داگیرکەران و پاراستنی یەکپارچەیی،سەربەخۆییخوازانی کورد و تێکدانی سنوورەکان
خودموختاری، خودگەردانی، خۆبەڕێوەبەری، فیدرالیزم و دەوڵەت: ئەمانە دەتوانن فۆرمە جیاوازەکانی جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بن. بێگومان دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ گونجاوترین و باشترین مودێلی جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسە. بەڵام کاتی وا هەیە ئەوە دەست نادات و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لەبەر هۆکاری جۆراوجۆری نێوخۆیی و هەرێمی و دەرەکی ڕازی بە یەکێک لە فۆرمەکانی تر دەبن. لێرەدا دەمەوێت زۆر بە کورتی باس لە پەیوەندی “پاراستنی یەکپارچەیی” یان وەک دەوترێت ” تەواوییەتی ئەرزی” لەگەڵ ئەو مودیلانەی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین بکەم.
لە خودموختاری، خودگەردانی، خۆبەڕێوەبەری و هەروەها لە فیدرالیزمدا هەم یەکپارچەیی وڵات دەپارێزرێت و هەم بەشێک لە مافە سەرەکییەکانی نەتەوە چەوسێندراوەکان دابین و دەستەبەر دەبن. لێرەدا باسکردن لە پاراستنی یەکپارچەیی یان تەواوییەتی ئەرزی باسێکی بێ مانا و نابابەتیانەیە. ئەوەی کە دەوڵەتی ناوەندی و تەنانەت ئۆپۆزیسیونی فارس بەردەوام لە دانووستان لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس لەو چەمکانە دەکەن تەنیا و تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ فراوانخوازی فارسەکان و دژایەتیکردن لەگەڵ سەرجەم مۆدیلەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس. ڕێگریکردنە لە جێگیربوونی هەر جۆرە سیستەمێک کە لە داهاتوودا کۆتایی بە باڵادەستی قەومی فارس و ژێردەستەیی باقی نەتەوەکان و بەتایبەت کورد بهێنێت. بەکورتی، دەرهاوێشتەی ڕوانگەیەکی شوونیستییە.
“پاراستنی یەکپارچەیی” لەبنەڕەتدا یەکێکە لە بنەما یان نۆرمە سەرەکییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی. ئەم بنەمایە لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە. بۆیە شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتیی وەک یەکێک لە ئەستوون و بناغەکانی پێکهێنەری سیستەمی نێونەتەوەیی ئێستای جیهان سەیری دەکەن. ئەو بنەمایە لە ئەساسدا ئاماژەیە بۆ ڕەتکردنەوە و قەدەغەکردنی دەستتێوەردانی دەرەکی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان. بەڵام زۆر جاریش بەمەبەستی دژایەتیکردنی بزووتنەوە نەتەوەییە ڕزگاریخوازەکان یان بێبەشکردنی نەتەوە بێدەوڵەتەکان لە دەوڵەتی سەربەخۆ و خۆیی پێداگری لەسەر دەکرێت. لێرەدایە کە “پاراستنی یەکپارچەیی” کە داگیرکەران جەختی لەسەر دەکەنەوە لەگەڵ “تێکدانی یەکپارچەیی” کە سەربەخۆییخوازانی خوازیاری جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە فۆرمی “دەوڵەت”دا هەوڵی بۆ دەدەن، ناتەبا و لێکدژ دەبێت.
لۆژیکی ئەو لێکدژییە ئاسانە: لەکاتێکدا نەتەوە باڵادەستەکان هەوڵی پاراستنی سنوورەکان و یەکپارچەیی وڵات بەمەبەستی درێژەدان بە سیستەمی چەوسێنەری دڵخوازی خۆیان دەدەن، بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی نەتەوە بندەستەکان هەڵوەشاندنەوەی ئەو سنوورانە و تێکدانی یەکپارچەیی بە ڕێگەچارەی ڕزگاربوونی خاک و نیشتمانی خۆیان دەزانن و هەر بۆیەش بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە ئەرکییان پێداچوونەوە بە سنوورە دەستکردەکان و تێکدانی یەکپارچەییە. لە ڕوانگەی سەربەخۆییخوازانەوە، بەبێ تێکدانی ئەو یەکپارچەییە کە داگیرکەران هەوڵی پاراستنی دەدەن، ڕزگاری مانای نییە. لەم ڕووەوە چەند داگیرکەران هەوڵی پیرۆزکردنی یەکپارچەیی و تەواوییەتی ئەرزی بدەن، دەوڵەتخوازانی سەر بە نەتەوەی بندەست بە پێویستی دەزانن هەوڵی داماڵینی ئەو پیرۆزییە بدەن و بەکردەوەش بۆ تێکدانی هەوڵ بدەن.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!