پێگە و ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەیی
لە ساڵی ١٦٤٨ بەملاوە سیستەمی سیاسەتی جیهانی بە سیستەمێکی دەوڵەت-تەوەر دەناسرێت. واتە دوای ئەوەی ئیمپراتورییەکان، کە پێکهاتەی سیاسیی زاڵی جیهان بوون، هێدی هێدی بەرەو هەڵوەشانەوە و بچووکبوونەوە ڕۆیشتن و هەڵپرووسقان، دەوڵەت جێگایانی گرتەوە و سیستەمی دەوڵەت-تەوەری سیاسەتی جیهانی سەری هەڵدا. بە تایبەت لە دوای شۆڕشی مەزنی فەرەنسا لە ساڵی ١٨٧٨ کە بووە هۆی پەرەسەندنی نەتەوەگەرایی، هەموو نەتەوەکان سەرەتا لە ئەورووپا و پاشان لە ئەمریکا و ئەفریقا و دواجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵیان دا، لە ڕێگەی بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆوە، باڵاترین ئاستی سەروەریی خۆیان بەدەست بهێنن. لەو نێوەدا، گریمانە ئەوە بوو کە هەر نەتەوەیەک خاوەن دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیەتی. بۆیە دواجار سیستەمی جیهانی لە ناو بیرمەندان و لە بازنەی ئاکادیمیاشدا بە «سیستەمی نێونەتەوەیی» ناوزەد کرا، واتە گریمانە ئەوە بوو هەر «دەوڵەتێک» نوێنەرایەتی «نەتەوەیەک» دەکات، بۆیە سیستەمی نێونەتەوەیی بە هەمان واتای سیستەمی نیودەوڵەتی بەکار دەهێنرا. مەبەستم لە ئاماژەکردن بەو خاڵە، ئەوەیە کە تێبگەین لە ماوەی چەند سەدەی ڕابردوودا، سیستەمی جیهانی، سیستەمێکی دەوڵەت-تەوەر بووە.
لەو ماوەیەدا، سەرەتا دوای پەرەسەندنی ناسیونالیزم و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتورییەکان و دواتر دوای قۆناغی سڕینەوەی کلۆنیالیزم، زۆرێک لە نەتەوەکان توانییان دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان دامەزرێنن. هەندێکی تر لە نەتەوەکان دوای خەبات و تێکۆشانی بەرفراوان لە چوارچێوەی سنوورەکانی وڵاتە-فرەنەتەوەکاندا لە قەبارەی فۆرمێکی تری مافی دیاریکردنی چارەنووس، بە تایبەت لە فۆرمی فیدرالیزم و خودمۆختاریدا توانییان تا ڕادەیەک سەروەریی بەدەست بهێننن و بەو جۆرە بگەن بە بەشێک لە مافە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە ڕەواکانی خۆیان و مانەوەی خۆیان وەک نەتەوەیەکی جیاواز مسۆگەر بکەن.
نەتەوەی کورد، سەرەڕای گرتنەبەری شێوازە جیاجیاکانی خەبات، تا ئێستا نەیانتوانیوە لەژێر هەیمەنەی داگیرکەران خۆی ڕزگار بکات و لە باڵاترین ئاستدا (دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیی) سەربەخۆیی و سەروەریی خۆی بەدەست بهێنێت. هەڵبەت لە دوو بەشی کوردستان، واتە لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، بەشێک لە نەتەوەی کورد توانیویانە لەژێر ناوی فیدرالیزم و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری بگەن بە بەشێکی زۆر لە مافە نەتەوەییەکانیان و ئێستا وەکوو گەمەکەری نیمچە دەوڵەتی بە هەژمار دێن. بەڵام نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئیستا نەیانتوانیوە فۆرمێکی تایبەت لە سەروەری بۆ خۆی دەستەبەر و جێگیر بکات. هەڵبەت کارێکی ئەستەم بووە، چونکە دەسەڵاتی داگیرکەر بە پلان و پیلانی جۆراوجۆر بەردەوام هەوڵی لەناوبردن و لاوازکردنی حیزبەکان و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داوە و بۆ ئەو مەبەستە لە هێچ جۆرە سیاسەتێکی نکۆڵیکەرانە و توندوتیژانە و قەڵاچۆکەرانە خۆی نەبواردووە. بەڵام نەتەوەی کورد و حیزبەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئەو هەموو گوشار و هەڕەشە و پلان و پیلانەی دەسەڵاتی داگیرکەر، تا ئێستاش لە خەباتی خۆیان بەردەوامن. ئەوەی ئاشکرایە، پێشمەرگە هەم لە پاراستنی تاکەکانی کۆمەڵگە و هەم لە درێژەدان بە خەباتی نەتەوەیی، بەرچاوترین ڕۆڵی هەبووە. بۆیە من لێرەدا دەمەوێت بە کورتی ئاماژە بە پێگە و ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەیی بۆ ڕزگاریی گەل و نیشتمان بکەم. ئاشکرایە لە ناو هەموو نەتەوەکانی جیهاندا سوپا و ئەو ڕێکخراوانەی کە ڕۆلی سەرەکی لە پاراستنی وڵاتدا دەگێڕن و لە خزمەتی گەل و نیشتمانیاندا بن ڕێز و حورمەتێکی تایبەتیان لێ دەگیرێت. ئاساییە لە ناو ئەو نەتەوانەدا کە هێشتا لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازیدان ئەوە زیاتر بەرچاو بکەوێت و ئەو تاکانەی کە ڕاستەوخۆ ئەرکی پاراستنی نیشتمان و تاکەکانی کۆمەڵگە لەئەستۆ بگرن، پێگەیەکی تایبەتیان هەبێت. بۆیە هێزی پێشمەرگە هەمیشە لەناو کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتیش وەکو پارچەیەکی کوردستانی دابەشکراو، بەچاوی ڕێز و وەک هێمای پارێزەریی نیشتمان چاوی لێ کراوە. لە ڕاستیشدا مانەوەی کورد وەک نەتەوەیەک بەو جۆرەش و لەو ئاستەشدا کە ئێستا هەیە، تا ڕادەیەکی زۆر بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە و شەهیدانی کوردستانە. هەڵبەت ئەو ئیدیعایە، کە بگوترێت هیچ هێزێک بە ڕادەی پێشمەرگە لەسەر ڕەوتی خەبات و مێژووی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی کوردستان کاریگەریی دانەناوە، نە زێدەڕۆییە و نە حاشاکردن لە ڕۆڵی باقی خەباتگێڕان و شۆڕشگێڕان. دواتر ئاماژە دەکەم کە ئەو ڕوانگەیە پشت بە چ گریمانەیەک دەبەستێت. بەڵام بەو حاڵەش تا ئیستا هەوڵ نەدراوە کە پێگە و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە خەباتی کوردستاندا بە شێوەیەکی زانستیانە و ئاکادیمیک شرۆڤە و ڕوون بکرێتەوە. هەڵبەت دروشم و ناو و نازناوی جۆراوجۆر بۆ پێشمەرگە داهێنراون.
بۆ نموونە، پێێشمەرگەی قارەمان، نەمر، دۆژمنشکێن، پڵنگی شاخ و چیا و هەرد و کوێستان، بوێر و دلێر و نەبەز، پڵنگ و پۆڵایین، ھەڵمەتتیژ، ڕۆڵەی نەمری نیشتمان و باسکی بەهێزی گەل، بەشێکن لەوانە. بەڵام ئەوەی بەدەگمەن هەوڵی بۆ دراوە، تیۆریزەکردنی پێگە و ڕۆڵی ئەو هێزەیە. من پێشتر لەم بارەوە باسم کردووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی پێگە و ڕۆڵی پێشمەرگە دووبارەکردنەوەی بە زێدەبێژی نازانم، بگرە لەو بڕوایەدام کە دەبوایە تا ئێستا چەندین وتار و کتێب لەو بواردە بنووسرایەن.
بە گشتیی لە دیدی منەوە، خاڵی دەستپێک بۆ پێناسەکردنی پێشمەرگە دەبێت ئەوە بێت کە «پێشمەرگە وەکوو شۆڕشگێڕێک پێناسە بکرێت کە ژیان و مانەوەی نەتەوەیی دەستەبەر و گەرەنتی دەکات». لێرەدا پێویستە ڕوونکردنەوەیەک بدەم. لە پێناسەی باو و گشتگیری خۆیدا، شۆڕش بە واتای چاکسازیی بنچینەیی یان گۆڕینی بەتەواوەتی دامەزراوەی سیاسی و دەسەڵاتی وڵاتێک دێت لە لایەن بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی یاخود جەماوەرییەوە. بە گشتی، شۆڕشەکان بە تایبەت لە وڵاتانی نادێموکرات کە ئامادە نین بەبێ هەڕەشەی توندوتیژیی یان بەکارھێنانی توندوتیژیی خواستەکانی هاووڵاتییان دابین بکەن، ڕوو دەدەن. کەوا بێت، شۆڕشگێریش لە پێناسەی باو و گشتیگیری خۆیدا، ئەو کەسەیە کە خوازیاری گۆڕینی بنەڕەتیی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری یان فەرهەنگی بێت و بۆ جێگیرکردنی سیستەمێکی نوێ هەوڵ بدات. بەڵام ئاشکرایە کە مەبەستی ئێمە لە شۆڕش لە چوارچێوەی کوردستاندا کە زۆر جار دووپاتی دەکەینەوە، جیاوازە لەو پێناسە گشگیرە. بە ڕوونی ئێمە کاتێک باس لە شۆڕش دەکەین، مەبەست کۆتاییهێنانە بە ڕەوتی داگیرکاریی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانەوە، بە واتای کۆتاییهێنان بە تاڵان و چەوساندنەوە لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری، فەرھەنگی- شوناسی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و … و گەیشتن بە ڕزگاریی و ئازادی نەتەوەیی. بە کورتی، هەر تاکێکیش لەو ئاراستەیەدا هەنگاو هەڵبگرێت و تێبکۆشێت، وەکو شۆرشگێڕ پێناسە دەکرێت. بۆیە شۆڕشگێڕان یان بە واتایەک دژە-داگیرکەران دەتوانن ژمارەیان زۆر بێت و سەر بە چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستان بن. پێشمەرگە تاقە هێزی شۆڕشگێڕ نییە، بڵکو یەکێکە لەو شۆڕشگێڕانە، بەڵام بە هەندێک جیاوازییەوە کە دەیخاتە لووتکەی شۆڕشگێڕییەوە.
ڕەنگە بەرجەستەترین جیاوازیی پێشمەرگە ئەوە بێت کە ئەرکێکی هەڵبژاردووە کە بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ و بە پشتکردن لە ماڵ و دنیا و بەختکردنی گیان بەرەنگاری داگیرکەر دەبێتەوە و بە ھێزی خۆی و چەکی بەردەستی، ھەوڵی مانەوەی نەتەوەکەی هەم لە ڕووی جەستە/ فیزیک و هەم لە ڕووی شوناس/ فەرهەنگەوە دەدات. مانەوە چ لە ئاستی تیۆری و چ لە گۆڕەپانی کردەوەی جیهانی ڕاستەقینەدا گرنگییەکی ئێجگار تایبەتی هەیە. مانەوەی نەتەوەییش هەر بەو چەشنە گرنگییەکی فراوانی هەیە. خوێندکارانی سیاسەتی نێونەتەوەیی ئاگادارن کە زۆرینەی تیۆرییەکانی ئەو بوارە، مانەوە بە یەکەمین و سەرەکیترین ئامانجی هەموو نەتەوەکان دادەنێن. ئەوە تەنیا بابەتێکی تیۆریی و زەینی نییە. بە کردەوەش، لە سەرتاپای جیهاندا درێژەدان بە ژیان و مانەوەی نەتەوەیی ئامانجی سەرەکی نەتەوەکانە. لەبەر ئەوەی کە بەبێ پاراستنی مانەوەی نەتەوەیی، ھیچکام لە ئامانجەکانی دیکە دابین نابن. هیچ نەتەوەیەک لە جیهاندا نابینرێت کە ئامانجەکانی دیکە بخاتە پێش گەرەنتیکردن و دەستەبەرکردنی مانەوەی خۆی، مەگەر ئەوەی حەزی لە نەمان و خۆکوژی بێت. هەڵبەت، هەموو نەتەوەکان و وڵاتانی جیهان باوەڕیان بەو ڕاستییە هەیە. هەر بۆیە، یەکەم هەنگاوی نەتەوەکانی دیکە ئەوەیە کە پێش ھەموو شتێک خۆیان لە بواری سەربازیی و بەرگریدا بەهێز بکەن. فەلسەفەی پێکهێنانی دامەزراوە و ڕێکخراوە سەربازییەکان لەوەدایە. بەڵام با بزانین ئەم باسە چۆن پەیوەندی دەدرێت بە پێگە و ڕۆڵی پێشمەرگەوە.
لە جیهانی ڕاستەقینەدا کە دەیبینین، ئەو نەتەوانەی کە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن، دەوڵەت ئەرکی سەرەکیی پاراستنیان لەئەستۆ دەگرێت. واتە دەوڵەت ئامراز و کەرەسەیەکە بۆ پاراستنی نەتەوەکەیان. حاشاهەڵنەگرە کە دەوڵەت ئەرکی جیاوازی هەیە و لە سەردەمی ئەفلاتوون و ئەرەستووە بگرە تا بیرمەندانی هاوچەرخی سیاسەت، باسیان لە ئەرکە جیاوازەکانی دەوڵەت کردووە کە باسکردن لێیان لە دەرەوەی ئەم باسەیە، بەڵام خاڵی گرینگ تێگەیشتن لەوەیە کە گرنگترین و سەرەکیترین ئەرکی دەوڵەت پاراستنی مانەوەی نەتەوەییە. لە وڵاتانی فرە-نەتەوەی دیمۆکراتیشدا زۆر جار دەوڵەتی ناوەندی نوێنەرایەتیی هەموو گرووپ و نەتەوەکان دەکات و تا رادەیەکی زۆر مانەوەیان دەپارێزێت. بەڵام لە وڵاتانی فرە-نەتەوەی نادێموکرات و بەتایبەت لەو وڵاتانەدا کە لە بنچینەوە نەتەوەکان لە چوارچێوەی سنوورە دەستکردەکاندا و بە گورزی هێز کۆ بوونەتەوە، زۆر جار دەوڵەت چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوەدا، نوێنەرایەتی گرووپ/ قەوم/ نەتەوەی باڵادەست دەکات.
هێز و ڕێکخراوە سەربازییەکانیش نەک ئەولەوییەتی خۆیان بە پاراستنی نەتەوەی باڵادەست دەبینن، بەڵکو زۆر جار دەبنە هەڕەشە و هەوڵی لەناوبردن و قەڵاچۆکردنی باقی نەتەوەکان دەدەن. بۆ نموونە دەوڵەتانی عێراق و سوریا نوێنەرایەتیی نەتەوەی عەرەب، دەوڵەتی ئێرانی نوێنەری نەتەوەی فارس و دەوڵەتی تورکیاش نوێنەرایەتیی تورکەکان دەکات و پارێزەری بەرژوەندییەکانی ئەو نەتەوانەن. بۆیە هێزە چەکدارەکانیان زۆرکات نەتەوەکانی تر و بە تایبەت کوردیان بە شێوازی جۆراوجۆر و توندوتیژانە سەرکوت کردووە و هەوڵی چەوساندنەوەیان داون. ئەمانە تەنیا نموونەگەلێک لە دەورووبەری خۆمانن، دیارە مێژووی سیاسی جیهان لێوانلێوە لە ڕەشەکوژیی نەتەوە بێدەوڵەتەکان لە لایەن نەتەوە باڵادەستەکانەوە و پەیداکردنی سەرچاوە بۆ خوێندنەوەی ئەو نموونانە بۆ خوێنەر کارێکی ئەستەم نییە.
پێشتر ئاماژەم کرد کە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئێستاکەش خاوەن دامەزراوەیەک نییە کە نوێنەرایەتیی بەرژوەندییەکانی بکات و چ لە لە ئاستی دەرەوە [لە چوارچێوەی دەوڵەت] و چ لە ئاستی ناوخۆی ئێرانی فرە-نەتەوەی نادێموکرات [لە چوارچێوەی فیدرالیزم]دا، ئەرکی پاراستنی لە ئەستۆ بگرێت. هەموو مەینەت و دەربەدەری و کوشتن و چەوساندنەوە و تاڵانی کوردستانیش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە، ساڵانێکی زۆرە کە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات دەرکی بەوە کردووە کە بەبێ جێگیرکردنی فۆرمێکی سیاسی کە ڕەنگدانەوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس بێت، بە کردەوە ناتوانێت مانەوەی دەستەبەر و مسۆگەر بکات. ئەوەش بەدی نایەت مەگەر شۆڕشێک لە دژی داگیرکەر ئەنجام بدرێت. سەرەکیترین ڕۆڵیش لەو نێوەدا پێشمەرگە دەیگێڕێت، بۆیە کۆمەڵگەی کوردستان لە قۆناغە هەستیارەکاندا بەردەوام پشتی بە ھێزی پێشمەرگە بەستووە. بە دەربڕینێکی ڕوونتر، لە کوردستانی داگیرکراودا، پاراستنی گەل و نەتەوە و نیشتمان، لە ئەستۆی پێشمەرگەیە و بەدرێژایی میژوو پێشمەرگە بووە کە ئەو ڕۆڵە پیرۆزەی گێڕاوە و بەردەوام بەرەنگاری سیاسەتی داگیرکەرانە، نکۆڵیکەرانە و تەفرووتووناکەرانەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بووەتەوە و خۆڕاگریی کردووە و هیچ کات نەیهێشتووە دوژمنان، سیاسەتە دژە کوردییەکانی خۆیان لە کوردستان، بە ئاسانی و یان لانیکەم بەبێ دانی تێچووی زۆر جێبەجێ بکەن. ئەگەرچی پێشمەرگە لە ڕووی چەکوچۆڵ و هێزی مادییەوە هێزێکی هاوسەنگی دوژمنانی نەبووە، بەڵام بە ئازایەتی و بوێری و دلێرییەکانی خۆی، بووەتە هۆی مانەوە و دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەکەی.
هەڵبەت، ئەوە تەنیا پەیوەندی بە ڕابردووەوە نییە. لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا کە ئەگەری زۆرە دۆخێک بێتەوە ئاراوە کە ئێمە بە «ئانارشی ناوخۆیی» ناوی دەبەین، هێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی ژی و مانەوە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینێت. وەکو ڕوونکردنەوەیەکی کورت، ئانارشی ناوخۆیی مەبەستم قۆناغێکی چاوەڕوانکراوە کە گرژیی و ناکۆکی لە نێوان نەتەوەکانی چوارچێوەی سنوورە دەستکردەکانی ئێستای ئێراندا دێتە ئاراوە و ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان لایەنە جیاوازەکان دێتە ئاراوە و دۆخی ئانارشی سەر هەڵ دەدات. لەو کاتەدا کە هیچ دەسەڵاتێک نابێت کە پارێزەری مانەوە و ئاسایش و بەرژوەندییەکانی نەتەوەی کورد بێت و ئەزموونی وڵاتانی فرە- نەتەوەی نادێموکرات سەلماندوویەتی کە هەر یەک لە گرووپ و لایەن و نەتەوەکان تەنیا هەوڵی پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان دەدەن و بۆ ئەو مەبەستە پەلاماری گرووپ و لایەن و نەتەوەکانی تر دەدەن، ئەوە پێشمەرگەیە کە دەتوانێت ڕۆڵی پارێزەری نەتەوەی کورد بگێڕێت. ئەمە سەرەکیترین ڕۆڵێکە کە هێزێک دەتوانێت بۆ پاراستنی مانەوە وەکوو سەرەکیترین ئامانجی هەر نەتەوەیەک بیگێڕێت. بە کورتی دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بەبێ پشتگوێخستنی هەوڵی هەموو ئەو تاکە شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگەی کوردستان کە لە ئاراستەی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەر و ڕزگارکردنی خاک و نیشتمان و بەدیهێنان و بونیاتنانی فۆرمێکی ئازاد و دیموکراتیکی دەسەڵاتی کوردی و گەڕاندنەوەی سەروەریی و کەرامەت بۆ تاک و کۆمەڵگەی کوردستان و دابینکردن و پاراستنی کلتوور و شوناس و هەموو بەرژوەندییەکانی نەتەوەی کورد دەیدەن، پێشمەرگە لە لووتکەی شۆڕشگێڕیدایە. ئەو تایبەتەمەندییە سەرەکییە کە پێشمەرگە جیا دەکاتەوە و دەیخاتە لووتکەی شۆڕشگێڕیی ئەوەیە کە ڕۆڵ و ئەرکی پێشمەرگە بریتییە لە پاراستنی ژیان و مانەوەی نەتەوەیی. پێشتر گوتم، ئەوە ڕۆڵ و ئەرکێکە کە هەم بە کردەوە لە لایەن هەموو وڵاتان و نەتەوەکانی جیهان و هەم لە تیۆرە سیاسییەکاندا و لە لایەن بیرمەندە جیاوازەکانەوە وەک ئامانجی سەرەکی و ئەولەوییەتی یەکەم گرینگیی پێ دراوە. زۆر گونجاوە ئێمەش وەکو بنچینەی پێناسەیەکی واتایی لە پێشمەرگە و پێشگریمانەی ئەو ڕوانگەیە سەیری بکەین کە من لێرەدا سەبارەت بە پێشمەرگە باسم کردووە.
بۆیە، قەناعەتهێنان بە هەندێ ڕوانگە سەبارەت بە ئاوابوون و کۆتاییهاتنی سەردەمی پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگایەتی بە پاساوی جۆراوجۆر، ئەستەمە.
ئەو جۆرە بانگەشانە نە لەگەڵ ئاوەز دێنەوە و نە لەگەڵ تیۆریی و واقیعەکانی جیهانی ڕاستەقینە یەک دەگرنەوە. تا کاتێک گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە سیاسەت و لە دۆخی سیاسیی کوردستاندا ڕوو نەدات، فەلسەفە و پێگە و ڕۆڵی پێشمەرگە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و نەتەوەی کورد بۆ مسۆگەرکردنی «مانەوە و ئاسایشی» خۆی چاوی هیوا دەبڕێتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٨١٢ بڵاو کراوەتەوە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!