو پرسیارە:
– هەر لە سەرەتاوە جێگیرکردنی پێشمەرگەکان لە شاخ ئەو پڕۆپاگەندە و گێڕانەوە درۆیینەیەی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ کردەوە کە بەردەوام باسی لە “گروهکهای منحلە” دەکرد. بەتایبەت کە “شار” بە ئاشکرا پێشوازی لە بڕیاری جێگیرکردنی پێشمەرگە لە “شاخ” کرد.
-کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە جێگیربوونی هێزی پێشمەرگەی وەک تاکتیکێکی بێئامانج سەیر نەکردووە، بەڵکوو لە چوارچێوەی سیاسەتێکی بەربڵاوتردا لێی ڕوانیوە. لانیکەم ئەو سیاسەتەی کە کورد بە ڕاسان دەیناسێت [بە چاوپۆشی لەوەی کە ئایا سەرکەوتوو بووە یا نەبووە]. ئەو سیاسەتە لانیکەم ئێمە بەوجۆرە پێناسەمان دەکرد: “داهێنانێکی ستراتێژیک لە ڕەوت یان میتۆدی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە کەلکوەرگرتن لە هەموو توانا و دەرفەتەکان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە(یەکی ناهاوسەنگ) لەگەڵ هێزی داگیرکەر. داهێنانێک کە بەرهەمی گەڕانەوە بۆ هەندێ لە تاکتیک و سیاسەت و میتۆدە بەکەڵک و سوودمەندەکانی “ڕابردوو”، خوێندنەوەی دۆخی “ئێستا” [ئەوکاتی]ی ناوچە و ئێران و ڕۆژهەڵات و هەروەها تێڕامان لە/ و پێش­بینیی “داهاتوو” بوو. بێگومان کۆماری ئیسلامی ئاوا سیاسەتێکی پێ قەبووڵ ناکرێت.
-هێزی پێشمەرگەی شاخ بەبێ گرنگیدان بەوەی لەم چەند ساڵەدا چەندە بە کردە چالاک بووە، شێوازێک بووە لە دەرخستنی ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکانی داهاتوو.
– پێشمەرگەی شاخ هەڵگری پەیامێک بووە سەبارەت بە پێداگری لەسەر شێوازێکی تری ڕەوای خەبات [خەباتی چەکدارانە/بەرگریکارانە] لە ئەگەری شکستی ڕێگەچارە سیاسیەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات.
-جێگیربوونی پێشمەرگە لە شاخ هاوکات کە پەیامێکی تێدایە بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات سەبارەت بەوەی کە لە ئەگەری سەرهەڵدانی مەترسی و هەڕەشە و لە ساتە خۆفناکەکاندا هێزی پێشمەرگە ئامادەی پاراستنی نەتەوەی خۆیەتی، هاوکاتیش پەیامێکە بۆ دەوڵەتی داگیرکەر کە لە ئەگەری پەلامار بۆ سەر نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی هێزی پێشمەرگە دەبنەوە کە مەودایەکی زۆری لەگەڵ نەتەوەکەی نییە. ڕەنگە هەندێ گرنگی بەوەدە نەدەن، بەڵام جیهانی سیاسەت جیهانی ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەکانە!
ئەوەی کە ئێستا دەبینین کۆماری ئیسلامی لەم ڕۆژانەدا کە خۆپیشاندانەکان گشتگیر بوونەتەوە و ئەو ڕژیمە کەوتووەتە ناو قەیرانێکی گەورە، هەڕەشە لە پێشمەرگە دەکات و بەتایبەت پێداگرە لە چۆڵکردنی شاخ تەنیا بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا ببات. بەشێکی تری پەیوەندی بەو خاڵانەی سەرەوە هەیە. دەنا دەبێ حاشا لەوە بکەین پێش ئەم ڕووداوانەش هەوڵی بۆ دوورخستنەوەی پێشمەرگەکان لە شاخ داوە و چاوێکیشی لە داهاتوو نییە.
چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ئێستادا زیاتر لە “وەهم” ئەچێت. ئەوەی دیارە گرنگترین ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا چۆڵکردنی شاخە. وەک دەڵێن بە مەرگ گرتوویە [چەککردن و دەرکردن] کە بە یاو [چۆڵکردنی شاخ] ڕازی بێت. بۆ ئەو مەبەستە دوور نییە هاوکات لەگەڵ فشارەکانی بۆسەر هەرێم و عێراق هەمدیسان بە مووشەک لە بنکەی سەرەکی حیزبەکان بداتەوە. تەنانەت ئەگەری هێرشێکی سنووردار بۆ سەر پێشمەرگەکان زۆرە. ئەگەر لە سیاسەتی چۆڵکردنی شاخ سەرکەتوو بێت و ئیرادەی بسەپێنێت، ڕەنگە ماوەیەک بێدەنگ بێت، بەڵام باشترە وا هەڵسەنگاندن بکرێت کە لە داهاتوودا فراوانخوازتر دەبێت و خواستەکانی زیاتر دەکات. لەم ڕوانگەوە ڕەنگە کشانەوە سەرەتای شکستێکی گەورە بۆ حیزبەکان بێت. بەڵام نەکشانەوەش ڕەنگە فشارەکان هەم لەسەر حکوومەت و هەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زیاتر بکات. ئەگەر ئەم هەڵسەنگاندنە درووست بێت دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدۆزینەوە کە چ دەرگایەک هەیە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەکو دەرگای جەحەنەم نیشانی کۆماری ئیسلامی بدەن؟ دەبێ بەرمیلێک بارووت هەبێ کە حیزبەکان بتوانن بڵێن تەقاندنەوەی لە دەستی ئێمەیە و لە ئەگەری پێداگری ڕژیمی داگیرکەر لەسەر ئەو خواستە تێچووەکانی لە قازانجەکانی زیاتر دەبن. ئەو بەرمیلە بارووتە چییە و کامەیە؟ وەکدیارە کۆماری ئیسلامی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەرێم پەلەیەتی و پێداگرە لەسەر “دیاریکردنی کات”. بێگومان ئەوەش پەیوەندی بە بارودۆخ و ڕووداوەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە هەیە. ئەگەر هیچ بژاردەیەکیش نەبێت ڕەنگە “کاتکوشتن” خۆی بۆ ئێستا بژاردە بێت. ئەمە ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی بەهێزتر دەکات، بەڵام [بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ناوەند بێت] ئەوانیش ئامادەی بەرگری ڕەوان. ئەمە شاهەڵبەستی قسەکانی خامنەییە بەرامبەر ئەوانەی بە ڕکابەر و دوژمنیان دەزانێت: “غالبأ جنگ، جنگ ارادەهاست”. سرووشتی خۆی و ڕژیمەکەی وایە ئیرادەی هەرکەسی شکاند لە کۆڵی نابێتەوە. لەهەر شوێنێکیش ئیرادەی شکا ئامادەی نەرمینواندنی قارەمانانەیە!

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *