ناسیونالیزم سەرەکیترین و بەهێزترین ئایدۆلۆژیای جیهان
بەڕاست ناسیونالیزم هێشتا سەرەکیترین و بەهێزترین ئایدۆلۆژیای جیهانە؟ بە بڕوای من بەڵێ. هەموو ئایدۆلۆژیاکان بەهێزن و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی گۆی زەوییان خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیانەوە. بۆ نموونە لیبرالیزم بە جۆرە جیاوازەکانییەوە. سۆسیالیزم بە لق و پۆکانییەوە، ئیسلام بە ڕێبازە جۆراوجۆرەکانییەوە. دەکرێت بڵەین ژیانی مرۆڤایەتی لەژێر کاریکەری ئەو سێ ئایدۆلۆژیە سەرەکییەدایە.
بەڵام هیچیان لە جیهانی ئێستادا ئەوەندەی ناسیونالیزم بەهێز نین. نە ئیسلامیزم کە باوەڕی زیاتر لە یەک ملیار دانیشتووی سەر ئەرزە، نە سۆسیالیزم کە ئاواتی زۆرێک لە مرۆڤەکانە و هەندێ لە فۆرمەکانی تاقیکراونەتەوە و بڕێکیان بەردەوامن و نە لیبرالیزم کە ئایدۆلۆژیای زۆرینەی وڵاتانی زلهێز و پێشکەوتووە ئەوەندەی ناسیونالیزم بەهێز نین. بە بڕوای من هۆکارەکەی ئەوەیە کە ناسیونالیزم لانیکەم لە سەردەمی سیستەمی دەوڵەت-تەوەردا پەیوەندی بە “مانەوە”وە هەیە بەو جۆرەی هەندێ لە ڕیالیستەکان باسی دەکەن، بەڵام باقی ئایدۆلۆژییەکان بەرنامەی ژیانن. لە سیاسەتدا “مانەوە” هەمیشە ئامانجی سەرەکی و گرنگتر لە “چۆنیەتی ژیان” بووە. دەبێ سەرەتا بمێنیتەوە تا پاشان شێوازی ژیانت هەڵبژێریت.
هەر ئێستاکە هەندێک لە وڵاتان سۆسیالیستن، دەستەیەک لیرالیستن و تاقمێک ئیسلامی، بەڵام لە سەراپای عالەمدا هیچ وڵاتێک نییە کە ناسیونالیست نەبێت. ناسیونالیزم ئایدۆلۆژیایەکی سەرنجڕاکێشە. لەکاتێدا باقی ئایدۆلۆژیەکان زۆر جار پێکەوە ناسازن خسڵەت و تایبەتمەندییەکی ناوازەی ناسیونالیزم ئەوەیە کە لەگەڵ هەموویان بە ئاسانی جووت دەبێت. پشتگوێخستنی ناسیونالیزم ئەوەندە دژوار و زەحمەتە کە دژبەرانی ئۆمەتخواز و کۆمۆنخوازی پێشووی ناسیونالیزمیش بە ناچار دەستیان داوەتە داهێنان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ئایدیایە: ناسیونالیزمی ئیسلامی و ناسیونالیزمی چەپ. ئەمە خراپ نییە، عەقڵانییەتی سیاسییە.
ستالین و خرۆشۆڤ دوو سەرکردەی یەکێتی سۆڤیەتی کۆمۆنیست لە سەردەمی شەڕی سارددا لە هەستی ناسیونالیستیدا هیچ جیاوازییەکان لەگەڵ ترۆمەن و ڕیگانی سەرکردەی بەرەی سەرمایەداری نەبوو. لە سەردەمی پاش شەڕی سارددا هیچ گۆڕانکارییەک لەو حەقیقەتە ڕووی نەداوە. ترامپ و پۆتین دوو ناسیونالیستن کە بڕوایان وایە هەر یەکەیان پێشەوای وڵاتێکی تاقانەن. لە کاتێدا خومەینی شیعە بەناوی ئومەتەوە نەتەوەی ڕەت دەکردەوە، هەموو زەمەنی دەسەڵاتی سەرقاڵی سیاسەت و شەڕی خاک و نەتەوە بوو. لە سەردەمی وەلی ئەمری موسلمینی جیهاندا قاسم سولەیمانی سنووربەزێن بە ناوی سەرداری نەتەوەیی دەرخواردی خەڵک دەدرێت نەک فەرماندەی ئیسلام. خاڵی هاوبەشی شازادەی سعوودی خاوەنداری کلیلی کەعبە و ئەردۆغانی هۆگری بنیاتنانەوەی خەلافەتی عوسمانی و کیم جۆنگ ئونی سەرکردەی کۆریای باکوور و زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ناسیونالیزمە.
تاک و حزبە چەپەکانی وڵاتانی لیبرال و تاک و حزبە لیبراڵەکانی وڵاتانی سۆسیال و لیبرال و سۆسیالەکانی وڵاتانی ئیسلام بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و ڕەواییدان بە پلان و بەرنامەکایان بەناو “بەرژەوەندییە نیشتمانییە”کانی وڵاتەکەیانەوە سیاسەت دەکەن. سەرکردەکانی هەموو وڵاتان بە ئاماژەدان بە بەرژەوەندی نەتەوەیی پاساو بۆ سیاسەتەکانی خۆیان دێننەوە نەک بەرژەوەندی مرۆڤایەتی. ناسیونالیزم ئایدۆلۆژیایەکی بە ڕەواج و بە ڕەونەقە و تا داهاتوویەکی چاوەڕوانکراو بەرقەرار و پاوەجێیە. ئاسانترین ڕێگای خۆکوژی نەتەوەیی پشتگوێخستنی ناسیونالیزمە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!