خۆئامادەکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ پەلاماردانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات؟!

وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە سنە دەڵێت: “کۆمەڵە” بەکرێگیراوی موسادە و چاوەڕوانی تۆڵەی توند بێت. چەند ڕۆژ دواتر لە تاران، ۲۰۲ بەناو نوێنەری مەجلیسی ئێران هوشداری دەدەن کە هەوڵە موغریزانەکانی کۆمەڵەی تەجزیەتەڵەبی کارپێئەسپێردراوی ئیسرائیل بێ وەڵام نامێننەوە. ڕۆژی دوای ئەو هەڕەشە، وەزارەتی ئیتلاعات تیمێکی دەستگیرکراوی داعش ڕوو دەکەن کە گوایە ویستوویانە لە بۆنە و کۆبوونەوەکانی تاسوعا و عاشوورا تەقینەوە ئەنجام بدەن. یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دەڵێت پلانمان بوو بۆ کوشتنی شیعەکان! ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئیتلاعات دەڵێت: ئەم تیمەش ١٠ کەسن و ئیسرائیل ناردوونی بۆ ئەوەی شکستەکەی حەفتەی ڕابردووی لە تەقاندنەوەی بنکەیەکی هەستیار بە دەستی ئەندامانی کۆمەڵە کەمڕەنگ بکاتەوە. ئەمە یانی گرێدانی کۆمەڵە و داعش پێکەوە.
ئەم جۆرە گەورەکردنەوەی مەترسی کۆمەڵە و ئامادەکاری لە ئاستێکی بەربڵاو لە میدیا فرمییەکانی ئێراندا ئاسایی نییە. دەکرێت پرسیار بکەیت ئەگەر بۆ شەڕ نەبێت دەبێ بۆ چی بێت؟ بەرجەستەکردنەوەی هەڕەشە لە ئاستی نیشتمانیدا [لە مەجلیس] و قەناعەتهێنان بە خەڵک و ڕای گشتی کە پێویستە وەڵامی ئەو مەترسییە بدرێتەوە، بە هەموو پێوەرێک خۆئامادەکردنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە. پێناچێت ئەو پیلانە کە هەر ڕۆژەو بەشێکی ڕوو دەخەن تەنیا کۆمەڵە بگرێتەوە.
مەرج نییە هەموو هەڕەشە و پلانێک لە کۆتاییدا جێبەجێ بکرێن، بەڵام ئەوانەی لەم چەند ڕۆژەدا دەبینرێن نیشانەن بۆ ئەوەی کۆمەڵە و هەموو لایەنەکان پێشبینی خراپترین حاڵەتەکان بکەن و خۆیان بۆ ئەو حاڵەتانە ئامادە بکەن. بەتایبەت لەو ڕۆژانەدا کە حیزبەکان بە کردە گەیشتوونەتە کۆتا قۆناغەکانی یەکگرتنەوە و زۆر کەس هیوادار و چاوەڕوانن ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵات.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *