بۆ واشنتۆن پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات؟!

ئەوەی کە بەردەوام و لە قۆناغە جیاوازەکاندا دەبینین لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی عەرب و ئیسرائیلدا، واشنتۆن خێرا و بە ڕاشکاوانە پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دەردەبڕێت، بەو واتایە دێت کە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، ئیسرائیل زیاتر لە  ۲۲ وڵاتی ئەندامی یەکێتی عەرەب قورسایی هەیە.

 بەپێچەوانەی ئەوەی کە زۆر جار دەگوترێ، لۆبی ئیسرائیلی و هەبوونی نزیکەی شەش ملیۆن هاوڵاتی یەهوودی لە ئەمریکادا، تاقە هۆکاری ئەو لاینگری و پشتیوانی نییە. دەنا دەبوایە باج و بەرتیلێکی هاوسەنگی بە عەرەبەکانیش بدایێت. مەزەندە دەکرێ نزیکەی پێنج ملیۆن عەرەبی کۆچەر دانیشتووی ئەمریکان. لۆبی ئیسرائیل تەنیا یەکێک لە فاکتەرەکانی هێزی ئیسرائیلە.

ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی خۆدی ئەمریکا چۆن پێناسە کراون و بەرژەوەندییەکانی عەرەب و ئیسرائیل چەندە لەو چوارچێوەیەدا دەگونجن و لەگەڵ ئەو پێناسەیەدا دەخوێننەوە، ئەوەی کە  جیهانبینی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب چەندە لەگەڵ جیهانبینی نوخبەکانی ئەمریکا تەبایە، ئەوەی کە پێگەی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب لە ئاستی جیهانیدا چۆنە و هەروەها ئەوەی کە شێوازی حوکمڕانی و دەسەڵاتدارێتی ئەو وڵاتانە لە ئاستی نێوخۆدا بە چ شێوازێکە، لە نموونەی فاکتەرەکانی دیکەن کە دەتوانن لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب و پێگەی ئەو وڵاتانە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا کاریگەری  دابنەن.

بۆ نموونە، لە ڕووی دێموکراسی، سیستەمی سەرمایەداری و لیبرالیزمەوە، کە بەشێکی سەرەکین لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەشدا ڕەنگیان داوەتەوە، لێکچوویی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاترە. کۆمەڵگەی ئیسرائیل لە ڕووی سیاسیی، ئابووریی و کولتوورییەوە بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگەی عەرەبی، لە کۆمەڵگەی ئەمریکا نزیکترە. چ بە خوێندنەوەی ڕیالیستەکان و چ بە خوێندنەوەی کانستراکتیڤیستەکان، ئەو لێکچووییە هۆکارێکە بۆ نزیکبوونەوەی زیاتری ئەکتەرەکان.

هەروەها وڵاتانی عەرەب لە ڕووی شێوازی دەسەڵاتدارێتی و حوکمڕانی و جێبەجێکردنی مەرجەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان، سیستەمی پەروەردە، گەشەی ئابووریی، زانست و تەکنۆلۆژیا و تەکنۆلۆژیای سەربازیی بە بەراورد لەگەڵ ئیسرائیل پێگەیەکی ئەوتۆیان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا نییە. ئاشکرایە ئەو وڵاتانەی کە پێگەیەکی سەرتریان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەبێ و توانای خوگونجاندنیان بەرفراوانتر بێت، توانای کاریگەریدانانیان لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتانەی کە گرنگی بەو فاکتەرانە دەدەن، زیاترە.

هەروەها دەسەڵاتداران و سەرکردەکانی عەرەب کە زۆربەیان لە ڕێگای کودەتا یان بە بێ هەڵبژاردن دەسەڵات بە دەستەوە دەگرن، پشتیوانی دانیشتوانی وڵاتەکانیان لەگەڵ نییە و ئەمریکاش لەوە ئاگادارە و بۆیە خۆی بە ناچار نابینێت ئیمتیازێکی ئەوتۆ بەو سەرکردانە بدات، بە پێچەوانەوە ئەوە سەرکردە عەرەبەکانن کە زۆر جار بە ئەمریکا ئیمتیاز دەدەن، لانیکەم بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی تاکەکەسی یان بنەماڵەیی خۆیان. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕابەرانی ئیسرائیل بە هۆی هەبوون و جێگیربوونی سیستەمی دیموکراتیک و هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوایی دەسەڵاتەکەیان، لە لایەن هاووڵاتیانەوە پشتیوانی دەکرێن و ئەمریکاش زیاترین ئیمتیازیان پێ دەدات. ڕابەڕانی ئیسرائیل دەتوانن لەبەرانبەر خواستەکانی ئەمریکا، ئەگەر پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانیان بن، بوەستنەوە و خۆڕاگری بکەن. ئەو ڕابەرانە کە دەسەڵاتی ڕەوایان هەیە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا سیاسەت دەکەن، ناچار نین وەک سەرکردەکانی عەرەب کە لە ناوخۆدا پشتیوانی خەڵکیان لەگەڵ نییە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکاندا سیاسەت دەکەن، هەوڵی خۆشحاڵکردنی ئەمریکا بدەن. ئەوە سەرکردە عەرەبەکانن کە بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان، پێویستیان بە خۆشحاڵکردنی ئەمریکا هەیە.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *