سیاستی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر کورد
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە دەستپێکی دەسەڵاتگرتنییەوە تا ئێستا لە قۆناغە جیاجیاکاندا چەندین سیاسەتی لە ئاستی ناوخۆ و بەتایبەت لە دەرەوەی سنوورەکاندا گرتووەتە بەر کە من لێرەدا باس لە وردەکارییەکان و شێواز و ئەنجامەکانی ناکەم و وەک سەردێڕی سیاسەتەکانی ئاماژەیان پێدەکەم:
١. لە ساڵی ١٣٥٧ تا ١٣٦٠ لە سەردەمی بازرگان لە نێوخۆدا سیاسەتی “جێگیرکردنی سیستەمی” پەیڕەو کردووە و لە سیاسەتی دەرەوەدا سیاسەتی “مەسڵحەتخوازی و ڕیالیزم”ی گرتووەتە بەر. واتە بەرژوەندییە نیشتمانییەکان بەسەر بەرژەوەندییە ئیسلامییەکاندا زاڵبوون و تەنانەت هەندێ کەس وەک قۆناغی نەتەوەگەرایی لیبراڵ ناوی دەبەن کە کەسانێک وەک بەنی سەدر و کەریم سەنجابی و ئیبراهیم یەزدی کاروباری ئەو وڵاتەیان بە دەستەوە بوو.
۲. لە ساڵی ١٣٦٠ تا ١٣٦٨ لە قۆناغی سەرۆک وەزیری میر حسێن موسەویدا، لە نێوخۆدا وێرای ئەوەی درێژەی بە سیاسەتی جێگیرکردنی سیستەمەکە و پاکتاوکردنی نەیاران داوە لە دەرەوەدا سیاسەتی “ئایدیالیستی یان ئیسلامگەرایی و هەناردەکردنی شۆڕشی: گرتەبەر و هەوڵی دا بە دروشمی پاش گرتنی کەربەلا قودس و دوای گرتنی قودس مەککە دەگرین بانگەواز بۆ ئەو سیاسەتە بکات، واتە بەرژوەندییە ئیسلامییەکان بەسەر بەرژوەندییە نەتەوەییەکاندا زاڵ بوون و لە جیاتی نەتەوەی ئێران باسی ئومەتی ئیسلامی دەکرا. بە تایبەت تا ساڵی ١٣٦٥ کە توانای شەڕیان هەبوو باسی ئومەتی ئیسلامییان دەکرد و دوای ئەوە کە وڵاتانی عەرەب هەموویان هەڵوێستی دژە ئێرانیان وەرگرتوو و ئەمریکاش زیاتر دژایەتی ئێرانی کرد و توانای شەڕیان نەما باسی “ام القراء” هاتە ئاراوە و خۆیان ئامادەی پاراستنی وڵاتەکەیان و خواردنەوەی ژار کرد.
۳. لە ساڵی ١٣٦٨وە و پاش هەڵلوشانی جامی زەهر تا ساڵی ١٣٧٦ لە نێوخۆدا سیاسەتی “بنیاتنانەوەی دوای شەڕ” و لە دەرەوەدا سیاسەتی “پێکەوەگونجان لەگەڵ جیهان و بەرژوەندیخوازی و ڕیفورمی ئابووری هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی تیرۆری کەسایەتییە نەیارە ناسراوەکانی” گرتە بەر. ئەوە بە سیاسەتی ڕیالیزمی ئیسلامیش یان پراگماتیزم ناسراوەتەوە.
۴.لە ساڵی ١٣٧٦ بە هاتنی خاتەمی سیاسەتی “کرانەوەی ڕێژەیی و ڕیفورمی کۆنتڕۆڵکڕاوی فەرهەنگی-سیاسیی” لە نێوخۆ گرتە بەر و لە دەرەوەدا سیاسەتی “سڕینەوەی گرژییەکان و پەیوەندی ئاشتیخوازانە”ی تەنانەت لەگەڵ ئەمریکایش گرتە بەر. تەنانەت لە سەرەتای سەدەی ۲۱دا لەسەر پێشنیاری ئێران دروشمی گفتۆگوی شارستانییەتەکان بووە دروشمی ئەوساڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
۵. لە ساڵی ١٣٨٤ تا ١٣٩٢ واتە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نژاد لە نێوخۆدا سیاسەتی “عەداڵەتخوازی پۆپۆلیزم تەوەر” و لە دەرەوەدا سیاسەتی “یەکسانیخوازی و دژایەتی لەگەڵ سیستەمی زاڵ”ی گرتە بەر کە بە شێوازێک گەڕانەوە بوو بۆ قۆناغی دووەم کە لە سەرەوە باسی لێ کرا.
۵. لە سەردەمی حەسەن ڕۆحانیدا هەم لە نێوخۆ و هەم لە دەرەوەدا جەخت لەسەر “میانەڕەوی [اعتدال]” کراوە. چوارساڵەی یەکەمی گەڕانەوە بۆ سیاسەتی ڕەفسەنجانی و پراگماتیزم و پێکەوەگونجان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و ناوچە و چوار ساڵەی دووەمی تێکەڵاوێک لە سیاسەتی پراگماتیزمی رەفسەنجانی و یەکسانیخوازی و خۆڕاگری ئەحمەدی نژاد بووە.
دەکرێ لەسەر هەر یەکە لەو قۆناغانە لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا بە وردی باس بکرێ بەڵام ئەوەی دەمهەوێ لێرەدا ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە لەو قۆناغ جیاجیا و سیاسەتە جۆراوجۆرانەدا کۆماری ئیسلامی لە هەر شوێنێک و سەبارەت بە هەر پرسێک بووبێت ئامادە بووە کە ڕوانگە و سیاسەتەکانی بە پێی پێویست و هەڵسەنگاندن [بە چاوپۆشین لە شکست یان دەستکەوتەکانی] بگۆڕێت. تەنانەت لەگەڵ ئەمریکاش لە سیاسەتی داگیرکردنی باڵوێزخانەکەی تا سیاسەتی هاوکاریکردن لە بەرەیەکدا لە شەڕی ئەفغانستان و گواستنەوەی چەک و هێزەکانی ناتۆ لە خاکی ئێرانەوە سیاسەتەکانی گۆڕدراون. دوو لایەن کە کۆماری ئیسلامی هیچ کات ئامادە نەبووە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکانی بەرامبەریان بێنێتە ئاراوە یەکێکیان ئیسرائیل بووە [تەنانەت ئەگەر کڕینی چەک لەو وڵاتە لە سەردەمی شەڕ لەگەڵ عێراق لەبەرچاو نەگرین] و دووەم کوردی ڕۆژهەڵات و حیزبە کوردییەکان. واتە کورد لە ماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا وەک دوژمن سەیر کراوە و بە هەموو شێوازێکی نەرم [فەرهەنگی] و تواندنەوە و سەخت [سەرکوت و شەڕ] هەوڵی لە نێوبردنی دراوە. واتە کۆماری ئیسلامی هەر وەک دەسەڵاتە پێشووەکان بەرامبەر کورد خۆی یەکلایی کردووەتەوە و سیاسەتی دوژمنایەتییە و هیچی تر.
-بەڵام لە بەرانبەر ئەو سیاسەتە و ئەو ڕوانینەی کۆماری ئیسلامیدا کورد و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە: دموکراسی و کۆماریخوازی، خودموختاری، فیدرالیزم، نیمچە فیدرالیزم، برایەتی گەلان و خۆبەڕێوەبەری، ڕیفورمخوازی و …
لەو نێوەشدا هەندێ جار بەیانیە و ڕاگەیەندراو ئیمزا دەکرێ کە ئێمە بە هیچ جۆرێ دوژمن نین و پێکەوە دەژیاین و خۆش و پێشتر ئێران وڵاتێکی گوڵ و بوڵبوڵ بوو و خومەینی هات تێکی دا و خامنەیی بچێت پێکەوە دەژینەو!
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!