د. محه‌مه‌د حسێن‌زادە: شەڕی ئوکراینا، ڕەنگدانەوەی ململانێ، پێشبڕکێ و کێبڕکێی وڵاتانی زلهێزە

د. حسێن‌زادە ده‌ڵێت: “لە دوای شەڕی ئوکراینا ڕەنگە بەرەی دژە هەژموونەکان کە خوازیاری جیهانی چەند جەمسەرین، بەتایبەت بەرەی پەکین- مۆسکۆ- تاران و لەوانەیە کۆریای باکوور زیاتر لێک نزیک ببنەوە. بەڵام بەو حاڵەش و سەرەڕای هەموو ئەو باسانە کە سەبارەت بە لاوازبوونی پێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت، واشنتۆن هێشتا لە ڕووی هێزی پێکهاتەیی واتە هێزی سەربازیی، ئابووری، کلتووری- ئایدۆلۆژی و پیشەسازییەوە لە بەراورد لەگەڵ ڕکابەرەکانی باڵادەستە و توانای سزادان و تەمێکردن یاخود هاندان و قەناعەتپێهێنانی هێندە فراوانە کە دەتوانێت چ به چێز و چ بە چز بۆ هەموو رکابەران کێشەساز بکات و بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژە بە ڕۆڵی خۆی وەکو زلهێزی باڵادەستی جیهان بدات. هەر ئەوەی کە لە ئێستادا هیچ کێشەیەک لە جیهاندا نییە کە بەبێ بەشداری یاخود بڕیاری ئەمریکا چارەنووسی یەکلا ببێتەوە، نیشانەی ئەو هێزە بەرفراوانەیە.”

قه‌ندیل پرێس: سڵاو و ڕێز دوکتۆر حسێن‌زادە، سپاستان دەکەین کە ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم لە بەڕێزتان، هەروا کە دەزانن هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بووەتە ڕۆژەڤی جیهان، بە ڕای ئێوە ڕووسیا بۆ هێرشی کردە سەر ئۆکراینا؟
🔻 د. حسێن‌زادە: سڵاو و ڕێز بۆ بەڕێزتان و هاوڕێیانی قەندیل پرێس و زۆر سپاس ئەو دەرفەتەتان بە من دا. دیارە سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو هێرشە ڕوانگە و بیروبۆچۆنی جیاواز خراونەتە ڕوو. لە دیکتاتۆریەت و فراوانخوازی پۆتینەوە بگرە کە ڕوانگەی درونشیکارییە تا هەوڵی دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ بۆ پەراوێزخستنی کێشە ناوخۆییەکانی تا ئیرادەی پۆتین بۆ دەستگرتن بەسەر ئەورووپا و بەراوردکردنی لەگەڵ هیتلەردا. ڕەنگە هەر یەک لەوانە پشت بە هەندێ بەڵگە ببەستن. بە بۆچوونی من ڕوانگە پێکهاتەیی یان ستراکتۆرییەکانی پەیوەندییە نیونەتەوەییەکان بە باشتر دەتوانن ئەو شەڕە شرۆڤە بکەن.
شەڕی ئوکراینا و ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات، ڕەنگدانەوەی ململانێ، پێشبڕکێ و کێبڕکێی وڵاتانی زلهێزە. کێبڕکێی وڵاتانی زلهێز لە مێژوودا بەردەوام تراژیدیای لێ کەوتووەتەو. لەم نموونەیەدا هۆکاری سەرەکی ئەو تراژیدیایە پەرەسەندن و پەلهاوێشتنی زیاتری ناتۆ و ئیرادەی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە بۆ هاوسنووربوون لەگەڵ وڵاتی ڕووسیا و لەبەرامبەردا هەستکردنی ڕووسیا بەمەترسی بۆ سەر بەرژوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی بوو.
دەزانین کە پەرەسەندنی ناتۆ پرسێکی تایبەت بە دوێنێ و ئەمڕۆ نییە، بەڵکو پرسێکە کە لانیکەم دوو دەیەیە بووەتە هۆی مشتومڕ و ناکۆکی نێوان ڕووسیا و ئەندامانی ڕێکخراوی ناتۆ. ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە فەلسەفەی دامەزرانی ناتۆ لە ساڵی ١٩٤٩ هەر لە بنەڕەتدا بەرەنگاربوونەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو، هەر بەو جۆرەی هاوپەیمانێتی ڤارشۆ لە ساڵی ١٩٥٥ لە دژی ڕێکخراوی ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژاوا دامەزرا. دوای شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانێتی ڤارشۆ و سەرهەڵدانی هەژموونی ئەمریکا لە جیهاندا، ڕێکخراوی ناتۆ هێدی هێدی پەرەی سەند، بەتایبەت زۆرێک لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپای کردە ئەندام کە پێشتر هاوپەیمانی ڤارشۆ و لەژێر هەیمەنەی ڕووسیادا بوون. ڕووسیا بە هۆی ئەوەی کە لەبەراورد لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت وڵاتێکی لاواز بوو و تووشی قەیران و کێشەی ناوخۆیی ببووەوە، ئەگەرچی بەردەوام ڕەخنەی لە پەلهاوێشتنی ناتۆ دەگرت، بەڵام بە کردەوە توانای ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی نەبوو. بۆیە سەرەڕای بەئەندامبوونی وڵاتانێکی وەکو کۆماری چیک، پۆلۆنیا، ئەستۆنیا، بولگاریا، لیتۆنی، لیتڤانیا، ڕۆمانی، سلۆڤاکی، سلۆڤۆنی، بەڵام ڕووسیا لە زۆر بابەتی تردا لەگەڵ ناتۆ هاوکاریی کرد. کورد وتنی، دەستێکی ماچ دەکرد کە بۆی نەدەشکا!
بەڵام ساڵی ٢٠٠٨ ئەو کاتەی ئەندامانی ڕێکخراوی ناتۆ بڕیاریان دا دوو وڵاتی ئوکراینا و جۆرجیا وەکو ئەندامی نوێ وەربگرن، ڕووسیا کاردانەوەی توندی نواند. هەر ئەو کات ئاشکرا بوو کە ڕووسیا ئامادە نابێت بە ئاسانی دان بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتەدا بنێت. پۆتین بەئاشکرا باسی ئەوەی کرد کە ئەگەر ئوکراینا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات، ئەوا کۆتایی بە خۆی هێناوە. ئەو هەڵویستە هێندە توند بوو کە وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیای نیگەران کرد و لەو کاتەدا ڕازی بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە بە خێرایی نەبوون. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕی ڕووسیا لە دژی جۆرجیا و داگیرکردنی ناوچەکانی ئوسیتیای باشوور و ئابخازیا لە ساڵی ٢٠٠٨ هەر ئەوە بوو. هەر لەو کاتەوە پرسی ئوکراینا هەم بۆ ناتۆ و هەم ڕووسیا وەکو پرسێکی ستراتیژیک فۆکۆسی خرایە سەر.
لەو ماوەیەدا وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا هەوڵیان دا ئوکراینا ببەنە بەرەی خۆیان و لە گۆڕینی دەسەڵاتی کیێف لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان هەبوو کە به شۆڕش ناساندیان، ئەوەش کاردانەوەی ڕووسیای لێ کەوتەوە کە بە کودەتا ناوی برد. بەو شێوە ئوکرانیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بووە شوێنی چڕبوونەوەی ململانێکان. لە لایەکەوە یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ لە هەموو ڕوویەکەوە هەوڵی یارمەتیدانی ئوکراینا و بەڕۆژاواییکردنی ئەو وڵاتەیان دەدا و لەلایەکی ترەوە ڕووسیا هەوڵی دا ڕێگری لە بەئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە ناتۆ بکات. پۆتین پێشنیاری پێدانی ١٥ ملیارد قەرز و فرۆشتنی گازی هەرزانتر بەو وڵاتەی دا لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی هاوکاریی کێیف لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا، بەڵام پێشنیارەکەی ڕەت کرایەوە و ئەویش کریمەی داگیر کرد. دوای ئەوە کە ناکۆکییەکان بەربڵاوتر بوونەوە، پۆتین لە لایەکەوە هەوڵی دا لە ڕێگای ئەڵمانیاوە زلنێسکی ڕازی بە ڕیفراندۆم لە ناوچەی دۆنباس بکات و لەلایەکی ترەوە بە شێوەی سەربازی دەستێوەردانی ئەو ناوچانەی دەکرد. گفتوگۆکان نەگەیشتنە ئەنجام و دەرئەنجام ئەم شەڕەی لێکەوتەوە.
ئەوە سەرەکیترین هۆکاری هەڵگیرسانی ئەو شەڕە بوو. هەڵبەت دیارە لە ڕووی ئەخلاقیی و یاسای نێودەوڵەتییەوە ئوکراینا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ مافی خۆیەتی کە چۆن بڕیار لەسەر هاوپەیمانان و سیاسەتی دەرەکی و چۆنیەتی دابینکردنی ئاسایشی خۆی بدات، بەڵام سیاسەتی نێونەتەوەیی بەو جۆرەی کە زۆر کەس چاوەڕوان دەکەن، گۆڕەپانی جێبەجێکردنی بنەما ئەخلاقییەکان نییە و هەرگیزیش نەبووە، هەر کاتیش دەوڵەتەکان ناچار بووبێتن لە نێوان بەرژوەندییە ستراتیژییەکان و پێڕەویکردن لە یاسای نێونەتەوەیی یەکیان هەڵبژێرن، بێ دوودڵی بەرژوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیان هەڵبژاردووە. ڕەنگە کەسانێک لە دەرەوە هەبن بە چاویلکەی ئەخلاقی- یاسایی بڕواننە سیاسەتی نێونەتەوەیی، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە پۆتین و بڕیاردەرانی ڕووسیا وەکو باقی وڵاتانی زلهێز بە دیدی ئەخلاقی سەیری جیهان ناکەن. بڕیاردەرانی مۆسکۆ پێیان وایە کە بەئەندامبوونی ئوکراینا لە ناتۆ و هاوسنووربوونی ئەو ڕێکخراوە لەگەڵ وڵاتەکەیان بەرژوەندییە ستراتیژییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە و نابێ بە هیچ جۆرێک ڕێگا بەو کارە بدەن. ئەمەیان چەندین جار پێشتریش ڕاگەیاندبوو. تەنانەت بیرمەندانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە پێشنیاری جۆراوجۆریان خستە ڕوو کە ئەمریکا لەبەرانبەر ئوکراینا نەرمی بنوێنێت، چونکە قەیرانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە، ئێستاش ئەو شەڕە بە هەڵەی ستراتیژیکی ئەمریکا ناوزەد دەکەن.
بەهەر حاڵ بۆچوونی بڕیاردەرانی ڕووسیا ئەوەیە کە ناتۆ تا ئێستاش زێدە لە ڕادەی پێویست پەلی هاوێشتووە و ئەوە بۆ ئاسایشی ڕووسیا مەترسیدارە و دەبێ سنوورێکی بۆ دابنرێت. ئەوان ئاماژە بە هەڵوێستی ئەمریکا دەکەن کاتێک یەکێتی سۆڤیەت هەوڵی دا لە کۆبا مووشەک جێگیر بکات، بەڵام واشنتۆن هەڕەشەی دەستپێکردنی شەڕی ئەتۆمی کرد. بڕیاردەرانی ڕووسیا ئاماژە بە پلانەکانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دەکەن. بۆ نموونە، پۆتین بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمە دژە مووشەکییەکانی ناتۆ لە ڕۆمانیا و کۆماری چیک و بەشێکیان لەسەر کەشتییەکان لە ڕووی دەریاکان، هەڕەشەن بۆ هاوسەنگی هێزی جیهانی. مەبەستی ئەوەیە کە ئەو سیستەمانە دەتوانن مووشەکە ئەتۆمییەکانی ڕووسیا لە شەڕێکی گریمانەیی لەگەڵ ئەمریکا لە داهاتوودا پووچەڵ بکەنەوە و بەو شێوەیە ڕووسیا توانای تۆڵەکردنەوەی خۆی لە داهاتوودا لەدەست بدات، بۆیە بە ئاسانی دان بە ئەندامێتی ئوکراینا لە ڕێکخراوی ناتۆ نانەن. ئەمە چوارچێوەیەکە بۆ لێکدانەوەی هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە، دیارە باقی هۆکارەکان و لەوانە ملهۆڕی و مەیلی دیکتاتۆرانەی پۆتین و ئاواتی پەلهاوێشتنی بۆ دەرەوەی سنوورەکان ڕەنگە گڕی شەڕەکە بگەشێننەوە، دەبێ ئەوە بسپێرین بە داهاتوو.
🔷 قه‌ندیل پرێس: بە ڕای ئێوە ئەم شەڕە چ کاریگەریەکی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت؟ لە دوای کۆتایی ئەم شەڕە، جیهان تاکە جەمسەر دەمێنێتەوە یان چەند جەمسەر دەبێت؟
🔻 د. حسێن‌زادە: پێم وایە گرنگترین کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەتوانێت هەر لەسەر جەمسەربەندییەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بێت کە لە بەشی دووەمی پرسیارەکەتان ئاماژەتان کردووە. بەڵام من وەکو دەستپێک نایگرم بەڵکو ئەو شەڕەش وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی پێشوو بۆ جەمسەربەندی نوێ لە جیهاندا دەبینم. سەرەتا سەبارەت بە جەمسەربەندی جیهان پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە ئەگەر دەستپێکی سیستەمی نێونەتەوەیی ئێستا کە بە سیستەمی دەوڵەت-تەوەر دەناسرێتەوە ساڵی ١٦٤٨ واتە کاتی ئیمزاکردنی پەیماننامەی وێستڤالیا دابنین، سیستەمی جیهانی لە زۆربەی قۆناغەکاندا سیستەمی چەند جەمسەریی بووە. سەرەتا چەندین ئیمپراتوریەتی بەهێز وەکو فەرەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا، عوسمانی، نەمسا-هەنگاریا و دواتر پرۆس/ ئەڵمانیا و ئیتالیا دەبینین کە هەر یەک لەوانە جەمسەرێکە و سیستەم تا رادەیەکی زۆر هاوسەنگە و بە هاوسەنگی فرە جەمسەری دەناسرێتەوە. لەو سیستەمەدا زۆربەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی سیستەمی تاک جەمسەری شکستیان هێناوە. بۆ نموونە ناپلیۆنی فەرەنسا و ئەڵمانیای هیتلەر شەڕی بەدەستهێنانی هەژموونی ئەورووپا و جیهانییان کرد، بەڵام تێک شکان. دوای جەنگی جیهانی دووەمیش نە واشنتۆن و نە کرێملین نەیانتوانی ببنە هەژموونی جیهانی، بەتایبەت چەکە ئەتۆمییەکان ڕێگر بوون لە هەژموونی هەر دوو لا، بۆیە سیستەمی سەردەمی شەڕی سارد بە سیستەمی دو جەمسەری دەناسرێتەوە. ئەگەرچی ئەمریکا لە زۆر بواردا باڵادەست بوو، بەڵام هەژموون نەبوو.
دوای داڕووخانی دیواری بەرلین و دواتر هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو کە ئەمریکا بووە هەژموون و تاقە جەمسەری شانۆی سیاسەتی جیهان. لەڕاستیدا سیستەمی هەژموونی بۆ جیهان سیستەمێکی نامۆیە و زۆرێک لە بیرمەندان هەر لە سەرەتاوە ڕایانگەیاند هەژموونی ئەمریکا دیاردەیەکی کاتیی دەبێت، لەبەر ئەوەی کە باقی وڵاتان هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەو سیستەمە دەدەن. ئەوە خسڵەتی هەمیشەیی سیستەمی نێونەتەوەییە کە بە ئاسانی دان به هەژمووندا نانێت و زۆر ئاساییە و ساڵانێکی زۆریشە بە کردەوە هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە سیستەمی تاک جەمسەری دەدرێت، بگرە زۆر کەسیش پێیان وایە هەر ئێستا سیستەمی جیهان سیستەمی چەند جەمسەرییە. لانیکەم لە ڕووی ئابوورییەوە بەڵگەی زۆریان لەبەردەستە.
بە بڕوای من شەڕی ئوکرانیا وەکو خاڵی دەستپێک یان وەرچەرخان نییە کە دوای ئەوە جیهان بەرەو چەند جەمسەری ببات یاخود نا، هەروا کە وتم ئەو شەڕە دەتوانێت ئەو هەوڵانە چڕتر بکاتەوە. بۆ نموونەی ڕێکخراوی شانگهای کە لە کۆتایی نەوەدەکان وەکو گرووپێک سەری هەڵدا و لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا وەکو ڕێکخراوێکی فەرمی دامەزرا و بە ناتۆی ڕۆژهەڵات ناوبانگی دەرکرد و ئێستاش به هیوایە بە پاڵپشتی هێزی سەربازی ڕووسیا و هێزی ئابووری چین کۆتایی به هەژموونی ئەمریکا بێنن، زەقترین نموونەی هەوڵەکانە بۆ چەسپاندنی چەند جەمسەری. لە ناو شارەزایانی کاروباری نێونەتەوەییدا نوکتەیەک هەیە کە دەڵێن هەرکات ڕابەرانی ڕووسیا، چین و ئێران پێکەوە کۆ دەبنەوە هیچیشیان نەبێت لانیکەم هەر باس لە کۆتاییهاتنی سیستەمی تاک جەمسەری دەکەن! بۆیە شەڕی ئوکرانیا بەشێکە لەو هەوڵانە و دەتوانێت ململانێکان چڕتر بکاتەوە. لەبیرمان نەچێت ئەم شەڕە دەبێتە هۆی پێشوازی زیاتر لە تیۆری و بیروبۆچوونەکانی کەسانێکی وەکو ئەلیکساندەر دوگین کە بە ڕاوێژکاری پۆتین دەناسرێت. دۆگین بە ئاشکرا دژایەتی سیستەمی تاک جەمسەری جیهان و لیبرالیزمی ڕۆژاوا دەکات و هەر ئێستاش خوازیاری یەکخستنەوەی هەموو ڕووس زمانەکانی ناوچەیە لە ناو خاکی ڕووسیا. دوگین ئەو مامۆستایە ناسیونالیستەی زانکۆ بوو کە دوای داگیرکردنی کریمە خوازیاری کۆمەڵکۆژی دژبەران لە ئوکراینا بوو، ئێستاش لە لیستی ڕەشی ئەورووپا و ئەمریکادایە. بۆیە زۆربەی ئەو کەسانە کە پێیان وایە پۆتین دەیەوێت جیهان بگرێت و لەگەڵ هیتلەر بەراوردی دەکەن ئاماژە بەوە دەکەن کە داگیرکردنی ئوکراینا هەنگاوی یەکەمی پراکتیزەکردنی بیروبۆچوونەکانی دۆگینە.
وەکو کۆبەند دەمەوێت بڵێم، لە دوای شەڕی ئوکراینا ڕەنگە بەرەی دژە هەژموونەکان کە خوازیاری جیهانی چەند جەمسەرین، بەتایبەت بەرەی پەکین- مۆسکۆ- تاران و لەوانەیە کۆریای باکوور زیاتر لێک نزیک ببنەوە. بەڵام بەو حاڵەش و سەرەڕای هەموو ئەو باسانە کە سەبارەت بە لاوازبوونی پێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت، واشنتۆن هێشتا لە ڕووی هێزی پێکهاتەیی واتە هێزی سەربازیی، ئابووری، کلتووری- ئایدۆلۆژی و پیشەسازییەوە لە بەراورد لەگەڵ ڕکابەرەکانی باڵادەستە و توانای سزادان و تەمێکردن یاخود هاندان و قەناعەتپێهێنانی هێندە فراوانە کە دەتوانێت چ به چێز و چ بە چز بۆ هەموو رکابەران کێشەساز بکات و بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژە بە ڕۆڵی خۆی وەکو زلهێزی باڵادەستی جیهان بدات. هەر ئەوەی کە لە ئێستادا هیچ کێشەیەک لە جیهاندا نییە کە بەبێ بەشداری یاخود بڕیاری ئەمریکا چارەنووسی یەکلا ببێتەوە، نیشانەی ئەو هێزە بەرفراوانەیە.
قه‌ندیل پرێس: کەمتر لە یەکساڵدا ئەمریکا لە ئەفغانستان پاشەکشەی کرد و تا ئێستاش پاڵپشتییەکی جیدی لە ئۆکراینا نەکردووە، بەشێک لە چاودێران لەم باوڕەدان کە ڕەنگە ئەمریکا لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانیش پاشەکشە بکات بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەیکە لە دەورەی ترامپ جارێک ئەم کارەی کردووە، بە ڕای بەڕێزتان ئاوا ئەگەرێک تا چەند جدییە؟ ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان پاشەکشە بکەن چی ڕوودەدات؟
🔻 د. حسێن‌زادە: ئەو پرسیارە باسێکی زۆر هەڵدەگرێت. باشترە باسەکە وا دەست پێ بکەم کە یەکەمێتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئاستی جیهانیدا گۆڕدراون و بەو پێیەش هەموو ئەکتەرەکان، چ دۆست و چ دوژمنی ئەمریکا، دەبێ بە ڕەچاوکردنی ئەو گۆڕانکاریانە سەیری واشنتۆن و پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەن. من زیاتر بڕوام بە جێگۆڕکێی هێزەکانی ئەمریکا هەیە تا کشانەوە و پاشەکشێ. ڕاستە هەم ئۆباما، ترەمپ و بایدن باسیان لە کشانەوەی هێزەکانیان لە ئاستی جیهانیدا کردووە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین بە کردەوە جێگۆڕکێی هێزەکان بووە. ئەمریکا وەکو وڵاتێکی زلهێز کە بەرژوەندییەکانی لە هەموو جیهاندا بەربڵاون، ئاستەمە بتوانێت بە ئاسانی دەست لە جیهان هەڵبگرێت و گۆشەگری هەڵبژێرێت، بەڵام زۆر ئاساییە کە یەکەمێتییەکان بگۆڕدرێن. بایدن بە گێڕانەوە لە باوکی دەڵیت “ئەوەی هەموو شتێکی بە یەک ئەندازە لە لا گرنگە، وەکو ئەوە وایە کە هیچی لا گرنگ نەبێت”.
هەر سەرەتا دیار بوو کە بایدن زیاتر گرنگی بە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دەدات و هەوڵی ڕێگریکردن لە بەهێزبوونەوەی چین و ڕووسیا دەدات. چەندە لەوەدا سەرکەوتوو دەبێت دیار نییە، بەڵام ئەوە بە ئاشکرا لە بەڵگەی ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ئیدارەی بایدندا ئاماژەی پێ کرابوو. تەنانەت چەندین مانگ پێش ئەوەی ئەفغانستان بەجێبهێڵن، ئاماژەی بەوە کردبوو کە کۆتایی بە شەڕە بێکۆتاییەکان دێنن و بەڕوونی ئاماژەی بە ناوی ئەفغانستان کردبوو. ئەوانە دەری دەخەن زۆر جار زێدەڕۆیی دەکرێت لەوەدا کە دەڵێن بایدن تووشی بێ پلانی هاتووە، بەپێچەوانەوە ئیدارەی بایدن بەپێی ستراتیژییەکی داڕێژراو و ڕوون سیاسەت دەکات. هەر وەک چۆن لە یەکەم ڕۆژوە گوتیان ئەوپەڕی هەوڵیان دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی ئێران لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە و سەرەڕای هەموو ڕەخنەکان لەناوخۆی ئەمریکا و درووستکردنی کێشە لەلایەن وڵاتێکی وەکو ئیسرائیل و ملکەچنەکردنی ئێران بۆ گفتوگۆی جدی، بەڵام تا ئیستا تیمی بایدن پێداگرن لەسەر ئەو سیاسەتە.
سەبارەت بە ئوکرایناش من بەو جۆرەی نابینم کە ئەمریکا پشتی لەو وڵاتە کردبێت، بەپێچەوانە یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشی ڕووسیا یارمەتی هەمەلایەنەی ئەمریکا بەو وڵاتە بوو کە پۆتین لێی ئاگادار بوو. بۆیە سەبارەت بە ئوکراینا پرسەکە زۆر جیاوازترە. بە بڕوای من زیاتر لەوەی کە ڕەخنە لە ئەمریکا بگیرێت کە پشتی لە ئوکراینا کردووە، پێویستە پرسیار لە بڕیاردەرانی کیێف بکرێت کە ئەو پێداگرییە لەسەر نزیکبوونەوە لە ڕۆژاوا تەنانەت بە قیمەتی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا لەسەر چ هەڵسەنگاندێک بووە؟ دەنا چاوەڕوانکردنی ئەوەی کە ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە ئوکراینا ڕووبەڕووی ڕووسیا ببێتەوە، چاوەڕوانییەکی ڕاستیوازانە نییە، هەر بۆیە ئێستا زلنێسکی لە میانەی شەڕدا زۆربەی خواستەکانی ڕەت دەکرێنەوە.
لەڕاستیدا، دوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هیچ کات ئەمریکا و ڕووسیا ڕاستەوخۆ لە دژی یەکتری شەڕیان نەکردووە، بەڵکو هەوڵیان داوە شەڕی بەوەکاڵەت بکەن یاخود قەیرانەکان بە گفتوگۆ ئاسایی بکەنەوە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ دەتوانێت تا ئاستی شەڕی ئەتۆمی بەرز ببێتەوە و ئەوەش بە مانای لەناوچوونی دووقۆڵی واشنتۆن و مسکۆیە. بۆیە تا ئیستا ناتۆ و ئەمریکا ئامادە نین ئاسمانی ئوکرانیا بپارێزن و خۆیان دەبوێرن لە بژاردەیەک کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوویان بکاتەوە لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا. خۆ ئەگەر ئەمریکا و ئەورووپا بیانەوێت گوشارێکی توند بخەنە سەر ڕووسیا، ئەوا دەتوانن بە گەمارۆخستنە سەر نەوت و گازی ئەو وڵاتە ئیفلیجی بکەن، بەڵام تا ئێستا ئەوەشیان نەکردووە. ئەگەر سەرنج بدەن زۆربەی سزا و بایکۆتەکان بۆ تەمێکردنی ڕووسیا بوون نەک بۆ گۆڕینی ڕاستەقینەی ڕەفتاری ئەو وڵاتە لە گۆڕەپانی شەڕدا. ئەو دوو گەمارۆیە پێکەوە جیاوازییان هەیە. تا ئێستا ئەمریکا یەکەمیانی هەڵبژاردووە.
بە بڕوای من دواتر نموونەی ئوکراینا دەچێتە ناو کتێبەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی وەکو نموونەیەک کە ڕابەرانی لە هەڵسەنگاندنی هێزی خۆیان و لایەنی بەرامبەر هەڵەیان کرد. لەبنەڕەتدا وڵاتان بۆیە هەوڵ دەدەن بچنە ناو ڕێکخراوە سەربازییەکان کە لەبەرامبەر هێرشێک لە داهاتوودا توانای بەرەنگاربوونەوەیان زیاتر بێت و ڕێگری لە کاولبوونی وڵاتەکەیان بکەن، خۆ ئەگەر وای دابنین ئوکراینا هەر ئەمڕۆ یان سبەینێ وەکو ئەندامی ناتۆ وەربگیرێت و ڕووسیاش دوای گفتوگۆ بەوە ڕازی بێت، دەبێ لەگەڵ نیوەی خاکەکەی مامەڵەی بکات کە ڕووسیا داگیری کردووە. کورد وتنی بۆ ڕیش چوو سمێڵیشی دانا. بەدەگمەن سیاسەتوان لە مێژووی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا پەیدا دەبن، هێندە بە ئاسانی وڵاتەکەی بەرەو کاولکاریی بردبێت. دوای نیشتنەوەی شەپۆلی میدیایی ئەوەی دەمێنێتەوە وڵاتێکە کە سی ساڵی تر نابێتەوە بەوەی پێش جەنگ. بەگشتی سیاسەتی نیودەوڵەتی جێگای شۆڕشگێڕی نییە، وڵاتان دەبێت ئامانجەکانیان لەگەڵ هێزیان بەراورد بکەن نەک لەگەڵ ئاوات و ئارەزووەکانیان. بۆیە بە بڕوای من لە نموونەی ئوکراینادا پێش ئەوەی باسی پاڵپشتیکردن یاخود نەکردنی ئەمریکا بکرێت، پێویستە باس لە چۆنیەتی خوێندنەوەی ڕابەرانی کیێف بۆ هەڵویستی ئەمریکا و ڕووسیا و پێگەی خۆیان بکرێت. پێدەچێت دەسەڵاتدارانی پێش زلنێسکی لەو بارەوە ژیرانەتر هەڵسەنگاندنیان کردبێت.
بەڵام سەبارەت بە ڕۆژاوا و باشووری کوردستان، دیارە ئەگەر بێتو ئەمریکا یارمەتییان نەدات هەر دوو لایەن تووشی کێشە و گرفتی ئاسایش و بگرە مانەوە دەبەن. لە ڕۆژاوا لەبەر ئەوەی کە دەسەڵاتی کورد هێشتا لە قۆناغی مسۆگەرکردنی مانەوە و سەرەتای دامەزراندنی سیستەمدان و لە باشووری کوردستانیش لەبەر بەفیرۆدانی دەرفەتەکان بۆ خۆبەهێزکردن و پتەوکردنەوەی بنچینەکانی هێز و ناکۆکی و کێشەی ناوخۆییەکان. هەڵبەت من پێم وا نییە ئەمریکا بە ئاسانی بڕیاری لەو جۆرە بدات، گەرچی مانەوەشی لە عێراق و سووریا بە واتای گەرەنتیکردنی مانەوەی ئەو دوو دەسەڵاتە نییە. مانەوە تەنیا بە سیاسەتی خۆیارمەتی واتە پێش هەموو شتێک گەڕانەوە بۆ تواناکانی خۆت گەرەنتی دەکرێت. من وای بۆ دەچم کە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئوکراینا رەنگە وڵاتانی زلهێز لە ناوچەکانی تر زیاتر گرنگی بە هاوپەیمانانی خۆیان لە ئاستی جیهانیدا بدەن و چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بەو خێراییە نەبێت. ئەوە تەنیا بۆچوونێکە و داهاتوو دەری دەخات کە بە کردەوە چی دەبێت.
🔷 قه‌ندیل پرێس: هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان و ئامانج گرتنی پەکەکە بە ڕادەی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا نەبوو بە ڕۆژەڤی کوردان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە ڕای بەڕێزتان هۆکاری ئەم بابەتە چییە؟
🔻 د. حسێن‌زادە: ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی هەر ئەو بەردەوامییە بێت کە ئاماژەتان پێ داوە، هێرشەکان بۆسەر نەتەوەی کورد هێندە دووپات بوونەتەوە کە بە جۆرێک ئاسایی بوونەتەوە. بەڵام بەو حاڵەش کاردانەوەکان هەمیشە بەو جۆرە نییە. چەندین نموونەیش هەیە کە زۆرینەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەهاودەنگی و هاوکاریی و بە کەڵکوەرگرتن لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان پرسێکیان تەنانەت لە ئاستی جیهانیدا بەرجەستە کردووەتەوە، وەکو عەفرین و کۆبانی و تەنانەت لەسێدارەدانی بەندکراوێک لە ئێران. بۆ پرسێکی وەکو گشتپرسی باشووری کوردستانیش وابوو. جگە لەوە، بەو جۆرەش خۆتان لە پرسیاری یەکەم ئاماژەتان کرد، پرسی ئوکرانیا بووەتەوە ڕۆژەڤی جیهان، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەرژوەندیی وڵاتانی زلهێزی تێدایە و ڕەنگدانەوەی لە میدیا جیهانییەکاندا هەیە، کوردیش بە گشتی لەو ڕەوتە جیاواز نییە.
بەڵام هەموو ئەوانەش بەو واتایە نییە کە پرسیارەکەی ئێوە هەڵگری ڕێژەیەک حەقیقەت نەبێت. ڕەنگە وتنی ئەوە سەخت بێت، بەڵام ئەو چەند ڕۆژەی شەڕی ئوکراینا دەری خست کۆمەڵگەی کوردستان هەندێجار بەرچاوڕوونییان لە بەرژوەندییەکانی نەتەوەکانی تر زیاترە تا لە بەرژوەندییە نیشتمانەییەکانی کوردستان. لە زۆربەی پرس و ڕووداو و بابەتەکاندا کۆمەڵگەی کوردستان دابەش دەبێت بۆ چەند دەستە، دەکرێت باس لە هۆکاری جۆراوجۆر بکرێت، لە ڕوانگەی منەوە فراوانی ژمارەی حزبەکان ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لەو پرسەدا. هیندەش گرنگی بە بەرژوەندییە حزبیەکان دراوە هەرگیز به بەها نیشتمانییەکان نەدراوە، بێ هۆ نییە بۆ نموونە دەبینی تاکی کوردی کۆمەڵگەی باشوری کوردستان هاوکات کە پشتگیری لە ئوکرانییەکان دەکات و سەرسامە بە خۆراگرییان لە دژی داگیرکەر، بە بیانووی گەندەڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم، تف لە ڕاپەڕین و قیزەونیی نیشتمانی خۆی دەکات! ئەوە کارەساتە تەنانەت ئەگەر ژمارەیەکی کەمیش بن کە نین.
🔷 قه‌ندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا چ کاریگەریەکی لەسەر دۆخی کورد بە گشتی دەبێت؟
🔻 د. حسێن‌زادە: لەبەر ئەوەی کە کورد یەکەیەک نییە و وڵاتێکی دابەشکراوە، زۆر ئاستەمە باسی کاریگەرییەکان بکرێت بەبێ جیاوازیدانان لە نیوان پارچەکان، ڕەنگە پەیهاتەکانی شەڕی ڕووسیا- ئوکرانیا و هەروەها پەیهاتەکانی شکست یاخود سەرکەوتنی پۆتین لە جێبەجێکردنی ئامانجەکاندا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژاوا وەکو یەک نەبن. ئەوە پەیوەندی بە هاوکێشەکانی ناوچە و هاوپەیمانانی ڕووسیاوە هەیە.
بە هەر حاڵ ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی باسی بکەم، ئەوەی بەکردەوە تا ئێستا ڕووی داوە، ڕەنگە هەم مەترسیدار بێت و هەم تا رادەیەک لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانی کورد بە گشتی بێت. بە بڕوای من ئەوەی کە ڕووسیا وەکو وڵاتێکی زلهێز بۆ ڕەواییدان به سیاسەتەکانی خۆی باسی دیاریکردنی مافی چارەنووسی کۆمەڵگەیەکی چەوساوە لە ئوکراینای هێنایە ئاراوە، رەنگە لە ئاراستەی هەمان خواست و بەرژوەندی نەتەوەی کورددا بێت، ڕەنگە باشترین حاڵەتی بۆ کورد ئەوە بوایەت کە دوای ئەوەی ڕووسیا ئەو ناوچانەی داگیر کرد، دواتر بە پرۆسەیەکی ڕیفراندۆم کاروباریان ڕادەستی خۆیان بکات کە هەڵبەت ئێستاش ئەوە دوور نییە. ئەمە لەبەراورد لەگەڵ هەڵویستی وڵاتانی ڕۆژاوا کە بەردەوام بەمەبەستی دژایەتی سیاسەتەکانی ڕووسیا باسی پاراستنی سنوورەکان و یەکپارچەیی وڵاتان وەکو بنەمایەکی هەمیشەیی دەکەن، بۆ کورد باشترە. بەڵام مەترسییەکەش لەوەدایە کە بەکارهێنانی هێز بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان ببێتە ڕەوتێک و ئاسایی بێتەوە. ئەمە بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوا، دەتوانێت مەترسیدار بێت، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هیچ یەک لە وڵاتانی داگیرکەر هێشتا بە ڕەزامەندی دانیان بەو دوو دەسەڵاتەدا نەناوە و بگرە تورکیا پیلانی زۆر گەورەتریشی بۆ ساڵانی داهاتوو بەدەستەوەیە و ئەوەش بەغدا و تاران بەرەو هەمان ئاراستەی بیرکردنەوە لە پەلهاوێشتن و داگیرکاری زیاتر دەبات.
بە هەر حاڵ داهاتووی ڕووسیا لە ئوکراینا هەر شتێک بێت، ئەو وڵاتە هەر لە سووریا و عێراق و بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانای کاریگەریدانانی دەبێت، هەر بەو جۆرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەتوانێت کاریگەری دابنێت. ئەگەر شاتوشوتی میدیاکان بنەینە لاوە، بە کردەوە دەبینین ژمارەی ئەو وڵاتانە کە بێدەنگییان سەبارەت بەو شەرە هەڵبژاردووە، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەم نین، دەمەوێت بڵێم کاتێک وڵاتێکی وەکو ئیسرائیل بەرژوەندی لەوەدایە کە بەئاشکرا پشتیوانی لە لایەنێکی ئەو شەڕە نەکات، ئەکتەرە سیاسییەکانی کورد، چ دەسەڵاتی باشوور و ڕۆژاوا و چ حزبەکانی دوو پارچەکەی تر، زۆر زیاتر پێویستیان بەوەیە کە خۆیان لە هەڵویستگرتنی توند لە دژ یان لایەنگری لایەنێک دوور بخەنەوە، کە هەڵبەت تا ئێستاش پێدەچێت هەر وایان کردووە. ڕەنگە بوترێت کێ حزب و دەسەڵاتی کورد دەبینێت، بەڵام وڵاتانی زلهێز تەنانەت چاودێری هەڵوێستی کۆمەڵگە بێدەوڵەتەکانیش دەکەن. هیچ شتێک لەسەر گۆی زەوی لە دەرەوەی چاودێری وڵاتانی زلهێز نییە!.
بۆ داگرتنی بەشی یەکەمی فایلی پی دی ئێفی ئەم وتووێژە لێرە و بۆ داگرتنی بەشی دووەم لێرە کلیک بکە.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *