بایدن و کابینەکەی

کە دەنگی بانگ هات ئیتر ناکرێ نەیبیسی، مەگەر دواتر حاشای لێ بکەی

هەلومەرج و دۆخێکی جیاواز هاتووەتە ئاراوە و گۆڕانکارییەکان شەفافتر و  ڕوونتر لەوەن کە بکرێ بە ئاسانی پشتگوێ بخرێن. هەر بەو جۆرەی کە پێشتر پێش بینی دەکرا دەسەڵاتدارانی نوێی کۆشکی سپی هەوڵی چارەسەری کێشەکان و سەقامگیرکردنەوەی جیهان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە مەبەستی تەرخانکردنی زیاترین وزە یەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و چاکترکردنی دۆخی ناوخۆیی و دووەم بۆ ڕێگریکردن لە هێزگرتن و پەرەسەندنی قەوەت و توانا و پەلهاوێشتنی دوو گەورە وڵاتی ڕووسیا و چین دەدەن.

سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەی تا ئێستا ڕووی داوە دەرخەری ئەوەیە کە تیمی بایدن ڕۆژهەڵاتێکی سەقامگرتوو و هێمن و بێ کێشەیان دەوێت. هەر لەو ئاراستەیەدا تەنانەت هەوڵی سەقامگیرکردنی نادێموکراتترین و نامرۆییترین سیستەم و یەکە سیاسییەکانیش دەدەن. واتە گەڕانەوە بۆ ئەو سیاسەتەی لە ساڵی ۱۹۴۵وە بۆ ماوەیەی ۵۶ ساڵ و تا ۲۰۰۱ پەیڕەویان دەکرد. ئەوەی ئێستا لە تیمی دیموکراتی بڕوامەند بە ڕابەرایەتی ئەمریکا دەبینێرێ، سیاسەتی ڕیالیزمی بەرگریکارانە، لەسەر بنەمای “پاراستنی دۆخی ئێستا” و جێگیرکردنی “هاوسەنگی هێز”ە. ئەم تێڕوانینە و ئەو سیاسەتانەی لەو جۆرە تێڕوانینە سەرچاوە دەگرن دژی هەر جۆرە گۆڕانکاریی و ڕووداوێکن کە ببێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتری ناوچەکە. بە کۆرتی، ئەو خاڵەی زۆر ئاشکرایە ئەوەیە کە تیمی بایدن هەوڵی چارەسەر کردنی قەیران و کێشەکان دەدەن بە بێ ئەوەی خۆیان دەرگیر بکەن. بەو جۆرەی پێشتریش لە ستراتیژی تیمی بایدن ئاماژەی پێ کرابوو تێکەڵبوون لە قەیرانەکان و بە تایبەت دەستوەردانی سەربازیی بڤە نییە و وەلا نانرێ، بەڵام تەنیا دوایین بژاردە و بۆ کاتێکە کە “هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە” لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانیان سەر هەڵبدات.

مێژوو دەڵێت زۆربەی سیاسەتوانانی ئەمریکا “یاسا”یان خوێندووە. تەنیا لە کۆنگرێسی پێشوو نزیکەی ۲۱۰ نوێنەر خوێندکاری یاسا بوون. ئەمە ئێستایش لە تیمی بایدن زۆر بە زەقی و بەرجەستەیی دەبینرێ. خۆدی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، کامالا هریس جێگری سەرۆک، جیک سالیوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، ئەنتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوە، ڕۆبێرت مالی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران وەک بەرپرسانی باڵا و داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوە و هەروەها بونی جێنکینز، مێریک گارلند، جیمز ویێلسک و جینا رێیموندو وەک ئەندامان و وەزیرانی تری تیمی بایدن هەر هەموویان لە زانکۆ “یاسا”یان خوێندووە.  ئەگەرچی ڕوانگە و دیدی سیاسەتوانان [یان مرۆڤ بە گشتیی] سەبارەت بە بابەتێکی تایبەت، تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە پێگەی ڕیکخراوەییانەوە هەیە، بەڵام ناکرێ ئەو تایبەتەمەندییە هاوبەشەیش لەبەر چاو نەگیرێ. یاساناسان بەوە ناسراون کە ورد و ڕوون و بەرپرسیارانە دەدوێن. ئەوەش دەری دەخات تیمی بایدن دەبێ لە لێدوان و نووسین و سیاسەت و کردەوەکانیادا ئێجگار ورد و ڕوون بن. ئەمەش خۆی یارمەتیدەر دەبێ بۆ تێگەیشتن و پێشبینیکردنی سیاسەتەکانی ئەم قۆناغەی ئەمریکا، بە چاوپۆشین لەوەی کە ئەو سیاسەتانەت پێ خۆش بێ یا ناخۆش. ئەوەی تا ئێستا ڕووی داوە زۆر هاوشێوەی لێدوان و نووسراوە و ئەو سیاسەتانەی بووە کە پێشتر ڕایانگەیاندوون. بۆیە بۆ نموونە ئەو کەسانەی پێیان وابوو تیمی بایدن تەنانەت توانای مووشەکی ئێرانیش لە ناو دەبەن، سەرنجی ئەو خاڵە وردانەیان نەدابوو.

نە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی پاریس، نە گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانانی ئەورووپا، نە گرنگیدان بە ڕێکخراوی ناتۆ و کەمکردنەوەی فشارەکان بۆسەر ئەو ڕێکخراوە بە مەبەستی زیاترکردنی ڕێژەی بودجەی وڵاتانی ئەورووپی، نە گفتوگۆی ئەفغانستانی و بڕیاری کشانەوەی هێزەکان، نە گەڕاندنەوەی یارمەتییەکان بۆ فەلەستین، نە گفتوگۆکانی بەغدا، نە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران و نە هەوڵدان بۆ هەڵوەشانەی هەندێ لە سزا و گەماڕۆکان و نە گفتوگۆی سعوودی و حوسیەکان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لە یەمەن، هیچیان لە ناکاو و کتوپڕی نەبوون، بەڵکوو پێشتر بە ئاشکرا لە لایەن ئەو یاساناسە سیاسیانەوە ڕایانگەیێندرابوون.

ئەو نموونانەی سەرەوە، نیشانەی هەوڵێکی نوێن بۆ جێگیرکردنی نەزم و سیستەمێکی نوێ کە ڕەنگە تا ماوەیەکی دوورودرێژ ڕێگری لە گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکە بکات. هەروا کە وتم، ئامانجی تیمی بایدنیش هەر ئەوەیە: ئارامکردنەوە و سەقامگیرکرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەڵبەت دیار نییە ئایا لە کۆتاییدا ئەو هەوڵانە سەردەکەون یان نا، بەڵام دیارە هەموو هەوڵەکان لەو ئاراستەیەدان و تا ئێستاش پێشکەوتنی ڕێژەیی باشیان هەبووە.

هەندێ لە وڵاتان و  ئەکتەڕەکانی ناوچە کە لە دوو دەیە ناسەقامگیری ماندوون ئەو ڕەوتەیان پێ خراپ نییە، هەندێکی تر یان بە “چز” یان بە “چێز”ی ئەمریکا خۆیان لەگەڵ ئەو سیاسەتانە گونجاندووە و بوونەتە بەشێک لە هەوڵەکان بۆ هێوربوونەوەی ناوچە.

لەم قۆناغەدا ئیسرائیل بە ئاشکرا [لەبەر ئاساییبوونەوەی دۆخی ئێران] و تورکیا بەپارێزەوە [لەبەر جێگیربوونی دەسەڵاتی کوردی لە ڕۆژاوا] لەو گۆڕانکاریانە ناڕازیین. بەڵام پێناچێت ئەوانیش بتوانن ڕێگری لەو ڕەوتە بکەن. بێ گومان کوردی ڕۆژهەڵاتیش لە نموونەی هەرە ناڕازییەکانن چوونکە لەو گۆڕانکاریانەدا هیچ قازانجێ بەدی ناکرێت، بەڵام دەسەڵات نییە و ڕەنگە ساڵانی کاڵبوونەوەی هیواکان بن یان نسکۆ. ئەمە نەک ڕەشبینی، بەڵکو حەقیقەتی ئەو سیستەمە نوێیەیە کە هەوڵی چەسپاندنی دەدرێت.

لانیکەم بۆ من دیار نییە چارەنووسی کوردی باکوور چۆن دەبێ چونکە پێدەچێ تیمی بایدن هاوکات کە گوشار دەخنە سەر ئەردۆغان، بە چالاکییەکانی پ.ک.کەش هەستیار بن. بەڵام نیشانەکان دەڵێن ئەو نەزمە نوێیە لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان دەبێت، لانیکەم لەبەر ئەوەی کە “سەقامگیریی” لە ئێستادا ئامانجی ئەو دوو نیمچە-ئەکتەرەیشە و لەگەڵ خواستەکانی واشنتۆن تەبان.

بۆچوون

0 replies

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *