کوردە شۆڤەنیستەکان/ فاشیستەکان!

لە نێوان ناسیونالیزم و شۆڤەنیزم جیاوازییەکی زۆر هەیە. بە کوردی و زۆر بە کورتی ناسیونالیزم واتە ڕێز لە نەتەوەی خۆت بگریت، بەڵام شۆڤەنیزم ناسیونالیزمێکی ڕادیکالە کە بێ ڕێزی بە باقی نەتەوەکان بە ڕەوا دەزانێت. ناسیونالیزم نیشتمانپەروەرییەکی ئاساییە، شۆڤەنیزم نیشتمانپەرستەییەکی شەڕانگێزانەیە. تاکی هەڵگری ئایدیای ناسیونالیزم [ تاکی ناسیونالیست] بڕوای وایە کە دەبێ نەتەوەکەی لەگەڵ نەتەوەکانی تردا یەکسان بێت. تاکی هەڵگری ئایدیای شۆڤەنیزم [تاکی شۆڤەنیست] پێی وایە دەبێ نەتەوەکەی سەرتر بێت لە باقی نەتەوەکان. ناسیونالیزم دەتوانێ ببێتە هۆی کێبڕکێی تەندرووست لە نێوان نەتەوەکان بۆ گەشە و پێشکەوتن. شۆڤەنیزم زیاتر مەیلی بەرەو دوژمنایەتی و بەرپاکردنی جەنگ هەیە. ئامانجی تاکی ناسیۆنالیست سەربەخۆییە بەڵام ئامانجی شۆڤەنیست سەرتری و باڵادەستی.
فاشیزم هەم لە ناسیونالیزم و هەم شۆڤەنیزم جیایە.
هەندێ بە دژبەری لیبرالیزمی دەزانن و هەندێکیش بە نەیاری سۆسیالیزم. ئایدۆلۆژیایەکی توندڕۆیە کە دەتوانێت ببێتە سیستەمێکی سیاسی. وەک سیستەم فۆرمێکە لە دیکتاتۆری گەرچی لە دێکتاتۆریش جیاوازە. سیستەمی فاشیستی پێویستی بە وڵاتێکی سەربەخۆ، حکوومەتێکی یەکدەست و ملهۆڕ، ڕادەیەک لە پیشەسازیی، تاقە حیزبێکی چالاک لە ئاستی وڵات، ڕاکێشانی پشتیوانی خەڵک هەیە.
بە هەموو پێوەرێک کورد تەنیا دەتوانێت ناسیونالیست [سەربەخۆخواز، یەکسانخواز] بێت نەک شۆڤەنیست [ هەژمونخواز] و فاشیست [ خوازیاری فۆرمێک لە دیکتاتۆری و تۆتالیتاریزم]. تەنانەت ئەگەر هەندێ ناسیونالیستی کورد مەیلیان بۆ شۆڤەنیزم و فاشیزم بێت [کە نییە] هەمدیسان بوون بە شۆڤەن و فاشیست ممکین نییە چوون زەمینە و ئیمکاناتی فەراهەم نییە. بەڵام بۆ تورک و فارس و عەرەبێک ئەو زەمینە فەراهەم بووە و هەندێجاریش لەو چوارچێوەیەدا سیاسەتیان کردووە.
ئەوانەی کە ماوەیەکە فێر بوون وەخت و ناوەخت وەک تانە و تەشەر دەنووسن “کوردە فاشیستەکان”، نە مانای فاشیزم دەزانن و نە دەزانن تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی سیستەمی فاشیستی چییە. شتێکیان لە شوێنێ یان کەسێ بیستووە و نازانن لەجێی خۆی بەکاری بهێنن.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *