ڕێککەوتنێکی بێ قڕە و مشتومڕی نێوان داگیرکەر و داگیرکە!
لە هەر سۆنگەیەکەوە سەیر بکەیت، سیاسەت بابەتێکی جێگای باس و مشتومڕە. نەک هەر لە وڵاتانی فرە-نەتەوەی نادێموکراتدا، تەنانەت لە وڵاتانێکی ئاسایی و دێموکراتدا، سیاسەت لە بنچینەییترین ئاستی خۆیدا مشتومڕ و ناکۆکییەکە لەسەر وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە پەیوەندییان بە “باشترین مۆدیل یان شێوازی ژیان”وە هەیە. تەنیا بیر لە ناکۆکی نێوان کۆماریخوازەکان و دێموکراتەکان لە ئەمریکای ناسراو بە “بەهەشتی دێموکراسی”دا بکەنەوە و بزانن چەندە لەسەر جێگیرکردنی فۆرمول و میکانیزمێک بۆ “باشترین شێوازی ژیان” باس و مشتومڕ دەکرێت. دەتوانن بیر لەوە بکەنەوە کە مشتومڕ لەسەر “بیمەی دەرمانی” و “دەرمانی هەر نەخۆشێک کە سەردانی نەخۆشخانەکان بکات” لانیکەم سێ چارەکە سەدە مشتومڕی لەسەر کراوە!
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕوانینە بۆ سیاسەت، ئەگەر لایەنێکی سیاسی (کە خۆی بە نوێنەری ئەندامانی نەتەوەیەک دەناسێنێت کە وڵات و نیشتمانیان داگیرکراوە) ئیدیعای ئەوە بکات کە بەبێ هیچ کێشە و ناکۆکی و بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ کەسێک کە گرووپەکەی نوێنەرایەتی نەتەوەی داگیرکەر دەکەن، بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە! لە کۆبوونەوەیەکدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن سەبارەت بە “باشترین شێوازی ژیانی ئەندامانی کۆمەڵگەی داگیرکەر و داگیرکراو” لە داهاتوودا، ئایا ئەوە جێگای خۆشحاڵییە؟ ئایا ڕێککەوتنی “خێرا و بێ قڕە” پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندن و گەرەنتی هیچ دەستکەوتێک دەکات؟
من کە بیر لە ئەزموونە مێژۆییە جیهانییەکان و شێوازی دانوستانی نوێنەرانی نەتەوە باڵادەست و چەوساوەکان دەکەمەوە، نەک ڕێککەوتنی بێقڕە بە ئەرێنی نازانم، بگرە پێم وایە تەنیا پووچەڵکردنەوە و بەتاڵکردنەوەی چەمکە سیاسی و بنەڕەتییەکان وەک نەتەوە، شوناس، مافە نەتەوایەتییەکان، خاک، مافی دیاریکردنی چارەنووس و هتد لە واتا و مانای ڕاستەقینەی خۆیان دەتوانێت، ڕێککەوتنێکی بێ قڕە و مشتومڕ و ناکۆکی لە نێوان نوێنەرانی داگیرکار و نوێنەرانی داگیرکە بێنێتە ئاراوە.
دەزانین لە شانۆی سیاسەتدا، کەم نین ژمارەی ئەو کۆبوونەوە سیاسیانەی کە هەر لە دەستپێکدا لەبەر شێوازی دانانی کورسییەکان و شوێنی دانیشتنی نوێنەران و لێژنەکان هەڵوەشاونەتەوە!
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!