کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی بەئامانجکردنی کوردستان

ساڵانی پێش هەر کات گەمارۆ و گۆشار و هەڕەشەکانی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر دەبوون، کۆماری ئیسلامی وەک جۆرێک ستراتێژی پێشگری (Deterrence) هەڕەشەی لە وڵاتی ئیسرائیل دەکرد. لەو قۆناغانەدا، بەپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە هەڕەشە کردن لە ئیسرائیل و درووست کردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵآتە وەک هاوپەیمانی ستراتێژیکی ئامریکا لە ناوچە، دەتوانێت بە جۆرێک بەر بە گۆشاری زیاتر یان هێرشی ئامریکا بۆ سەر ئێران بگرێت.

بەڵام لە یەک ساڵی ڕابردوودا ئەو ستراتێژیە بە گشتی و بە جدی گۆڕیاوە و دەبینین کە هەر ئەندازە هەڕەشەکان بۆ سەر ئێران زیاتر دەبن، بەرپرسانی ئەو وڵاتە هێرش دەکەنە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەڕەشەکانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەسەر کوردستان زیاتر دەبێت. هاوکاتیش هێز و چەک وچۆڵی سەربازی لە خاک و سنوورەکانی کوردستان زیاد دەبن. هاوکات لە میدیاکانی ئێرانیشدا هەوڵەکانینان بۆ ترساندنی خەڵک (بە تایبەت فارسەکان) لە حیزبەکانی کوردستان بە تۆمەتی “سەربەخۆیی_خوازی” ئەو حیزبانەوە و یارمەتی وەرگرتنیان لە وڵاتانێکی وەک عەرەبستان ڕوو لە زیادبوون دەکەن.

هۆکاری ئەم گۆڕانکاری ستراتێژیەی ئێران ئەوەیە کە بەرپرسانی رژیم دەزانن کە ئەو سیاسەتە پێشووە و تڕۆتۆپ و هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل وڵامدەرەوە نیە و دەتوانێت ببێتە هۆی شەڕێکی ڕاستەقینە لەگەڵ ئیسرائیلدا. ئەمەش هیچ قازانجێکی بۆ ئێران نابێت. بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران دڵنیان کە ئیسرائیل لە ئێستادا خۆی زیاتر لە ئێران و هەروەها زیاتر لە هەموو کاتێک خوازیار و ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێرانە. هەروەها بەرپرسانی ئێران ڕووداوەکان وا دەخوێننەوە کە تا کاتێک دۆناڵد تره مپ سەرۆک کۆماری ئامریکایە ئەگەری شەڕێک لەگەڵ ئامریکا هەیە و ئەو شەڕەیش لەوانەیە شەڕێک بێت کە لە دەریاوە دەست پێبکات. دیارە بە لەبەرچاو گرتنی هێزی دەریایی بێ ڕەکابەری ئامریکا، ئێران دڵنیایە کە لە چەند کاتژمێردا تەفروتوونا دەبێت هەر بۆیە ئێران لە ئاوا حاڵەتێکدا بە پێویستی دەزانێت پەلهاوێژی بۆ شوێنێکی تر بکات و قەیرانەکان بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی تر. ئەگەر چاوێک لە دەور و بەری ئێران بکەن هێج شوێنێک ئاسان تر لە کوردستان بۆ پەلهاوێژی و دەسداگری ئێران دەست ناکەوێت. هەر بۆیە دەتوانین بڵەین نەک حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەڵکوو هەرێمی کوردستانیش بەرەوڕووی هەڕەشەیەکی گەورەیە.

هەلومەرج و بارودۆخی ناوچە و ڕووداوە سیاسەیەکان بە جۆرێکن کە دەبێت لە ڕووی ستراتێجیکەوە هەموو ئیحتماڵ و ئەگەرەکان لەبەرچاو بگیرێن و ئامادەکاریان بۆ بکرێت. بە بڕوای من تا کاتێک ئێران لەگەڵ ئامریکا گفتوگۆ نەکات و تەسلیمی خواستەکانی واشێنۆن نەبێت کە پێشتر ڕاگەیەندراون، ئەو مەترسیە لەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت هەرێمی کوردستان جدیە و بە گشتی دەبێت لەوبارەوە هۆشیار بین.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *