بەئەمنییەتیکردنی ڕۆژهەڵات!؟
زۆر جار کە پێشمەرگەی [سەر بە هەر] حیزبێک چالاکییەک لە دژی دەسەڵاتی داگیرکەری تاران ئەنجام دەدات یان چەند پێشمەرگەیەک لە ناوخۆ دەردەکەون، خێرا دەستەیەک ڕەخنە دەگرن کە گوایە ئەوە دەبێتە هۆی بەئەمنییەتیکردنی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات. بەبێ ئەوەی بۆ یەک جاریش ڕوونی بکەنەوە کە مەبستیان لە ئەمنییەتیکردن چییە و ئایا بەبێ چالاکی و تەنانەت هەبوونی پێشمەرگەیش دەسەڵاتی داگیرکەر هەوڵی بەئەمنییەتیکردن نادات و لە بنەڕەتدا بابەتێک لە کوردستان ماوەتەوە کە داگیرکەر ئەمنییەتی نەکردبێتەوە؟ هەڵبەت هەندێ جار باسی ئەوە دەکەن کە چوونەوە یان چالاکی پێشمەرگە دەبێتە هۆی دامەزراندنی بنکە و پایگای زیاتر.
گوایە مەبەستییان ئەوەیە کە کوردستان میلیتاریزە دەکرێت. بەڵام کێ بێ ئاگای لەوە نەبێ لەو کاتەوە کە حیزبەکان خەباتی چەکدارییان ڕاگرتووە، نەک هەر هیچ هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوە یان چارەسەرکردنی پرسی کورد نەدراوە، بەڵکو بە کردەوە کوردستان بووەتە بنکەیەکی سەربازیی گەورە. جگە لەوە، میلیتاریزەکردن تەنیا بەشێکە لە بەئەمنیێەتیکردن. واتە بەئەمنییەتیکردن لە هەموو بوارەکاندا [سەربازیی، سیاسیی، ژینگە، ئابووری، کلتووریی و …] ئەنجام دەدرێت. ئەگەر چالاکی پێشمەرگە بیانووییەکە بۆ میلیتاریزە کردن بە کەڵکوەرگرتن لە چەکوچۆڵ، بۆچی لە بوارەکانی تریشدا بەئەمنییەتیکردن بەردەوام درێژەی هەبووە و هەموو کۆمەڵگەی گرتووەتەوە؟
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئەمنییەتیکردنی بابەتە نائەمنییەکان سیاسەتێکی باوە و بەردەوام وەک ڕێگاچارەیەک بۆ ئیداڕەدان و باشترە بڵێم کونتڕۆڵکردن چاوی لێ کراوە. ئەمنییەتی کردن دوایین قۆناغی یان دوایین نوسخەی بەسیاسیکردنی بابەتەکانە. بە گشتیی ئەو بابەتانەی لە کۆمەڵگەدا هەن، سێ جۆرن: یەکەم، بابەتی ئاسایی کە حکومەت هیچ کارێکی پێیان نییە و دەستێوەردان ناکات و لە بنەڕەتدا بابەتی سیاسی نین.دووەم، بابەتی سیاسییەکان کە پێویستە دەوڵەت پلانی بۆیان هەبێ و دەستێوەردانیان بکات و بەڕێوەیان ببات [ئەم جۆڕە لە کوردستان ئێجگار کەمن، چوون بابەتەکان یان ئاسایین یان ئەمنییەتی دەکرێنەوە].
سیێەم، بابەتە ئەمنییەتییەکان کە وەک هەڕەشەی هەبوو پێناسە دەکرێن و پێویستە ڕێکاری تایبەت بگیرێتە بەر بۆیان. ئەو ڕێکارە دەکرێ لە دەرەوەی هەموو یاسا و ڕێساکانیش بێت، چونکە ڕێکارێکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی هەبوو. کێشەکە ئەوەیە هەموو بابەتێک دەکرێ بکرێتە ئەمنییەتی بەو مەرجەی وەک هەڕەشە نیشان بدرێ. یانی هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە دیاردەیەکی ئاسایی بکرێتە هەڕەشەیەک. بۆیە دەڵێن بەئەمنیێەتیکردن تێکەڵاوێکە لە زمان و کۆمەڵگە. واتە بەئەمنییەتیکردن بابەتێکی نێوان زەینیە کە لە ڕێگای زمانەوە دەردەبڕدرێت و بەئەمنیێەتیکردن پێویستی بە دیسکۆرسێکی بەئەمنییەتیکەرە بۆ ئەوەی سەرنجی بەردەنگ بۆ لای خۆی ڕاکێشێ و قەناعەتی پێ بێنێ.
نموونەی زۆر هەن کە بەئەمنییەتیکردنی هەموو بوارەکانی ژیان لە ڕۆژهەڵات بەردەوام لە ئارادا بووە و هیچ پەیوەندیشیان بە چالاکی هێزی پێشمەرگەوە نییە. بۆ نموونە کاتێ بەرپرسێکی فەرهەنگسەرا لە تاران دەڵێت خوێندن بە زمانی کوردیی دەبێتە هۆی دابەشکردن و “تجزیە”ی وڵات، دوای چەند ساڵ زمان لە ڕۆژهەڵات ئەمنییەتی دەکرێتەوە و فێرکاریی زمانی کوردی وەک هەڕەشەیەک چاوی لێ دەکرێ و بە هەموو جۆرێ هەوڵ دەدرێ گرفت و کێشە بۆ ئەو ناوەند و ئەنجومەنانە درووس بکرێ کە هەوڵی فێرکردنی زمانی کوردیی دەدەن. هەر بۆیە وەک نموونە خاتوو زارا، وەک مامۆستای زمانی کوردیی، حوکمی زیندانی بەسەردا دەسەپێت.
حکومەت و دامودەزگاکانیش وەڵامدەرەوەی ئەو نین کە بۆچی هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی تاوانەکەی ڕادەستی دادگا ناکەن. هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەوڵ بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە بنەڕەتدا پرسێکی ئەمنییەتییە [ئەگەرچی نەکرێ بە ئاشکرا قەدەغە بکرێ] و پرسێکیش کە ئەمنییەتی بوو حکومەت مافێکی تایبەتی بۆ خۆی پێناسە کردووە و دەکرێ ئەو مافە لەسەرەوە/دەرەوەی دەستوور و یاسایش بێ. وەک نموونەیەکی تر کاتێ بەرپرسێکی حکومەت لە کوردستان دەڵێت لەگەڵ کوڵبەرەکان “ضد انقلاب” نفوز دەکەنە ناو وڵات و ئێمە ناتوانین لێکیان بکەینەوە، دیاردەی کۆڵبەری ئەمنییەتی دەکرێتەوە و دەکرێتە هەڕەشە و ساڵانە سەدان کوڵبەر تەقەیان لێ دەکرێ و دەکوژرێن کەسیش لێپرسینەوەی لێناکرێ چونکە کۆڵبەری بابەتێکی ئەمنییەتییە.
فارسەکانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنووسن “یە تجزیە طلب کمتر”. ئەمە حەقیقەتی سیاسەتی بەئەمنییەتیکردنە. وەک نموونەیەکی تر کاتێ بەرپرسێ لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەیەکدا دەڵێ ژینگەپارێزان بوونەتە بڵندگۆی “دژە شۆڕش/ضد انقلاب” و بە دەیان سایت و ماڵپەڕ هەر ئەو تیترە لێ دەدەنەوە، ژینگەپارێزیی دەبێتە هەڕەشە و بابەتێکی نائاسایی کە پێویستی بە چاڕەسەرێکی تایبەت و نائاسییە. بۆیە خێرا لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان پلان و پیلان بۆ ژینگەپارێزان دادەڕێژرێت. بۆیە بەئەمنییەتیکردن زۆر بەربڵاوترە لەوەی بیری لێ دەکرێتەوە و ڕۆژهەڵاتیش لە هەموو بوارێکدا بەئەمنیێەتی کراوە و نەک هەر پێشمەرگە هۆکاری بە ئەمنیێەتیکردن نەبووە و نییە بەڵکو لە نەبوونی هێزی پێشمەرگەدا مەترسییەکان زۆر زیاتر دەبنەوە و ئەو سیاسەتە چڕتر دەبێتەوە و زیاتر پەرە دەسێنێ.
بیانووەکان بۆ بەئەمەنییەتیکردن زۆرن و کۆتاییان نایەت.
٭ئەردۆغان لە سەرەتای دەسەڵاتگرتنیەوە هەوڵی دا پرسی کورد لە باکووری کوردستان نائەمنییەتی [ئاسایی] بکاتەوە، بەڵام ناسیونالیزمی سەخت (و نامونعەتیف)ی تورک نەک هەر ڕێگای پێ نەدا بەڵکو وەک پێشینییان و بگرە زیاتر لەوان کردییە شۆڤێنییەکی سەرسەخت.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!