پاوانخوازیی پاشایەتیخوازان و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لە بنەڕەتدا، ئەوە بەرژوەندییە[نیشتمانییە]کانن کە دۆست و دۆژمن و هاوپەیمان و نەیارەکان دیاری دەکەن. ئەوەی کە بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتی لە حیزبەکەی ڕایدەگەیەنێت: “بە هیچ جۆرێک ئامادەی هاوکاریی لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی نین”، نە هەڵوێستێکی دەمارگرژانەی سیاسییە و نە سیاسەتی سفر و سەد یان ڕەش و سپی. لەڕاستیدا، تۆ لەگەڵ کەسێک بەرەوڕوویت کە خۆی و ڕاوێژکاران و دەوروبەرییەکانی هیچ مەجالێک بۆ گفتوگۆ و دانوستانێکی ڕاستەقینە ناهێڵنەوە. ئەوان [تا ئێستا] سەلماندوویانە کە بڕوایان بە وتووێژێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە داهاتووی ئێران لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی تر و بەتایبەت نوێنەرانی نەتەوەکان نییە. ئەوەی تا ئەمڕۆکە لەوان بینراوە پۆپۆلیزم و چەواشەکارییە. بە پلەی یەکەم هەوڵ دەدەن کەس و لایەنەکانی تر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، ئەگەر سەر نەکەوتن و ئەو کەس و لایەنانە نەکەوتنە شوێن شەپۆلی میدیایی ئەوان، ئەوسا دەست دەکەن بە ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردن و هەڕەشە و گوڕەشە. ئەوان بەمجۆرە- کە هێشتا هیچ دەسەڵاتێکیشیان بەدەستەوە نییە- ڕۆحی شەڕئەنگێزیان بەسەر ڕۆحی دانوستان و دیپلۆماسیدا زاڵ بووە.
ڕەزا پەهلەوی و لایەنگرانی، پەنایان بۆ چەمکگەلێکی وەک “تمامیت ارضی” وەک شتێکی ئاسمانی و پیرۆز و “تجزیەطلبی” وەک ویستێکی شەیتانی و ئەهریمەنی بردووە و ئەوەی ئامادە نەبێت ملکەجیان بێت و بێمەرج هاوکارییان بکات ناحەزی “یکپارچگی” و لە دژی “تمامیت ارضی” دەناسێنن و بەو جۆرە ڕەتی دەکەنەوە و دەیکافرێنن. وای لێهاتووە لە چەند مانگی ڕابردوودا “تمامیت ارضی یا یکپارچگی سرزمینی” بووەتە گۆپاڵێک بۆ گوشار لەسەر حیزب و نوێنەرانی سەر بە نەتەوە نافارسەکان و هەر چەواشەکارێک [و فاشیستێک] هەڵدەستێت دەستی بۆ دەبات دەیدا بە سەری ئەموئەودا. دیارە ئەمە هەوڵێكی ئاشکرایە بۆ ئەوەی هەر لە هەنگاوی یەکەمدا نەتەوە نافارسەکان و نوێنەرە سیاسییەکانیان بخەنە حاڵەتی بەرگرییەوە. ئەوانە هێندە لە میدیاکانی خۆیان چەواشەکاری و پڕۆپاگەندەیان کردووە چاویان بە ڕووی ڕاستییەکاندا داخستووە و هیچی هیچ نەبوو لەخۆبایی بوون و پێیان وایە هێزی یەکەم و باڵادەستن!
بە گشتی ڕەزا پەهلەوی و لایەنگرانی دەستەیەکی پاوانخوازن. تا ئێستا نەبینراوە لە چاوی لایەنی بەرامبەرەوە سەیری ڕووداوەکان بکەن. ئەوان بە نوێنەرایەتی فارسەکان و وەک خووی هەمیشەیی ئەوان ئەوەندە خۆپەسن و خۆپەرەستن کە ئامادە نین لەگەڵ هیچ لایەنێک کە هەڵگری داخوازییە نەتەوەییەکانی نەتەوەکەی بێت مامەڵە بکەن. تەنانەت ئامادە نین سەبارەت بە لانیکەمی مافە نەتەوەییەکان گفتوگۆ و دانوستان بکەن. لەم حاڵەتەدا چ مەجال و دەرەتانێک بۆ گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە؟ لایەنێک کە ڕێگا نەدات خۆت وەک ئەوەی کە هەیت-وەک نەتەوە- بناسێنیت کەی خوازیاری دانوستانی ڕاستەقینەیە؟
هاوکارینەکردن لەگەڵ ئاوا لایەنێک تا ئەو کاتەی لەسەر ئەو شێوازی سیاسەتکردن و ڕوانینە بەردەوام بێت نە پاسیڤبوون، ڕاستیوازییە. هەڵبەت دەکرێت هەندێ کەس بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتێکی یەکجار نادرووستی لایەنێکی تر ئەو هەڵوێستەی حیزبی دێموکرات بە سیاسەتی ڕەش و سپی یان پاسیڤ وەسف بکەن. دیارە ئەگەر سیاسەتی هاوکاری بێمەرج لەگەڵ رەزا پەهلوەی دەستکەوتێکی ئەوتۆی هەبووایت ئەوان کاتییان بۆ شیکردنەوەی دەستکەوتەکانی ئەو سیاسەتە دادەنا!
دۆست و دۆژمن و نەیاران و هاوپەیمانان دەکرێت کاتی بن، بەڵام بەرژوەندییەکان هەمیشەیین، بۆیە هیچ ئەکتەرێکی سیاسی لەسەر هاوکاریکردن یان هاوکارینەکردن تا سەر سوێند ناخوات. ئەکتەری ژیر دەتوانێت سەبارەت بە هەوڵدان بۆ دابینکردنی بەرژوەندییەکان بە گونجاوترین و کەمتێچووترین شێواز سوێند بخوات. حیزبی دێموکرات دەڵێت هەوڵی ئەوەیە سیاسەتی خۆی بەپێی بەرژوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابڕێژێت و تا بۆی دەلوێت پارێزگاری لەو بەرژوەندیانە بکات. لەم روانگەوە، دانپێدانانی لایەنەکانی تر بە مافە نەتەوەییەکاندا لانیکەمی ئەو بەرژوەندیانەیە کە حیزبی دێموکرات هەوڵ دەدات لە مامەڵە لەگەڵ لایەنکانی تردا دابینیان بکات. لەم ڕوانگەوە، سیاسەتی هاوکاریکردن و نەکردنی ئەو حیزبە لەگەڵ هەر لایەنێک بەستراوەی ئەوەیە کە چەندە دەبێتە هۆی دابینبوونی بەرژوەندییەکانی ڕۆژهەڵات. ئەمە نە سیاسەتی سفر و سەد و ڕەش و سپی، بەڵکو هەڵوێستێکی گونجاو و سیاسەتێکی شیاوی ئەم قۆناغەیە.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!