دەوڵەتی یەهوود

کتێبی “دەوڵەتی یەهوود” لە ساڵی ١٨٩٦ و لە لایەن (تیۆدۆر هرتزل)ەوە نووسرا و دواجار وەک دەقێکی پیرۆزی جووەکانی لێ هات و دەکرێت بڵێین کە دەوڵەتی یەهوود، تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای ئەو کتێبە دامەزرا. لە سەردەمێکدا کە جیهان دژایەتی جووی دەکرد و لێوانلێو بوو لە بیرۆکە دژە جووەکان و ژیانی ئەو نەتەوە لە ژێر مەترسیدا بوو، هرتزل لەو کتێبەدا بیکرۆکەی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی جووی خستە ڕوو.

کتێبەکەی تیۆدۆر، بیرۆکەیەک بۆ خولقاندنی هێزێکی نوێ نەبوو، بەڵکوو پلانێک بوو بۆ وەگڕخستنەوەی هێزێک کە خۆی بوونی هەبوو و هێزی پالنەری وەگڕخستنەوەکەیشی، نەهامەتییەکانی نەتەوەی یەهوود بوو. هرتزل لە سەردەمێکدا پلانی دەوڵەتی یەهوود دادەڕێژێت کە لەوانەیە تەنانەت هیچ کەس لە ناو خۆدی جووەکانیشدا، باوەڕیان بەوە نەدەکرد کە ئەو بیرۆکەیە کردنی و ممکین بێت و تەنانەت هەندێ گاڵتەیشیان پێ دەکرد. تیۆدۆر ئاگاداری ئەو مەسەلەیە بوو، بەڵام خۆی دەڵێت، گوێ نادەمە ئەو بێ-ئاگایانەی کە لەوانەیە گاڵتە بە نووسراوەکانم بکەن و هەوڵی ئەوە بدەن کاریگەری پرۆژەکەم کەم بکەنەوە. لە ڕاستیدا بڕوای بە ئامانجەکەی خۆ هەبوو. ئەوەندە بڕوای پتەو بوو کە دەوڵەتی جووی بە پرۆژەیەکی جەوهەری دەبینی بۆ جیهان و پێی وابوو کە لە بنەڕەتدا ناکرێت ئەو دەوڵەتە دانەمەزرێت.

نووسەری “دەوڵەتی یەهوود” کاتێ کە باسی دامەزراندنی دەوڵەت دەکات، خۆی دەزانێ کە لەوانەیە بە چاوی خۆی ئەو دامەزراوەیە نەبینێت کە بانگەشەی بۆ دەکات، هەر بۆیە دەڵێت زیاتر هیوام بەو گەنجانەیە کە پێیان وایە دەوڵەتی جوو، داهاتوویەکی پرشنگداریان بۆ دێنێت و ئەو دەوڵەتە هەڵگری ماناکانی ئازادی و خۆش بژیوی و شەرەف دەبێت بۆیان.

بە کورتی، هرتزل لەو کتێبەدا باس لە هەبوونی نەتەوەبوونی جوو، جیاوازییان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، کێشەی جوو، بێهوودەبوونی هەوڵەکانی پێشوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە لە جیهاندا، هۆکارەکانی دژایەتیکردن لەگەڵ جووەکان و کاریگەریەکانی ئەو دژایەتیکردنە دەکات و پاشان دەپرژێتە سەر پلانەکەی خۆی سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی یەهوود، کە بە “تاقە ڕێگاچارە”ی ڕزگاری یەهوودی دەزانێت. لەو پێناوەدا باس لە پێداویستییەکانی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەش دەکات. بۆ نموونە باسی بردن و گواستنەوەی کەلوپەل بۆ ئەو شوێنەی کە بڕیار وایە دەوڵەتی یەهوودی تێدا دابمەزرێت، کڕینی زەوی و زار، سازکردنی خانووەکان و بیناکان و باڵەخانەکان، سیستەمی چۆنیەتی کار و چۆنیەتی دامەزراندنی کرێکاران و یارمەتیدان، باسی ڕێگا و بان، هاندانی پیشەسازی، زیادکردنی سەرمایەی ئەو کۆمپانیایە کە چاودێری دامەزراندنی دەوڵەتەکە دەکا، کۆچکردنی جووەکان بۆ سەرزەمینی بەڵێنپێدراو و چۆنیەتی و شێوازی کۆچکردنیان و ئەرک و ڕۆڵی پیاوە ئایینیەکان لەو کۆچەدا، باسی توانا مرۆییەکان و نەریتەکان، باسی دەستوور و زمان و بوون و نەبوونی دەسەڵاتی ئایینی و پێویستبوونی ئاڵا و تەنانەت باسی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانباران دەکات.

هرتزل لەو سەردەمەدا، لە وڵامی هەندێ ڕەخنە سەبارەت بە بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی یەهوود و بە تایبەت لە وڵامی ئەو کەسانەدا کە باسی برایەتی گەلان دەکەن، دەڵێت برایەتی جیهانی، تەنانەت نەشبووەتە خەونێکی جوان. دۆژمنایەتی فاکتەرێکی بنەڕەتییە. هەموو گەلانی دیکە دۆژمنی یەهوودن، بەڵآم هەر بەوەی لە خاکی خۆیان ئوقرەیان گرت، جارێکی تر ئاوارەی گۆشە و کناری جیهان نابنەوە. دەڵێت، لەسەرەتادا، ڕەنگە وا پێویست بکات بەرەنگاری ئەو جووانە بینەوە کە دید و بۆچوونیان تەسک و سنووردارە بەرانبەر بە دەوڵەتێک بۆ جوو.

هرتزل دەڵێ، خەونەکان دەبنە ڕاستی. ئەمە پەیامێکە و فڕوفێڵ و ئەفسانە نیە. دەبێ بیرۆکەی دەوڵەت بگاتە دوورترین و هەژارترین ئەو خاڵانەی، کە گەلەکەمان تیایدا دەژی. ئێمە ئەوان لە خەونێکی قووڵ وریا دەکەینەوە. ژیانیان دوای دەوڵەت مانایەکی تازەی دەبێت. ئای چەند گەورەن ئەوانەی بێ خۆپەرەستی بەرگری لەو دۆسیەیە دەکەن.

هرتزل لە لاپەڕەی کوتایی کتێبەکەیدا دەنووسێ کە ئەو جووانە ئاواتیان دەوڵەتە، پێی دەگەن! پێش بینییەکەیشی ڕاست بوو و نزیکەی نیو سەدە پاش ئەوە، دەوڵەتی یەهوود دامەزرا.

کتێبی دەوڵەتی یەهوود” ئەمساڵ (٢٠١٩)، بە هیمەتی بەڕێز مەشخەڵ کەوڵۆسی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردیی و وەک یەکەمین بەرهەم لە زنجیرە کتێبەکانی ناوەندی چاوی کورد، بڵاو کراوەتەوە. وەک کورد پێویستیمان بەو جۆرە کتێبانە و خوێندنەوەیانە.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *