پرسی کوردستان و پێویستی خوێندنەوەی ئاستە جیاوازەکان
بە لەبەر چاوگرتنی مێژوو و بە تایبەت مێژووی سیاسیی کورد و بە تایبەت مێژووی هاوچەرخ، بە سەرنجدان بەو شکستانەی وا بزووتنەوە و حیزبەکانمان تووشی بوون، بە لەبەرچاو گرتنی نەهامەتی و تراژدییاکان لە ئەنفال و هەڵەبجە و سەردەشتەوە بگرە تا کەرکووک و عەفرین و ئێستای ڕۆژئاوا و هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتی ئێستامان لە هەموو بەشەکانی کوردستان، وا ئەزانم هیچ تیۆری و بیرۆکەیەک ناتوانێت ڕێگای ڕزگاری بنوێنێ یان ڕێنوێنمان بێت مەگەر ئەوەی کە بەرهەمی خوێندنەوەی قووڵی لانی کەم چوار ئاست یان چوار ئاستی شیکاری بێت. پاش خوێندنەوەی ئەو ئاستانە دەکرێت ڕێگایەک بخرێتە بەردەست. پێش وەخت ڕێگاکە دیار نیە و لەوانەیە تا ڕادەیەکی زۆریش بەسترابێتەوە بە ڕوانگەی بایەخیی یان ئەرزشی خوێنەر/ توێژەرەوە. بۆیە دەکرێت لە دیموکراسییەوە تا فدرالیسم و تا سەربەخۆیی ڕێگای جیاواز بەدەستەوە بدرێت، بەڵام بە پشتوانەیەکی زانستیی و بە پاڵپشتی داتای زانستییەوە.
بە کورتی ئەو چوار ئاستە ئەمانەی خوارەوەن:
١.خوێندنەوەی سیستەم و پێکهاتەی نێونەتەوەیی (International’ system and structure): ئەوەی کە ئەو سیستەمە چیە و لەسەر چی دامەزراوە و خاوەن چ جۆر پێکهاتەیەکە؟ ئەکتەری سەرەکی ئەو سیستەمە چیە؟ دەوڵەتە یان ئەکتەری ژێردەوڵەتی یان بان دەوڵەتی؟ بزوێنەری ئەو ئەکتەرانە چیە؟ بەرژەوەندی خۆیانە یان بەرژەوەندی دەستەیەکیان یان بەرژەوەندی مرۆڤایەتی؟ کاریگەری ئەکتەر زیاترە یان پێکهاتە یان دوولایەنەیە؟ نەزمی ئەو پێکهاتەیە مادییە یان مانایی؟ تایبەتەمەندیی پێکاهاتە “ئانارشییە” یان پەلەبەندی/هیرارکییەتی؟ ئانارشی یان پلەبەندی دەبێتە هۆی کێبەرکێ یان هاوکاری؟ لەو سیستەمەدا و بەو پێکهاتە تایبەتییەوە شەڕ کاتییە یان ئاشتی؟ فاکتەری ناوخۆیی لەسەر ئەکتەرەکان کاریگەری دادەنێت یان فاکتەری دەرەکی؟ ئامانجی سەرەکەی و ئەولەوییەتی ئەکتەرەکان چییە؟ ئەخلاق چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟ ڕێژیمەکان (بە واتای یاسا و ڕێسا و شێوازی کردەوە، نەک دەوڵەت) چۆن پێک دێن و چ کارییگەرییەک دادەنێن؟ پێگەی کورد لەو سیستەمەدا چۆنە؟ ئایا ئەو سیستەمە یەکسەر هەڕەشەیە بۆ کورد یان دەرفەتیشی تێدایە؟ هەڕەشە و دەرفەتە سیستەمیەکان کامانەن؟ ئایا کورد دەبێت شوێنکەوتوو بێت یان پارێزەری دۆخی هەبوو بێت یان پێداچوونەوەخواز بێت؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری دیکە پێوەندییان هەیە بە ئاستی سیستەم و پێکهاتەی نێونەتەوەییەوە.
٢. خوێندنەوەی تەکووز و نەزمی هەرێمی/ مەنتەقەیی: ئایا تەکووزی هەرێمی بەشێکە لە نەزم و تەکووزی جیهانی یان جیاوازە؟ ئایا ئەو یاسا و ڕێسا و هەنجارە جیهانیانە لە هەرێم و ناوچەی ئێمەشدا بڕەوییان هەیە و هاوچەشنن یان جیاوازییان؟ هاوپەیمانییەتییەکان و ڕێکخراوە هەرێمییەکان لەسەر چ بنەماییەک زیاتر دامەزراون؟ ئەمنییەتی-سەربازی، ئایینی، نەژادی یان ئابووری؟ کۆمەڵە ئەمنییەتییەکان (Security arrangement) کامانەن؟ چ پێوەندییەکیان بە کوردەوە هەیە؟ ئایا هەموو ئەکتەرە ناوچەییەکان خوازیاری پاراستنی نەزمی هەنووکەیین یان پێداچوونەوەخوازیشیان تێدایە؟ هاوپەیمانییەکان تا چەندە دژە کوردن؟ کورد چەندە دەتوانێت دزە بکاتە نێویانەوە؟ چ دەرفەتگەلێک بۆ کورد بۆ گۆڕانی پێگەی لە ناوچەکەدا هەیە؟ یان نەزمی هەرێمی بە گشتی نەزمێکی هەڕەشەئامێزە بۆ کورد؟ ئەگەر هەڕەشەئامێزە مانای وایە کورد بەئەمنییەتی کراوە؟ ئایا دەستەیەک لە وڵاتان بەئەمنییەتییان کردووە یان هەر وڵاتێک بە شیوەی سەربەخۆ؟ ئایا ئەگەری سرینەوەی سیاسەتی بەئەمنییەتیکردنی کورد لە تەکووز و نەزمی هەرێمیدا هەیە؟ ئەرێ یان نا؟ و چۆن؟ کورد ئەوپەڕی کارێک کە لەو نەزمە هەرێمییەدا دەتوانێت بیکات چیە؟ ئایا فشاری ئەو نەزمە ئەوەندە قۆرسە کە ئەگەری هەر جۆرە جولەیەک لە کورد بستێنێت یان کورد دەتوانێت داهێنەری سیاسەت و گەڵاڵەیەکی نوێ بێت؟
٣. ئاستی دەوڵەتی: مێژووی گشتی هەر یەک لەو وڵاتانەی وا بە شێک لە خاکی کوردستانیان داگیر کردووە، چۆنیەتی پێکهاتنی دەوڵەت لەو بەشەدا، چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر کوردستاندا و ڕەوتی داگیرکاریی، مێژووی سیاسی کورد لەو وڵاتانەدا، پێوەندی نەتەوەکان، چونیەتی پێوەندی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و بە تایبەت نەتەوەی زاڵ و ستەمکار و هاوکار و پشتیوانی دەوڵەتی داگیرکەر، ئایدۆلۆژی ئێستای ئەو دەوڵەتە، پێکهاتەی سیاسی، شکڵ و جۆری حوکمرانی و پێگەی ئەو وڵاتە لە سیستەمی جیهانی و لە نەزمی ناوچەییدا و …..
٤. کۆمەڵگەی ناوخۆیی: مێژووی کورد و مێژووی سیاسی بە تایبەت، خوێندنەوەی بزاڤ و بزووتنەوە مێژوویی و نەتەوەیییە هاوچەرخەکان، خوێندنەوەی حیزبەکان و کارکردی حیزبەکان و دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەو بزووتنەوە و حیزبانە و تەنانەت ڕێبەرەکان و چۆنییەتی ڕێبەرایەتی کردنیان، خوێندنەوەی وردی بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگە بە هەموو چین و توێژەکانییەوە و بەراوردی هەموو فکر و بیر و بۆچوونە سیاسییەکان و ڕێگاچارەکان کە خراونەتە بەردەست و زۆر خاڵی دیکە کە تایبەتەمەندی ناوخۆییان هەیە.
هەرکەس و لایەنێک بیهەوێت لە دۆخی ئێستای کورد تێبگات و بە تایبەت بە نیاز بێت کە بۆ کورد بە گشتی یان بۆ بەشێکی دیاریکراو ڕێگاچارەیەکی مومکینی شیاوی جێبەجێکردن بدۆزیێتەوە، دەبێت و ناچارە کە ئەو چوار ئاستە هەم بە جیا و هەم لە پێوەندی لەگەڵیەکتریدا لێک بداتەوە و تاوتوێیان بکات. بە بێ ئەنجامدانی کارێکی وا ناچارین وەک ڕابردوو هەموو بیرۆکەکان تاقی بکەینەوە و دواجار بگەڕێینەوە بۆ خاڵی دەستپێک. زۆربەی ئەو نووسراوانە تا ئێستا ئەنجام دراون تەنیا جەختیان لەسەر یەک یان دووان لەو ئاستانە بووە. بە تایبەت ئاستی ناوخۆیی و دەوڵەتی. بۆیە پێم وایە هەر کەس بیهەوێت بیرۆکەیەک یان ڕێگاچارەیەک بۆ ڕزگاربوونی کورد بە گشتی یان لە بەشێکیدا بخاتە بەردەست، دەبێت بە وردی ئەو چوار ئاستە لەبەرچاو بگرێت و بیخوێنێتەوە.
ئەوەش لەوانەیە کارێکی دژوار و درێژخایەن بێت، لەوانەیە پێویست بێت کارێکی گرووپی و بەکۆمەڵ بکرێت و کۆمەڵێک پسپۆڕ لە زانستە جیاوازەکاندا لە دەور یەک کۆ بکاتەوە و پێویستی بە ناوەندێکی تایبەت بێت، تەنانەت کاری نەوەیەک بێت، بەڵام ناچارەکی و پێویستە. لەبەر ئەوەی کە کێشەکەمان قووڵە ڕزگار بوون لەو کێشەیە پێویستی بە کار و زەحمەتی جدی و قووڵە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!