تایبەتمەندی ڕێکخراوەیی تۆڵەی سیاسی

تۆڵەسەندنەوە شێوازێکە لە جێبەجێکردنی دادپەروەری لە شوێنێکدا کە دامەزراوە و یاسایەک بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری نەبێ. بۆیە هەندێجار دەکرێت وەک داواکارییەک لەلایەن ڕای گشتییەوە سەیر بکرێت. نەک وەک شەڕەگەڕەک مشتومڕی لەسەر بکرێت و تا ئەو ئاستەش نزم بێتەوە.
تۆڵەی سیاسی بابەتێکی ڕێکخراوەییە. چاوەڕوان دەکرێت و لۆژیکییشە ڕێکخراوەیەکی تایبەت ئەنجامی بدات. جوان نییە و لە قازانجی حیزبیش نییە هەندێکجار هەندێ هاوڕێ و ئەندامی حیزبی تا باسی تۆڵە دەکرێت، دەڵێن ئەوانەی لە نێوخۆن و ژیانی خۆیان دەکەن یا لە ئۆرووپان و جێیان گەرم و خۆشە، نابێ باسی تۆڵە و تۆڵەساندنەوە بکەن مادام خۆیان لە مەیدان نین. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە هەرکەس هەر شتێکی وت و بە باشی زانی، دەبێ هەر بۆ خۆی ئەنجامیشی بدات. ئەمە بە حەقیقەت بە تایبەت سەبارەت بە تۆڵە، دەرهاوێشتەی عەقڵێکی خێڵەکی و عەشیرەییە. بگرە لەنێو خێڵ و عەشیرەشدا تۆڵە ڕێکخستنێکی بۆ دەکرێت.
بە هیچ جۆرێک باسم ئەوە نییە کە بڵێم دەبێ حیزبەکان ئێستا تۆڵە بکەنەوە یان نەیکەنەوە. من پێشتر لەسەر ناوەڕۆک و گرنگیی تۆڵەی سیاسی نووسیومە. دەمەوێت بڵێم ئەم قسەیە کە: “مادام پێت باشە، بڕۆ بیکە” نەک سیاسی نییە و نەک قازانجێکی بۆ حیزبەکان نییە، بگرە بۆ خودی حیزب و هەندێ ئەندامیش ڕەنگە کێشەساز بێت. تۆ دەتەوێت بڵێیت لە ئەورووپاوە و لە شوێنی نەرم تۆڵە ناسندرێتەوە؟ دەی ئەوانیش دەڵێن لە پشت ناوی خوازراو و ئەکاونتی بێ ناوونیشان و لە شوێنی گەرم و خۆش، نە ڕەوایە پڕۆپاگەندە بۆ پێشمەرگەبوون بکرێت و نە تیۆریی کوردایەتی دابڕێپرێت، کە لەنێو هەندێ لە حیزبەکاندا باوە و ئەسقەزا پێشوازیشیان لێ دەکرێت! تۆ تووڕە دەبیت و دەڵەی لە ئەورووپا سۆسیال دەخۆن یان لە نێوخۆ ژیانی خۆیان دەکەن و داوای تۆڵە دەکەن؟ ئەوانیش بە تووڕەییەوە دەڵێن: “ناو و پۆز و پارە و ئیمتیازەکان بۆ بەرپرسان” و “تۆڵەسەندنەوە بۆ ئێمە؟”. دەی ئەم مشتومڕە چی چارەسەر دەکات؟
بە بڕوای من باشترە باسی تۆڵەسەندنەوە وەک داوایەک سەیر بکرێت. لەکۆتاییدا، یان لە بڕیارداندا لەبەرچاو دەگیرێت یان پشتگوێ دەخرێت. داهاتووش “ڕەنگە” دەری بخات ئایا داواکارییەکی گونجاو بووە یان نا.
دەزانین کە جاری وا هەیە پێشمەرگەش کە لە مەیدان و لە شاخە و جێگای گەرم و نەرم نییە، بەبێ ئاگاداری حیزبەکەی هەوڵ دەدات بچێتەوە و هەڵمەتێک بدات و ڕەنگە بە بۆچوونی خۆی “تۆڵە”یەک بکاتەوە. بەڵام دەمودەست لەلایەن حیزبەکەیەوە دەر دەکرێت و مافی ئەندامێتیشی لێ وەردەگیرێتەوە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو پێشمەرگەیە جێگای گەرم و نەرم بووە. ئەوە دەگەیەنێت کە هەوڵی داوە کارێک کە پێویستی بە بڕیاری ڕێکخراوەکەی بووە بە ئیرادەی تاکەکەسی ئەنجام بدات. ئەوانەش لە ئۆرووپا بێنەوە ڕەنگە هەر هەمان چارەنووسیان بێت. بەم نموونەیە ڕەنگە سرووشتی ڕێکخراوەییبوونی تۆڵەی سیاسی باشتر دەربکەوێت.
من گومانم نییە هەر تیرۆرێک و توندوتیژییەک کە پاسدار-تیرۆریستەکان بەرامبەر کورد بە گشتیی و حیزبەکان بە تایبەتی ئەنجام دەدەن، قەڵەمێک یان کۆمەڵە قەڵەمێک [ڕەنگە کوردیش] لە پشتییەوەن کە ئەنجامەکانی بەکارهێنانی ئەو توندوتیژی و تیرۆرانەیان بۆ شی دەکەنەوە. هەتا ئێستا نەبینراوە یەخەی چوار نووسەر بگیرێت بڵێن “جێت خۆشە، فەرموو جێبەجێی بکە”. لە هیچ شوێنێکی دنیادا شتی وا نابینیت. نە بە خەڵک وتراوە خۆتان ئەنجامی بدەن، نە بە خوێندکار و بیرمەند و نووسەر وتراوە کە مادام پێت گونجاوە چەک هەڵگرە و بیکە.
باش نییە هەموو شتێک بێتە ئاستی شەڕەگەڕەک! هەر هیچ نەبێ پێویستە جیاوازیی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە بزانین، دواجار لەسەر ئەرکە جیاوازەکانیان مشتومڕ بکەین!

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *