نەک لەناوچوونی دەوڵەت، لاوازبوونیشی زەحمەتە

هەندێک پێشبینی دەکەن و دەستەیەکیش بەڵێن دەدەن کە لە داهاتوودا دەوڵەت وەک ئەکتەرێکی سیاسی لەناو دەچێت. بێگومان لەبەر ئەوەی کە گۆڕان و گۆڕانکاری یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی جیهان ناکرێت ئەو گریمانەیە بە یەکجاری و بۆ هەمیشە ڕەت بکرێتەوە و پێشوەختە هەڵوەشێتەوە. دەیشزانین هیچ شتێک تا سەر وەک خۆی نامێنێتەوە. سەرەڕای ئەوە هیچ هۆکار و نیشانەیەک نییە دەرخەری ئەوە بێت و پێمان بڵێت سەردەمی دەوڵەت [نەتەوە] لە داهاتوویەکی نزیک و چاوەڕوانکراودا کۆتایی دێت یان تەنانەت بوونەوەری دەوڵەت لاواز دەبێت. بەپێچەوانەوە تەنانەت لەم سەردەمی بەجیهانیبوون و بەربڵاوی پەیوەندییەکاندا نیشانەکان دەرخەری بەردەوامی تەمەنی دەوڵەتەکان و سیستەمی دەوڵەت- تەوەرن. سەرەڕای هەموو ڕەخنە و گازندە و دژایەتییەکان هەر هێشتا ناسیونالیزم بەهێزترین ئایدۆلۆژیای سیاسی جیهانە. هیچ نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت حەزی لە لەناوچوونی دەوڵەت نییە. تەنانەت دەوڵەتەکان حەزیان لەوە نییە ڕێکخراوێکی جیهانی وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەندە بەهێز بێت کە فەرمانیان پێ بکات و پێوەری “دەبێ” و “نابێ” بەسەر ڕەفتارەکانیاندا بسەپێنێت. یەکێتی ئەورووپا کە سەردەمانێک بڕوامەندان بە لاوازبوونی دەوڵەت دڵیان پێ خۆش کردبوو و وەک سەرەتای تێکشانی سەروەری دەوڵەتەکان سەیریان دەکرد، لانیکەم دوای چوونەدەرەوەی ئینگلیس لەو یەکێتییە داهاتووی کەوتە مەترسییەوە. ئەمەش بە هۆی پەرەسەندنی ناسیونالیزم.
نەک هەر خاوەن دەوڵەتەکان بەڵکو زۆرینەی نەتەوە بێدەوڵەتە ناسراو و بەرچاوەکانیش بۆ مانەوەی خۆیان دەوڵەتیان دەوێت و حەزیان لە دامەزرادنی دەوڵەتە. کوردەکان، فەلەستینییەکان، کاتالانەکان، بەلووچەکان لە ناخی خۆیاندا خوازیاری سەربەخۆیین. تەنانەت ئەو ئەکترە سیاسییە کوردانەی کە ئێستا لەژێر ناوی ڕیاڵپۆلەتیک خوازیاری بەدیهێنانی فۆرمێکی کەمتر لە دەوڵەت لە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووسن، دەڵێن دەمانەوێت هەنگاوێک لە دەوڵەت نزیک ببینەوە. چ نیشانەیەک باشتر لەمە کە دەوڵەت داهاتوویەکی گەش و پرشنگداری هەیە؟
تا چاو بڕ ئەکات هەم ناسیونالیزم و هەم دەوڵەت زیندوون و ڕێزیان لێ دەگیرێت. دەوڵەت ئەوەندە بێ وەی و دوور لە بەڵایە کە هیچ جێگرەوە و بەدیلێکی شیاوی پراکتیزەکردنی بۆ دەستنیشان نەکراوە. هەموو ئایدیا دژە دەوڵەتەکان تا ئێستا لوولدراون و پێویستە تا ماوەیەکی نادیار چاوەڕوانی مۆجیزەیەک بن. وەهمەکان دەرەقەتی واقیعییەتەکانی جیهان نایەن!

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *