هێز و سیاسەت

ئەم فاکتەرانەی خوارەوە:

ئەوەی کە ڕابەر و ڕێنوێنی کۆمەڵگەیەک کێیە

 ئەوەی کە پێگە و فورمی نیشتمانێک لە ڕووی جوگرافێاوە چۆنە و چۆن سوودی لێ وەردەگیرێت

 ئەوەی کە پەرە بە چ ئایدۆلۆژیا و بیرۆکەیەک دەدرێت

 ئەوەی کە چەندە هەم سامان و هەم چەکوچۆڵ کەڵەکە کراوە و هێزی چەکدار ئامادە کراوە

 ئەوەی کە تایبەتەمەندییەکانی کۆمەڵگە چین و کامانەن

 حەشیمەت و ژمارەی هاووڵاتیان چەندەیە

 ڕۆحیە چۆنە و ورەی نەتەوەیی لە چ ئاستێکدایە

 چەندە گرنگی بە تەکنۆلۆژیا و زانست دەدڕێت

 ئەوەی کە ئەو خاکە چەندە خاوەن سەرچاوە سرووشتییەکان و وزەیە

ئەوانە لە نموونەی ئەو فاکتەرانەن کە دەری دەخەن ئەکتەرێک/ نەتەوەیەک چەندە بەهێزە و یان بەپێچەوانەوە چەندە لاوازە و دۆخەکە بۆ ستەم لێکردن و چەوساندنەوەی لەبارە.

لاوازەکان [ئەوانەی کەڵک لە فاکتەرەکانی خولقێنەری هێز وەرناگرن] بە چاوپۆشین لەوەی چەندە ستەمیان لێکراوە و چەندە چەوسێندڕاونەتەوە و چەند مافیان هەیە یان نییە، بە کردەوە و لە جیهانی واقێعدا هیچ کاریگەرییەک و توانای کاریگەریدانانێکیان نییە و نابێت. هۆکاڕەکەی ئاشکرایە: چونکە لە سیستەمێکدا کە لەسەر بنەمای هێز دانراوە، ئەوان “لاوازن” و “هێز”یان نییە و نەیانخولقاندووە. لاوازی خراپترین تایبەتەمەندیی و هێز یەکێکە لە گەورەترین ئەنعام و بەهرەکان.

تەنانەت دەبینین کە لە جیهانی ئێستادا زۆر کات و زۆرینە وای دەبینن کە فاکتەری یەکلاکەرەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پێگە و توانای ئابووریی و دارایی تاکەکانە. چۆن دەکرێ ئەوە لە سیاسەتدا زۆر خەستر و زەقتر نەبێ؟ لە ڕاستیدا باڵادەسترین فاکتەر لە سیاسەتدا هێزە. پێگە و بایەخی ئەکتەرەکان بەستراوەی هێز و دەسەڵاتیانە. هێز پێگە و جێگەیان دیاری دەکات. لە سیاسەتدا هێز کەرەسەی دابینکردنی بەرژەوەندییەکان و پراکتیزە کردنی ئامانجەکانە.

هێز پێویستە چونکە بە بێ هێز نە گوێ بە هیچ داوا و خواستێکی ئەکتەرێکی سیاسیی دەدرێ و نە هیچ ئاواتێکی بەدی دێت و نە هیچ ئامانجێکی لە ئەگەری بە دەستنەهێنانی هێزدا پراکتیزە دەکرێ. هەڵبەت هێز زەمانەتی سەرکەوتن ناکات بەڵام دیارە نەبوونی هێز زەمانەتە بۆ چەقین لە ناو زلکاوی شکستدا. سەرکەوتن تەنیا لە ناخی خاوەندارێتی هێزدا ممکینە. نەبوونی هێز بە مانای ڕۆچوون بەرەو داڕووخانە. بەرژەوەندییەکان تەنیا لە سێبەری خاوەندارێتی ڕێژەیەکی گونجاو لە هێز دابین دەکرێن. ژینگەی پڕ لە ئاسایش تەنیا لە سایەی هێزدا وەدیار دەکەوێت.

دژوارە حاشا لەو ڕاستییە بکرێ کە خاوەندارێتی هێز بە مانای ڕێگریکردن لە پەراوێز کەوتنە. ئەو ئەکتەرانەی هێزیان نییە هیچ جێگە و پێگە و پرستیژێکیان نابێت و بۆیە لە پەراوێزدا دەمێننەوە و سەرقاڵی کاروباری لاوەکی دەبن. بێدەسەڵاتەکان ناتوانن بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابین بکەن. هێز توانای هەڵبژاردنیش پێشکەش بە ئەکتەرەکان دەکات. هەر وەک چۆن لە ژیانی تاکەکەسیشدا فرەچەشنی بژاردەکان و بەدەسەڵاتبوون پێکەوەبەستراوەن. هەروەها هێز واتە دەرفەت. دەرفەت بۆ ئەوەی ئەکتەری سیاسیی بە کەمترین تێچوو زیاترین دەستکەوت کەڵەکە بکات. هێز بڕوابەخۆییە، چونکە خەسارهەڵگری کەم دەکاتەوە. بەهێزترین ئەکتەرەکان لە میانەی گفتوگۆکاندا خوازیاری زیاترین ئیمتیازەکانن. ئاساییە گورگ زیاتر لە مەڕی بوێت و شێر زیاتر لە خەزاڵ! لە کۆتاییشدا هێز توانای کاریگەریدانانە. ئەکتەری بەهێزە کە دەتوانێت خولقێنەری ڕووداو و ئاڕاستە کردنیان بێت و واتاداریان بکات.

هەر ئەکتەرێک هەوڵی بنیاتنانی جیهانێکی دادپەروەرانەتر و بەرابەرتر و جیهانێکی شایستەی خۆی بدات، یەکەم مەرج و هەنگاو هەوڵدان بۆ بەدەستهێنان و پەرەپێدان و بەکارهێنانی هێزە. هێز لانیکەم وا دەکات “ئەوانی تر” لە دەستێوەردان پاشگەز ببننەوە. خاوەندارێتی هێز ئەگەرچی تەزمینێک بۆ سەرکەوتن لە خۆڕاگریدا نییە بەڵام بێ گومان تێچووەکانی هێرشبەر بەرفراوانتر دەکات. تا ئێستا نەبینراوە هیچ ستەمێک بە ئەخلاق و لێدوان و موعیزە کۆتایی پێهاتبێت. مێژوو نیشاندەری ئەوەێە هێز ڕزگاریبەخشی چەوساوەترین و لاوازترینەکان بووە.

فاکتەرەکانی خولقێنەری هێز، هەم سرووشتین و هەم مرۆیی. کوردستان لێوانلێوە لە سەختامێرە بەهێزەکانی خولقێنەری هێز. کێشە لە نەرمئامێرەکەیە.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *