بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانە؛ سیاسەتی مووشەکیی ئێران
بەرایی
مووشەک بە هۆی هەندێک تایبەتمەندی ناوازە، وەکو خێرایی، کاریگەریی دانان لەسەر دەروون و ورەی دوژمن، توانای هەڵگرتنی کڵاوەی کیمیایی و ئەتۆمی، توانای بەئامانجکردنی دامەزراوە ستراتیژییەکان لە قووڵایی خاکی دوژمن، هەروەها وەکو دەرکەوتەی پێشکەوتنی وڵاتێک لە بواری سەربازیدا، پێگەیەکی باڵای لە ستراتیژی سەربازی زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە و هێزە چەکدارەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرنگی زیاتری پێدەدەن. کۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵانێکی زۆرە پلانێکی توکمەی بەمەبەستی دەستپێڕاگەیشتن بە جۆرە جیاوازەکانی مووشەک داڕشتووە، تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بووە، بە شێوەیەک کە لە ئێستادا خاوەن جبەخانەیەکی زەبەلاحی مووشەکە.
چالاکییە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی کە هاوکاتە لەگەڵ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، نیگەرانی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچە و وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە. ئەو وڵاتانە هەڕەشەی مووشەکی ئێران بە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و بە هۆکارێک بۆ تێکدانی سەقامگیری نێونەتەوەیی دەبینن، هەندێکجاریش بەو بۆنەوە گوشار و گەمارۆ دەخەنە سەر ئەو وڵاتە. لەبەرامبەردا، بەرپرسانی سیاسی و سەربازی تاران بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە هەوڵەکانیان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە مووشەک بەمەبەستی بەرگریکردن لە خۆیان و پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتەکەیان و بەرەنگاربوونەوەی هێرشبەران لە چوارچێوەی ستراتیژی بەرپەرچدانەوەدایە. واتە هەڵوێست و کاردانەوەی باقی وڵاتان و بەتایبەت ئەمریکا بە پڕوپاگەندە و لە چوارچێوەی بەئەمنییەتیکردنی[1] پرسی مووشەکی وڵاتەکەیان دادەنێن.
لەم وتارەدا باس لەوە دەکەین، کە دەکرێت لەبنەڕەتدا سیاسەتی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی لە چوارچێوەی ستراتیژی بەرپەرچدانەوەدا[2] خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام بەپێچەوانەی ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی نەریتی- بەرگریکارانە کە زۆر جار دەبێتە هۆی سەقامگیری و ئۆقرەیی، سیاسەتی بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامیی کە لەسەر بنەمای مووشەک داڕێژراوە، زیاتر لە خزمەت سیاسەتی پەلاماردەرانەی ئەو وڵاتەدایە. بە واتایەکی تر سیاسەتی مووشەکی کۆماری ئیسلامیی بریتییە لە پەلاماردان لەبەرگی بەرگریکردندا، بۆیە زیاتر ناسەقامگیری لێدەکەوێتەوە نەک ئۆقرەیی و ئارامی.
بۆ ئەو مەبەستە ئەم وتارە لە شەش بەش پێکهاتووە. سەرەتا بە کورتی ئاماژە بە چییەتی ستراتیژی بەرپەرچدانەوە کراوە. بەشی دووەم پرژاوەتە سەر ناوەڕۆکی سیاسەتی بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامیی. لە بەشی سێیەمدا باس لە توانا و جبەخانەی مووشەکی کۆماری ئیسلامیی کراوە. بەشی چوارەم تەرخانکراوە بۆ دوو گێڕانەوەی دژبەیەک سەبارەت بە ئامانجەکانی پلانی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی. بەشی پێنجەم ڕوونکردنەوەیە سەبارەت بەوەی کە چۆن بەرپەرچدانەوە بەشێکە لە سیاسەتی پەلاماردەرانە و دەستێوەردەرانەی کۆماری ئیسلامیی. لە کۆتاییدا ئەنجامی باسەکان پێشکەش کراوە.
ستراتیژی بەرپەرچدانەوە
لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بیرۆکەیەک لەناو هێزە ئاسمانییەکانی بەریتانیا لە ئارادا بوو سەبارەت بەوەی کە تاقە بژاردە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە ئاسمانییە بەربڵاوەکانی دوژمن، بریتییە لە نواندن و سەلماندنی توانای تۆڵەکردنەوە. بەپێی ئەو گریمانە، توانای تۆڵەکردنەوە لە ڕێگای هێرشی ئاسمانییەوە تاقە بژاردەبوو بۆ پاشگەزکردنەوەی لایەنی بەرامبەر لە پەلاماردان. ئەوە سەرەتای دەرکەوتنی ستراتیژی بەرپەرچدانەوە بوو. بەڵام دوای شەڕی جیهانی دووەم، بەهۆی هاتنە کایەی چەکە ئەتۆمییەکان، ستراتیژی بەرپەرچدانەوە بە تەواوەتی جێگیربوو. هەرچی زیاتر دەردەکەوت کە شەڕی ئەتۆمی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت کارەساتێکی هەمەلایەنەی لێدەکەوێتەوە، لایەنەکان زیاتر لەوەی بیر لە دەرگیری و پێکدادانی ڕاستەوخۆ بکەنەوە، بەرەو پاراستنی خۆیان ڕادەکێشران. بۆیە لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانەکانیشدا زیاتر جەختیان لەسەر خۆبواردن لە شەڕ دەکردەوە، تەنانەت ئەگەر قەیرانەکان چارەسەریشیان بۆ نەدۆزرایەتەوە[3]، بەم چەشنە لە سەردەمی شەڕی سارددا ستراتیژی بەرپەرچدانەوە کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن و کاولکردنی دووقۆڵی یان دوولایەنە دانرابوو، سەری هەڵدا و کاریگەریی بەرچاوی لەسەر سیاسەت و ڕەفتاری ئەمریکا و سۆڤیەت دانا.
لەبەرئەوە، بەرپەرچدانەوە لە بنەڕەتدا، لەسەر بنەمای چەکە ئەتۆمییەکان دانرا. واتە سەرەڕای دوژمنایەتی و ناکۆکی ئایدۆلۆژی و دژبەیەکی بەرژەوەندییەکان، بەڵام چەکە ئەتۆمییەکان وایان کرد تێچووی هێرشبردن زۆر زیاتر بێت لە قازانجەکانی، بۆیە بڕیاردەرانی مۆسکۆ و واشنتۆن خۆیان لە شەڕ دەبوارد، چونکە ڕابەرانی هەر دوو وڵات لەوە ئاگاداربوون کە لایەنی بەرامبەر دوای بەرکەوتنی گورزی یەکەم (First strike)، هێندە چەکی ئەتۆمی لەبەردەست دەمێنێتەوە کە توانای وەشاندنی گورزی دووەم (Second strike) یان گورزی توڵەکردنەوەی هەبێت. بۆیە هیچ یەک لەو دوو وڵاتە ئامادەنەبوو بە شێوەی دەستپێشخەرانە هێرش بکات. گرنگی چەکە ئەتۆمییەکان لە خۆبواردنی لایەنەکان لە شەڕ و جێگیربوونی سەقامگیری بە ڕادەیەک بوو کە “هێدلی بۆڵ” (Hedley Bull) کە پێشەنگی “قوتابخانەی ئینگلیزی” (English School) بوو لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، ڕای وابوو کە کاریگەریی ئەو چەکانە هێندە زۆرە کە دامەزراوەیەک بە ناوی “بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی” دێنێتە ئاراوە کە جیایە لە سیاسەتی هاوسەنگی هێز (Balance of power) کە تا ئەو کات وەکو گرنگترین مکانیزمی جێگیرکردنی سەقامگیری و ئاشتی سەیر دەکرا.[4]
بۆیە دەتوانین بڵێین بەرپەرچدانەوە لە ئاسانترین پێناسە و فۆرمی خۆیدا بریتییە لە گرتنەبەری هەندێ سیاسەتی ژیرانە و لۆژیکی بەمەبەستی کاریگەری دانان لەسەر هەڵوێست و ڕەفتاری ئەوانی تر بە کەڵکوەرگرتن لە هەڕەشە.[5] بە دەربڕینێکی ڕوونتر، بەرپەرچدانەوە هەوڵێکە بۆ پاشگەزکردنەوەی لایەنی بەرامبەر لە ئەنجامدانی ڕەفتارێکی نەخوازراو لە ڕێگەی ترساندن و تۆقاندنی لە دەرئەنجامەکانی ئەو ڕەفتارە نەخوازراوە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەمجۆرە بەرپەرچدانەوە پێناسە دەکات: “ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ڕەفتارێک لە ڕێگای ترساندن لە دەرئەنجامەکانی… بەرپەرچدانەوە حاڵەتێکی زەینییە کە لەسەر بنەمای هەڕەشەی باوەڕپێکراو بۆ تۆڵەکردنەوەی وێرانکەر دێتە ئاراوە”.[6]
بە شێوەی ئاسایی ئەو لایەنەی کە دەیەوێت بە شێوەی دەستپێشخەرانە هێرش بکات، چاوی لە دەستکەوت و قازانجە، بەڵام ئەگەر لایەنی بەرامبەر هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە بکات و هەڕەشەکە بڕواپێکراو بێت، ئەوا ئەو لایەنەی کە بڕیاریداوە هێرش بکات، پاشگەز دەبێتەوە، چونکە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە ئەنجامی هێرشەکەی لە جیاتی سوود و قازانج، زیان و خەسارەی بەدواوە بێت. چونکە بەو جۆرەی کە گوتمان لایەنی بەرامبەر هێندە توانای بۆ دەمێنێتەوە کە بتوانێت گورزی دووەم بوەشێنێت. لەم حاڵەتەدا، هەر دەستپێشخەرییەک بە واتای لەناوچوون و فەوتانی دووقۆڵییە. بۆیە گەمەکەرەکان هەرگیز دەستپێشخەری ناکەن و بەرپەرچدانەوە جێگیر دەبێت. واتە پێکەوەهەڵکردن و سەقامگیری بە هۆی خۆبوواردنی هەر دوو لایەن کاولکاریی و فەوتان دێتە ئاراوە.
ئەو ستراتیژییەی کە بەهۆی چەکە ئەتۆمییەکانەوە بوون بە بنەما، بە ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی نائاسایی (Unconventional) ناوبانگی دەرکرد، بەڵام بەرپەرچدانەوە دەکرێت ئاساییش (Conventional) بێت. لە جۆرە ئاساییەکەیدا پێویست بە هەبوون یاخود خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی ناکات و بە گشتی وڵاتان دەتوانن بە کەڵکوەرگرتن لەو چەک و توانا سەربازییە کە لەبەردەستیانە و ئەو هەڕەشەیە کە دەتوانن بیخوڵقێنن، کاریگەری لەسەر لایەنی بەرامبەر دابنێن. بۆ نموونە هەندێکجار بەرپەرچدانەوە لە نێوان دوو لایەنی خاوەن جبەخانەی مووشەکیدا دێتە ئاراوە. هەندێکجار تەنانەت وڵاتێکی زلهێز کە خاوەن چەکی ئەتۆمییە دەتوانێت بەبێ بەکارهێنانی ئەو چەکانە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بەرامبەر وڵاتانی بچووکتردا پشت بە ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی ئاسایی ببەستێت. بۆ نموونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆرجار لە بەرامبەر ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی مووشەک یان چەکی ئەتۆمی دەدەن لە ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی ئاسایی سوودی وەرگرتووە.[7] ئەوەی کە لەم وتارەدا مەبەستمە بەرپەرچدانەوەی ئاسایی بە کەڵکوەرگرتن لە توانای مووشەکییە.
شیاوی ئاماژەیە جێگیربوونی ستراتیژی بەرپەرچدانەوە، چ ئاسایی بێت یاخود نائاسایی، پێویستی بە چەند فاکتەرێکە کە بریتین لە:
یەکەم: وڵاتانی جێبەجێکەری ئەو ستراتیژییە پێویستە هەوڵی بەدەستهێنانی نوێترین و قورسترین چەکەکان بدەن، کە توانای کاولکارییان زۆریان هەبێت.
دووەم: پێویستە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە باوەڕپێکراو و شیاوی جێبەجێکردن بێت و دوژمن باوەڕ بکات، کە هەڕەشەکەر هەم توانا و هەم ئیرادەی جێبەجێکردنی هەیە، چونکە هەڕەشەی باوەڕپێنەکراو لە لایەن گەمەکەری بەرامبەرەوە پشتگوێ بخرێت و لەو حاڵەتەدا بەرپەرچدانەوە جێگیر نابێت و ئەگەری دەستپێشخەری بۆ وەشاندنی گورزی یەکەم لە ئارادایە.
سێیەم: پێویستە هەر دوو لایەن عاقڵ و ئاوەزمەند بن، واتە هەڵسەنگاندن بۆ زیان و دەستکەوتەکان بکەن و لەوە تێبگەن کە هەر جۆرە شەڕێک نەک هیچ قازانجێکی بۆ هیچ لایەنێک نابێت، بەڵکو خەسارەکانی زیاتر دەبێت.
چوارەم: پێویستە ڕێگا یان کەناڵێک بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ لە نیوان لایەنەکاندا هەبێت، چونکە پێویستە لایەنەکان هەم ئاگاداری توانا و هێزی لایەنی بەرامبەر بن و هەم لە بەرژوەندی و مەبەست و ناوەڕۆکی هەڕەشەکانی یەکتری ئاگادار بن.[8]
بەو وەسفە، دەردەکەوێت بەرپەرچدانەوە تا کاتێک لە ئارادایە کە شەڕ دەستپێنەکات، هەڵگیرسانی شەڕ بەو واتایە دێت کە بەرپەرچدانەوە تووشی شکستبووە.[9] کەوا بێت، بەرپەرچدانەوەی بەرگریکارانە دەتوانێت ببێتە هۆی پێکەوەهەڵکردن و سەقامگیری ڕێژەیی. هەربۆیە زۆرجار ئەو وڵاتانەی کە تەقەلای چڕوپڕ بۆ بەدەستهێنانی چەکی جۆراوجۆر دەدەن، هەوڵدەدەن وای بنوێنن کە ئەو هەوڵانەیان لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی بەرگریکارانەدایە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە چوار مۆدێلی بەرپەرچدانەوە لە ئارادان کە بریتین لە:
یەکەم: بەرپەرچدانەوەی بەرگریکارانە (Defensive)، ئامانجی سەرەکی بریتییە لە پاراستنی یەکپارچەیی و سنوورەکانی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی دوژمن لەسەر سنوورەکان.
دووەم: بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانە (Offensive) کە تێیدا هەوڵدەدرێت گۆڕەپانی ململانێ و گۆڕەپانی شەڕ لەگەڵ دوژمنان بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکان.
سێیەم: تێکەڵێک لە هێرش و بەرگری کە لایەنی بەرگریکارانەی زاڵترە.[10]
وتمان، کۆماری ئیسلامییش بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەوڵەکانی بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک تەقەلایەکی بەرگریکارانەیە و لە چوارچێوەی ستراتیژی بەرپەرچدانەوەدا ڕەوایی هەیە. گریمانەی سەرەکی ئەم وتارەش ئەوەبوو کە ڕاستە ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەدا دەگونجێن، بەڵام لە جۆری هێرشبەرانەکەی. دواتر بە وردی دەگەڕێینەوە سەر ئەم باسە، بەڵام پێش ئەوە، پێویستە باس لە پێگەی بەرپەرچدانەوە لە سیاسەتی سەربازی و پێگەی مووشەک لە ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی ئەو وڵاتەدا بکەم.
ستراتیژی بەرپەرچدانەوە لە سیاسەتی سەربازیی کۆماری ئیسلامییدا
ئەگەرچی وردەکاریی ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامیی، وەکو بەڵگەیەکی نووسراو بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە لێکدانەوەی هەندێ وتار و ناوەڕۆکی لێدوانەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی، دەکرێت تا ڕادەیەک تێبگەین مەبەستیان لەو ستراتیژییە چییە؟
بە گشتی لە ئێراندا ئاماژە بۆ دوو جۆر بەرپەرچدانەوەی ڕیک یا هاوخشت (Symmetric) و ناڕێک یاخود ناهاوخشت (Asymmetric) دەکرێت. بەرپرسانی تاران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی دوو جۆر هەڕەشەی هاوخشت و ناهاوخشتە. هەڕەشەی هاوخشت وەکو ئەو هەڕەشانەی لە لایەن دەوڵەتێکی ئاسایی وەکو ئیسرائیلەوە لێیان دەکرێت و هەڕەشەی ناهاوخشت وەکو ئەوانەی خۆیان بە هەڕەشەی گروپە تیرۆریستییەکان و هەڕەشی نەرم و کلتووری ناوی دەبەن. بەم پێیە باس لەوە دەکرێت کە ستراتیژی سەربازی ئێران لەسەر بنەمای ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی هەمەلایەنە دانراوە، کە بەرەنگاری هەر دوو جۆرە هەڕەشەکە ببێتەوە.[11] بۆ نموونە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ناهاوخشتی سایبەری ڕێکخراوی ئەرتەشی سایبەری دامەزراوە[12] و بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی هاوخشت، جۆرە جیاوازەکانی چەک هاوردە دەکرێن یان بەرهەم دەهێنرێن.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی گرنگییەکی فراوان بەو ستراتیژییە دەدەن، بە چەشنێک کە لە هەندێ لە بەڵگە ستراتیژییەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە. بۆ نموونە “بەڵگەنامەی ئاسۆی ١٤٠٤” [سند چشم انداز ١٤٠٤]ی کۆماری ئیسلامیی ئاماژە بەوە دەکات سیاسەتی ئەو وڵاتە بریتییە لە “بەرگری لەسەر بنەمای بەرپەرچدانەوەی هەمەلایەنەیە”.[13] محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت، سیاسەتی سەربازی ئێران بریتییە لە “بەرگریی و بەرپەرچدانەوە لەسەر بنەمای وەشاندنی گورزی یەکلاکەرەوە، بەهێز و خێرا لە مەودای دوور و نزیکەوە لە دوژمن”.[14] حەسەن فیروزئابادی سەرۆکی بنکەی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی لە ساڵی ٢٠١٤ ڕایگەیاندبوو، دۆکترینی بەرگریکارانەی ئێران لەسەر بنەمای بەرپەرچدانەوە دانراوە.[15] عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی لەو بارەوە دەڵێت: ” ئەوەی تا ئێستا کۆماری ئیسلامیی بەدەستیهێناوە… بۆ بەرپەرچدانەوە بەدەستیهێناوە. لەمەبەدواش بەو ئاقارەدا دەچێت… تا بۆمان بکرێت هەموو هەوڵیک دەدەین توانای بەرپەرچدانەوەمان بەرز بکەینەوە… بۆ ئەوەی دوژمن بیر لە هێرش نەکاتەوە و ئاگادار بێت کە ئەگەر پەلامار بدات، گورزێکی گەورەی بەر دەکەوێت”.[16] هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە “توانا و گورزی بەبڕشتی کۆماری ئیسلامیی لە بواری بەرگریدا، لەڕاستیدا توانای بەرپەرچدانەوەی ئێرانە”.[17]
ئەم بەرپەرچدانەوە کە بەرپرسانی ئێران باسی لێدەکەن پشت بە چەند فاکتەرێک دەبەستێت، کە بریتین لە:
یەکەم: کۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بە تایبەت سوپای پاسداران و ئەرتەش کە هەر یەک لەوانە خاوەن هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و هێزی زەمینی تایبەت بە خۆیانن. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەموو هەوڵەکانی ئەو هێزانە لە بواری بەرهەمهێنان یان هاوردەکردنی چەکی جۆراوجۆر، لەوانە فڕۆکەی جەنگی، تانک، درۆن، سیستەمی بەرگریی دژە مووشەکی، تاقیکردنەوەی مووشەکە جۆراوجۆرەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕاهێنان و توانای شەڕکردنی هێزەکان، دروستکردنی کەشتی جەنگیی و بەلەمە خێراکان و ژێردەریایی و بۆمبهاوێژەکان و جۆرە جیاوازەکانی ڕادار و کەلوپەلی شەڕی ئەلکترۆنی و دروستکردنی بنکە سەربازییەکان لەسەر سنوورەکان بۆ پتەوکردنی بەرپەرچدانەوەیە.
دووەم: توانای بەئامانجکردن و پەلاماردانی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە.
سێیەم: کەڵکوەرگرتن لە یارمەتی هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچە، ئەمەیان ئاماژەیە بۆ کاری تێکدەرانە لە لایەن گروپە میلیشیاکانی سەر بە تارانەوە،
چوارەم: هەڕەشەی داخستنی ڕیگاکانی هەناردەکردنی وزە، ئەمە بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا کە ئێران بەردەوام هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرموز دەکات، بەرجەستەتر بووەتەوە و نیگەرانی وڵاتانی ناوچە و ڕۆژاوای لێ کەوتووەتەوە.
پێنجەم: جەنگی ناهاوخشت کە ئاماژەیە بۆ لێدان و زیانگەیاندن بە شارەکانی دوژمن، دامەزراوەکانی ئاو و کارەبا و بەنداو و، تێکدانی سیستەمی زانیاریی لایەنی بەرامبەر و شەڕی سایبەری.
شەشەم: تیرۆر، کە لە ئێراندا بە ئۆپەراسیۆنی ئیستیشهادی ناو دەبرێت. ئەمە بەئاشکرا ئاماژەیە بۆ بژاردەی تیرۆر. بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان هەم دەتوانێت بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی ئیستیشهادی بێت و هەم بەشێک لە شەڕی ناهاوخشت.
