شۆڕشگێڕی: بەرپرسیاریەتی و ئاگایی
شۆڕشگێڕیی، بە مانای دژایەتی کردن لەگەڵ داگیرکەر و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخی کوردستانی داگیرکراو، بە هەر شێوازێک ( پێشمەرگایەتی و بەگژداچوونەوە، نووسین و بەرهەمهێنانی دەق و بیرۆکەی دژەداگیرکەر، پاراستن و فێرکردنی زمان و فەرهەنگ و مێژوو و…) و لە هەر شوێنێک، حەز پێ کردن نیە، بەڵکوو “هەست بە بەرپرسیاریەتی، ئاگایی و ئەرکە”
هەست بە بەرپرسیارییەتییە: بەرامبەر مێژووی کورد و کوردستان، بەرامبەرهەموو شۆڕشگێڕ و خەباتکارانی ڕابردوو، بەرامبەر سەرکردە و ڕێبەرانی شەهید ، بەرامبەر قوربانیان و ستەم لێ کراوان.
بەرپرسیارییەتییە بەرامبەر قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە و سەردەشت و سنە و مەهاباد و مەریوان و قارنێ و قەڵاتان و شەنگاڵ و عەفرین و درسیم و دیاربەکر و کەرکووک . بەرپرسیارییەتییە بەرامبەر مێژوو و هەموو قوربانیان و شەهیدانی کوردستان.
– ئاگاییە: ئاگایی لەوەی کە هیچ ڕێگایەک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نییە جگە لە شۆڕشگێڕی و خەباتی ماندوونەناسانە. ئاگایی لەوەی کە لە جیهانی ئێستادا، ئازادیمان ئەرکی سەرشانی خۆمانە و هیچ کەس و نەتەوەیەکی دیکە نەک هەر ئامادە نییە یارمەتیمان بدات، بگرە زۆربەیان دژایەتیمان دەکەن. شۆڕشگێڕیی ئاگایی و وشیارییە بەوەی کە تەنیا خۆمان دەتوانین وڵاتی داگیرکراومان لە داگیرکەر بسڕینەوە.
– ئەرکە: بەرامبەر نەوە و نەسڵی داهاتوو. شۆڕشگێڕبوون واتە قەبووڵکردنی ئەو ئەرکەی کە هەوڵ بدەین خاکێکی ئازاد و وڵات و نیشتمانێکی سەربەخۆ و ژینگە و ژیانێکی ئارام ڕادەستی نەوەی داهاتوو بکەین. ژیانێک کە باشتر لەو دۆخ و دۆزەخەی بێت کە ئێستا نەتەوەی کوردی تێدا دەژیت. ئەرکە ژیانێک کەم ڕەنجتر لە خۆمان بۆ ئەوان پێک بهێنین.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!