هاوسەنگیخوازی ملهوڕەکان: مۆسکۆ، پێکەن و تاران
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای ڕووخانی دیواری بێرلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، وەک زلهێزی یەکەم یان دەوڵەتی هێژمۆن لە سیستەمی نێونەتەوەییدا سەری هەڵدا، بەو مانایە کە ئەو وڵاتە سیستەمی دڵخوازی خۆی لە ئاستی جیهانیدا دامەزراند و بنەماکان، نۆرم و پێودانەکان، یاسا و ڕێساکان و پرۆسەکانی بڕیاردانی ئەو سیستەمەی تا ڕادەیەکی زۆر دەستنیشان و کۆنتڕۆڵ کرد. لەو کاتەوە، باقی وڵاتان بەناچار شێوازی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو زلهێزە داڕشتووە، هەندێکیان دانیان بە باڵادەستی و پێگەی هێژمۆنی(١) ئەو وڵاتەدا ناوە. دەستەیەکیان خۆیان لێ گێل کردووە و گرووپێکیش دژایەتی ئەو سیستەمە دەکەن. ئەمانەی دوایی، واتە وڵاتانی دژبەری سیستەمی هێژمۆنی یان تاک جەمسەری ، بە گشتی دەتوانن بە دوو شێوازی پێکهێنانی هاوسەنگی نێوخۆیی یان دەرەکی هەوڵی وەلانانی ئەو سیستەمە و پێکهێنانی سیستەمی فرەجەمسەری بدەن. هاوسەنگی نێوخۆیی ئاماژەیە بۆ کەڵکوەرگرتنی وڵاتێک لە هەموو توانا و فاکتۆرەکانی هێزی خۆی لە نێوخۆدا بەمەبەستی مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆی یان کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتێکی زلهێز لە ئاستی دەرەکیدا. کەوابوو، لە هاوسەنگی نێوخۆییدا وڵاتان پشت بە توانای خۆیان دەبەستن. ئەم ستراتیژییە زۆر جاریش بە ناوی ستراتیژی “خۆیارمەتی” دەناسرێتەوە. بەپێچەوانەوە، هاوسەنگی دەرەکی زیاتر ئاماژەیە بۆ هەوڵی وڵاتان بۆ پێکهێنانی بەرە یاخود هاوپەیمانێتییەک بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایشی هەر یەک لە ئەندامان یاخود بەربەرەکانێ لەگەڵ فراوانخوازی وڵاتێکی تایبەت.
لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو و بەربڵاو چەمکگەلێکی وەک “هاوسەنگی”، “هاوسەنگیی هێز”، “پێکهێنانی هاوسەنگی”، “هاوسەنگیخوازی” و “تاک جەمسەری” و “کۆتایی سەردەمی هێژمونی یان تاک جەمسەری” لە ئەدەبیاتی سیاسی و بە تایبەت سیاسەتی نێونەتەوەییدا و هەروەها لە میدیاکاندا بەکار دێن. زۆر جاریش بەکارهێنانیان ئاماژەیە بۆ هەوڵی وڵاتانێکی زلهێزی وەک چین و ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە باڵادەستی واشنتۆن و بەدیهێنانی جیهانێکی فرەجەمسەری. هەر لەو چوارچێوەیەدا زۆر جاریش ئاماژە بە پێکهاتنی هەندێ هاوپەیمانێتی دژە هێژمۆن کراوە. یەکێک لە بەرجەستەترین نموونەکان بەرەی ڕووسیا- چین- ئێرانە کە وەک بەرەیەکی دژە ئەمریکی ناسراوەتەوە. من لەم کورتە نووسراوەدا دەمەوێت ئاماژە بەو بەرەیە وەک بەرەی وڵاتانی ملهۆڕی هاوسەنگیخواز و بەشێک لە هەوڵەکانیان لە ئاراستەی جێگیرکردنی هاوسەنگیدا بکەم. بەڵام پێش ئەوە با بزانین مانا و ناوەڕۆکی هاوسەنگی هێز چییە و هاوسەنگیخوازی بۆچی و لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت…
بۆ داگرتن و خوێندنەوەی دەقی تەواوی وتارەکە لە گۆڤاری بیری خوێندکار، ژمارە ٢٤، بانەمەڕی ٢٧٢٣ کوردی (١٤٠٢)ی هەتاوی، لێرە کلیک بکە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!