د. حسەینزادە: “هەرگیز بەجێتان ناهێڵین” گەورەترین پەیامی پێشمەرگە لە ئێوارەی نەورۆز هەم بۆ خەڵک و هەم بۆ داگیرکەر بوو
🔹 د.محەمەد حسەینزادە دەڵێت: “سەبارەت بە پژاک پێم وابێ بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەو حیزبە لەژیر کاریگەری پ.ک.کدایە. لە سیاسەتیشدا دوو یان چەند لایەن کاتێ پێکەوە گفتوگۆ دەکەن کە لەوە دڵنیا ببنەوە لایەنی بەرانبەر بڕیار بەدەستە و بەڵێنەکانی بە بێ کارتێکەری لایەنی سێیەم جێبەجێ دەکات. دیارە حدکا لەوە دڵینیا نییە و خوێندنەوەی بەرپرسانی ئێستای ئەو حیزبە ئەوەیە کە پ.ک.ک بڕیاردەری سەرەکییە و بۆیە بە باشتری دەزانن ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو سەبارەت بە پرسەکان گفتوگۆ بکەن و ئەوە بە سیاسەتێکی گونجاتر دەزانن.”
🔻 قەندیل پرێس: سڵاو و ڕێز د. حسەینزادە، سپاستان دەکەین کە ئەم دیمانەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، لە باری سیاسیەوە نەورۆزی ئێمساڵتان لە ڕۆژهەڵات پێ چۆن بوو؟
🔹 د.محەمەد حسەینزادە: سڵاو و زۆر سپاس بۆ ئێوەی بەڕێز. دیارە نەورۆز جگە لەوەی دەستپێکی وەرزێکی نوێ و زیندووبوونەوە و گیانگرتنەوەی سرووشت و هەروەها یادێکی مێژوویی- کلتورییە، لە کوردستان بە گشتیی لایەنێکی زەق و بەرچاوی سیاسیی هەیە و پەیامی سیاسیی هەم بۆ خۆدی نەتەوەی کورد و هەم داگیرکەران تێدایە. ئەمساڵیش ئەو بۆنە نیشتمانییە لە بەشێکی زۆری کوردستان بە شێوەیەکی نەتەوەیی بەڕێوە چوو. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش سەرەڕای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کە تا ڕادەیەک هەستی پێدەکرا کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردن و بەشداربوونی خەڵک دانابوو و و وەک هەمیشە سەرەڕای گوشار و هەڕەشەی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی داگیرکەر خەڵک لە زۆر شوێن لەو بۆنەیەدا بەشدارییان کرد. بەشداری بەرچاو و ڕەنگینی ژنان بە هێما نەتەوەییەکانەوە، کردنەوەی ئاگر لە گوند و شارە جیاوازەکان، شادی و هەڵپەڕکێی یەکدەست و یەکڕیزی خەڵک و بەتایبەت لاوانی ڕۆژهەڵات و خوێندنەوەی سروودی یەکڕیزی نەتەوەیی نەتەوەیی، ئەو پەیامانەی کە سەبارەت بە یەکدەنگی و پێکەوەبوون و دەخوێنرانەوە و دەنووسران و لە وێنە و ڤیدۆکاندا دەمانبینین، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە شیوەیەکی بەرچاوتر، پێشەنگایەتی دایکانی شەهیدان و بەشداربوونیان لەگەڵ خەڵک و لەو نێوەشدا دەرکەوتنی دەستەیەک پێشمەرگە لە چەند شوێنی کوردستان و بەشداریان لەگەڵ خەڵک لە ئێوارەی نەورۆزدا هەموویان پەیامی سیاسیین بۆ داگیرکەر. بەو جۆرەی ئاماژەم کرد ئەمانە سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانەن کە داگیرکەر بە مەبەستی کاڵکردنەوە یان بەڕێوەنەچوونی نەورۆز بەسەر خەڵکدا دەیسەپێنێ. بەڵام ئەمساڵیش خەڵک وەک ساڵانی پێشوو نەک هەر گوێیان بە دەسەڵات و گوشارەکانی نەدا، بەڵکو بینەری هەندێ دیمەن و بەکارهێنانی هێمای نوێیش بووین. هەڵبەت هاوکات پێویستە حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتیش لە هەندێ لەو پەیامانەی خەڵک و بەتایبەت خواستی یەکانگیری یان لانیکەم لێکنزیکبوونەوە تێبگەن. بە گشتیی پەیامی نە بۆ داگیرکەر و بەڵێنی سووربوون لەسەر درێژەدان بە بەرخۆدان و خۆڕاگری هاوکات لەگەڵ نوێبوونەوەی وەرز و زیندووبوونەوەی سرووشت ئەو پەیامە سیاسیانەن کە لە نەورۆزی ڕۆژهەڵات هەستیان پێدەکرێ و نەورۆزی ئەمساڵیش هەروا بوو.
🔻 قەندیل پرێس: ئێمساڵ پێشمەرگەکانی حدکا لە چەند شاردا دابەزین، پەیامی ئەم خۆ دەرخستنە چی بوو؟
🔹 د.محەمەد حسەینزادە: بەو جۆرەی لە ڕاگەیەندراوی حدکا و قسەی بەرپرسانی ئەو حیزبە دیارە دوو ئامانج بەدی دەکرێ یەکێک ئەوەی کە دەڵێن پەیامێکە سەبارەت بەوەی کە هیزی پێشمەرگە لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا ئامادەی بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ هێرشەکان و دووەم ئەوەی کە ئەو پێشمەرگانە هەڵگری پەیامی راستەوخۆی پیرۆزبایی نەورۆز لە خەڵک بوو. ئەمە ئەو پەیامانەن کە لە قسە و نووسراوەکانی بەرپرسانی حدکادا دەردەکەون. جیا لەوە من پێم وایە ئامادەبوونی چەند پێشمەرگەیەکی حدکا لە ناو خەڵکی ڕۆژهەڵات لە لایەکەوە وەک پەیامێکی ئەو حیزبەیە بۆ لایەنگران و ئەندامانی خۆی سەبارەت بەوەی کە لەسەر ئەو سیاسەتەی کە بە “ڕاسان” ناسراوە، پێداگرن و بە جۆرێک وەڵامێک بووە بۆ ئەو پرسیارانەی لە ماوەی جەندین مانگی ڕابردوودا لەو بارەوە هاتوونەتە ئاراوە. بەڵام بە هەر مەبەستێک بووبێ ڕوویەکی تری دەرکەوتنی ئەو پێشمەرگانە لە ڕۆژهەڵات و پێشوازی و خۆشحاڵی خەڵک ئەوەیە کە بە جۆرێک پووچەڵکەرەوەی هەندێ دروشم و پڕۆپاگەندەی ڕژیمی تارانە. بۆ نموونە گرتە ڤیدۆی ئەو پێشمەرگانە لەناو خەڵک و خۆشحاڵی و تەنانەت پەرۆشی و نیگەرانی دایکان بۆ ئەوەی بە سڵامەتی بگەڕێنەوە سەنگەرەکانیان شکستی سەرمایەگوزارییەکی بەرچاوی ڕژیمە بە مەبەستی پڕۆپاگەندە سەبارەت بەوەی کە پێشمەرگە لە ناو خەڵکدا پێگەیەکی نەماوە. هەروەها ئەوە پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی دابڕاندن و پچڕاندنی خەڵک و پێشمەرگەیە.
جگە لەوانە ئامادەبوونی پێشمەرگە لە ناو شارەکان شکستێکی گەورەیە بۆ دامودەزگای هەواڵگریی سوپا و ئیتلاعات و لەو رووشەوە پەیامێکی ڕوونی بۆ ئەوان تێدایە. بەدەر لەوانە بە بڕوای من “هەرگیز بەجێتان ناهێڵین” گەورەترین پەیامی پێشمەرگە لە ئێوارە نەورۆز هەم بۆ خەڵک و هەم بۆ داگیرکەر بوو. واتە پەیامی دابەزینەکە بە گونجاوترین شێواز لە زمانی پێشمەرگەیەکەوە وترا.
قەندیل پرێس: لایەنگرانی پژاک و پەکەکە لە تۆرە کۆمەلایەتیەکان ریەکشنێکی نگاتیویان بەم ئەکتەی حدکا نیشاندا، ئەم بابەتە چۆن شرۆڤە دەکەن؟
🔹 د.محەمەد حسەینزادە: لەو بارەوە پێویستە سەرەتا ئاماژە بە دوو خاڵ بکەم. یەکەم، حیزبایەتی و لایەنگری لە حیزبەکان بە جۆرێکە کە ئەگەر نەڵێم هەرگیز، لانیکەم زۆر بە دەگمەن دەبینرێ لایەنێک یان لایەنگرانی پشتیوانی لە سیاسەت و هەڵویستەکانی لایەنێکی تر بکەن و بە درووستی بزانن، تەنانەت ئەگەر سیاسەتێکی گونجاو و لە بەرژەوەندی گشتیشدا بێت. بەتایبەت ئەگەر دوو حیزب یان لایەن جوگرافیای سیاسەتیان پارچەیەکی کوردستان بێت. بۆیە ئەو جۆرە بەرپرچدانەوە و هەڵوێستانە لە شانۆی ئێستای کوردستاندا زۆر سەیر و سەمەرە نین و تەنانەت ئاساییش بوونەتەوە. ڕۆیشتنەوەی دەستەیەک پێشمەرگەیش و پشتگیریی و دژایەتییەکانی لەو حاڵەتە بەدەر نییە. دەنا لایەنگرانی پ.ک.ک و پژاک کە ئێوە ئاماژەتان پێداون خۆیان باشتر ئاگاداران کە تا چەند ساڵ پێش خۆیان بە شیوەیەکی زۆر بەربڵاوتر و جدیتر لە ڕۆژهەڵات ئامادە دەبوون. ئایا ئێستا ئەو کردەوانە بە هەڵە دەزانن؟ دووەم، من پێم وا نییە لەو کاتانەدا هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبێک هەڵویست و بەرپرچدانەوە و تێڕوانینی هاوشیوە و هاوبەشیان هەبێ. تەنانەت هەر ئێستاش دەبینرێ هەندی لە لاینگرانی پ.ک.ک و پژاک هەڵویستی نێگەتیڤیان لەو بارەوە نەناواندووە. بەڵام لە کۆتاییدا دەمهەوێ ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە بە چاوپۆشین لەوەی کە دژبەرانی ئەو هەنگاوەی حدکا و ڕۆیشتنەوەی پێشمەرگەکان سەر بە کام لایەنن، من تا ئێستا کە قسەکانیان گوێ دەگرم و نووسراوەکانیان دەخوێنەمەوە هۆکارێکی لۆژیکیم بۆ ئەو دژایەتییە نەبیستووە و نەخوێندووەتەوە کە قەناعەتپێهێنەر بێت. بەپێچەوانەوە ئەنجامە پۆزەتیڤەکانی ئەوەندە زیاترن کە دەبێ رەخنە لە بەردەوامنەبوونی ئەو هەنگاوانە بگیرێت.
🔻 قەندیل پرێس: ڕێزدار مستەفا هێجری لە دیمانەیکدا لەگەڵ کاناڵی NRT باسی لەوە کرد کە ئەوان ئامادە نین پژاک بە فەرمی بناسن و پژاکی بە لەقێکی پەکەکە ناساندو ڕەخنەیشی لە پەکەکە گرت کە ئەوان هاوپەیمانییان ناوێت و دەیانەوێ هاوپەیمانەکانیان لە خۆ بتوێننەوە، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چیە؟
🔹 د.محەمەد حسەینزادە: بەڕپرسی گشتیی حدکا هەر لە وەڵامی پرسیارێکی پێشووتردا سەبارەت بە هۆکاری ئامادەنبوونی لایەنەکانی تر لە ناوەندی هاوکاریدا باس لەوە دەکات کە کێشەکە دوو لایەنەیە و هەم ئەو لایەنانە ناخوازن و هەم ئەندامانی ئێستای ناوەندیش پێشوازییان لێ ناکەن. من پێم وایە ئەوە هەڵگری ڕاستییە و خوێندنەوەیشم ئەوەیە هەر ئەو دوو خاڵە کە بەڕێزیان ئاماژەی پێکردوون بەسن بۆ ئەوەی دوو لایەن نەتوانن پێکەوە کار بکەن چ جای ئەوە ببنە هاوپەیمان. لە پەیوەندی لەگەڵ حدکا و پ.ک.ک و پژاک دەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژیا، جیاوازیی بیروڕا سەبارەت بە دیاردەکان و کۆمەڵگەی کوردستان، جیاوازی ئامانج و جیاوازی تێڕوانین سەبارەت بە داهاتووی ڕۆژهەڵاتیش بەو کێشە و گرفتانە زیاد بکەین. سەبارەت بە پژاک پێم وابێ بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەو حیزبە لەژیر کاریگەری پ.ک.کدایە. لە سیاسەتیشدا دوو یان چەند لایەن کاتێ پێکەوە گفتوگۆ دەکەن کە لەوە دڵنیا ببنەوە لایەنی بەرانبەر بڕیار بەدەستە و بەڵێنەکانی بە بێ کارتێکەری لایەنی سێیەم جێبەجێ دەکات. دیارە حدکا لەوە دڵینیا نییە و خوێندنەوەی بەرپرسانی ئێستای ئەو حیزبە ئەوەیە کە پ.ک.ک بڕیاردەری سەرەکییە و بۆیە بە باشتری دەزانن ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو سەبارەت بە پرسەکان گفتوگۆ بکەن و ئەوە بە سیاسەتێکی گونجاتر دەزانن. ئەمە بە گشتی ڕوونکردنەوەی خوێندنەوە و هەڵوێستی حدکایە. بەڵام لێکدانەوەی من ئەوەیە کە خواستی هاوپەیمانی لە ئێستادا نە لە حدکا و نە لە پ.ک.کدا نییە و زەمینەیش بۆ ئەوە لەبار نییە. بۆ هاوپەیمانێتی ئەگەر شێوازی چالاکیی و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیش جیاواز بن پێویستە لانیکەم لایەنەکان یەک ئامانجی هاوبەشیان هەبێ و هیچ نەبێ لەسەر مۆدیلێک هاودەنگ بن، بەڵام ئەو ئامانجە هاوبەشە لە ئێستادا لە ئارادا نییە. تەنانەت زۆر جار هەڕەشەکانیشیان هاوبەش نین کە لانیکەم هەڕەشەی هاوبەش ناچاریان بکات بە درووستکردنی هاوپەیمانێتی. بڕوانن تەنانەت کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیست ناتوانێ لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێر بچێتە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە، بە پاساو یان بە گەڕانەوە بۆ ئەوەی کە بیروبۆچوونیان جیاوازە و خوازیاری مۆدێلی جیوازن بۆ داهاتوو.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو سێ حیزبە سێ لقی درەختێکن کە ماوەی سێ دەیە پێکەوە لە چوارچێوەیەکدا خەباتیان کردووە. کەوابوو، هاوپەیمانیتی پ.ک.ک و حدکا لانیکەم لە ئێستا چاوەڕوانییەکی ڕاستیوازانە نییە، ئەگەر چی بە خوێندنەوەی زۆر کەس بابەتێکی ئێجگار پیویستیش بێت.
قەندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، ساڵی ۲۷۲۱ بۆ کوردی ڕۆژهەڵات چۆن دەبینن؟
🔹 د.محەمەد حسەینزادە: لە ڕووی سیاسییەوە ناکرێ باسی خۆدی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بکەی بەبێ ئەوەی لانیکەم فاکتەرە سەرەکییەکانی تر لەبەرچاو بگیرێن. هەوڵ دەدەم زۆر بە کۆرتی ئاماژە بە چەند خاڵ بکەم. دەزانین کە خۆدی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات تا ئیستا سەلماندوویەتی کە کۆمەڵگەیەکی ئاگا، زیندوو، خوێندەوار، نەتەوەیی و ئامادەی پێشوازی لە گۆڕانکارییە. هەڵبەت دیارە ئەوە ڕێژەییە و باسی زۆرینە دەکەم. هەر لەو چەند ساڵەی دواییدا چ لە کاتی قەیرانە سرووشتییەکان – بومەلەرزە و لافاو و پەتای کۆرۆنا-، چ لە بەڕێوەبردنی بۆنە و مەراسیمەکان، چ لە داهێنانی شێوازە نوێ و جۆراوجۆرەکانی خەبات، چ لە بواری پشتیوانی لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی و پشتگیری زیندانییان، ج لە بواری ڕێکخستن و کاری مەدەنی و ئەنجومەنەکان، چ بەدەمەوەچوونی بانگهێشتی لایەنە سیاسییەکان و هتد نیشانیان داوە کە دەتوانن یەکدەست و کۆدەنگ بن و پەیامی خۆیشیان بە لایەنە جیاوازەکان گەیاندووە. ئەوە سەرەڕای هەموو ئەو گۆشار و هەڕەشانەی دەسەڵاتی داگیرکەر بووە کە لەسەریان بووە. بۆیە من پێم وایە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات درێژە بە باشترین و گونجاوترین شیوازەکانی نواندی خۆی لە قۆناغە جیاوازەکاندا و لە داهاتوویشدا دەدات. بەڵام کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیش خۆی لەژێر کاریگەری چەند ئاست و فاکتەریتردایە. بۆچوونی من ئەوەیە کە ڕژیمی تاران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرەورووی قۆناغێکی جیاواز بووەتەوە کە لەوانەیە لە بەراورد لەگەڵ سەردەمی ترەمپ لە ئەمریکا، دەرفەتی زیاتر ببینێتەوە. سەرەڕای هەموو کێشە و گرفت و ناکۆکییەکانی تاران لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانێ دەوروبەر و ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا پێدەچێت بەرەوە چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکان بڕوات. مەگەر ئەوەی کە ڕووداوێک وەک هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان ڕوو بدات. من وای بۆ دەچم کە تا کۆتایی ساڵی ئەو پرسە یەکلایی ببێتەوە، هەڵبەت دیارە لەئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەشدا چاوەڕوان ناکرێت ئێران ببێتە وڵاتێکی پێشکەوتوو یان ببێتە خاوەن ئابوورییەکی بەهێز، چونکە سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە گشتی و سیستەمی ئابووریی بە تایبەتی سیستەمێکی تەنراو لە گەندەڵییە و کێشەکان زیاتر ناوخۆیین، بەڵام لە ئەگەری ڕێککەوتندا گوشار و هەڕەشە دەرەکییەکان کەمتر دەبنەوە و ڕەنگە ئەوەش وا بکات داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتیش دەستی بۆ گوشار و سەرکوت کراوەتر بێتەوە. گریمانەی ئەو بۆچوونەم ئەوەیە کە ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز نەک هەر پرسی نەتەوەکان تەنانەت پرسی مافەکانی مرۆڤیش وەک پێشمەرجێک لە گفتوگۆکاندا نایەننە ئاراوە. بەڵام لایەنێکی تری کاریگەر لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتن کە بەداخەوە دەڵێم تا ئێستا هیچ شتێکیان نەخستووەتە ڕوو کە نیشاندەری ئەوە بێت ساڵی داهاتوو چاوەڕوانی هەڵوێست و سیاسەتێکی نوێیان لێ بکرێ. حاشاهەڵنەگرە کە پێش بینی سیاسەتەکان لە ڕووی پلان و بەرنامە و ستراتیژی و ڕاگەیەندراوەکانەوە دەلوێ بەڵام تا ئیستا حیزبەکان نە وەک تاک و نە لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاری هیچ بەڵگە، پلان و بەرنامەیەکیان نەداوەتە دەرەوە و لە باسەکانیشیاندا هەست بە شتێکی نوێ بۆ هەنگاوێکی نوێ ناکرێت. بۆیە سەبارەت بە حیزبەکان پێدەچێ هەر دەبێ چاوەروانی سیاسەتە پێشووەکان بین، تا ئەو کاتەی خۆیان وتنی دەرفەتێکی دەرەکی یان ڕووداوێکی ناوخۆیی بێتە ئاراوە و کەڵکی لێ وەربگرن. هەڵبەت ئەوەش کە ئایا لەو حاڵەتەشدا دەکرێ کە کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرن یان نا؟ خۆی جێگای باس و ممشتومڕە و دەکرێ لە دەرفەتێکی تردا باسی لێ بکرێت. لێرەدا تەنیا ئاماژە بەو خاڵە دەکەم کە بە بێ پلانی پێشوەختە و لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەیان کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتانەیش کە خۆت بەشێک نەبی لە خۆلقاندیان ناکردنییە و ئەگەری ئەوەش هەیە ببنە هەڕەشەیەک لە بەرانبەرت.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!