دوو بەربەستی سەرەکی شۆڕشی سەراسەری لە ئێران!
ئێران وڵاتێکی فرە-نەتەوەی نادێموکراتە. دەزانین کە لە وڵاتانی دێموکراتدا ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڕش زۆر کەمە [وەک وڵاتانی ڕۆژاوا]. لە وڵاتانی نادێموکراتی تاک یان کەم نەتەوەدا ئەگەری شۆڕشێکی سەراسەری زۆرە و ڕەنگە لە هەر کات و ساتێکدا ڕوو بدات [وەک بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی]. لە وڵاتانی فرەنەتەوەی نادێموکراتدا هەرچەندە ئەگەری شۆڕشی سەراسەری هەیە بەڵام چاوەڕوان دەکرێت زۆر قورس و زەحمەت و پێوێستی بە هەندێ میکانیزمی تایبەت بێت. ئەمە دوو هۆکاری هەیە:
یەکەم، لە وڵاتانی فرە نەتەوەی نادێموکراتدا زۆر جار دەوڵەتی ناوەندی نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی قەوم یان نەتەوەیەکی تایبەت دەکات. ئەو نەتەوەیەش ئەگەرچی ڕەنگە لەسەر هەندێ پرس و بابەت لەو ڕژیمە نادێموکراتەی کە ئێستا حوکمڕانی دەکات ناڕازی بێت، بەڵام لە بەراورد لەگەڵ باقی نەتەوەکان ئەوەندە سوود و قازانجی لە دۆخی ئێستا بەر دەکەوێت کە بە شێوەیەکی خۆپارێزانە و بە پارێزەوە بیر لە گۆڕینی “دۆخی ئئستا” دەکاتەوە. هۆکارەکەی سادەیە: چونکە بە شێوەی ڕێژەیی دۆخی لە باقی نەتەوەکان باشترە. فارسەکان لە ئێرانی ئێستادا ئەو گرووپەن کە دەوڵەت نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانیان دەکات. سەلماوە و گومانێک لەوەدا نییە کە دەوڵەتی ئێرانی ساڵانێکی زۆرە بە هەموو شێواز و میکانیزمەکان باقی نەتەوەکان دەچەوسێنێتەوە و زیاترین قازانج لەو چەوساندنەوەش دەچێتە گیرفانی فارسەکان. ئەگەر تەنیا کوردستانی داگیرکراو لەبەرچاو بگرین دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی کە نوێنەرایەتی نەتەوەی فارس دەکات بە شێوازی جۆراوجۆر کورد دەچەوسێنێتەوە: تاڵانکردنی سەرچاوە مادییەکان و سەرچاوەکانی وزە و ئاو، تێکدانی سەرچاوە سرووشتییەکان و ژینگە و دارستانەکان، دزین و تاڵانکردنی کەلەپوور و شوێنەوارە مێژووییەکان، دابەشکردنی سەرچاوەکان بە شێوەی نایەکسان وەک تەرخانکردنی بودجەی ساڵانەی کەم لە بەراورد لەگەڵ ناوچە فارسنشینەکان، قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان، بەئەمنیەتیکردنی پرسەکان و بەسەربازیکردنی کوردستان، داسەپاندن و ئاساییکردنەوەی کۆڵبەری، گۆڕینی دێموگرافیای کوردستان و هەوڵدان بۆ داسەپاندنی شوناسی فارسی. هەڵبەت جگە لە کورد بەرامبەر هەندێ نەتەوەی تر وەک عەرەب و بەلووچ هەمان سیاسەتی پەیڕەو کردووە. ئەمە جیاوازە لەو تاوانانەی کە ڕەنگە فارسەکانیش بگرێتەوە، بۆ نموونە ئیعدام، ئەشکەنجە و حیجابی زۆرەملێ و هتد. لێرەدا باسەکە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر کورد و هەندێ نەتەوەی تر ئەنجام دراون و دەدرێن بۆ چەسپاندنی باڵادەستی و خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی فارسەکانە. لەم ڕوانگەوە تێکەڵبوونی فارس بە شۆڕشی سەراسەری ئەگەرچی ناممکین نیە بەڵام تا ئێستا دەرکەوتووە کە قورس و زەحمەتە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ڕوانگەی ئۆپۆزسیونی فارس بەرامبەر باقی نەتەوەکان یان هەمان سیاسەتی ڕژیمی ئێستایە یان جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو ڕژیمە نییە. هەڵبەت ئەگەری ئەوەش هەیە کە بە شێوەی هێزەکی و شاراوە ڕوانگەیەکی توندتریان هەبێت.
دووەم، لە وڵاتانی فرە-نەتەوەی نادێموکرتدا ئەگەری سەرهەڵدانی “ئانارشی ناوخۆیی” دوای ڕووخان زۆرە. ئانارشی ناوخۆیی بەو مانایە دێت کە لە ئەگەری ڕووخان یان لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی، هەر نەتەوەیەک بە هۆی ستەمێک کە لێی کراوە سەرەتا هەوڵی دەستەبەرکردنی “مانەوە”ی خۆی و دواجار دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات. ئەمەش دۆخێکە کە ئەگەری شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنەکان زیاد دەکات. لە سوریا، تا ڕادەیەک لە عێراق و بە تایبەت لە یوگسلاڤیای پێشوو دۆخی ئانارشی ناوخۆیی ئەزموون کراوە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە و ڕەنگە وەڵامی هەندێ لە پرسیارەکانی ئەمڕۆژانەش بداتەوە. بۆ نموونە، لەم ماوەیەدا فشارێکی زۆر لەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بووە کە بۆچی بە ئاشکرا بەشداری لە ڕووداوەکان یا پارێزگاری لە خۆپیشاندەران ناکەن؟ حیزبەکان پێیان وایە هێزی پێشمەرگە لە دۆخی ئانارشی ناوخۆییدا ڕۆڵی سەرەکی خۆی دەگێڕێت کە هەمان پاراستنی ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستانە. لەبەر ئەوە ئێستا بە گونجاو نازانن بۆ دەستێوەردانی چەکداری. من لێرەدا لەگەڵ خوێندنەوەی حیزبەکانم. بەپێچەوانەی ئەوانەی کە دەڵێن ئەگەر حکوومەت ڕووخا پێشمەرگە بۆچی؟ من پێم وایە زیاترین مەترسییەکان دوای ڕووخان دەردەکەون. هەڵبەت من ناڵێم، لانیکەم ئەو نموونانەی پێشوو ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە.
لە بەرامبەردا دەوڵەتیش پێشبینی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان و لاوازبوونی خۆی لە کوردستان دەکات بۆیە دەیەوێت لە ئێستادا لە خاڵێکی بەهێزی کورد [ پێشمەرگە] بدات کە دواتر لە دۆخی ئانارشیدا توانای مانۆڕدانی نەبێت. بۆیە دەبینین هەر لە ئێستاوە هەڕەشەی هێرشی بەربڵاو بۆسەر حیزبەکان دەکات. ئەم سیاسەتە دەتوانێ هاوکات بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکانیش بێت و ناتەبایی لەگەڵ ئەو لێکدانەوەیە نییە. هاوکات دەبینین کە زۆرێنەی ئۆپۆرێسیونی فارسیش لاوازبوونی هاوکاتی کورد/هێزی پێشمەرگە و دەسەڵاتی ناوەندی بە خراپ نازانێت، بۆیە لە ئێستادا نایانەوێت زۆر لە میدیاکان بەرجەستەی بکەنەوە.
ئانارشی ناوخۆیی لە دوو حاڵەتدا ئەگەری سەرهەڵدانی زیاترە: یەکەم، ئەوەی کە هەندێ لە نەتەوەکان هەست بەوە بکەن خاک و نیشتمانیان داگیرکراوە و بۆ دەرفەتێک بۆ ڕزگاری بگەڕێن [بۆ نموونە کورد و بەلووچ]. دووەم، لە حاڵەتێکدا کە ئۆپۆزیسیونی ڕژێمی ئێستا و بە تایبەت ئۆپۆزێسیونی نزیک لە نەتەوەی سەردەست ئامادە بە هیچ جۆرە ئیمتیازدان و ڕێککەوتنێک نەبێت. لەم حاڵەتدا [کە زۆر لەم ڕۆژانەی ئێستای ئێران دەچێت] هەموو نەتەوەکان بە پاساوی جیاواز و جۆراوجۆر هەموو پرسەکان حەواڵەی داهاتوو دەکەن و سەرپۆشیان لەسەر دادەنێن بۆ کاتی گونجاوی دوای ڕووخان! لەم حاڵەتەدا ڕەنگە ئۆپوزیسیون کە نوێنەرایەتی نەتەوەکانیش دەکەن بە ڕەواڵەت لێک نزیک ببنەوە، بەڵام هاوکات ڕکابەری و پێشبڕکێیەک دێتە ئاراوە کە خزمەتی مانەوەی ڕژیمی ئێستا دەکات. ئەمانە ئەو بەربەستانەن کە لەسەر ڕێگای شۆڕشی سەراسەری لە وڵاتانی فرەنەتەوەی نادێموکراتدا هەن.
بە بۆچوونی من هیچ ڕێگایەکی خێرا بۆ دەربازبوون لەو حاڵەتە و سڕینەوەی ئەو بەربەستانە لەبەردەست نییە جگە لەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەوڵی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆپۆزێسیونی فارس و نوێنەرانی باقی نەتەوەکان بدەن. ئەگەر پێداگرن هەر وەک شۆڕشێکی سەراسەری چاوی لێ بکەن ئەوە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بەدەر لەوە، دەبێ وەکوو شۆڕشێکی بە ڕەهایی کوردستانی لێی بڕوانرێت. کە ئەوەش پێداویستی خۆی هەیە و بەو مانایە دێت کە ئیتر چاوەڕوانی هەڵوێست و جووڵەی باقی نەتەوەکان ناکەیت. بە شێوەیەکی ناچارەکی نیگەرانی ئەوەش نیت کورد تێچوویەکی زۆر بدات بۆ دەستکەوتێکی کوردستانی[کە هەڵبەت چەندە ئەگەری سەڕکەوتنی هەیە ئەوەندەش ئەگەری شکستی]. ئیتر گرنگی بەوە نادەیت کە فارسەکان بە تەجزیەتەڵەب/سەربەخۆییخوازت دەزانن یان نا. هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستانیش بە هەموو چین و توێژەکان و بە حیزب و پێشمەرگەکانەوە دەبێ بەشێک بن لەو شۆڕشە و بە هەموو شێواز و کەرەسەیەک ڕووبەڕووی داگیرکەر بیتەوە. لەڕاستیدا ئەوە ئیتر شۆڕشێکی نەتەوەییە و داگیرکەر هەر تاکێکی کورد وەک پێشمەرگەیەک سەیر دەکات. سزاکەیشی سزای پێشمەرگەیەکە. لەو ڕوانینەدا ژیرانەیە چاوەڕوانی ئەوەش بکریت دەوڵەت بە هاوکاری فارسەکان وەک شەڕێکی نەتەوەیی سەیری بکەن و هەمان هەڵوێست وەربگرن. ئەوەی کە ئایا توانای ئەو کارە هەیە یان نا، بەستراوەی هەڵسەنگاندنی بڕیادەرانی سیاسی کوردە کە شارەزای توانا و کەموکۆڕییەکانی خۆیانن. بەڵام ئەوەی دیارە تا ئێستا بیریشی لێ نەکراوەتەوە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!