حەوتەم: بەکارهێنانی مووشەک.[18]
لەناو ئەو فاکتەرانەدا کۆماری ئیسلامیی بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو زۆرترین گرنگی بە دوایین فاکتەر، واتە بەرهەمهێنانی مووشەک بۆ پتەوکردنەوەی توانای بەرپەرچدانەوە داوە. ڕەنگە ئەوەش لەبەر دوو هۆ بێت، یەکەم، لەبەر کێشە و گرفتی کۆماری ئیسلامیی بۆ کڕینی فڕۆکەی شەڕکەر و پێکهێنانی هێزی ئاسمانی تەواو بەهۆی گەمارۆی ئەمریکا و دووەم، تێچووی کەمی بەرهەمهێنانی مووشەک کە بە چەکی هەژاران ناسراوە.[19]
ڕۆڵی مووشەک لەو ستراتیژییەدا هێندە گرنگە کە هەندێ لە نووسەران و شارەزایان ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی ئێران دابەشدەکەن بۆ دوو جۆری بەرپەرچدانەوەی نەریتی و بەرپەرچدانەوەی مووشەکی.[20] بۆیە کۆماری ئیسلامیی لە دوو دەیەی ڕابردوودا، جبەخانەیەکی گەورەی مووشەکیی بنیات ناوە.
جبەخانەی مووشەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران
لە کۆتایی حەفتاکاندا، کە هێشتا ڕژێمی پاشایەتی لەسەر دەسەڵات بوو، ئێران هەوڵیدا بە نزیکبوونەوە لە ئەمریکا هاوشێوەی ئەو مووشەکانە لە واشنتۆن بکڕێت کە بە تورکیای فرۆشتبوو، بەڵام ئەمریکا ئەو داواکارییەی ڕەتکردووە. محەمەد ڕەزا شا، بەرەو ئیسرائیل وەرگەڕا و هەوڵیدا بە هاریکاری ئەو وڵاتە مووشەکی بالستیک بەرهەم بهێنێت. تاران و تەلئەبیب لە ساڵی ١٩٧٧ ڕێککەوتننامەیەکی نهێنییان لەو بوارەدا واژۆ کرد. ڕژیمی شا هاوکات هەوڵەکانی خۆی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیش دەستپێکردبوو، بەڵام شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ کۆتایی بەو هەوڵانە هێنا. شەڕی ئێران- عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨) کە دوای دەسەڵاتگرتنی کۆماری ئیسلامیی هەڵگیرسا، دەسەڵاتدارانی تارانی بەو قەناعەتە گەیاند کە دەستپێڕاگەیشتن بە توانای مووشەکی بۆ ئاسایشی وڵاتەکەیان پێویستە.[21] مووشەکەکان لەو شەڕەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا، بەتایبەت لە کانوونی دووەم تا نیسانی ١٩٨٨ کە شەڕی شارەکان (War of the Cities) لە ئارادا بوو و عێراق توانی تەنانەت شاری تاران، پایتەخی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی دوورهاوێژ بکاتە ئامانج. ئەو شەڕە ورەی ئێرانییەکانی دابەزاند و زیاتر لە یەک لەسەر چواری دانیشتوانی تاران هەڵهاتن و ئەوەش ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە بڕیاری ڕابەری کۆماری ئیسلامیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.[22] هەڵبەت ئێرانیش لە کۆتاییەکانی ئەو شەڕەدا هەوڵەکانی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە مووشەک چڕتر کردبووەوە، بەڵام بەهۆی گەمارۆ جیهانییەکان نەیدەتوانی چەک و کەلوپەلی سەربازی لە وڵاتانی زلهێز بکڕێت، بۆیە هەوڵیدا مووشەکی SCUD-B بە شێوەی نهێنی لە وڵاتانی سوریا، کۆریای باکوور و لیبی هاوردە بکات و وێرای ئەوەی کە لە شەڕی شارەکاندا کەڵکی لێوەرگرتن هەوڵیشیدا خۆی بەرهەمییان بهێنێت.[23] بە کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە کۆماری ئیسلامیی پلانێکی توکمەی بۆ دەستپێڕاگەیشتن و بەرهەمهێنانی مووشەک داڕشت و لە ئێستادا خاوەن جبەخانەیەکی گەورەی مووشەکی جۆراوجۆری کورتهاوێژ (SRBMs) و نێوانهاوێژە (MRBMs).[24] بە تایبەت وڵاتانی ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور یارمەتی زۆریان بە ئێران لەو بوارەدا دا.[25]
بەگوێرەی سەرچاوەکان جبەخانەکەی کۆماری ئیسلامیی لە ئێستادا ئەم جۆرە مووشەکانە لە خۆ دەگرێت:
یەکەم: مووشەکە بالستیکە نێوانهاوێژەکان کە بریتین لە: مووشەکەکانی شەهابی ٤، ٥ و ٦ (٢٠٠٠ تا ٢٥٠٠ کم)، مووشەکی سجیل (٢٠٠٠ کم)، عاشورا (٢٠٠٠ کم)، خوڕەمشەهر کە پێدەچێت لە ڕووی تەکنۆلۆژیای مووشەکی موسودان (Musudan)ی کۆریای باکوورەوە بەرهەم هاتبێت (٢٠٠٠ کم)، عیماد (١٧٠٠ کم)، حاج قاسم (١٤٠٠ کم)، خەیبەرشکەن (١٤٠٠ کم)، شەهاب ٣ کە دەگوترێت هەمان مووشەکی نۆدۆنگی (NODONG) کۆریای باکوورە (١١٥٠ تا ١٣٠٠ کم)، قەدر- ١١٠ کە چەندین جۆری جیاوازی هەیە (١١٠٠ تا ٢٥٠٠ کم)، شاهین ١ و ٢ (١٠٠٠ کم)، دزفول (١٠٠٠ کم).
دووەم: مووشەکە کورتهاوێژەکان کە بریتین لە مووشەکی قیام کە بەگوێرەی میدیاکان یەکێک لەو مووشەکانە بوو کە بۆ هێرشکردنەسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عەین ئەسەد کەڵکی لێوەرگیرا ) ٨٠٠ کم(، زولفەقار کە بەگوێرەی زانیارییەکان لە هێرشی ساڵی ٢٠١٧ بۆ ناوچەی دەیرەزووری سووریا کەڵکیان لێوەرگیرا (٧٠٠ کم)، مووشەکەکانی جۆری شەهابی ١ و ٢ کە لە ڕووی تەکنۆلۆژیای مووشەکی SCUD-B و SCUD-C بەرهەم هاتوون (٣٠٠ تا ٥٠٠ کم)، مووشەکی فاتح -١١٠ کە بە وردترین مووشەکی ئێران ناسراون و دەگوترێت هێرشی ساڵی ٢٠١٨ بۆسەر قەڵای دیموکرات لە کۆیە بە کەڵکوەرگرتن لەو مووشەکانە بووە (٣٠٠ کم)، فاتح-٣١٣ کە ئەمیش لە هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عەین ئەسەد کەڵکی لێ وەرگیرا (٥٠٠ کیلومەتر)، توندەر-٩٦ (٣٠٠ کم).
سێیەم: سێ جۆر مووشەکی کرووز بە ناوەکانی مووشەکی ئاسمانی یا عەلی (٧٠٠ کم)، سومار (٢٥٠٠ تا ٣٠٠٠ کم) و مووشەکی هوەیزە (١٣٥٠کم). پێدەچێت ئەمانە هەمان مووشەکەکانی Raduga Kh-55 ڕووسیا بن کە چەندین ساڵ پێش لە وڵاتی ئوکرانیا هاوردەی کردبێت.
چوارەم: چەندین جۆری مووشەکی کۆرتهاوێژ و ڕۆکێتی تر کە بریتین لە:
– ڕۆکێتی تۆپخانەیی جۆری زلزال-١ (١٢٥ کم)، زلزال-٢ (٢١٠ کم) و زلزال-٣ (٣٠٠ کم)، عەسر (٢٦٠ کم)، نازعات ٦ و ١٠ (١٠٠ تا ١٥٠ کم)، فەجر لە جۆرەکانی ١،٢،٣،٤،٥ کە لە ڕووی نموونەی ڕۆکێتی چین یاخود کۆریای باکوورەوە سازکراون ( ٤٥ تا ٧٥ کم)، عۆقاب (٤٥ کم)، توندەر- ٦٩ (١٥٠ کم) و سەمید (؟).
-مووشەکی جۆری زەمین بۆ ئاسمان بە ناوەکانی محراب (٤٠ کم)، شاهین (٤٥ کم)، میثاق ١ و ٢ (٥ کم)، سەیاد (٦٠ کم)،
-مووشەکی زەویی بۆ زویی ثاقب (٥٠٠ م تا ٨ کم)، مرساد (٤٥ کم)، زوبین (٢٠ کم)،
-مووشەکی دژە کۆپتەری قائم (؟)،
-مووشەکی دژە تانک لە جۆرەکانی ساعقە (؟)، توفان ٢ و ٥ (٧٠ تا ٣٨٥٠ مەتر)، توسەن (١٠٠٠ م) و دهلاویە (١٠٠ تا ٥٥٠٠ م)
-مووشەکی دژە کەشتی بە ناوەکانی خەلیج فارس (٣٠٠ تا ٦٥٠ کم)، نور (٣٠ کم)، حوت (١٥ کم)، نەسر (٣٥ کم)، زەفەر (٨ تا ٢٥ کم)
– مووشەکی ئاسمان بۆ زەوی بە ناوەکانی شەفەق- ٣ (١٠ کم)، ستار (١٥ کم)
– مووشەکی ئاسمان بۆ ئاسمان بە ناوی فاتر (٤٠ کم)
– هەروەها چەنیدن جۆر گوللەی کاتیوشا بە ناوەکانی ئارەش، فەجر، فەلەق ١ و ٢، عۆقاب و حاسب.[26]
لەپاڵ ئەوانەدا ئێران ڕایگەیاندووە یەکەمین مانگی دەستکردی بەناوی ئومید لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٩، دووەم مانگی دەستکردی بەناوی ڕەسەد لە ساڵی ٢٠١١ و سێیەم مانگی بەناوی سیمۆرغ بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی سەفیر لە ساڵی ٢٠١٦ لە خولگەی زەوی جێگیر کردووە. هەروەها لە مووشەکی “کاوشگر” بۆ ڕەوانەکردنی گیانلەبەرە زیندووەکان بۆ ئاسمان و گەڕاندنەوەیان بۆ زەویی کەڵکی وەرگرتووە.[27] هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران یەکەمین مانگی دەستکردی سەربازی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ڕەوانەی ئاسمان کرد و بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاند مانگی دەستکردی “نور” بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی “قاسد” لە مەودای ٤٢٥ کیلومەتری زەوی جێگیر بووە. هەڵبەت چەندین تاقیکردنەوەش شکستیان هێناوە، بۆ نموونە هەوڵێکی تر بۆ جێگیرکردنی مانگی دەستکرد لە هێڵی سەرەوەی ٥٠٠ کم لە دوایین قۆناغدا بە هۆی نەبوونی خێرایی پێویست شکستی هێنا، دەگوترێت ئەمریکا دەستی لەو شکستانەدا هەبووە، چونکە واشنتۆن بەردەوام ڕایگەیاندووە کە ئێران لەژێر ناوی پلانی ئاسمانی هەوڵی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی کیشوەربڕ دەدات.[28]
بەهەرحاڵ، ئێران لە ئێستادا خاوەن جبەخانەیەکی گەورەی مووشەکییە و تەنانەت بەپێی هەندێ سەرچاوە گەورەترین وڵاتی خاوەن توانای مووشەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوای کۆریای باکوور دووەمین وڵات لەناو وڵاتانی ڕوو لە گەشەیە.[29] بە شێوەیەک کە تا ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە ١٠٠٠ مووشەکی بالستیکی هەبووە[30]، بەو حاڵەش بە شێوەیەکی نەپچڕاو هەوڵی پەرەپێدانی زیاتر بە توانای خۆی لەو بوارەدا دەدات و تەنانەت بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە بەشێک لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٦ بوو و بەمەبەستی سنووردارکردنی چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران داڕێژرابوو[31]، هەروەها بڕیارنامەکانی دواتری ئەو ئەنجومەنە بۆ سنووردارکردنی پلانە مووشەکییەکانی ئێران، نەبوونە هۆی ئەوەی تاران کۆتایی بە هەوڵەکانی خۆی بۆ تاقیکردنەوەی مووشەک بهێنێت. لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئەم دواییانەشدا کە بە گفتۆگۆی ڤییەنا ناسراون، واشنتۆن سەرەتا خوازیاری جۆرە ڕێکەوتنێک بوو کە سنووردارکردنی چالاکییە مووشەکییەکانی ئەو وڵاتەش لەخۆ بگرێت، بەڵام کۆماری ئیسلامیی تا ئێستا ئەوەی ڕەتکردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە هەرگیز گفتوگۆ لەسەر مووشەکەکانی ناکات و درێژە بە چالاکییەکانی خۆی لەو بوارەدا دەدات. ئەو وڵاتە زۆرێک لەو مووشەکانەی لەژێر زەویی و لەناو تونێلەکاندا حەشار داوە بۆ ئەوەی هەم بە نهێنی پەرەیان پێبدات و هەم وڵاتانی دژبەر توانای هێرشی پێشدەستانەیان نەبێت، ئەوەش وایکردووە باقی وڵاتان هەرگیز لە هەڕەشەی مووشەکی تاران بێئاگا نەبن و بەدرێژایی دوو دەیەی ڕابردوو بەردەوام نیگەرانی خۆیان لەو هەڕەشەیە دەربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی گێڕانەوەیەکی جیاوازیان لە هەوڵەکانی خۆیان لەو بوارەدا هەیە و بەرهەمهێنانی هەرچی زیاتری مووشەک بە هۆکاری سەقامگیری و ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕ پێناسە دەکەن. واتە دوو گێڕانەوە لە یەک چەک لەئارادایە و هەر یەک بەڵگەی جیاواز دەخەنە بەردەست.
یەک چەک و دوو گێڕانەوە: هێرشبەرانە و بەرگریکارانە
زۆرێک لە وڵاتان لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەردەوام نیگەرانیی خۆیان لە چالاکییە مووشەکییەکەی ئێران دەربڕیوە. وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداو، ڕایانگەیاندووە مووشەکەکانی ئێران دەبنە هۆی چڕبوونەوەی ڕەوتی کێبڕکێی چەکوچۆڵ[32]، چونکە کۆماری ئیسلامیی ویستی دوژمنکارانەی هەیە و مووشەکەکان ئاسایشی نیشتمانی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە. بەکردەوەش ئەو وڵاتانە لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە بە کڕینی چەک و کەلوپەلی سەربازی و مووشەک و دامەزراندنی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی بە هاریکاری ئەمریکا هاوسەنگی سەربازی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی بپارزێن, یاخود لانیکەم کەلێنی هێزیان لەگەڵ ئەو وڵاتە کەم بکەنەوە.[33] تەنانەت دەکرێت بڵێین نزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبیی لە ئیسرائیل و سڕینەوەی گرژی و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە تا ڕادەیەکی زۆر بە هۆی هەستکردن بە مەترسی و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایش بەردەوام ڕایگەیاندووە سیاسەتی مووشەکیی ئێران هەڕەشەیە بۆسەر هاوپەیمانانی واشنتۆن لە ناوچەکە و ناسەقامگیرکردنی زیاتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکدانی ئاسایشی نێونەتەوەیی. بۆ نموونە، کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٩ باراک ئۆباما سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا پلانی یەکپارچەیی سیستەمی بەرگریی دژەمووشەکی[34] لە ئەوروپا ڕاگەیاند، ئاماژەی کرد بە هەڕەشەی مووشەکی ئێران وەکو سەرەکیترین هۆکاری دامەزراندنی ئەو سیستەمانە. ئۆباما وتی، بەپێی زانیارییەکانی دامودەزگا هەواڵگرییەکانمان هەڕەشەی مووشەکی بۆسەر ئەوروپا جدییە. دوای ئەوە، ئیڤۆ دالدێر (Ivo daalder) نێردەی ئەمریکا لە ڕێکخراوی ناتۆ ئەو ڕوانگەیەی ئۆبامای سەبارەت بە هەڕەشەی مووشەکی ئێران بۆ وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دووپاتکردەوە و جەختی کردەوە کە ئەمریکا لەو بابەتە نیگەرانە. دالدێر گوتی “ئێمە ئێستا لەوە ئاگادارین کە ئێران سەرقاڵی بەرهەمهێنانی سەدان مووشەکی بالستیکە و مەترسی بۆ سەر دراوسێکانی دروستدەکات، گوتیشی ئێران چالاکانە سەرقاڵی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی مووشەکە بالستیکەکانە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هێرش بکاتە سەر ئەوروپا”.[35]
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لە ساڵی٢٠١٠ دەقی توێژینەوەیەکی لەژێر ناوی “پێداچوونەوەی بەرگەریی دژە مووشەکی”(Ballistic Missile Defense Review) بڵاوکردەوە کە باسی لەوە دەکرد کە بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکانی ئێران مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ ناوچە و هەروەها مەترسییەکی شاراوەیە بۆ ئەمریکا. ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی کردبوو کە ئێران هەوڵی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی جۆرە مووشەکێک دەدات کە بتوانێت ئەوروپا بکاتە ئامانج. باسی لەوەش کردبوو کە جۆرە جیاوازەکانی مووشەکی شەهاب و باقی موشەکەکانی کۆماری ئیسلامیی کە نزیکەی ٢٠٠٠ کم دەبڕن، جێگای نیگەرانین. جەختیشی لەوە کردبووەوە کە پەرپرسانی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەو مووشەکانەیان لەبەردەستە و دەتوانن وڵاتانێکی وەکو تورکیا، یۆنان، بولگاریا و ڕۆمانی بکەنە ئامانج. ئاماژە بەوەش کرابوو کە کۆماری ئیسلامیی سەرقاڵی پەرەپێدان بە جۆرێک مووشەکی دوورهاوێژە کە بتوانێت هەڕەشە بۆ ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمریکا دروستبکات.[36]
مایکل تی فلین، سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤ هۆشداری دا کە “ئێران توانای هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئامانجەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات هەیە…مووشەکە بالستیکەکانی ئێران هەڕەشەیەکی جدی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژاوا (تورکیا، ئیسرائیل و میسر) تا باشوور (سعودیا و باقی وڵاتانی ناوچەی کەنداو) و تا ڕۆژهەڵات (ئەفغانستان و پاکستان) بە هەژمار دێن.[37]
هەروەها لە ڕاپۆرتێکدا کە چەندین پێشنیاری ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کەڵکوەرگرتن لە سیستەمێکی دژە مووشەکی هەمەلایەنەتر کردبوو، ئاماژە بەو خاڵە کراوە کە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ناتوانێت هۆکارێک بێت بۆ کۆتاییهاتنی هەڕەشەی مووشەکی ئەو وڵاتە. بۆیە پێشنیار بە دۆناڵد ترەمپ کرابوو لەو بارەوە هەنگاوی پێویست بنێت.[38]
لە دوایین کاردانەوەدا، دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی “خەیبەرشکەن” لە چل و سێیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی لە ڕۆژی ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، جۆن کربی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن ڕایگەیاند، ئێمە [ئەمریکا] ئاگادارین پلانی مووشەکی ئێران چ مەترسییەکی بۆسەر ناوچە هەیە، بۆیە بە جدی لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆمان لە ناوچە کار دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەرەنگاری ئەو مەترسیانە ببینەوە و لەوە دڵنیا ببینەوە کە هاوپەیمانانمان لە ناوچەکە توانای بەرگریکردن لە خۆیان دەبێت. جالینا پورتر جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند، پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی مووشەکە بالستیکەکانی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نێونەتەوەیی و تەحەدایەکی گەورەیە بۆسەر پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی مووشەکەکان.[39]
وڵاتانی ئەوروپاش توانای مووشەکی تاران بە مەترسییەک بۆ سەر خۆیان دادەنێن. لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ناتۆ لە ستراسبۆرگ لە ساڵی ٢٠٠٩ هاتبوو کە ئەوان نیگەرانیی جدییان هەیە سەبارەت بە پلانی مووشەکی و ئەتۆمی ئێران. هەروەها زۆرینەی ئەندامانی ناتۆ کە لە کۆبوونەوەی لیسبۆن لە ساڵی ٢٠١٠ بەمەبەستی بڕیاردان سەبارەت بە سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئەوروپا کۆ ببوونەوە، جەختیان لەسەر هەڕەشەی مووشەکی ئێران کردەوە.
وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لە لایەکەوە نیگەرانی هاوکارییەکانی ئێران و باقی وڵاتانن لە بواری چالاکی مووشەکیدا، لەلایەکی تریشەوە نیگەرانی ڕادەستکردنی مووشەکی زیاتر لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوەن بە گروپە میلیشیاکان[40]. جگە لەوەش، هاوکاتبوونی چالاکییە مووشەکی و ئەتۆمییەکان، ئەو وڵاتانەی نیگەران کردووە کە ئەو مووشەکانە لە داهاتوودا بۆ هەڵگرتنی کڵاوکەی ئەتۆمی بەکار بهێنرێن. لە ڕاستیدا ئێران تاقە وڵاتێکی نائەتۆمییە کە مووشەکی زیاتر لە ٢٠٠٠ کیلۆمەتری بەرهەمهێناوە. ئەوەش وایکردووە باقی وڵاتان زیاتر بەدگومان بن، بەتایبەت ئەمریکییەکان بەردەوام پلانی مووشەکی ئێرانیان گرێ داوەتەوە بە پلانی ئەتۆمی ئەو وڵاتەوە و دەڵێن، ئەو هەڕەشانە لە داهاتوودا گەورەتر و مەترسیدارتریش دەبن، چونکە تاران لە ڕابردوودا هەندێ چالاکی ئەنجامداوە کە بوونەتە هۆی نیگەرانی، ئەگەر بتوانێت تەکنۆلۆژیای مووشەکی کیشوەربڕ بەدەست بهێنێت و توانای بەئامانجگرتنی یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکای بێت، دەتوانێت گوشار بخاتە سەر واشنتۆن و هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە. بەم چەشنە دەکرێت بڵێین زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئەوروپا و واشنتۆن هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی مووشەکی زیاتر بە هەڕەشە و مەترسییەک لەسەر ئاسایشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی جیهانی دادەنێن.
بەڵام بەو جۆرەی پێشتر ئاماژەم دا، گێڕانەوەی کۆماری ئیسلامیی بە شێوازێکی ترە. واتە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە نکۆڵی لە هەوڵەکانی خۆیان لەو بوارەدا ناکەن و بەردەوام لە لێدوانەکانیاندا باسی تاقیکردنەوەی سەرکەوتووانەی مووشەکە جیاجیاکان دەکەن و بە ئاشکرا ڕایدەگەیێنن کە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی مووشەکییان هەیە، بەڵام دەڵێن هەموو ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی سیاسەتی بەرپەرچدانەوەی بەرگریکارانەدان. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی بە ئاماژەدان بە بەرپەرچدانەوەی بەرگریکارانە هەوڵیانداوە ڕەوایی بە هەموو هەوڵەکانی خۆیان لە بواری مووشەکیدا بدەن و بە کەرەسەی تۆڵەکردنەوە بیانناسێنن. بۆ نموونە لەو بارەوە محمەد عەلی جەعفەری وەزیری پێشووی بەرگری ئێران سەبارەت بە بەرهەمهێنانی مووشەکی شەهابی ٣ دەڵێت: “ئێمە خۆمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گورزی یەکەم ئامادە کردووە بۆ ئەوەی کەمترین خەسارمان پێ بگات، سەرەڕای ئەوە، خۆمان ئامادەی وەشاندنی گورزی دووەمیش کردووە کە دەتوانێت تۆڵەیەکی توند بێت لە هێرشبەر و ڕێگری بکات لە هێرشی سێیەم بۆ سەر ئێمە”.[41] بۆیە بەرهەمهێنانی مووشەک وەکو پێویستییەکی بەرگریکارانە سەیردەکرێت و تەنانەت لە پلانە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتەدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە، لە دەقی سیاسەتە گشتییەکانی بەرنامەی شەشەمی گەشەی ئێران جەخت لەسەر “گەشەپێدان بە توانای مووشەکی” کراوەتەوە.[42]
بەڵام سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باقی جیهان دەرخەری ئەوەن، کە سیاسەتی مووشەکی بەشێکە لە ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانەی ئەو وڵاتە و مووشەک خزمەتی سیاسەتی دەستێوەردانەکانی بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. واتە خاوەندارێتی جبەخانەیەکی گەورەی مووشەکی وایکردووە کە کۆماری ئیسلامیی تا ڕادەیەک بە دڵنیایی و بەبێ نیگەرانی لە تۆڵەکردنەوە، لە کاروباری وڵاتانی جۆراوجۆری ناوچە تەنانەت هەندێکجار دەستێوەردانی سەربازی بکات. ئەمە بەو واتایە دێت کە ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامیی نەک بەرگریکارانە و سەقامدەر نییە، بەڵکو ئاسانکاریی بۆ سیاسەتی پەلاماردەرانەی ئەو وڵاتە دەکات و بووەتە هۆی ناسەقامگیری زیاتری ناوچەکە. لە درێژەدا بە شێوەیەکی وردتر باسی ئەم بابەتە دەکەین.
بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانە
ئامانجی سەرەکی بەرپەرچدانەوەی بەرگریکارانە بریتییە لە پاراستنی یەکپارچەیی و سنوورەکانی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی دوژمن لەسەر سنوورەکان، لە کاتێکدا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانەدا هەوڵدەدرێت گۆڕەپانی ململانێ و گۆڕەپانی شەڕ بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکان. لەم چوارچێوەیەدا وڵاتی جێبەجێکەر تەنانەت دەتوانێت پەلاماری باقی وڵاتان و ئەکتەرەکان بدات. بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامیی بە ئاشکرا لەگەڵ ئەم مۆدیلە یەک دەگرێتەوە. مووشەکەکانیشی یارمەتی سیاسەتە پەلاماردەرانە و دەستێوەردەرانەکانی ئەو وڵاتە دەدەن.
هەر لە دوای شەڕی ئێران- عێراقەوە، مووشەکەکان پێگەیەکی سەرەکییان هەبووە لە ستراتیژ و سیاسەتی گشتی ئەو وڵاتەدا و، مووشەک یارمەتیدەر بووە بۆ دەستێوەردانەکانی تاران لە ناوچەکە و بەهێزکردنەوەی گروپە میلیشیاکان و چالاکییەکانیان و تۆقاندنی لایەنی بەرامبەر و ڕێگریکردن لە کاردانەوەی توندی ڕکابەران.[43] کۆماری ئیسلامیی بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە ئەگەر نەتوانێت لە ڕێگای بەکارهێنانی دیپلۆماسی یاخود لە ڕێگای هەڕەشە و گوشارەوە ئامانجەکانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکان دابین بکات، ئامادەیە لە ئەگەری ڕەخسانی هەل و دەرفەت بە شێوازی جۆراوجۆر لەو وڵاتانەدا دەستێوەردان بکات.
بەرپرسانی تاران ڕایان وایە لە ئەگەری هەر جۆرە دەستێوەردانێك و تەنانەت دەستێوەردانی سەربازی، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی گروپە میلیشیاکانی سەر بە تارانەوە، مووشەکەکانیان قازانجی فراوانیان دەبێت و لەسەر کاردانەوەی لایەنی بەرامبەر بە شیوەیەکی جدی کاریگەری دادەنێن. ئەوە وا دەکات کۆماری ئیسلامیی پێداگرانە درێژە بەو سیاسەتانە بدات کە زۆرجار بوونەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە. ئەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و ئاستی توانای مووشەکی ئەو وڵاتە بە شێوەی هاوکات و هاوتەریب لە هەڵکشاندا بوون بەهەڵکەوت نییە، بەڵکو بە واتای پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیە لە نێوان بەرزبوونەوەی ڕێژەی مووشەکەکان و فراوانبوونی ڕێژەی دەستێوەردانەکان. هەرچی ژمارەی مووشەکەکان زیاتر بێت، کۆماری ئیسلامیی ئەرخەیانترە لەوەی دوای هەوڵە تێکدەرانەکانی هیچ تۆڵەیەکی لێ ناکرێتەوە. هەندێکەس لەناوخۆی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن مووشەک بووەتە هۆی ئەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکان پەرەبستنێت و توانای گورز وەشاندنی هێزەکانی ئێران بەرزتر بووەتەوە، ئەوە بە ئاشکرا ئاماژەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانە.[44]
کۆماری ئیسلامیی لە کاتێکدا باس لە ئامانجی بەرگریکارانەی بەرهەمهێنانی مووشەک دەکات کە لە ڕێگای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە کە لە بنەڕەتدا بەمەبەستی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان لە دەرەوەی سنوورەکان دامەزراوە، جگە لە یارمەتی ئابووری و دارایی ژمارەیەکی زۆر مووشەکی ڕادەستی هاوپەیمانان و میلیشیاکانی سەر بەخۆی، لەوانە حزبوڵا، جیهادی ئیسلامی، حەماس، تاڵیبان، حوسییەکان و حەشدی شەعبی لە وڵاتانی لوبنان، سوریا، فەلەستین، ئەفغانستان، یەمەن و عێراق کردووە.[45] ئەوانە ئەو گروپانەن کە بەردەوام لە ناوچەکە ئاژاوە دەنێنەوە. کەوا بێت، بەو جۆرەی ئۆلسۆن ئاماژە دەکات، پاڵپشتی تاران لە تیرۆریستانی ناوچەکە و هاوکات پەرەپێدان بە مووشەکەکانی لەگەڵ لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە سیاسەتی بەرگریکارانەی تاران دژبەیەکن.[46]
هێرشی مووشەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە لە ساڵی ٢٠١٨، لە کاتێکدا کە ئەو حزبانە خەباتی چەکداری خۆیان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ڕاوەستاندووە، بەرچاوترین نموونەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە مووشەکەکان لە خزمەتی ستراتیژی هێرشبەرانەدان نەک بەرگریکارانە.[47] هێرشی مووشەکی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ لە وڵاتی سعودیا نموونەیەکی ترە کە بەکەڵکوەرگرتن لە مووشەکی ئێران لە لایەن حوسییەکانەوە ئەنجامدرا.[48] سعودیا، ئەمریکا، هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێرانیان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند چەند پارچەیەکی ئەو مووشەکانە کە حوسییەکان لە دژی سعودیا کەڵکیان لێوەرگرتوون ماونەتەوە و دەری دەخەن لە ئێران بەرهەم هاتوون. سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە لە میانەی ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند چەندین مووشەکی کرووز و درۆن کە بۆ هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەفیف لە ناوەندی سعودیا و لە هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەبها لە باشووری ئەو وڵاتە کەڵکیان لێوەرگیراوە، لە ئێرانەوە ڕادەستیان کراوە.[49] ئەمە جگە لەو هێرشە بەرفراوانە نهێنی و ناڕاستەوخۆیانە کە کۆماری ئیسلامیی بە یارمەتی گروپە میلیشیاکان بۆسەر بارەگاکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و تەنانەت بۆسەر بینا و باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئەنجامیداون.
جگە لەوانە، ئەگەر کۆماری ئیسلامیی پێشتر بە هەوڵەکانی بۆ تیرۆرکردن دەناسرایەوە و زۆرجار بەو بۆنەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا گوشار و گەمارۆیان دەخستە سەر، بۆ نموونە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیلێک لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەیروت لە ساڵی ١٩٨٤، تیرۆری عەبدوڕەحمان قاسملو ڕابەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ١٩٨٩ بەمەبەستی لاوازکردنی ئەو حزبە، تیرۆری بەختیار سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئێران لە سەردەمی محەمەد ڕەزا شا لە ساڵی ١٩٩١ لە ئەوروپا، تەقاندنەوەی ئەنجومەنی کلتووری ئیسرائیل لە بوینس ئایرس لە ساڵی ١٩٩٤، تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەیروت لە ساڵی ١٩٨٣ و هێرش بۆ سەر بورجەکانی خوبەر لە سعودیا لە ساڵی ١٩٩٦ نموونەی ئەو تیرۆرانەن کە کۆماری ئیسلامیی تۆمەتبار کراوە دەستی هەبووە لە ئەنجامدانیان[50]، بەڵام لە ئێستادا ئەو وڵاتە لە جیاتی ئەوەی کاتی خۆی بۆ داڕشتنی پلانی تیرۆر تەرخان بکات کە ئەگەری شکستیشی لە ئارادایە، لە ڕێگای ڕادەستکردنی مووشەک بە گروپە میلیشیاکان دەتوانێت هەم زیانێکی گەورەتر لە لایەنی بەرامبەر بدات و هەم ورەیان دابەزێنێت.[51] هەندێک کەس لە ئێران باس لەوە دەکەن کە مووشەکەکانی وڵاتەکەیان لەبەرئەوەی کە دەتوانن قووڵایی خاکی دوژمن و هەندێ شوێنی ستراتیژیک وەکو بەندەرەکان و ناوەندەکانی کۆبوونەوەی هێزەکان بکەنە ئامانج، هەروەها لەبەرئەوەی کە ڕکابەرەکانی ئێران ناتوانن وەڵامی ئەو هێرشانە بدەنەوە، وا دەکات ورەی ئێرانییەکان بەرز ببێتەوە و بەپێچەوانەوە دەسەڵاتدارانی وڵاتی ڕکابەر ڕەوایی و شەرعیەتی خۆیان لەناو جەماوەری خۆیان لەدەست بدەن.[52]
مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامیی بەشێوەیەکی تریش بوونەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، ئەویش پەرەپێدان بە کێبڕکێی چەکوچۆڵە. لەبەرئەوەی وڵاتانی ناوچە هەرگیز بڕوایان بە لێدوانەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی سەبارەت بە ویستی بەرگریکارانە نییە و هەرگیز ناتوانن لەوە دڵنیا بن کە تاران لە داهاتوودا ئەو مووشەکانە بە شێوەیەکی هێرشبەرانە و لە دژی ئەوان بەکارناهێنێت، بۆیە ئەوایش هەوڵی دابینکردنی جبەخانەیەکی مووشەکی لە ڕێگای کڕینی مووشەک لە وڵاتانی تر یاخود کڕین و دامەزراندنی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی بە هاریکاری وڵاتانی زلهێز دەدەن.[53] بۆ نموونە وڵاتانی بەحرەین، قەتەر و کوەیت پێشتر چەندین جۆری جیاوازی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی، لەوانەی سیستەمی دژە مووشەکی پاتریوتیان جێگیر کرد، ئەوەش دووبارە وا دەکات کۆماری ئیسلامیی هەوڵی بەرهەمهێنانی جۆرە مووشەکێک بدات کە ئەو سیستەمانە پووچەڵ بکاتەوە یاخود بتوانێ لەو سیستەمانە تێپەڕێت. ئەو دۆخە بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام دەبێت و یەکێکە لە هۆکارەکانی ناسەقامگیری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و چڕبوونەوەی ململانێ و ناکۆکییەکان و دەتوانێت لە درێژخایەندا زەمینە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ فەراهەم بکات.
بەم چەشنە، دەکرێت بڵێین ڕاستە کە مووشەک بڕبڕەی پشتی ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامییە[54]، بەڵام نەک بەرپەرچدانەوەیەکی بەرگریکارانە کە سەقامگیری ناوچەی لێبکەوێتەوە، بەڵکو بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانە لە ئاڕاستەی ئاسانکاریی بۆ دەستێوەردانەکانی خۆی بەتایبەت لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و دەستپێشخەری لە گورزوەشاندن لە ڕکابەران و نەیارانی.
ئەنجام
دوابەدوای کۆتایهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران- عێراق، کۆماری ئیسلامیی پلانێکی توکمەی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە مووشەک دەستپێکرد و بە چڕی هەوڵیدا توانای خۆی لەو بوارەدا بەرز بکاتەوە و سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا خاوەن جبەخانەیەکی زەبەلاحی جۆرە جیاوازەکانی مووشەکی دوورهاوێژ و نێوانهاوێژە، بەڵام هەوڵەکانی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە مووشەکی بەهێزتر و وردتر بەردەوامە. ئەو هەوڵە کە هاوکاتە لەگەڵ چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران، لە ساڵانی ڕابردوودا کاردانەوەی توندی وڵاتانی ناوچە و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە، ئەوان کۆماری ئیسلامیی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵەکانی بۆ بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی مووشەک بووەتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها لە دیدی ئەوانەوە ئەو هەوڵانە لە داهاتوودا ئاسایشی نێونەتەوەیی دەخەنە مەترسییەوە. لەبەرامبەردا کۆماری ئیسلامیی سیاسەتی مووشەکی خۆی بە سیاسەتێکی بەرگریکارانە دادەنێت کە لە چوارچێوەی ستراتیژی بەرپەرچدانەوەدا دەبێتە هۆی سەقامگیری زیاتری ناوچەکە.
ئەگەرچی دەکرێت لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەدا خوێندنەوە بۆ پلانی مووشەکی تاران بکرێت، بەڵام ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی مووشەکی ئەو وڵاتە هێرشبەرانە و لە خزمەت سیاسەتی پەلاماردەرانە و دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکەدایە. لەڕاستیدا هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی سەبارەت بە داخستنی ڕێگاکانی گواستنەوەی وزە، دەستێوەردانی لە وڵاتانی ناوچە، ڕادەستکردنی ڕۆکێت و مووشەک بە هاوپەیمانان و میلیشیاکانی سەر بە تاران، مووشەکبارانی دامەزراوە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکانی وڵاتان و بینا و باڵوێزخانەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە تایبەت لە عێراق، هێرشی مووشەکی بۆ سەر نەیاران و لەوانە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، هەڕەشەی سڕینەوەی وڵاتێکی وەکو ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان و دامەزراندنی چەندین بنکەی سەربازی لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل لە ڕووسیا هەموویان تا ڕادەیەکی زۆر بە پشتبستن بە توانای مووشەکی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدرێن و دەرخەری ئەوەن کە ستراتیژیی مووشەکی کۆماری ئیسلامیی دەبێت لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانەدا خوێندندەوەی بۆ بکرێت.
پەراوێز و سەرچاوەکان
[1] – بەئەمنییەتیکردن (Securitization) ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەک کە تێیدا لایەنێک بە جۆرێک باس لە پرسێکی تایبەت دەکات، وەکو هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و هەبوو سەیر بکرێت و وا نیشانی بدات کە ئەو پرسە بە ڕێوشوێن و شێوازی ئاسایی چارەسەر ناکرێت و پێویستە بیر لە ڕێگاچارەیەکی خێرا و نائاسایی بکرێتەوە. بۆیە بەئەمنییەتیکردن دیاردەیەکی نێوان زەینییە و تاقە دەوڵەتێک ناتوانێت جێبەجێی بکات، بەڵکو پێویستە باقی دەوڵەتەکانیش بەو بڕوایە بگەن کە پرسێکی تایبەت، هەڕەشەی ڕاستەقینە و مەترسییە بۆسەر بەها هاوبەشەکانیان. بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەیری ئەو سەرچاوانەی خوارەوە بکەن:
-زارعي، مصطفي( ١٣٨٥). “تغيير سياست خارجي آمریکا نسبت به ایران از مهار تا تقابل”، پایان نامه براي دریافت درجه کارشناسي ارشد در ڕشته ڕوابط بين الملل دانشگاه علامه طباطبایي، دانشکده حقوق و علوم سياسي، ص ٤٦.
-Williams Michael C. (2003). “Words, Images, Enemies: Securitization and International Politics, International Studies Quarterly, University of Wales – Abe Ystwyth, NO 47, 511–531, available at: http://files.janjires.webnode.cz/200000015-c8582c9526/Michael%20Williams%20-%20Securitization%20and%20International%20Politics.pdf
-Šulović, Vladimir (2010). “Meaning of Security and Theory of Securitization”, Belgrade Centre for Security Policy, 05. October , available at: https://bezbednost.org/inc/uploads/2020/07/sulovic_2010_meaning_of_secu.pdf
هەروەها بۆ خوێندنەوەی ڕوانگەیەک کە باس لە بەئەمنییەتیکردنی پرسی مووشەکی ئێران دەکات سەیری ئەو سەرچاوە بکەن: غلامی، سعید (١٣٩٨). “دیپلماسی دفاعی جمهوری اسلامی ایران (با تاکید بر فناوری موشکی)”، مجلە سیاست دفاعی، سال بیست و هفتم، شمارە ١٠٧، تابستان، صص: ١٥٠-١٤٩.
[2] – زاراوەی بەرپەرچدانەوەم لە بەرامبەر (Deterrence) داناوە. لە ئینسکلۆپیدیای ئۆکسفۆرددا Deterrence بە واتای پرینگاندنەوە و تۆقاندن یاخود دوورخستنەوە و ڕێگریکردن، ترساندن لە شتێک، ڕێگریکردن یان قەدەغەکردنی کردەیەک لە ڕێگای ترساندنی بکەر لە ئەنجامەکانی ئەو کردەیە هاتووە. لە دەقە سیاسییە کوردییەکاندا زیاتر بەرپەرچدانەوە جێ کەوتووە. سەیری ئەو سەرچاوانە بکە:
-Oxford learners dictionaries(2022). “deterrence”, Available at: https://www.oxfordlearnersdictionaries.com/definition/english/deterrence?q=DETERRENCE
– فریدمن، همان، صص ١٦ و ٣٨
[3] – فریدمن، لارنس (١٣٨٦). بازدارندگی، مترجم فریبا پالیزی، تهران: نشر مهاجر، چاپ اول. صص ١٩-١٨.
[4] – لیتل، ڕیچارد (١٣٨٩). تحول در نظریههای موازنه قوا، مترجم: غلامعلی چگنی زاده، تهران: انتشارات موسسه فرهنگی مطالعات و تحقیقات بینالمللی ابرار معاصر، چاپ نخست، آبان ماه، ص ٢٣٥.
[5] -بەراوردی بکە لەگەڵ:
-باقری دولت آبادی، علی(١٣٩٢). “نقش بازدارندگی در ڕاهبرد نظامی ایران”، مجلە سیاست دفاعی، سال بیست و دوم، شمارە ٨٥، زمستان، صص ٣٩-٣٨.
– قیصری، نوراللە و احسان خضری (١٣٩٥). “سیاست دفاعی نظام جمهوری اسلامی ایران: بررسی اسناد کلان”، فصلنامە علمی- پژوهشی ڕهیافت انقلاب اسلامی، سال دهم، شماره ٣٧، زمستان، ص ٦٢.
– جدیدیان، محمد جواد و افسانه مرادزادە ڕامی(١٣٩٨). “بررسی وضعیت حقوقی استفادە از موشکهای بالستیک توسط ایران و انطباق آن با مقررات بین المللی”، فصلنامه بین المللی قانون یار، دورە سوم، شمارە یازدهم، پاییز، ص ٢٢٢.
[6] – بە گێڕانەوە لە:
Steff, Reuben (2011). Global Missile Defense Agent of Disorder or New Co-operative Mission?, 61st PAS Annual Conference, London, England, Department of Political Studies University of Otago, April,pp:1-33, p: 4.
[7] – هەڵبەت ئاماژە بە چەندین جۆری تری بەرپەرچدانەوە دەکرێت، بۆ نموونە دەکرێت بەرپەرچدانەوە بەمەبەستی پاراستنی بەرژوەندییە سەرەکییەکانی وڵاتی جێبەجێکەر بێت کە پێی دەگوترێت بەرپرچدانەوەی ناوەندی یاخود مەبەست پاراستنی هاوپەیمانان بێت کە پێی دەگوترێت بەرپەرچدانەوەی بەربڵاو. سەیری ئەو سەرچاوانە بکەن: Stef, ibid و
-منیری کامل و ڕسول میرزاخانی سیلاب (١٣٩٩). “بررسی تحلیلی سامانە دفاع هوایی S-300PMU-2 در دکترین نظامی جمهوری اسلامی ایران با ڕویکرد بازدارندگی”، فصلنامه علمی مطالعات ڕاهبردی سیاست گذاری عمومی، دورە ١٠، شمارە ٣٧، زمستان، ص ٣٦٥
[8] – سەیری ئەو سەرچاوانە بکە:
-باقری دولت آبادی، همان، صص ٤٠-٣٩
– صالحی، سید جواد و عباس فرح بخش (١٣٩٥). “پایگاه سازی نظامی در غرب آسیا (خاورمیانە) و بازدارندگی جمهوری اسلامی ایران”، مجلە سیاست دفاعی، سال بیست و چهارم، شمارە ٩٦، پاییز، صص ٤٥-٤٣.
-ارغوانی پیر سلامی، فریبرز و سحر پیرانخوا (١٣٩٦). “تحول فناوری موشکی و ڕاهبرد دفاعی- امنیتی جمهوری اسلامی ایران”، فصلنامه ڕاهبرد، سال بیست و ششم، شمارە ٨٣، ص ٥٤.
– گلشنی، علیرضا و محسن باقری (١٣٩١). “جایگاه حزب اللە در استراتژی بازدارندگی جمهوری اسلامی ایران”، فصلنامه تحقیقات سیاسی و بین المللی، دانشگاه آزاد اسلامی واحد شهرضا، شمارە یازدهم، تابستان، ص ١٣٣.
– سجادی، سید محسن و اصغر حاتمی (١٣٩٨). “بازدارندگی موشکی به مثابه ڕاهبرد امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران”، دانش تفسیر سیاسی، سال اول، شماره، پاییز، صص ٨٥-٨٢.
[9] – بۆ ڕوانگەیەکی هاوچەشن بڕوانە: باقری دولت آبادی، همان، ص ٣٩ و سجادی، همان، ص ٨٢.
[10] – قیصری و خضری، همان، ص ٦٢ و سجادی، همان، ص ٨٧.
[11] -گلشنی، همان، ص ١٣٥
[12] – بەپێی لێدوانی غولامڕەزا سولەیمانی سەرۆکی ڕێکخراوی بەسیجی موستەزعەفینی ئێران تا ئێستا ٩٨٢ بنکەی سایبەری لە شارەکان و ٢٥٠٠ بنکە لە تاران دامەزروان. بڕوانە: ایندپندنت فارسی (٢٤/٠٨/١٤٠٠). “راهاندازی ۳۵۰۰ گردان سایبری در سازمان بسیج مستضعفین”، قابل دسترس در: https://www.independentpersian.com/node/192416/
[13] -“چشم انداز جمهوري اسلامي ايران در افق 1404 هجري شمسی” (٢٥/٠٢/٢٠٢٢)، قابل دسترس در: http://www.yu.ac.ir/uploads/Sanad%20Cheshmandaz_971.pdf
[14] -بە گێڕانەوە لە: باقری دولت آبادی، همان، ص ٤٤
[15] – بە گێڕانەوە لە:
Olson, Erik A (20/02/2020). Iran’s Path Dependent Military Doctrine, Strategic Studies Quarterly, Summer, p: 69, Available at: https://www.jstor.org/stable/pdf/26271505.pdf
[16] – خامنه ای، علی (۱۳۹۶/۰۲/۲۰). “بیانات در دانشگاه افسری و تربیت پاسداری امام حسین”، قابل دسترس در: https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=36490
[17] – خامنەای، علی (۱۳۹۸/۰۱/۰۱). “سخنرانی در اجتماع زائران و مجاوران حرم مطهر ڕضوی”، قابل دسترس در: https://farsi.khamenei.ir/news-content?id=42052
[18] -بۆ نموونە بەراوردی بکەن لەگەڵ:
-باقری دولت آبادی، همان، صص ٤٣ – ٨٢
-Eisenstadt, Michael (2016). “The Role of Missiles in Iran’s Military Strategy”, Research notes, Washington Institute for Near East Policy, NO. 39, November, p: 2.
[19] – بڕوانە: ارغوانی پیر سلامی و سحر پیرانخوا، همان، ص ٥٩ ، غلامی، همان، ص ١٤٢ ، Olson, ibid, p: 69 ، سجادی، همان، ص ٩٣ و هەروەها بەرواردی بکە لەگەڵ ئەو سەرچاوە: دهقانی فیروزآبادی، سید جلال و مجتبی عزیزی بساطی (١٣٩٨). “توانمندی موشکی در سیاست دفاعی جمهوری اسلامی ایران در غرب آسیا”، فصلنامه سیاست دفاعی، سال بیست و ششم، شمارە ١٠٣، تابستان، صص ٨٩ و ١١١ و ١١٥
[20] – بۆ نموونەیەک بڕوانە: جدیدیان و مرادزادە ڕامی، همان، ص ٢٢٨.
[21] – هاشمی ڕەفسەنجانی وێرای ئاماژەکردن بە توانای مووشەک بۆ ڕێگریکردن لە سەدام لە هێرشکردن بۆ سەر شارەکان دەڵێت: “ئێمە لەو شەڕەدا ئەزموونی زۆرمان بەدەستهێنا… زۆر تەکنیک فێربووین. ئەزموونی زۆرمان لە بواری چەکەکاندا بەدەستهێنا. تێگەیشتین چ جۆرە چەکێک کاریگەرترە… توانای بەرهەمهێنانی گرنگترین و سەرەکیترین چەکی ئەم سەردەمەمان بەدەستهێنا. لە ئێستادا مووشەکەکان گرنگترین چەکن و ئێمە سەرەکیترین کێشەکانی پیشەسازیی مووشەکمان چارەسەر کرد. ئێستا تەنیا بیر لەوە دەکەینەوە کە چی و چەندە بەرهەم بێنێن”. بە گێڕانەوە لە: باقری دولت آبادی، همان، صص ٧٤ و ٧٥ و قیصری و خضری، همان، ص ٦٨.
[22] – سەیری ئەو سەرچاوانە بکە: Eisenstadt, ibid, p: 1 ، Olson, ibid, p: 74-73 ، جدیدیان، همان، ص ٢٤، دهقانی فیروزآبادی و عزیزی بساطی، همان، صص ١٠٥-١٠٤ و خیام دار، مجید (٣/٤/١٣٩٩). “برنامە موشکی ایران، دفاع ملی یا تهدید بین المللی”، سایت بی بی سی فارسی، قابل دسترس در: https://www.bbc.com/persian/extra/tVNeMM1LJR/iran_missile_program#sfhh-ol-3bOrgWLILA
[23] -باقری دولت آبادی، همان، ص ٧٤
[24] – مووشەکەکان بەپێی ئەوەی کە چەند کیلۆمەتر دەبڕن بۆ سێ دەستە دابەش دەبن: کۆرتهاوێژ (کەمتر لە ١٠٠٠ کم)، نێوانهاوێژ (لە ١٠٠٠ تا ٥٥٠٠ کم) و دوورهاوێژ (زیاتر لە ٥٥٠٠ کم). بەم پێیە ئێران هێشتا خاوەن مووشەکی دوورهاوێژ نییە، گەرچی بەرپرسانی ئێران باس لەوە دەکەن کە مووشەکەکانیان دوورهاوێژە و دان بەو پێوەرە جیهانییەدا نانێن. هەڵبەت هەندێ لە شارەزایانیش باس لەوە دەکەن کە ئێران هەر کات بیەوێت دەتوانێت مووشەکی دوورهاوێژ تاقیبکاتەوە. بڕوانە ئەو سەرچاوانە: خیام دار، همان ، و ارغوانی پیر سلامی و سحر پیرانخوا، همان، صص ٦١ و ٦٤ ، غلامی، همان، ص ١٤٤، دهقانی فیروزآبادی و عزیزی بساطی، همان، ص ١١٧.
[25] – سەرەتا لە کاتی شەڕی ئێران عێراقدا، ئێران بە یارمەتی چین دەستی بە ڕۆکێتەکانی فەجر، نازعات و زلزال گەیشت. دوای شەڕ ئێران هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ کۆریای باکوور لە بواری مووشەکیدا پەرەپێدا. هەندێ سەرچاوەش ئاماژە بە ڕادەستکردنی تەکنۆلۆژیای بەرهەمهێنانی مووشەک لە لایەن ڕووسیاوە بە تاران دەکەن. بڕوانە: ارغوانی پیر سلامی و سحر پیرانخوا، همان، صص ٦١ و ٦٣ ، Olson, ibid, p: 77-74 و
-Katzman, Kenneth (2021), “Iran’s Foreign and Defense Policies, Congressional Research Service, Prepared for members and Committees of congress, Updated January 11, p: 43.
– Pullinger, Stephan etal (a 2007). Missile Defense And European Security, Published by European Parliament’s Subcommittee on Security and Defence, 12 November, p: 10, Available ate: https://www.europarl.europa.eu/RegData/etudes/etudes/join/2007/385524/IPOL-SEDE_ET(2007)385524_EN.pdf
[26] – زانیارییەکان سەبارەت بەو مووشەکانە لەو سەرچاوانەی خوارەوە وەرگیراون:
-باقری دولت آبادی، همان، صص ٤٨، ٤٩، ٨٠
-خیام دار، همان
– ناخول، ساميا (١٣٨٦). “توان نظامي ايران از ديدگاه غربيها”، به نقل از: مجله هوايي، يکشنبه 20 آبان، برگرفته از https://air-mag.blogsky.com/print/post-1009
-پورآخونــدی، نــادر (١٣٩٢). ڕاهبرد توســعه موشــکی جمهــوری اسلامی ایــران”، پژوهشنامه دفاع مقدس ، سال دوم، شماره هشتم، صص ٤٩، ١٧٤
– Eisenstadt, ibid, pp: 2, 3, 6,
– Thranert, Oliver (2010). “NATO and Missile Defence: Opportunities and Open Questions”, Center for Security studies, Analysis in Security Policy, NO. 86, December, p: 2.
Carnegie Endowment for International Peace (2002). ’Ballistic Missile Capabilities In the Middle East’, April 26, p: 2, Available ate:http://www.carnegieendowment.org/publications/index.cfm?fa=view&id=11802&prog=zgp&proj=zme,znpp
Kaszynski, Mry and Daniel Painter (2012). “U. S Missile Defense and European Security”, Perspective, June 25, American Security Project, p: 3, available at: http://www.americansecurityproject.org/inc/uploads/2013/05/Ref-0063-U.S-Missile-Defense-and-European-Security.pdf
– Schmidt, Oliver (2008). “Assessing the Reasons for a U. S Ballistic Missile Defense”, Düsseldorf Institute for Foreign and Security Policy, DIAS-Analysis, NO 35, November, p:8, available at: http://www.diasonline.org/fileadmin/templates/downloads/DIAS_AnalysenAnalyse35.pdf
– Pullinger & et al, ibid, p: p: 10
-Misher, Kimberly (2012). “way Obama is Right on Missile Defense- What’s Next?”, CARNEGIE, Empowerment for International Peace, Policy Outlook, p: 3, Available at: https://carnegieendowment.org/files/misher_missile_defense.pdf
[27] -سەیری ئەو سەرچاوانە بکە:
-فواد حەقیقی (01-01-2022). “ئێران جارێکی دیکە لە جێگیرکردنی مانگی دەستکرد لە بۆشایی ئاسمان سەرکەوتوو نەبوو”، تۆڕی میدیایی ڕووداو، لەو لینکەدا لەبەردەستە:
https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iran/01012022
– Eisenstadt, ibid, p: 3.
[28] – لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ زاینی، دوای دوو تاقیکردنەوەی ناسەرکەوتووانەی هاویشتنی مانگی دەستکرد لە ئێران لە ماوەی یەک مانگدا، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز باسی لە وەگەڕخستنەوەی پلانێکی نهێنی ئەمریکا بۆ لەباربردنی مووشەکە بالستیکەکان و مووشەکەکانی هەڵگری مانگی دەستکردی ئێرانی کرد. ئەو ڕۆژنامەیە بە گێڕانەوە لە چەند بەرپرسێکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵەکانی بۆ تێکدانی پلانی مووشەکی ئێران چڕتر کردووەتەوە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە لە ١١ ساڵی ڕابردوودا ٦٧% پلانەکانی ئێران بۆ هاویشتنی مانگی دەستکرد بۆ خوولگەی زەویی شکستیان هێناوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە تێکڕای نرخی جیهانی شکستهێنان لە هاویشتن تەنیا ٥%ه. شەش مانگ دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مانگی دەستکرد لە بنکەی ئاسمانی شاری سمنان تەقییەوە. بڕوانە: خیام دار، همان.
[29] -بۆ نموونە سەیری ئەو سەرچاوانە بکەن: خیام دار، همان ، ارغوانی پیر سلامی و سحر پیرانخوا، همان، ص ٦٣ ، جدیدیان، همان، ص ٢٣٥ ، دهقانی فیروزآبادی و عزیزی بساطی، همان، ص ١٠٨ ، Katzman, ibid, p: 9 ، Olson, ibid, p: 63 و هەروەها ئەو سەرچاوە خوارەوە:
Kay, Sean (2012). “NATO’ Missile Defender-Realigning Collective Defense for the 21st Century”, PERCEPTIONS, Spring, Volume XVII, Number 1, p: 39.
[30] -Olson, ibid, p: 69
[31] – سەیری ئەو سەرچاوانە بکە: Katzman, ibid, p: 9 و Eisenstadt, ibid, p: 6
[32] -کێبڕکێی چەکوچوڵ (Arms race) بە واتای کێبڕکێی نێوان دوو یاخود چەند وڵات بۆ بەدەستهێنانی چەکی فراوانتر دێت. پرۆسەکە بەشێوەی کردە-کاردانەوەیە، واتە خۆپڕچەککردنی وڵاتێک خۆپڕچەککردنی باقی وڵاتان بەدوای خۆیدا دێنێت و ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت. بڕوانە: ایوانز، گراهام و جفری نونام. (1381). فرهنگ ڕوابط بینالملل، مترجمان حمیرا مشیرزاده و حسین شریفی، تهران: نشر میزان، چاپ اول، تابستان، ص ٤٢.
[33] – بەراوردی بکە لەگەڵ: صالحی و فرخ بخش، همان، ص ٥٦ و خیام دار، همان.
[34] -پلانی Adaptive Phased Approach یا Aegis Sea-based لە ئەیلولی ٢٠٠٩ بۆ یەکەم جار ڕاگەیێندار و بریتییە لە پلانێک بۆ دامەزراندنی سیستەمەکانی بەرگری دژە مووشەکی بە هاریکاری ڕێکخراوی ناتۆ کە بڕیار بوو بەشێکیان لەسەر کەشتییەکان لە دەریاکان و هەندێ لە ڕادار و مووشەکەکانیش لە وڵاتانی ڕۆمانی و پۆلەند لە چوار قۆناغدا جێگیر بکرێن. بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەیری ئەو سەرچاوانە بکە:
– Goynu, Burcu. Ceren (2013). “Current Ballistic Missile Defense Program and Discussion in Turkey”, IFSH Institute Fur Friedensforschung und Sicherheitspolitik an der Universitat Hamburg,English Version, January, pp:1-5, p: 1, Available at: https://ifsh.de/file-IFAR/pdf_english/NATO%20BMD%20and%20Turkey%20-%20IFAR%20FactSheet3.pdf
– Boslika, Ruxandra. Laura (2012). “The Evolution of Missile Defense Plan from Bush to Obama: Implication for the National Security of Romania”, INCASB ULLETIN, Volume 4,Issue 2/12,pp 139-145, see: p: 141, Available at: https://bulletin.incas.ro/files/bosilca_r_l_v4_iss_2_ful.pdf
– Futter, Andrew. James.(2011). The Evolution of US Ballistic Missile Defense Debate 1989-2010, A Thesis Submitted to the University of Birmingham for the Degree of Doctor of Philosophy, Department of Political Science and International Studies, College of Social Sciences, September, See: p 231.
[35] – Janson, John. D (2010). “The Iranian Ballistic Missile Threat and a Phased, Adaptive Approach to Missile Defense for Europe”, Small Wars Journal, September 20, pp:4.
[36] -بە گێڕانەوە لە: Jonson, ibid
[37] -بە گێڕانەوە لە: قیصری و خضری، همان، ص ٧٠
[38] – Cooper, Henry. F and Pfaltezgraff (2016). “Countering the EMP Threat: The Role of Missile Defense”, Whit Paper, The Independent Working Group,The Institute for Foreign Policy Analysis,pp:13-14, Available at: http://highfrontier.org/inc/uploads/2014/06/IWGWhitePaper-2.pdf
[39] – سایت خبرگزاری جمهوری اسلامی ((٢١/١١/١٤٠٠). “هراس آمریکا از برنامه دفاع بازدارندگی ایران و واکنش به موشک خیبرشکن، کد خبر: 84645850، قابل دسترس در: https://www.irna.ir/news/84645850
[40] -سەیری ئەو سەرچاوانە بکە: خیام دار، همان و Carnegie Endowment For International Peace, ibid
[41] – بە گێڕانەوە لە: Eisenstadt, ibid, p 2
[42] – قانون برنامه پنجساله ششم توسعه اقتصادي، اجتماعي وفرهنگي، ص ٢٠، در تاریخ ٢٠/٠٢./٢٠٢٢، برگرفتە از:
[43] -بۆ ڕوانگەیەکی هاوچەشن سەیری ئەو سەرچاوەانە بکە: Eisenstadt, ibid, p 2 و خیام دار، همان.
[44] – بۆ نموونە سەیری ئەو سەرچاوەیە بکەن: ارغوانی پیر سلامی و سحر پیرانخوا، همان، صص ٦٨-٦٧ ، غلامی، همان، ص ١٤٨ و دهقانی فیروزآبادی و عزیزی بساطی، همان، ص ١٠٨.
[45] – بەگوێرەی زانیارییەکان بە تایبەت جۆرە جیاوازەکانی ڕۆکێتی فەجر کە نزیکەی ٤٥ تا ٧٥ کیلۆمەتر دەبڕن، ڕۆکێتی زلزال-١ و زلزال ٣ کە ١٢٥ تا ٣٠٠ کیلومەتر دەبڕن، ڕادەستی گروپە میلیشیاکان و بەتایبەت حزبوڵا کراون. حزبوڵا پێشتر ڕایگەیاندووە ١٥٠ هەزار ڕۆکێتی لە سووریا و ئێران وەرگرتووە (Eisenstadt,ibid: p: 6). کاتزمەن باس لە ١٣٠ هەزار دەکات (Katzman, 37).
[46] -Olson, ibid, p 69
[47] – ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانە لە ئارادایە و بەرپرسانی ئێرانیش بەردەوام هەڕەشە دەکەن، بۆ نموونە لە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢١، محەمەد پاکپوور فەرماندەی هێزە زەمینییەکان ڕایگەیاند، مووشەکەکانیان بە ڕووی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ئامادەیە کە زیاتر پەیمانی لێدانی کردەیی تێدابوو نەک بەتەنها هەڕەشە. بڕوانە: لەتیف یارئەحمەد، ژیلوان (٢٠٢١). “هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و کابینەی نوێی حکوومەتەکی ئیبراهیم ڕەئیسی”، وەرزنامەی ئێرانناسی، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، ژمارە (١)، تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، ساڵی یەکەم، ص ٩٢
[48] -Katzman, ibid, p: 9
[49] – خیام دار، همان.
[50] – بڕوانە ئەو سەرچاوانە: Katzman, ibid, p 7 و مەجیدخان، بارام (٢٠٢٢). “ئێران و ئەتۆم: دیپلۆماسیەتی ئەتۆمی ئێران”، وەرزنامەی ئێرانناسی، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، ژمارە (٢)، کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، ساڵی یەکەم، ص ٥٥
[51] -بەراوردی بکە لەگەڵ: Eisenstadt, ibid: p: 2
[52] – بۆ نموونە بڕوانە: منیری کامل و ڕسول میرزاخانی سیلاب، همان، ص ٣٧٠.
[53] -بەراوردی بکە لەگەڵ: Olson, ibid, p: 84 و Katzman, ibid, p: 24 و Eisenstadt, ibid, p: 9
[54] – سەیری ئەو سەرچاوانە بکە: Eisenstadt, ibid: p: 10 ، قیصری و خضری، همان، ص ٦٧ ، جدیدیان، همان، ص ٢٣١ و دهقانی فیروزآبادی و عزیزی بساطی، همان، ص ١١٢.ا
بۆ داگرتنی فایلی ورەزنامەی ئێرانناسی بە pdf لێرە یان لێرە کلیک بکە
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!