تایوان و شەڕی سێیەمی جیهانی
بەیناوبەین، چ لە گۆڤار و مەڵپەڕە ئاکادیمی و ناسراوەکان و چ لەو ماڵپەڕ و گۆڤارانەی کە وەکو سەرچاوەی زانستیی، زۆر جێگای بایەخ نین، هەندێ وتار و ڕاپۆرت سەبارەت بە “پێشبینی شوێنی سەرهەڵدانی شەڕی جیهانی سێیەم” بڵاو دەبنەوە. لە تورکیا، تایوان، سووریا، ئێران، ئیسرائیل، کەشمیر، ئۆکرانیا، ئەفغانستان، کۆریای باکوورەوە بگرە تا شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە نزیک سنوورەکانی کوردستان، پێشبینیم بینیوە. بەڵام لە ناو ئەوانەدا، “تایوان” ئەو شوێنەیە کە هەم بەردەوام لە زۆربەی پیشبینی و نووسراوەکاندا ئاماژەی پێ دەکرێت و هەم پێشتر بیرمەندانی سیاسەتی نێونەتەوەیی وەکو شوێنێکی هەستیار و مەترسیدار، کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی گەورە ئاماژەیان پێکردووە. هەر لەو بارەوە، لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا، چەند ماڵپەڕێکم بینی [کە بە گێرانەوە لە وتارێکی گۆڤاری “سان”ی ئەمریکی، چەند شوێنیان دەستنیشان کردووە، کە ئەگەری سەرهەڵدانی ئەو شەڕە لەو شوێنانەدا زیاترە، گەرچی خۆم دوای هەندێ گەڕان، نەمتوانی سەرچاوە سەرەکییەکە ببینمەوە]. بەڵام ئەوەی بۆ من جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە ئەو وتارەیش پێی وایە بە ئەگەری زۆر، تێکهەڵچوونی سەربازی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر تایوان ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی سێیەمی جیهانی.
دیارە ئەو پێشبینییە تا ڕادەیەک ئاساییە، چونکە دوو وڵاتی زلهێزی جیهان، واتە ئەمریکا کە تا ئەم ساڵانەی دوایی هیچ گومانێک لە هەژموونبوونیدا نەبوو و چین کە ئیستا هەندێ لە بیرمەندان وەکو کاندیدی بەدەستهێنانی پێگەی هەژموونی جیهانی ناوی دەبەن، لە پرسی تایواندا لە بەرانبەر یەکتریدا وەستاونەتەوە. مێژووی ڕووداوە سیاسییەکانی جیهانیش سەلماندوویەتی کە پێشبڕکێ و کێبڕکێی وڵاتانی زلهێز، ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕە گەورەکان بەرز دەکاتەوە.
سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە تایوان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ئەکتەرە، لە قۆناغە جیاجیاکاندا هەورازونشێو و گۆرانکاریی زۆری بەخۆیەوە بینیەوە و سەبارەت بە هەر قۆناغێک ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوەی جیاواز ئەنجام دراون، کەوابوو، ئێجگار ئەستەمە باس لە سیاسەتی ئەمریکا و چین سەبارەت بە تایوان، لە نووسراوەیەکی کۆرتدا بکرێت. بۆیە من لێرەدا تەنیا مەبەستمە، زۆر بە کورتی “دیمەنێکی گشتی” لە دۆخی تایوان نیشان بدەم، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی پرسی تایوان ئەوەندە بە هەستیاریی و مەترسییەوە چاوی لێ دەکرێت.
دوورگەی تایوان دوای شکستی ژاپۆن لە شەڕی دووەمی جیهانی، واتە لە ساڵی ١٩٤٥دا، ڕادەستی چین کرا. لە ساڵی ١٩٤٩، دوای ئەوەی حیزبی کۆمۆنیست لە شەرە ناوخۆییەکاندا سەرکەوت و دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، ئەندامانی حکوومەتی پێشوو، کە بە ناسیونالیستەکان دەناسران و ئەمریکا لە شەرە ناوخۆییەکاندا پشتیوانی لێ دەکردن، بەرەو تایوان هەڵهاتن و هەوڵیان دا ئەو ناوچە لە چین جیا بکەنەوە. هەڵبەت بەردەوامیش خۆیان وەکو حکوومەتی ڕەوای چین پێناسە کردووە. بە هەر حاڵ، بڕیاردەرانی واشنتۆن هەر لەو کاتەوە، بە شێوەی هەمەلایەنە پشتیوانیان لەو ئەکتەرە کرد و تایوان بووە هاوپەیمانی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا. هۆکارێکی سەرەکی ئەوە بوو کە چینی کۆمۆنیست لەو سەردەمەدا، کە بە سەردەمی دوو جەمسەری ناسراوە، لە سۆڤیەت [ڕکابەری سەرەکی ئەمریکا] نزیک بوو. هەوڵەکانی ئەمریکا بە مەبەستی پەراوێزخستنی چین بووە هۆی ئەوەی لە جیاتی چینی کۆمۆنیست، چینی نیشتمانی ببێتە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەوە بۆ نزیکەی بیست ساڵ بەردەوام بوو.
بەڵام دوای دەرکەوتنی گرژیی و ناکۆکییەکانی نێوان سۆڤیەت و چین و دەستپێکردنی “دیپلۆماسی پینگ پۆنگ” و دەستپێشخەریەکەی کیسینجێر لە دەیەی ١٩٧٠دا کە دەرئەنجام بووە هۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، تایوان تا ڕادەیەکی زۆر پەراوێز خرا. بە تایبەت کە لە ساڵی ١٩٧١دا، چینی کۆمۆنیست کورسیەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەست هێناوە و چینی نیشتمانی (تایوان) لەو کورسییە بێبەش کرا. لە ساڵی ١٩٧٩وە، پەیوەندییە دیپلۆماتیەکانی نێوان ئەمریکا و چین پەرەیان سەند و جیمی کارتر، جەختی لەسەر سیاسەتی چینی یەکگرتوو کردەوە. بەڵام ئەوە، هەرگیز بەو واتایە نەبوو کە چین دەتوانێ بە هەموو شێوازێک دەست بەسەر تایواندا بگرێت. ئەمریکا ڕایگەیاند، خوازیاری ئەوەیە تایوان بە شێوەی ئاشتیخوازانە بکەوێتەوە سەر چین، بۆیە بە مافی خۆی دەزانێ تا ئەو کاتە چەک ڕادەستی تایوان بکات و بەرگری لێ بکات. هەر ئەو سیاسەتە تا ئیستا بە شێوەی کەم تا کۆرت پەیڕەو کراوە. لە بەرانبەردا، سیاسەتی چین زیاتر ئەوە بووە کە لە ڕێگای ئابووری و بەستنەوە و گرێدانی تایوان بە ئابووری خۆیەوە، ڕێگری لە سەربەخۆیی بکات. گێڕانەوەی چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەیش لە توانای ئەم کۆرتە نووسراوەدا نییە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!