دیمەنێک لە کوردستانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە بیرەوەرییەکانی ڤالاس لایاندا
ساڵی ١٩١٤، هێشتا گومان هەبوو شتێک بە ناوی نەتەوەی کورد لە ئارادا بێت! بە درێژایی چوار ساڵ دوای ئەوە [واتە لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانی]، کورد بۆ عۆسمانی شەڕی کرد و زۆرێکیان لە بەرەکانی ڕۆژهەڵات، بە هۆی شەڕ لە دژی ڕووسیا، زیان و خەسارێکی فراوانیان بەرکەوت. تەنانەت دوای کوتاییهاتنی شەڕیش، بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیی، لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە هاتە ئاراوە، نەک لە لایەن خۆدی کوردەکانەوە!
لە ساڵی ١٩١٥ بەدواوە، گریمانەی هاوپەیمانان ئەوە بوو کە ئیمپراتوری عۆسمانی هەڵدەوەشێتەوە و ئەگەری ئەوە لە ئاردەیە، چەند دەوڵەتێک لە دەوروبەر سنوورەکانی وڵاتێکی بچووکی تورک لە ئاناتۆلیا، بنیات بنرێن. لە ئوکتۆبەری ١٩١٨، “ئەڕنۆڵد توینبی” لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، خوازیاری دامەزراندنی “کوردستانێکی سەربەخۆ بوو… لە نێوچۆمان…”. چەند پلانێکی تریش لە ئارادا بوون. واتە، دوای ئەوەی بیرۆکەی پێکهێنانی قەوارەیەکی ڕووسی لە ڕۆژهەڵاتی دیمەشق، بە ئاکام نەگەیشت، یەکەمین پێشنیارکەری دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ لە نێوچۆمان، کەسێک بوو بە ناوی “نوئێل” کە ساڵی ١٩١٩، پێشنیاری کرد، سێ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بە ناوەندێتی سلێمانی، مووسڵ و دیاربەکر دابمەزرێن و هەر سێ دەوڵەتەکە لەژێر سەرپەڕەشتی بەریتانیادا بن.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەو پلانەی پەسەند نەکرد؛ ئەو وڵاتە، بە نیاز بوو، بەتەواوەتی لە کوردستان بچێتە دەرەوە! ئەڕنۆڵد ویڵسن لە بەغدا، پێشنیاری دامەزراندنی چەند دەوڵەتی بچووکی کوردی، لە نیوچۆمان دەکرد. پەیمانی سیڤەر ئەو ستراتێژییە گەیاندە لووتکە، واتە هەمان ئەو پەیمانەی کە فەڕەنسا و بەریتانیا لە کۆنفڕانسی سان ڕیمۆ ئامادەیان کرد و لە ئوتی ١٩٢٠، واژۆ کرا. خاڵەکانی ٦٢ و ٦٤ی ئەو پەیمانە، پەیوەندییان بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، لە ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلیا بوو و ناوچە کوردستانییەکانی نێوچۆمانیش دەیانتوانی خۆیان بەوانەوە ببەستنەوە. ئەو دەوڵەتە، ساڵێک دوای دامەزراندنی، دەیتوانی بڕیاری سەربەخۆیی دەر بکات، بەو مەرجەی کە “کۆمەڵەی گەلان” لە توانای ئیدارەدانی وڵاتێکی سەربەخۆ لە لایەن کوردەکانەوە، دڵنیا بێتەوە. بەشێکی زۆر لە کوردەکان، بەرهەڵستی ئەو پلانەیان کرد، چونکە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان، لە دەرەوەی ئەو سنوورە دەستنیشانکراوانە دەمانەوە.
بەڵام، سەرکەوتنی مستەفا کەماڵ، بە گشتی ئەو پلانەی پەک خست. حکومەتی ئاتاتۆرک، هەرگیز دانی بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیدا نەدەنا و تا ساڵی ١٩٢٦، بانگەشەی خاوەندارێتی ناوچە کوردستانییەکانی باکووری نێوچۆمانی دەکرد. بۆیە، بەریتانیا ناچار بوو ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو بەشەی کوردستان، واتە ویلایەتی موسڵ، بدۆزێتەوە کە دەکەوتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. پرسی سەرەکی ئەوە بوو ئایا ئەو ناوچە، بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی دیجلە کە زۆرینەی دانیشتوانی کورد بوون، دەبوایە بکەوتایەتە سەر عێراقی داهاتوو یا خود ناوچەیەک سەربەخۆی کورد، لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا پێک بێت؟
ئەو پرسە، لە کۆنفڕانسی قاهیرە لە ساڵی ١٩٢١، ئەو کاتەی کە عێراقیش، ببووە وڵاتێک، کەوتە بەر باس. وەزارەتی کۆڵۆنییەکان، کە لەو کاتەدا وینستۆن چەرچڵ سەرۆکایەتی دەکرد، پابەندی ئەو پەیمانە بوو. فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە یادداشتێکدا پێشنیاری کرد: “ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن، نەکەونە نێو وڵاتی عەرەبی و وڵاتی بەریتانیا تا ئەو جێگایەی دەتوانێت، بناغەی یەکپارچەیی و نەتەوایەتی کوردستان بپارێزێت”. ڕوانگەکە ئەوە بوو کە ناوچەی سەربەخۆ بکەوێتە ژێر چاودێری کۆمیسیاری باڵای بەریتانیا لە بەغدا، بەڵام کۆکس کە خۆی وەکو نوێنەری ئەو ناوچە، بۆ کۆنفڕانسەکە بانگهێشت کرابوو، دژایەتی ئەو ڕوانگەیە کرد، بە بیانووی ئەوەی ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ئەوا ناوچە کوردستانییەکان، لە عێراق جیا دەکرێنەوە! لە ماوەی دوو ساڵی دوای کۆنفڕانسەکە، کە فەیسەڵ لە بەغدا بووە پاشای عێراق، کۆکس هێدی هێدی چەرچڵ و وەزارەتی کۆڵۆنیاڵی پەشیمان کردنەوە. دەرئەنجام، لە ئۆکتوبەری ١٩٢١، چەرچڵ دانی بە بیرۆکەی یەکپارچەیی عێراقدا نا، بەو مەرجەی کە ” کورد بە بێ ڕەزامەندی خۆی نەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی عەرەب”. بڕیار درا ناوچە کوردستانییەکان، جگە لە سلێمانی، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٢٣ی ئەنجوومەنی دامەزرێنەرانی عێراق بەشداری بکەن. دواجاریش کە لە پەیمانی لۆزان، لە سیپتەمبەری ١٩٢٣، ناوێک لە کوردستان نەهاتە ئاراوە، بیرۆکەی سەربەخۆیی کوردستان، بە گشتی وەلا نرا.
کۆرتکراوەی بەشێک لە بیرەوەرییەکانی ڤالاس لایان [یەکێک لە نێردەکانی بەریتانیا لە باشووری کوردستان، لەو سەردەمەدا]، لە کتێبی: کردها، ترکها و انگلیس
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!