ھەرێمی کوردستان و دیپلۆماسی پەڕلەمانی

دەوڵەتەکان لە شانۆی سیاسەتی جیھانیدا، ھەوڵ دەدەن بە کەڵک وەرگرتن لە شێواز و ئامڕاز و کەرەسەی جۆراوجۆر، بە ئامانجە سەرەکی و دیاریکراوەکانیان بگەن و بەرژەوەندییەکانیان دابین بکەن. یەکێک لەو ئامڕازانە کە ئەکتەرە سیاسییەکان بۆ ئەو مەبەستە کەڵکی لێ وەردەگرن، دیپلۆماسییە.

پێناسەی جۆراوجۆر بۆ دیپلۆماسی کراوە، بەڵام من لێرەدا ئاماژە بەدوو ڕوانگەی زاڵ سەبارەت بە چییەتی دیپلۆماسی دەکەم: ھەندێک لە بیرمەندان، دیپلۆماسی وەک پێکھاتە یان سیستەمێک چاو لێ دەکەن. لەم تێڕوانینەدا، دیپلۆماسی پێکھێنانی پەیوەندییە لە ڕێگای نوێنەرایەتییە فەرمییەکانی ناوخۆ و دەرەوە. بە واتایەکی تر، دیپلۆماسی بریتییە لە سیستەمی پەیوەندییەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، کە لەو چوارچێوەیەدا ئەکتەرەکان پێکەوە پەیوەندی دەگرن. ئەرکی سەرەکی ئەو دیپلۆماسییە بریتییە لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و وتووێژەوە، بەڵام دەستەیەکی دیکە لە چاودێڕان، دیپلۆماسی وەک تەکنیک یان ھونەر چاو لێ دەکەن. کەوابوو، دیپلۆماسی تەکنیکی پەیوەندیگرتن لەگەڵ جیھانی دەرەوە یان ھونەری ئیدارەکردنی سیاسەتی دەرکی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفت و ململانێ و ناکۆکییەکانە، بە شێواز و میتۆدێکی ئاشتیخوازانە. لێرەدا زەق بوونەوەی دیپلۆماسی وەک “ئامڕاز”، زیاتر بەرچاو دەکەوێت. واتا سیاسەتی دەرەکی نوێنەری ئامانجە بنەڕەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرە سیاسییەکانە و دیپلۆماسی ئامڕازی دابینکردنی ئەو ئامانج و بەرژەوەندیانەیە.

ھەڵبەت، دیپلۆماسی نێوان وڵاتان یان دەوڵەتەکان، چ لە ڕووی واتایی و چ لە ڕووی کردەوەییەوە، گۆڕانکاری زۆری بە خۆیەوە بینیوە. ھەر چەندە لە ڕووی مێژووییەوە بەردەوام ئاڵوگۆڕی نوێنەر یان بە واتا ئامرۆییەکەی، ھەناردەکردنی باڵوێز و دیپلۆمات لە نێو سیستەمە جۆراوجۆرەکاندا (عەشیرەتەکان، ئیمپراتورییەکان و…هتد) ھەبووە، بەڵام دیپلۆماسی بە شیوەی مۆدێرن لە ناو دەوڵەتەکاندا سەری ھەڵدا. لە سەدەکانی ڕابردوودا دیپلۆماسی نێوان دەوڵەتەکان زۆر جار بە شێوەی نھێنی و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە و لە ڕێگای نوێنەرایەتی یان لێژنەیەکی دیپلۆماتیکەوە ئەنجام دەدرا و، زیاتریش باس لە کەڵکەڵە، نیگەرانی، بیر و بۆچوون و ویستەکانی پاشا یان ڕێبەرەکان یان باس و گفتوگو سەبارەت بە شەڕ، ئاشتی و ئاسایش دەکرا.

ھەروەھا لە ڕابردوودا دەوڵەت نەک ھەر ئەکتەری سەرەکی، بەڵکوو تاقە ئەکتەری شانۆی دیپلۆماسی بوو، ھیچ ئەکتەرێک سەرتر یان خوارتر لە دەوڵەت، نەیدەتوانی کاریگەری ئەوتۆی لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا ھەبێت. تایبەتەمەندییەکی دیکەی دیپلۆماسی نەریتی یان کۆن، ئەوە بوو کە زۆربەی ھەرە زۆری گفتوگۆ و وتووێژەکان بە شێوەی دوو لایەنە و لە نێوان نوێنەران/باڵوێزانی دوو لایەندا ئەنجام دەدران، بەڵام ھێدی ھێدی و بە تایبەت لە نیوەی دوویەمی سەدەی بیستەمدا، ھاوکات لەگەڵ ھاتنە ئارای گۆڕانکاری لە زۆر بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، دیپلۆماسیش گۆڕانکاریی بە خۆیەوە بینی و سەرەڕای ئەوەی کە لەوانەیە ھەندێک لە گفتوگۆ وتوێژەکان بە شێوەی نھێنی ھەر بەردەوام بن، بەڵام بە گشتی، دیپلۆماسی لە ڕووی پێکھاتە، پرۆسە و بەرنامەی کارییەوە، بە شێوەی جددی گۆڕانکاری بەسەردا ھات.

ھەروەھا، ھەرچەندە کە دەوڵەت ھێشتا ئەکتەری سەرەکییە لە دیپلۆماسیدا، بەڵام پێگەی خۆی وەکو تاقە ئەکتەر لەدەست داوە و، ھەندێک ئەکتەری دیکە، وەکو: ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە ناحوکمییەکان، ھاتوونەتە نێو شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی. تەنانەت، ئێستا دەکرێت تاکەکانیش وەک نوێنەری وڵاتان لە ھەندێک بواردا ڕۆڵ بگێڕن. ھەروەھا، وەک نموونەی گۆڕانکارییەکی دیکە، لە پاڵ دیپلۆماسی دوو لایەنەی نێوان دەوڵەتەکان، ھەنگاو بە ھەنگاو دیپلۆماسی چەند لایەنە و دیپلۆماسی گشتیی، بە تایبەت لە چوارچێوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا، پەرەی سەند. ئەوەش وای کرد کە تایبەتەمەندی نھێنیبوونی دیپلۆماسی ھەر چی زیاتر لە ناو بچێت و، دیپلۆماسی لە سەدەی بیستەمدا، فۆرمێکی بازتر و ئاشکراتری لە خۆ گرت.

بەرنامەی کاریی دیپلۆماسیش، زۆر بەربڵاوتر بوویەوە. جگە لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە سیاسەت و ئاسایشەوە، بابەتگەلی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی و… ھتد، ھاتنە نێو دیپلۆماسییەوە. ئەوەش وای کرد کە دیپلۆماسی بە شێوەی کۆن و نەریتی، وەک تەکنیک و ئامڕازی پەیوەندی نێوان ئەکتەرەکان، بە تەنیایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەو جیھانە جیاوازەی ئیستادا بەسەندە نەبێت. ھەر بۆیە جۆرە جیاوازەکانی دیپلۆماسی سەریان ھەڵدا.

بە گشتی دەکرێت بڵێین کە نزمبوونەوە یان کاڵبوونەوەی پێگەی دەوڵەتەکان، پێشەکەوتنە بەرچاوەکان لە بواری زانیاریی و پەیوەندییەکانەوە، کاڵ بوونەوەی سنوورەکانی ئاستی نێوخۆیی و دەرەکی وڵاتەکان، پەرەسەندنی ڕەوتی بەجیھانیوون و بەرز بوونەوەی پێگەی ڕای گشتی، ئەو فاکتەرگەلە بوون کە بوونە ھۆی سەرھەڵدانی جۆرە جیاوازەکانی دیپلۆماسی مۆدێڕن کە لە فۆرم و ناوەڕۆکدا، جیاوازە لەو دیپلۆماسییە نەریتییەی کە باسی لێکرا.

دیپلۆماسی گشتیی (Public diplomacy)، دیپلۆماسی فەرھەنگی، دیپلۆماسی میدیایی و دیپلۆماسی پەڕلەمانی، لە نموونە بەرچاوەکانی دیپلۆماسی مۆدێرنێن کە لە ساڵانی ڕابردوودا، ھەموو وڵاتانی جیھان، لە زلھێزەکانەوە بگرە تا بچووکترین وڵاتەکان، ھەوڵیان داوە بۆ دابینکردنی ئامانج و بەرژەوەندییەکانیان، کەڵکیان لێ وەربگرن. لە نێو ئەوانەشدا، (دیپلۆماسی پەرلەمانی – parliamentary diplomacy)، ھەرچەندە دیاردەیەکی تا ڕادەیەک نوێیە، بەڵام زۆربەی ئەکتەرەکان ھەوڵیان داوە گرنگی پێ بدەن و لە ڕاستای دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیاندا، کەڵک لە سوودمەندییەکانی وەربگرن.

دیپلۆماسی پەرلەمانی

تا نیو سەدە پێش، باڵوێزەکان، دیپلۆماتەکان و وەزیرەکان، ھەر وەک جاران پاڵەوانی شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەیی بە گشتی و دیپلۆماسی بە تایبەتی، بوون و تەنیا چالاکییەکانی ئەوان بەرچاو دەکەوت. ساڵانێکی زۆر، پەرلەمان و پەرلەمانتاران وەک کەسایەتیی و ڕێکخراوەی ناوخۆیی چاویان لێ دەکرا، کە گوایە تەنیا نوێنەری داخوازییە نێوخۆییەکانی شارۆمەندانن. ھەرچەندە پەرلەمان و پەرلەمانتاران زۆر جاران لە گۆڕەپانی نیودەوڵەتیشدا چالاکییان ھەبوو، بەڵام کاریگەری ئەوتۆیان نەبوو و ڕەواییان پێ نەدەدرا. بەڵام بە زۆر ھۆکار و بە تایبەت بە ھۆی کەمڕەنگبووونەوەی سنوورەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و تێکەڵاوی دیاردە ناوخۆیی و جیھانییەکان، ڕۆڵی پەرلەمانتارانیش لە بەشداریکردن و بڕیاردان لە سیاسەتی دەوڵەتەکاندا، زەق و گرنگتر بووەوە.

ئیدی دەوڵەتەکان و وەزیرەکان، نەیاندەتوانی بە تەنیایی کێشەگەلێکی جیھانی وەکو تیرۆریزمی جیھانی و کێشەی کەش و ھەوا و ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوانیان و… ھتد، چارەسەر بکەن. ھاوکات لەگەڵ ناتەوانی دەوڵەتەکاندا لە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ کێشە جۆراوجۆرەکاندا، پەرەسەندی ڕەوتی بەجیھانیبوون و دەرکەوتن و بەھێزبوونی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش لە ئاراد بوون. ھەر بۆیە دیپلۆماسی پەرلەمانی ھەم وەک یارمەتیدەرێک بۆ دەوڵەتەکان بۆ داپۆشینی لاوازی و ناتەوانی باڵوێزەکان، ھەم وەک پێویستییەکی سەردەمیانە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان دەوڵەتەکان و پەرەپێدان بە ھاوکاری نێوانیان و، ھەروەھا پاراستنی ئاسایشی ھەر یەک لە وڵاتان بە تەنیایی و ئاسایشی جیھانی بە گشتیی، سەری ھەڵدا.

ئەمرۆکە دیپلۆماسی پەرلەمانی کە ھێندێک جار بە پارلۆماسی (parlomacy) ناوێ لێ دەبرێت، چەمکێکی ناسراوە و بە گشتی ئاماژەیە بۆ ڕیزێک لە چالاکییەکانی ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتان لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکانیان و لە ئاستی ناوچەیی یاخود نێودەوڵیتیدا. لە دیپلۆماسی پەرلەمانیدا، پەرلەمانتارانی وڵاتە جیاوازەکان لە ڕێگای بەشداریکردن لە چالاکییەکانی ئاستی نێودەوڵەتیدا، ھەوڵ بۆ تێگەیشتنی دوولایەنە لە یەکتری و، چاودێری ھەرچی زیاتر لەسەر چالاکییەکانی دەوڵەتەکانی خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکان دەدەن. ھەروەھا پەرلەمانتاران تێ دەکۆشن لە ڕێگای ھێنانە ئارای ھەندێک ڕێگا چارە و تەگبیر بۆ چارەسەری کێشە و گرفتە جیھانییەکان یان ناکۆکییەکانی نێوخۆی وڵاتان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە، لە پانتای پەیوەندییە دەرەکییەکاندا ڕۆڵ بگێڕن.

لە جیھانی ئێستادا بە لەبەرچاو گرتنی بەربڵاوی ئاستی پەیوەندییەکان و دژواری پەیوەندییە سیاسییەکان، ھەموو وڵاتان بە پێویستی دەزانن کە لە ھەموو توانا و دەرفەتەکان، بۆ دەربڕینی بیر و بۆچوونەکانیان و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا، کەڵک وەربگرن. یەکێک لەو دەرفەت یاخود ئامڕازانە، دیپلۆماسی پەرلەمانییە، کە پەرە دەدات بە پەیوەندی نێوان لایەنەکان و لانیکەم دەرفەتێکی باش و لەبار بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی لایەنەکان، سەبارەت بە دیاردە جیاوازەکانی دوولایەنە، ناوچەیی و جیھانی دەڕەخسێنێت.

ئەو جۆرە دیپلۆماسییە لەم ساڵانەی دواییدا پەرەی سەندووە و زۆر لە وڵاتانی جیھان ھەوڵیان داوە لە سوودمەندییەکانی کەڵک وەربگرن. ھەر بۆیە دەبینین کە بەردەوام لە ئاستی جیھانیدا و ناوچەیی و لە نێو وڵاتەکاندا، گرووپگەلی “ھاوڕێیەتی” پێک دێن و ھاتوچۆ و سەفەری نوێنەرانی پەرلەمانی وڵاتان و ئامادەبوونیان لە کۆڕ و کۆبوونەوە جیاوازەکاندا، پەرە دەستێنێت و ھەم دەوڵەتەکان و ھەم پەڕلەمانەکان ھەوڵ دەدەن گرنگییەکی تایبەت بەو دیپلۆماسییە بدەن و نوێنەرانی پەرەلەمانیش ھان دەدەن کە لەو ڕەوتەدا بەشداری بکەن.

ھەرێمی کوردستانیش وەک ئەکتەرێکی نیوەدەوڵەتی (شێوە-دەوڵەتی) و خاوەن پەرلەمانی سەربەخۆ، دتوانێت و پێویستە کە سەرنج بداتە دیپلۆماسی پەرلەمانی و بە خوێندنەوە و پلانێکی بە وردی داڕێژراو و توکمە، کەڵک لە سوودمەندییەکانی ئەو دیپلۆماسییە وەر بگرێت.

ھەرێمی کوردستان و پارلۆماسی

ھەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی کە لە فۆرمی دەوڵەتێکی بەتەواوەتی سەربەخۆدا نییە، لەوانەیە گەلێ جار لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا یان لە سەبارەت بە ھێنانە ئارای ھەندێک بابەت، تووشی گرفت و کێشە بێت. ئاشکرایە کە ھەندێک لەو کێشە و گرفتانە تا کاتێک کە ھەرێمی کوردستان لە فۆرمی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا سەرھەڵ نەدات ھەر دەمێننەوە. بەڵام کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکانی دیکە و لەوانە (دیپلۆماسی پەڕلەمانی)لە بەر ئەوەی کە زۆر جار دەتوانێت لە شکڵی نافەرمیدا خۆی بنوێنێت لەوانەیە بتوانێت بە خولقاندنی ھەندێک دەرفەت، یارمەتیدەر و پاڵپشتی سیاسەتوانانی ھەرێم، لە زۆر بواردا بێت. بۆیە دەبێت بە جدی سەرنجی پێ بدرێت. زیادە لە خسڵەتی نافەرمی بوونی ئەو جۆرە دیپلۆماسییە، دەزانین کە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، لانیکەم سەبارەت بەو پرسانەی کە ناکەونە نێو ئەو دەسەڵاتە تایبەتیانەی کە بە پێی ماددەی ١١٠ لە دەستووری فدڕاڵیدا، بۆ حکومەتی فیدڕاڵی دیاری کراون، مافی ئەوەی ھەیە کە تەنانەت ڕێکەوتننامە لەگەڵ دەوڵەتە بیانییەکان مۆر بکات. ئەوەش ڕێگای کەڵک وەرگرتن لە دیپلۆماسی پەڕلەمانی ھەموار دەکاتەوە. دەبێت لەو بوارەدا بە جدی کار بکرێت و ھەوڵی چڕ و پڕ بدرێت.

بۆ ئەو مەبەستە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت چەندین کار ئەنجام بدات، کە ھەڵبەت پێشتر ھەندێک ھەوڵ وەکو پێکھێنانی گرووپی ھاوڕێیەتی پێکھاتوو لە نوێنەران ئەنجام دراون. بەڵام پێویستە سەرنج بدرێتە ئەو خاڵانەی کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ کراوە و دیارە ھەندێکیان وەک سازکردنی بەستێن و ئامادەکاری بۆ دیپلۆماسی پەڕلەمانیین و ھێندێکی دیکەیان ڕاستەوخۆ دەکەونە خانەی چالاکی کردەوەیی لەو بوارەدا:

١- پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، دەبێت بە ڕچاوکردنی دۆخ و پێگەی ھەرێمی کوردستان، وەکو ئەکتەرێکی نێوە دەوڵەتی، بە شێوەیەکی زانستیانە و وردبینانە و  بە پشتبەستن بە خوێندنەوەیەکی ھەمەلایەنە، تواناکان و دەرفەتەکانی خۆی لە بواری دیپلۆماسی پەڕلەمانیدا، ھەڵبسەنگێنێت و پاشان پلان و بەرنامە و لە کوتاییدا جۆری چالاکییەکانی بە پێی ئەنجامی ئەو ھەڵسەنگاندنە، دیاری بکات.

٢- پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، دەبێت ھەوڵی ئەوە بدات کە لە ڕێگای ناسین و کۆکردنەوەی زانیاری ورد سەبارەت بە وڵاتانی ناوچەیی و جیھان، بزانێت چ دەرفەتگەلێک ھەن بۆ پەرەپێدانی ھاوکاری لە نێوان پەرلەمانی ھەرێم لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی دیکەدا. خاڵە بەھێز و لاوازەکانی بۆ پێکھێنانی ئەو پەیوەندییانە دیاری بکات.

٣- ھەرێمی کوردستان، دەتوانێت لە نیو خۆدی پەرلەماندا کۆمیسیۆنی تایبەت بە دیاردە و پرسە جیاوازەکان پێک بھێنێت. تەنانەت دەکرێت گرووپێک بۆ کاروباری دیپلۆماسی پەرلەمانی لە چوارچێوەی “لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی” پێک بھێنێت. لە پاڵ ئەوەدا، دەکرێت ناوەندێک بۆ چاودێریکردن و بەرپرسیارییەتی ھەموو کاروبارەکانی پەیوەندیدار بە دیپلۆماسی پەرلەمانییەوە، پێک بھێنرێت.

٤- دەبێت ئامانجێکی سەرەکی و ڕوون بۆ دیپلۆماسی پەرلەمانی و بەکارھێنانی ئەو شێوازە لە دیپلۆماسی دیاری بکات.

٥- پەرلەمانی ھەرێم دەبێت گرنگی بەوە بدات کە ھەر نوێنەرێک لە چ بوارێکدا شارەزایی ھەیە و پسپۆڕە و لەو بەشەدا کەڵکی لێ وەربگرێت. ھەروەھا، دەبێت نوێنەرەکانیش ھەوڵ بدەن زمانی وڵاتانی دیکە فێر ببن و ھاوکات ھەوڵ بدەن لە بنەما و بنچینەی و ئامانجی دیپلۆماسی پارلەمانی تێبگەن.

٦- دەبێت لە ئەزموون و شارەزایی نوێنەرانی پێشووی پەرلەمان و ڕوانگە و بیر و بۆچوونی حیزب و لایەنە جیاوازەکانی ھەرێم کەڵک وەربگیردرێت.

٧- ھەوڵ بدرێت لە نوێنەرانی ژن و کەمینە ئایینییەکان لە لێژنەکان و بە گشتی لە پرۆسەی دیپلۆماسی پەرلەمانیدا، کەڵک وەر بگیردرێت.

٨- پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، دەبێت کۆبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی حکومەتی ھەرێم کە زیاتر لە پەیوەندییە دەرەکیەکاندا چالاک و بەشدارن، پێک بھێنێت.

٩- پەرلەمانی کوردستان دەبێت یان خۆی پلانێکی ھەبێت یان ئەگەر بانگھێشتیان کرد، بە ئامادەییەوە لێژنەیەک لە پەرلەمانتاران بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە بۆنە و کۆبوونەوەکانی وڵاتانی دیکەدا، بنێرێت. یان بەپێچەوانەوە، داوا لە پەرلەمانتاری وڵاتانی تر بکات کە لە ھەندێک لە بۆنە و یادەوەرییەکانی کوردستاندا بەشداری بکەن.

١٠- پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان، بە کردەوە دەتوانێت شیوازگەلی جۆراوجۆر بە کار بھێنێت. وەک سەفەری سەرۆکی پارلەمان بۆ وڵاتانی جیھان و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتانی دیکە، سەفەری دوولایەنەی نوێنەرانی کوردستان بۆ وڵاتانی تر و بە پێچەوانەوە، بەشداریکردنی نوێنەرانی کوردستان لە سەفەری بەرپرسە سیاسیەکاندا بۆ وڵاتانی دیکە.

١١- سەرۆک پەرلەمانەکان بە ھۆی ئەوەی کە پێگەی (سیاسی – یاسایی)بەرچاو و کاریگەری زۆریان لەسەر زۆرینەی نوێنەرانی پەرلەمان ھەیە، ئەرکێکی گەورەیان بۆ پەرەپێدانی دیپلۆماسی پەرلەمانی لەسەر شانە. بە تایبەت ئەگەر سەرۆک پەرلەمان لە بواری پەیوەندی نێونەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکیدا پێشینەی کاری یان زانستی ئاکادێمیکی ھەبێت، لە دیپلۆماسی پەرلەمانیدا دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت.

١٢- پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، دەبێت گرووپگەلی ھاوڕێیەتی پەرلەمانی (Parliamentary Friendship Groups) زیاتر پێک بھێنێت و پێگەیان بەھیز بکات. ھەروا کە پێشتر ئاماژەم کرد، تایبەتەمەندی نافەرمییبوونی ئەو گرووپگەلی ھاوڕێیەتی پەرلەمانییە، دەبێتە ھۆی چالاکی زیاتری نوێنەران لە سنوورەکانی دەرەوەی ھەرێمدا، لەبەر ئەوەی کە ھەندێک لە گرفتەکان کە بەرپرسانی سیاسی لەگەڵیدا بەرەوڕوون، بۆ نوێنەرەکان بوونیان نییە یان لانیکەم کەمترن.

١٣- ئەو نوێنەرانەی کە بۆ گرووپێکی ھاوڕێیەتی دیاریدەکرێن، دەبێت ھەوڵ بدەن سەبارەت بە شوناس و کەلتور و مێژوو و سیاسەت و زمانی ئەو وڵاتەی کە پەیوەندی لەگەڵ دەگرن، زانیاری بە دەست بھێنن.

١٤- دەبێت نوێنەران دیاری بکەن کە پێویستە و (دەتوانن؟)لە پێشدا لەگەڵ نوێنەرانی کام وڵاتان، پەیوەندی بەھێزتر و بەربڵاوتر پێک بێنن. بە واتایەک دەبێت ئەولەوییەتبەندی پەرلەمانەکانی جیھان و ناوچە دیاری بکەن. وەک پێشنیارێک، دەبێت گرنگی زیاتر بەو وڵاتانە بدرێت کە پەرلەمانەکانیان کاریگەری زۆرتر لەسەر دەوڵەتەکانیان و سیاسەتی دەرەکی وڵاتەکەیان دادەنێن.

١٥- پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، دەتوانێت لە ئەزموونی دیپلۆماسی پەرلەمانی وڵاتانی دیکە و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی لەو بوارەدا چالاک و لێھاتوون، کەڵک وەربگرێت.

بە گشتی، ھەرێمی کوردستان ئەگەر لە باری سیاسیشەوە گرفتی زۆری ھەبێت، بەڵام لە باری ئابووری، فەرھەنگی و کۆمەڵایەتییەوە دەتوانێت لە دیپلۆماسی پەرلەمانی بە باشترین شێوە کەڵک وەربگرێت. لە نەبوونی سەربەخۆیی سیاسیدا، ئەگەر ئەو  وزە و ھێزەی کە لە ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی ھەرێمدا ھەیە بۆ دیپلۆماسی پەرلەمانی کەڵکی لێ وەر بگیردرێت، دەرفەتگەلێکی زۆر لە ئاستی ناوچەیی و جیھانی بۆ ھەرێم دەڕەخسێن و بە تایبەت دەتوانێت زۆرێک لە کێشە و گرفتەکانی دیپلۆماسی فەرمی چارەسەر بکات.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *