حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەوڵەتخوازی: ئیشتیای زۆر و ددانی کرمۆڵ

ئیشتیای زۆر و ددانی کرمۆڵ یانی چاوەڕوانی ئەوە بکەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووشمی سەربەخۆییخوازیی/ دەوڵەتخوازیی هەڵبگرن. سیاسەت مەیدانی فووتباڵ نییە هەر دروشمێ پێت خۆش بوو بیڵەیتەوە. دامەزراندنی دەوڵەت هیچ پەیوەندییەکی بە دروشمەوە نیە.

دەوڵەتخوازیی پێویستی بە چێکردنی بیرۆکە و داڕشتنی ستراتیژیی و پلان هەیە بۆ بەدیهێنانی پرۆژەیەکی جەوهەری و وەگڕخستنەوەی هێزێکی نوێ. هێزێک کە بڕوای وابێت ناکرێ ئەو دەوڵەتە دانەمەزرێت.

بەڵام ئەوەی تا ئێستا حیزبەکان کردوویانە پێچەوانە بووە: چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیە کە ناکرێ دەوڵەتی کوردیی دابمەزرێت. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە دوای سەرهەڵدانی حیزب لە کوردستاندا سەربەخۆییخوازیی لە فورمی دەوڵەتدا بەردەوام پەراوێز خراوە. بەردەوامیش وەک سەرەتا، بنەما و پاساوێک بۆ چەسپاندن و جێگیرکردنی فورمەکانی تر پەلاماری ناسیونالیزم دراوە کە ئایدیای خولقێنەری نەتەوە و دەوڵەتە. ڕێگای ئاسان و داهاتووی پرشنگدار هەمیشە لە چوارچێوەی سنوورە دەسکردەکاندا وێنا کراوە و هەموو سەختییەکان و ناممکینەکان خراونەتە پاڵ بیرۆکەی تێکدانی ئەو سنوورانە.

تێگەیشتن لە کێشە و پرسە سەرەکییەکان، پێداگری لەسەر نەتەوە و شوناسی نەتەوەیی و نەتەوەگەرایی، زەقکردنەوە و ڕوونکڕدنەوەی جیاوازییەکان لەگەڵ نەتەوەکانی تر، دانپێدانان بە بێهوودەبوونی ڕێگاچارە پێشووەکان، داڕشتنی پلان، گرتنە بەری ڕێگاچارەی نوێ بە پێشبینی وردەکارییەکان و پێداویستییەکانییەوە پێشمەرجەکانی دەوڵەتخوازین.

دەوڵەت سەرەتا خەونێکی جوانە و خەونەکان دەبنە ڕاستیی! دەوڵەت لای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەک هەر نەبووەتە خەونێکی جوان بەڵکو لە تیۆریدا زیاترین گورزیشی لێ دراوە. ئەوەی کە دەوترێ ئەندامانی حیزبەکان هەمووی دەوڵەتخوازن و ئەوە تەنیا حیزبە کە دەوڵەتی ناوێت دەکەوێتە خانەی جۆک و جەفەنگی سیاسییەوە. ئەوەی کە ئێمەش هەر دەوڵەتمان دەوێ بەڵام ئێستا پێویسە شتێکی ترمان بوێ دەکەوێتە هەمان خانەوە. ئامانجی دەوڵەتخوازی پێویستیی بە دەق، ستراتیژیی و سیاسەت و کردەوەی سەربەخۆیێخوازانەیە. فیدرالیزم یان هەر فورمێکی تریش بە هەمان شێوە. ستراتیژی بە پێی ئامانج دادەڕێژرێت و کردەوەیش ڕەنگدانەوەی ستراتیژییە.

بە کورتی، هیچ حیزبێکی ڕۆژهەڵات هەوڵی پەرەپێدان بە بیرۆکەی دەوڵەتی سەربەخۆی نەداوە، ستراتیژی و پلانی بۆ دانەڕشتووە و نەک وەک خەونێکی جوان وێنای نەکردووە بەڵکو وەک مەترسییەک و تەنانەت ناممکین نیشانی داوە و هەوڵ دراوە تەنانەت پەلاماری ناسیونالیست و دەوڵەتخوازەکانیش بدرێ. دەقە سەرەکییەکان و قورئانەکانی حیزبەکان لێوانلێون لەو پەلامارانە. پێشتر لە چوارچێوەی دەقەکاندا و ئێستا بە لێدوان: ئەوەی کە جار و بار دەوڵەتخوازەکان بە پاڵەوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەسف دەکرێن فەلسەفەکەی هەمان لێدان لە دەوڵەتخوازی و بەهێزکردنی خواستی فورمەکانی ترە. بۆیە بە بێ دانپێدانان بەو حەقیقەتە و گرتنەبەری ڕێگایەکی نوێ، داواکاری بۆ هەڵگرتنی دروشمی نوێ لە لایەن حیزبەکانەوە و هیواداربوون بە سەرکەوتنیان واتە ئیشتیای زۆر و ددانی کرمۆڵ.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *