کۆماری ئیسلامی و هەوڵی بەئەمنییەتیکردن: پێویستیی هۆشیاری کۆمەڵە
– بە ئەمنییەتیکردنی پرسە ئاساییەکان تەنیا دامەزراندنی بنکە و بارەگای سەربازی لە کوردستان نییە؛ گرنگتر لەوە بەکارهێنانی “زمان”ی بە ئەمنییەتیکردنە. بۆ نموونە سەیری دوایین ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران بکەن چەن زیرەکانە پرسی کۆڵبەری بە ئەمنییەتی دەکەنەوە. گوایە ئەو پێشمەرگانەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ئەوەندە چەک و تەقەمەنییان پێ بووە بۆ خۆیان نەیانتوانیوە و داویانە بە کۆڵبەرەکان لەناو کەلوپەلی دیکە بیگوازنەوە بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵات. بەم پێیە، هیچ سەیر نییە ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فیلمێکیش بڵاو بکەنەوە کە چەند کۆڵبەر دان بەوەدا دەنێن کە چەندین ساڵە بە درۆ و بەناوی کۆڵبەرییەوە خەریکی گواستنەوەی سیخۆڕ و چەکی “ڕژیمی زایۆنی” بە هاوکاری “کۆمەڵە” و بە ئاگاداری “هەرێمی کوردستان”ن بۆ تەقاندنەوەی شوێنە دەستنیشانکراوەکان.
– ماوەیەک لەمەوبەر پارلمانی عێراق دەنگی بە پرۆژە یاسایەک دا سەبارەت بە قەدەغەکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. ئەو یاسایە هەموو هاوڵاتیانی عێراق لە دەرەوە و ناوەوە و هەروەها هەموو هاوڵاتی و ڕێکخراوە بیانییەکانی ناو عێراق دەگرێتەوە. ئەوانەی پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە دەگرن خیانەت بە عێراق دەکەن و سزایان لەسێدارەدانە. مەبەستمە بڵێم هەوڵدان بۆ درووستکردنی بەڵگە سەبارەت بە پێوەندی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە ئسرائیلەوە ناشێت تەنیا پەیوەندی بە شکستەکانی ئیتلاعات بەرامبەر ئیسرائیل لەناوخۆی ئێران بێت، ڕەنگە پەیوەندی بە ژینگەی سیاسی عێراقیشەوە بێت بۆ گوشاری زیاتر لەسەر حیزبەکان.
– پێویستە کۆمەڵە ئەو هەڕەشەیەی کۆماری ئیسلامی بە جدی وەربگرێت کە باسی لە تۆڵە کردووەتەوە. بەتایبەت کە پڕۆپاگەندەی ئەوە دەکەن کە دەستگیرکردنی پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتەکانی نزیکبوونەوەی “وەزارەتی ئیتلاعات” و “ئیتلاعاتی سپا” لە یەک مانگی ڕابردوودا و دوای وەلانانی حسێن تائێب. ڕەنگە بەپێویستی بزانن ئەو دەستکەوتە کامڵ بفرۆشنەوە بە ڕای گشتی. ئاخر ئەو پێشمەرگانە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵی تەقاندنەوەی بنکەیەکی زۆر هەستیاری سەربازییان داوە. دوور نییە دوای بڵاوکردنەوەی هەندێ فیلم و بەڵگە بۆ ئامادەکاری، بیر لە گورزوەشاندن بکەنەوە. هەڵبەت ڕاگەیەندراوەکانی ئیتلاعات ناڕوونن و دیار نییە چ پیلانێکیان داڕشتووە و دەیانوێت بە چ ئاراستەیەکدا بیبەن و چەند لایەن تێوە گلێنن. ئەوەی دیارە تا ئێستا موساد، کۆمەڵە، هەرێمی کوردستان و کۆڵبەرەکانیش تۆمەتبارن. بە هەر حاڵ، دەبێت پێشبینی خراپترین حاڵەتەکان بکرێت!
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!