دژبەرانی خەباتی چەکداری و پاساوی بێ بنەمای ناهاوسەنگی هێز

دژبەرانی خەباتی چەکداری یان ئەو کەسانەی لەگەڵ شەڕی چەکداری لەگەڵ داگیرکەر نین لەوانەیە هۆکار یان پاساوی جۆراوجۆریان هەبێت، یەکێک لەو هۆکارانەی کە زۆر جار دەیڵێن و دەینووسەنەوە ئەوەیە کە هێزی “ئێمە”ی کورد(ی ڕۆژهەڵات) لەگەڵ هێزی ئەوان [داگیرکەر] هاوسەنگ نییە و بۆیە هیچ دەستکەوتێکشمان نابێ [هەڵبەت ئەمەیش کە دەسکەوتی بووە و دەیبێت یا نا خۆی جێگای باسە].

بەڵام ئەو پاساوە جۆرێکە لە هەڵەوێژی. دیارە ناهاوسەنگی هێزی کورد و داگیرکەر شتێک نییە کە ئەوان سیحریان کردبێ و تازە دۆزیبێتیانەوە و هەروەها گریمانە نییە کە ئەوان بیانهەوێ بیسەلمێنن. ناهاوسەگی کورد و داگیرکەر حەقیقەتێکی سەلماوە و بی گومان هێزی ئێمە و ئەوان ناهاوسەنگە و کورد ژێردەستەیە.

بەڵام کەڵکوەرگرتنی نابەجێ لەو حەقیقەتە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە شەڕی چەکداری هەڵەیە یان هەندێ جار بۆ پەلاماردانی خەباتی پێشمەرگە، خۆی هەڵەیەکی گەورەیە و ئەو ئیدیعایە هیچ بنەمایەکی نییە.

بە واتایەک ئەوان دەڵێن ئێمە کاتێ دەبێ [و دەتوانین] لەگەڵ داگیرکەر شەڕی چەکداری بکەین کە هێزمان هاوسەنگ بێت. باشە! پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئێمە لەگەڵ ئەوان هاوسەنگ بین چ پێویستییەکمان بە شەڕ هەیە؟ هاوسەنگی یانی ئەوەی کە ئێمەی کورد دەبێ بە ئەندازەی ئەوان یان نزیک ئەوان سوپا و سەرمایەمان هەبێ. بە کۆرتی هاوسەنگی یانی ئێمە بە ئەندازەی ئەوان فاکتەری خولقێنەری هێزمان لەبەردەستە. ئەگەر وابێ ئیتر ئێمە نە نیشتمانمان داگیر دەکرێت و نە کەس دەتوانێ هێزی بە سەرماندا بسەپێنێت.

هەر لە سەرەتاوە کورد کە دەستی بۆ چەک بردووە گریمانەی ئەوە بووە کە هێزی لەگەڵ داگیرکەر ناهاوسەنگە، شەڕی چەکداری لە پاڵ جۆرەکانی تری چالاکی پێک‌هێنەری کۆی خەباتی ڕزگاریخوازانەن. هەموو ئەو چالاکیانە بە مەبەستی پێکهێنانی هاوسەنگییەکی ڕەها یان لانیکەم ڕێژەییە لەگەڵ داگیرکەردا. ئەمە شتێکی تایبەت بە کورد نییە. کەمتر نەتەوەیەک لە جیهاندا هەیە بە بێ پێکدادان و شەڕی چەکداری لە ژێردەستەیی و لە ژێر ستەمی نەتەوەکانی تر ڕزگاری بووبێت.

ئەسقەزا ناهاوسەنگی هێزە کە کورد بەرەو شەڕی چەکداری دەبات و تەنانەت ڕەوایی بەو شەڕە دەدات. زۆربەی شەڕەکانی جیهان و شەڕ لە نێوان نەتەوەکان کاتێک هاتووەتە ئاراوە کە هەست کراوە هاوسەنگی هێز تێک دەچێت و ئەو مەترسیی ناهاوسەنگییە وای کردووە کە لایەنە لاوازەکان هەست بە مەترسی بکەن و ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو دۆخە ناهاوسەنگە بدۆزنەوە. زۆر جار ئەو ڕێگاچارەیە کەڵکوەرگرتن لە هێز و دەستپێکردنی شەڕ بووە. هەندێ جاریش پێکهێانی هاوپەیمانێتی لە دژی لایەنی بەهێزتر بووە. ئەو هەستکردنە بە ناهاوسەنگی تەنانەت لە نێو دەوڵەتەکانیشدا بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادان چ جای نەتەوەی کورد کە نیشتمانی بە تەواوەتی داگیر کراوە.

بە کۆرتی تۆ کاتێ کە ناهاوسەنگی پیویستت بە هەموو جۆرێ خەبات لە دژی داگیرکەر هەیە نەک کاتێ هاوسەنگی. کاتێ بوویتە هاوسەنگ یانی بە ئەندازەی ئەو هێزت هەیە. چونکە لە سیاسەتدا ماف لەگەڵ هێزدایە واتە بە ئەندازەی ئەویش مافت هەیە و کەوابوو لەو حاڵەتەدا هیچ پێویستییەک بە شەڕ ناکات. زۆربەی تیۆرییە بەرجەستەکان و بیرمەندانی بەناوبانگی سیاسەتی نیونەتەوەیی باس لەوە دەکەن کە هاوسەنگی باشترین و گونجاوترین مکانیزمە بۆ کۆتاییهێنان بە شەر و پێکدادان و هێنانەئارای ئاشتی لە نیوان نەتەوەکان. ئەو میکانیزمە ئەوەندە لە جیهاندا باوە کە تیورییەکی لەسەر دانراوە بە ناو هاوسەنگی هێز و ئێستاکەش زۆر بە سەختی دەکرێ باس لە سیاسەتی نێوان نەتەوەکان بکەیت بەڵام باس لە هاوسەنگی هێز نەکەیت. هەڵبەت ئەو هاوسەنگییەش هەروا لە ئاسمانەوە نازڵ نابێت بەڵکو هەوڵ، تێچوو و تێکۆشانی دەوێت. سەیر نییە کە ڕیالیستەکان [نەک ڕیالیستە کوردەکان کە زۆربەی گریمانەکانیان پێچەوانەی ڕیالیزمی جیهانییە] هۆکاری سەرەکی شەڕەکان دەگەڕێننەوە بۆ ناهاوسەنگی نێوان نەتەوە/دەوڵەتەکان.

ئەمە ڕاستییەکی تاڵ بەڵام لە هەموو جیهاندا باوە: هەر لایەن/ نەتەوەیەک هەست بەوە بکات کە بڕیاری مانەوە یان تیاچوونی دەکەوێتە دەستی لایەنێکی بەهێزتر چارەیەکی نییە جگە لەوەی بە هەموو تواناکانی خۆیەوە [خۆیارمەتی] یان تێکەڵکردنی تواناکانی لەگەڵ لایەنەکانی تر [هاوپەیمانێتی] ڕێگری لەوە بکات کە مانەوەی بکەوێتە مەترسییەوە. کورد لەبەر ئەوەی لە هەموو لایەکەوە بە داگیرکەران گەمارۆ دراوە و هەروەها بەدەگمەن حاڵەتێک بووە کە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز هاوتەریب بێت (وەک نموونەی شەڕ لەگەڵ داعش) بۆیە توانای پێکهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ گەرەنتیکردنی مانەوەی خۆی نەبووە و بۆیە یەکێک لەو ڕێگایانە بۆ مانەوەی هەڵیبژاردووە و ئێستاش لەبەردەستیدایە پەنا بردنە بۆ چەک.

لە شانۆی سیاسەتدا ستراتیژی جۆراوجۆر هەن بۆ ئەوەی لایەنێک یان نەتەوەیەک مانەوەی خۆی دەستەبەر بکات: خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج یان بەمەرج، ڕادەستکردنی بەشێ لە دەسەڵاتەکان بە پاساوی ڕیالیستبوون، باجوەرگرتن، ترساندن و تۆقاندن، شوێنکەوتن، تەڵەنانەوە، فیتنەگەری و شەڕنانەوە، هاوپەیمانێتی و یەکانگیری یان بە پێچەوانەوە شەڕ و پێکدادان. نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت نە بە تەواوەتی بژاردەی خۆبەدەستەوەدانی هەڵبژاردووە و نە ئەوەی توانیویەتی شەڕێکی نەتەوەیی یەکلاکەرەوەی کۆتایی داگیرسێنێت. لەو نێوەدا خەباتێکی تایبەت بە خۆی هەڵبژاردووە کە چەندین خاڵی بەهێز و هەروەها چەندین کەموکۆڕی و خاڵی لاوازەی تێدایە. گەشتووینەتە ئەم خاڵەش کە ئێستا هەین چ بە باشی بزانین یان خراپ. بە بروای من لە داهاتوویەکی نزیکیشدا چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی لێ ناکرێ و بەم جۆرە بەردەوام دەبێت مەگەر ئەوەی دوو حاڵەتی گریمانەیی ڕوو بدات:

یەکەم، سەرکەوتنی “بازە”کانی نێو حیزبەکان و پەراوێزکەوتنی کۆترەکان

دووەم، ئاڵوگۆڕێکی کتوپڕی لە سیستەمی ناوچەکدا ڕوو بدات.

هەوڵدان بۆ یەکەمیان گونجاو و ژیرانەیە و داهاتووی کورد و شێوازی خەباتی دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئیرادەی نەتەوەیی و چاوەڕوانی کردن بۆ دووەمیان چاوەڕوانییە بۆ ڕووداوێکی دەرەکیی بە بێ کاریگەری و ڕۆڵی ئیرادەی کورد بۆیە زۆر گونجاو نییە.

بە هەر حاڵ، شەڕی چەکداری بە لەبەرچاوگرتنی شیوازی سیاسەتی داگیرکەر خاڵێکی هەرە بەهێزی ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و بژاردەیەکی گونجاو بووە. ناهاوسەنگی نەک هەر پاساوێکی گونجاو نییە بۆ پلاماردانی ئەو شێوازە خەباتە، بەڵکوو ئەو شێوازە خەباتە خۆی یەکێک لە بژاردە بەردەستەکانە بۆ پێکهێنانی هاوسەنگی. ئەوەی کە دەمێنێتەوە چۆنییەتی کەڵکوەرگرتن لەو بژاردەیە. ئەوەی کە میتۆدێک لە قۆناغێکدا سەرکەوتوو و وەڵامدەرەوە نەبووبێت بەو واتایە نایەت کە خۆدی میتۆدەکە کێشەی هەبێت لەوانەیە پێویست بێت لە دەرەوەی میتۆدەکە بەشوێن هۆکارەکانی سەرنەکەوتن یان شکستدا بگەڕیت.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *