د. محەممەد حسێن‌زادە: ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ و لێدان لە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر دەبینم تا ڕێککەوتن

وتووێژی تایبەتی قەندیل پرێس لەگەڵ بەڕێز محەممەد حسێن‌زادە، دوکتورای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لەبارەی دوایین دۆخی ئێران.

قەندیل پرێس: له خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران چەندین هەزار کەس کوژراو و بریندار بوون، هەروەها چەندین هەزار کەس دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە شێوازێکی نامرۆڤانە خۆپیشاندەرانی سەرکۆت کرد، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە خەڵکی ئێرانی ڕاگەیاند یارمەتی لە ڕێگادایەو بەردەوام بن، بەڵام ئێستا وا بڕیارە ڕۆژی هەینی لە تورکیا نوێنەرانی ڕژێمی ئێران و ئەمریکا کۆببنەوە، ئایا ئەم کارەی ئەمریکا بێ‌ئەخلاقی نییە بەرامبەر بە خەڵکی ئێران یان ئەوەیکە لە سیاسەت‌دا ئەخلاق مانای نییە و بەرژەوەندی هەموو شتێک دیاری دەکات؟

د. محەممەد حسێن‌زادە: پێم باشە سەرەتا لە کۆتایی پرسیارەکەوە دەست پێ بکەم و باسی جێگە و پێگەی ئەخلاق بە شێوەیەکی گشتی لە سیاسەتدا بکەم. هەڵبەت لێرەدا بە ڕوونی مەبەستم سیاسەتی نێودەوڵەتییە نەک سیاسەتی نێوخۆیی کە، تێیدا ئەخلاق مانای هەیە و پێویستیشە لە بەرژوەندی هاووڵاتیان گوێ بە بابەتە ئەخلاقییەکان بدرێت. بەبۆچوونی من ئەخلاق لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەها و بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدراوە و نادرێت. سیاسەتی نێودەوڵەتی شانۆی بەرژەوەندییەکانە و ئەوەی گرینگی پێ دەدرێت و لەسەرەوەی هەموو شتێکەوە دادەنرێت بەرژەوەندی دەوڵەتەکان یان بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە. بێ هۆ نەوتراوە بەرژوەندییەکان چرای ڕێنوێنی سیاسەتی دەرەکی دەوڵەتەکانە. ئەمە ئەلفوبێی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەم ڕۆژگارەیە. بەرژوەندییەکانی وڵاتان هەمیشە پلەیەک سەرتر لە ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکان و پرسگەلێک وەک مافی مرۆڤن. تەنانەت لیبرالترین وڵاتان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان، زۆر جار مافەکانی مرۆڤ و بەها ئەخلاقییەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانیان پێناسە دەکەن نەک ئەوەی بەرژەوەندییەکان بەپێوەری ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکان یان مافەکانی مرۆڤ پێناسە بکەن. ئەمە بێ گومان بۆ هەموو دەوڵەتەکان ڕاستە. هەڵبەت هەندێک جار پێش هاتووە کە وڵاتان گرینگی بە مافەکانی مرۆڤیش بدەن و تەنانەت بۆ ئەو مەبەستە دەستێوەردانی سەربازییان کردووە، بەڵام ئەوە زۆر بە دەگمەن ڕووی داوە و هەرگیز نەبووەتە یاسا و ڕێسایەکی گشتگیر و پایەداری نێودەوڵەتی. سیاسەتی نێودەوڵەتی شانۆی سیاسەتی ڕیالیستیانەیە و دەسەڵاتداران بە زمانی هێز و هاوسەنگی و لە سەرووی هەموویانەوە بەرژەوەندییەکان دەدوێن. لە ئاوا شانۆیەکدا، هیچ دەوڵەتێک بۆ خۆی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی داناتاشێت و پێناسەی ئەرکێکی لەو چەشنە بۆ خۆی ناکات. هیچ دەوڵەتێک خۆی بە بەرپرسیاری پراکتیزەکردنی ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکان نازانێت. دەوڵەتەکان هەموو کارێک لە پێناو بەرژەوەندییەکانیاندا دەکەن. هەموو شتێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان ڕەوایە. لەم بەستێنە بێ بەزەییەدا، ئێمە ناتوانین سەبارەت بە ئەخلاقیبوون یان نائەخلاقیبوونی بڕیار و سیاسەتەکانی دەوڵەتان داوەری بکەین. ئەوە مافی هاووڵاتیانی ئەو دەوڵەتانەیە. زۆرینەی هاووڵاتیانی نێو سنوورەکانی دەوڵەتەکان سیاسەتگەلێک بە ئەخلاقی دەزانن کە لە خزمەت بەرژوەندییەکانیاندا بن. ئەوانن کە بڕیار دەدەن کە ئایا سیاسەتی وڵاتەکەیان ئەخلاقییە یان نا، ئەویش بەو پێوەرەی کە بڕیاردەران و دەسەڵاتدارانیان چەندە توانیویانە بەرژوەندییە نەتەوەییەکان بپارێزن! ڕەنگە وتنی ئەمە تاڵ و ناخۆش بێت، بەڵام واقێعی سیاسەتی جیهانە. هەر بۆیە، ئەوانەی بەردەوام بە چاویلکەی ئەخلاقی سەیری سیاسەت دەکەن، ناچاریش دەبن لە چەمکگەلێکی ئەخلاقی، وەک خیانەت و پێویستی پابەندبوونی دەوڵەتان بە بەڵێنەکانیان و هتد بۆ لێکدانەوەی سیاسەت کەڵک وەربگرن کە سوودێکی ئەوتۆی نییە.
ئەگەر بێمە سەر قسەکانی دۆناڵد ترەمپ کە لە کاتی خۆپیشاندان بەڵێنی یارمەتی بە هاووڵاتیانی ئێرانی داوە و وەک زۆر کەس دەڵێن تا ئێستا پابەندی بەڵێنەکەی نەبووە، من هەست دەکەم تەنانەت ئەگەر ئەخلاقیانەش سەیری بابەتەکە بکرێت، ترامپ تا ئێستا درۆی نەکردووە و ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بەڵینەکەی کردووە. لانیکەم کارنامەی لەم بوارەدا لە ئۆباما کە بە ڕەواڵەت بە سیاسەتوانێکی ئەخلاقی تر ناسێندراوە باشتر کاری کردووە. وەک دەزانین ئۆباما پێشووتر لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، بەو هیوایە کە لەگەڵ ڕژێمی ئێران بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی بگات، تەنانەت بەو جۆرەی چاوەڕوان دەکرا، ئیدانەی سەرکوتەکانیشی نەدەکرد! بەڵام ترەمپ هەر لەم ڕۆژانەدا هەندێ هەنگاوی جدی دژ بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەڵگرتووە.

هەڵبەت من لە بنەڕەتدا بەم چاویلکە ئەخلاقیانە لە بابەتەکە ناروانم، تەنیا ویستم بڵێم لێدان لە وڵاتێک تەنانەت لە لایەن زلهێزترین دەوڵەتەوە وەک هەندێک چاوەڕوانی دەکەن گەمەی پلەستەیشن یان كُنْ فَیَكُونُ نییە و پیویستی بە ئامادەکاری و کاتە، بۆیە ئەگەر ئەوە پێوەر بێت تا ئێستا ترەمپ سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیەتی.
بەڵام لەڕاستیدا پرسەکە زۆر ئاڵۆزتر لەوەیە و کەمتر پەیوەندی بەو بابەتە ئەخلاقی یان مرۆییەوە هەیە. پێش هەموو شتێک پێویستە ئێمە دان بەو ڕاستییەدا بنەین کە ستراتیژی سەرەکی و کەڵانی دۆناڵد ترەمپ گۆڕینی ڕێژیمەکان بەمەبەستی پاراستی مافی مرۆڤ یان پەرەپێدان بە دێموکراسی نییە. بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێ جار بانگەشە دەکرێت ترەمپ لە ڕووی ڕوانگەی گشتیی بۆ سیاسەتی دەرەکی، نموونەی ئەو سەرۆک کۆمارانەیە کە لە پرسی دەستێوەردانی دەرەکیدا زۆر خۆپارێزە. بە گشتی لە دوای سەرۆکایەتی جۆرج دەبلیۆ بۆش و هێرشەکانی بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق بە بیانووی پەرەپێدان بە دێموکراسی لە ڕێگەی داڕشتنەوەی سەقام و نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوای ئەوەی ئەمریکا تووشی خەرجی و کوژرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە سەربازانی بوو، هەر سێ سەرۆکی ئەمریکا واتە ئۆباما، ترەمپ و بایدن بە درووشمی خۆدوورخستنەوە لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێمەکان و دووریگرتن لە دەستێوەردانی دەرەکی بە شێوەی سەربازی دەسەڵاتیان گرت. دیارە ئوباما زۆر سەرکەوتوو نەبوو و دوای ئاڵۆزی و سەرهەڵدانەکانی وڵاتانی عەرەب و ئەوەی ئەو کات بە بەهاری عەرەبی دەناسرا و ئێستا پێی دەڵێن خەزانی عەرەبی، ناچار بە دەستێوەردان لە هەندێ وڵات و لەوانە لیبیا بوو. دوای ئەو بایدن کە هۆکاری زۆربەی کێشەکانی ئەمریکای لە دەستێوەردانەکانی سەردەمی بۆشدا دەدی، بە دروشمی کۆتاییهێنان بە شەڕە بێکۆتاییەکان دەسەڵاتی کۆشکی سپی بە دەستەوە گرت و بینیمان کە تەنانەت لە ئەفغانستانیش کشایەوە. ترەمپ بە درووشمی ,سەرەتا ئەمریکا یان “یەکەم ئەمریکا” بەڵێنی بە دەنگدەرانی خۆی دا هەموو شت لە خزمەتی بەرژوەندییەکانی وڵاتەکەیاندا بێت. دوو ئەستوونی سەرەکی دکتۆرینی “یەکەم ئەمریکا” ناسیونالیزم و مێرکانتیلیزم بوو. “یەکەم ئەمریکا” درووشمێکی گۆشەگرانەیە بەرامبەر “ئەمریکای یەکەم” کە ئەمەیان پێی وابوو پێویستە ئەمریکا لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە و تەنانەت بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەستێوەردان بکات و ڕابەرایەتی خۆی لە جیهانی ئازاددا بچەسپێنێت، تەنانەت ئەگەر پیویست بە گیانبازی هێزە زەمینییەکانیشی بکات. بەڵام “یەکەم ئەمریکا” دکتۆرینی پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریکایە مەگەر ئەو کاتەی بەرژوەندییە ستراتیژییە سەرەکییەکان بکەونە مەترسییەوە. بەم پێیە کەمتر شارەزایەکی سیاسەتەکانی ئەمریکا چاوەڕوانی ئەوە دەکات ترەمپ بۆ بابەتە ئەخلاقییەکان یاخود پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەستێوەردانی دەرەکی بکات، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت دەستێوەردانی بەهێز و کەم خایەن بۆ بەرژوەندییە ستراتیژییەکان بکرێت. بۆ نموونە سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی لەم ڕۆژانەدا بە ئاشکرا و بێ ڕازاندنەوە ڕایدەگەیەنن کە دەستێوەردانیان لە ڤێنزۆئێلا تەنیا بۆ نەوت و پارە بووە. ئەوە لە حاڵیکدایە کە ئەگەر پێشووتر ئەمریکا تەنانەت بۆ بەرژوەندییەکانی خۆی دەستێوەردانی ناوچەیەک یان وڵاتێکی بکردایەت، سەرکردەکانی هەوڵیان دەدا ڕووکەشێکی ئەخلاقیانەی بۆ درووست بکەن و بە درووشمی مرۆڤدۆستانە ئامانجە ڕاستەقینەکان پەردەپۆش بکەن، بەڵام ترەمپ و تیمەکەی تەنانەت ئەوەش بە پێویست نازانن. گرینگ ئەوەیە بەرژەوەندییەکانیان دابین بێت. ئەوان تا ئێستا ئیدیعای ئەوەیان نەکردووە لە ڤێنزۆیلا دیکتاتۆرێکیان وەڵا ناوە بۆ ئەوەی دێموکراتێکی خاوەن خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی جێگیر بکەن، بەڵکوو دەڵێن دیکتاتۆرێکی ناتەبایان وەلا ناوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارێکی هاوبەرە و حەواوە دەستنیشان بکەن کە لانیکەم لەوە ئەرخەیانیان بکاتەوە کە مەودایەکی لەگەڵ ڕکابەرە سەرەکییەکانی واشنتۆن، واتە چین و ڕووسیا، هەیە.
سەبارەت بە نموونەی ئێرانیش من هەر لەو سۆنگەوە دەڕوانمە بابەتەکە و پێموایە پێش خۆپیشاندەران و خەڵکی ئێران و گەلانی نێو سنوورەکانی ئێران، ئەوە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکان کە بڕیارەکانی ئەو وڵاتە یەکلایی دەکەنەوە. دەکرێت ئەو کۆمەڵکوژییەش کە کۆماری ئیسلامی کردوویەتی لە هەڵوێستی ئێستای ترەمپ و کۆکردنەوەی هێز لە ناوچەکە کاریگەری هەبووبێت، بەڵام مەبەستمە بڵێم گرینگتر لەو ڕووداوانەی ڕۆژ، ئەوە پلانی ستراتیژیانە و دوورخایەنی ترەمپە کە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدرێت. پێش هەموو شتێک وەک ئامانجێکی جیهانی هەوڵێک هەیە بۆ دوورخستنەوەی ئێران لە بەرەی ڕووسیا و بە تایبەتی تر چین. ترەمپ هەوڵی ئەو لێکترازانە دەدات، چ کۆماری ئیسلامی لەسەر دەسەڵات بێت یاخود پێویست بە گۆڕانکاری بکات.

لە ئاستی ناوچەییشدا بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل وا پێدەچێت ترەمپ بڕیاری داوە ئێران نە ئێستا و نە لە داهاتوویەکی چاوەڕوانکراودا دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات و پێویستە لەوەش ئەرخەیان ببنەوە، جا چ بە وتووێژ بێت و چ لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزەوە. پێویستە ئەمانە وەک بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئەمریکا سەیر بکرێن.
لەم بەستێنەدا، وەک ئاماژەم کرد، سەرکوتی خۆپیشاندەران و کۆمەڵکوژییەکەی کۆماری ئیسلامی و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان و هەژاندنی ڕای گشتیی جیهانی دەکرێت ترەمپی بەو قەناعەتە گەیاندبێت بەستێن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە ستراتیژییەکان سەبارەت بە ئێران فەراهەمترە. هەر لەم بەستێنەدا دەکرێت مانۆڕ لەسەر گرینگیدان بە ژیانی خۆپیشاندەران و مافەکانی مرۆڤیش بدرێت. بە هەرحاڵ، بە خوێندنەوەی من هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر کۆماری ئیسلامی زیاتر ڕیشەی لە ڕوانگەی ڕاوێژکارانی ترەمپ بۆ نەزمی نوێی جیهانی و پێویستییە ستراتیژییەکانی ناوچە هەیە تا ڕووداوەکانی ئەم دوواییانەی نێوخۆی ئێڕان. دەنا ئەگەر کەڵکەڵە و خەمی گیانی خەڵک و مافی مرۆڤ بێت، ئەوەتا فەرسەخێک لەولاترەوە لە سووریا ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتی کورد لە ڕۆژاوا بە دەستی چەکدارانی جۆلانی کوژران و ئەمریکا نەک هەر خەمی مافەکانی مرۆڤی نەبوو بەڵکوو بە ئاشکرا پشتیوانی لە دەسەڵاتی دیمەشق کرد و ڕایگەیاند کە مادام بەرژەوەندییەکانی لە دیمەشق بە شێوەیەکی باشتر و فراوانتر دابین دەبن، هیچ هۆکارێک بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد نەماوە و خۆیشی بە قەرزداریان نازانێت. بە کورتی، ئەمریکا بەپێی بەرژوەندییەکانی سیاسەت دەکات نەک بەپێی ئەخلاقیات. بەڵام کاتی وا هەیە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئارەزووی ژێرچەپۆکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە وڵاتانی دیکە هاوتەریب دەبن و دەکرێت سیاسەتەکان بخرێنە لەفافەی درووشمە ئەخلاقییەکان. ئەمە نە ڕووشاندنی ڕۆخساری ئەمریکایە و نە بێهیواکردنی ئەوانەی چاویان بڕیوەتە گۆڕانکاریی بە یارمەتی هێزی دەرەکی. حەقیقەتی سیاسەتی نێودەوڵەتییە.

قەندیل پرێس: بەپێی زانیاریەکان و نیشانەکان لە هەر دوو لا، بە ڕای بەڕێزتان ئێران و ئەمریکا دەتوانن بگەنە ڕێککەوتن یان ئەوەیکە شەڕ بەڕێوەیە؟

د. محەممەد حسێن‌زادە: خوێندنەوەی سیاسەتەکان و پێشبینیکردنی بڕیارەکانی ترەمپ کارێکی دژوار و سەختە. لانیکەم ئەوە دەزانین هەر ئەو مەرجانەی ئێستا دۆناڵد ترەمپ پێداگرییان لەسەر دەکات بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هەمان ئەو مەرجانەن کە بوونە هۆی شەڕی ناسراو بە ١٢ ڕۆژە و لێدان لە بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی. بە بۆچوونی من ئەگەر ترەمپ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، پێشنیاری وڵاتانێکی وەک تورکیا و قەتەر سەبارەت بە جیاکردنەوەی مەرجەکان و ڕێککەوتنی قۆناغ بە قۆناغ قەبووڵ نەکات و کۆی مەرجەکان بەو شێوازەی ئیسرائیل خوازیاریەتی بە جارێک لەسەر مێزی وتووێژەکان دابنێت، ئەگەری ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ڕێککەوتن بکات کەمە. بە تایبەت ئێران لەسەر سنووردارکردنی توانا مووشەکییەکانی زۆر هەستیارە و پێی وایە ئەوە جۆرێک چەککردنی پێشوەختەیە بۆ هێرشی دواتر. لەم بارەوە، خامنەیی چەندین جار لیبیای سەردەمی قەزافی وەک نموونە هێناوەتەوە کە سەرەتا لە ٢٠٠٣ چەکیان کرد و دە ساڵ دواتر هێرشیان کردە سەری. هەڵبەت بە جۆرێکیش هەست دەکرێت کە ئامانجی ترەمپ لەم ڕۆژانەدا لە باسکردنی دەرفەت بۆ گفتوگۆ و وتووێژ، هەم ڕەواییدانی زیاتر بە بڕیارە سەختەکەیەتی و هەم ئامادەکاری زیاتر و خۆڕێکخستنی هێزەکانیانە لە ناوچە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە و هەروەها بە سەرنجدان بە قەوارەی ئەو چەکوچۆڵ و هێزانەی کە ڕەوانەی ناوچە کراون، من ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ و لێدان لە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر دەبینم تا ڕێککەوتن. بەڵام بێگومان ئەوانەش کە پێیان وایە دواجار بینەری ڕێککەوتنێک دەبین لە نێوان تاران-واشنتۆن، ئارگیۆمێنتی بەهێزیان هەیە. بە تایبەت ئەوانەیان کە دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی لە ئێستادا تەنیا خەمی مانەوەی خۆیەتی و لەو پێناوەشدا ئامادەیە زیاترین ئیمتیاز بدات. ئەوان دەڵێن، بە پێچەوانەی هەڕەشە و گوڕەشەکان، بڕیاردەرانی سیاسی- سەربازی تاران زیاتر لە هەموو کەس لەوە دڵنیان کە هیچ ئامادەییان بۆ شەڕێکی دووبارە و بێوەی دەرچوون لەو شەڕەدا نییە. لە دۆخێکدا کە لە نێوخۆ ئابوورییان بە تەواوەتی داڕماوە و هەروەها نەک هیچ پشتیوانییەکی خەڵکیان لەگەڵ نییە بەڵکوو بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئێران، ترەمپ وەک ڕزگاریبەخش دەبینن و لە دەرەوەی سنوورەکان هێزە میلیشیا و پرۆکسییەکانی سوپای پاسداران تەنانەت توانای پاراستنی خۆشیان نییە، باسکردن لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و سەرکەوتن لە ئاوا شەڕێکدا گاڵتەجاڕە. بۆیە نابێ بە تەواوەتی ئەگەری ڕێککەوتن یان بە واتا ڕاستەقینەکەی تەسلیمبوون ڕەت بکرێتەوە.

ئەمەش دیدێکی مەنتیقیە، بەپێی تەقیە و دینپۆشی شیعیەش بێت، لاوازبوون لە فەوتانی یەکجارەکی باشترە! خواستی ئێران بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ بە بێ بەشداری لایەنەکانی تر ئەم گریمانەیە بەهێزتر دەکاتەوە کە ڕەنگە ئامادە بێت بە تەواوەتی خۆی بە دەستەوە بدات. ئەمە هەڵبەت بۆچوونی من نییە و وەک وتم، من بە لەبەرچاوگرتنی کۆی نیشانە و ڕووداوەکان و ئارایشی هێزەکان پێموایە ئەگەری پێکدادان زیاترە.

قەندیل پرێس: بە ڕای جەنابتان ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستپێبکات، دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی؟

د. محەممەد حسێن‌زادە: ئەوەی کە ئەمریکا توانای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەیە کەمتر گومانی تێدایە، بە تایبەت کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لە لاوازترین دۆخی تەمەنیدایە، بەڵام ئەوەی کە ئایا ئەمریکا ئیرادەی ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتەی بەبێ لەبەرچاوگرتنی پەیهات و ئەنجامەکانی هەیە ڕەنگە جێگای مشتومڕ بێت. شیاوی ئاماژەیە، هەر لەم ڕۆژانەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارک ڕۆبیۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ کەس ناتوانێت وەڵامێکی ئاسان بەو پرسیارە بداتەوە کە ئەگەر خامنەیی یان کۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی داڕووخێت، داهاتووی ئێران چۆن دەبێت، جگە لەوەی دەبێ هیوادار بین هەر لە چوارچێوەی ئەو ڕژێمەدا گۆڕانکارییەک هەبێت. ئەمە دوو ئاماژەی لەخۆ گرتووە، یەکەم ئەوەی کە ئەوان خوازیاری جۆرە ڕووخاندنێک نین کە ئەنجامەکەی لایان ناڕوون بێت. دووەم، ڕەنگە گۆڕانکارییەک لە لووتکەی دەسەڵات کە تێپەڕینی لە پارادایمی ئێستای کۆماری ئیسلامی لە خۆ بگرێت، بۆ ئەوان جێگای ڕەزامەندی بێت. ئەمە ڕەنگە کەمتێچووترین و پڕدەستکەوتترین بژاردە بۆ ئەمریکا بێت.بە گشتی سەرباری هەموو ئەو باسانەی ئەم ڕۆژانە دەکرێن، لانیکەم من نازانم و تاوەکوو ئێستا لام ڕوون نییە ئەمریکا چ پلانێکی بە دەستەوەیە و بیری لە چ جۆرە هێرشێک کردووەتەوە. ئەگەر ئەو کەسایەتی و شوێنانەی بە تایبەت لە میدیاکانی ئیسرائیلدا باس دەکرێن، بۆ نموونە سەرکردایەتی و کەسانی سیاسی و سەربازی پلەبەرز، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەیی هێزەکان، بکرێنە ئامانج بێگومان ئەمە هێرشێکە بۆ ڕووخاندن، بەڵام وەک وتم لە ئەمریکا زیاتر مەیل بەرەو گواستنەوەی دەسەڵات بۆ کەس یان کەسانێک لەنێوخۆی دەسەڵات هەیە کە زیاترین تەباییان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەبێت. ئەگەر ئەوەیان بۆ نەلوێت، من ئەگەری حاڵەتی سێیەم بە زیاتر دەبینم، ئەویش ئەوەیە کە کە ئەمریکا هێرشێکی بەربڵاو بکاتەوە سەر بنکە ئەتۆمییەکان و ناوەندە سەربازییە سەرەکییەکان و لێدان لە جبەخانە مووشەکییەکانی ئێران. ڕەنگە ئەمریکا بەم بژاردەیە نەتوانێت بە هەموو ئامانجە سەرەکییەکانی سەبارەت بە ئێران بگات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر هەڕەشە ئەتۆمی و ناوچەییەکانی ئەو ڕژێمە کاڵ بکاتەوە و سەرقاڵی کێشە نێوخۆییەکانی بکات.

قەندیل پرێس: بەپێی ئەو ئەزموونەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەم چەند ڕۆژەی پێش ئێستا بینیمان و ئەمریکا پاڵپشتی لە کورد نەکرد، ئەگەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بڕۆخێت و کەسێک وەک ڕەزای پەهلەوی یان ڕێفۆرمخوازێک لە تاران دەسەڵات بگرێتە دەست و ئەمریکایش پێی قەبووڵ کراو بێت، ئەو کات لەوانەیە سیناریۆی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتیش دووبارە ببێتەوەو حکوومەتی ناوەندی بگەڕێتەوە ناو شارەکانی ڕۆژهەڵات یان ئەوەیکە ڕێگە نەدەن هەرێمێکی فەرمی وەکوو باشوور پێکبێت، خوێندنەوەی بەڕێزتان لەمبارەوە چییە؟

د. محەممەد حسێن‌زادە: وەک سەرەتا ئەوە بڵێم، خەڵک چاوەڕوانی ئەوەی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە لە ئەگەری گۆڕانکارییەکان لە تاران تەنیا سەیرکەر و بینەری ڕووداوەکان بن یاخود چاوەڕوانی ئەوە بکەن بزانن وڵاتان یاخود ئەوانەی لە تاران دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن چییان پێ ڕەوا دەبینن. من پێشنیار دەکەم و باشتریشە ئەم پرسیارە لە سەرکردایەتی حیزبەکان بکەن کە ئەگەر ئاوا حاڵەتێک ڕوو بدات و ئەمریکا گۆڕانکارییەکی ڕووکەشیانە لە تاران پێک بێنێت و لەسەر ڕێفورمخوازێک یان کەسایەتییەکی مەیلەو ڕۆژاوا لە دەرەوە ساق بێتەوە، هەڵویستی ئەوان چۆن دەبێت. بە خوێندنەوەی من، تۆم باراک وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، کە لەم ماوەیەدا بە زۆری باس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنوورە بە وتەی خۆی خێڵەکییەکان و هێزەکان دەکات، باس لە سیاسەتێکی بنەمایی ئەم سەردەمەی ئەمریکا دەکات و بە کردەش هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات. پێویستە ئەوە بزانین کە ترەمپ و ڕاوێژکارانی خوازیاری پەرەسەندنی دێموکراسی نین بەڵکو خوازیاری چەسپاندنی سەقامگیرین و بۆ ئەوەش ئامادەن یارمەتی دیکتاتۆرەکانیش بدەن. واتە لە نێوان ئازادی و سەقام و ئەمنییەت، ئەوان گرینگی بە سەقام دەدەن.

ئەمە لانیکەم پێچەوانەی سیاسەتەکانی بۆش و تیمەکەیەتی کە باسی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی نوێ و پەرەپێدان بە دێموکراسی و بنبڕکردنی تیرۆریزمیان لە ناوچەکە دەکرد و هەڵوەشاندنەوەی سنوورەکانیان بە تابۆ نەدەزانی. ئەوان وەک بەرەی نوێ کۆنسێرڤاتیستەکان بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە دەسەڵاتدارانی پێش خۆیان و بە تایبەت سەرۆکانی ئەمریکا لە سەردەمی شەڕی سارددا هەڵەیان کردووە کە بۆ سەقامگیرکردنی ناوچە تەنانەت لەگەڵ سەرکردە ملهۆڕ و دیکتاتۆرەکان هاوپەیمانێتییان پێک هێناوە و دێموکراسییان پەراوێز خستووە، بۆیە بە پێویستیان دەزانی دژی دیکتاتۆرەکان شەڕ بکەن.
ئەسقەزا ڕاگەیاندنی میحوەری وڵاتانی ئەهرێمنی و شەڕانگێز کە وڵاتانێکی وەک ئێران و لیبیا و کۆریای باکوور و کۆبای لە خۆ دەگرت تا ڕادەیەکی زۆر پشتی بەو بیرۆکەیە بەستبوو. لەبیرمان نەچێت تەنانەت فیدرالیزمی هەرێمی باشووری کوردستان لەو بەستێنەدا چەسپا. بەڵام ئێستا کە بە چڕی باسی شەڕی ساردی نێوان چین و ئەمریکا دەکرێت، بە جۆرێک هەست دەکرێت کە ترەمپ و تیمی ڕاوێژکارانی گەڕاونەتەوە بۆ سەردەمی شەڕی سارد و ئامادەن لەگەڵ هەر دەسەڵاتێکدا کە لە چوارچێوەی بەرژوەندییەکانی ئەمریکا و لە بەرەی ئەواندا بێت خۆیان ڕێک بخەن. لەم بەستێنەدا دەوترێت ڕەنگە تەنانەت بۆ عێراقیش بیرۆکەی بە ناوەندیکردنی دەسەڵاتیان هەبێت و بگرە لە داهاتوودا مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستانیش درووست بێت، گەرچی قەوارەی هەرێمی کوردستان هەم لە لایەکەوە بەرهەمی هەندێ بڕیار و بڕیارنامەی نێودەوڵەتییە و هەم دانپێدانانی دەستووری لە نێوخۆ و هەم ڕەنگە لە ڕووی توانایی و جێگیرییەوە لە دەسەڵاتی ڕۆژاوای کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر بەهێزتر بێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا، بەڵێ، بەبۆچوونی من ئەگەر ئەمریکا پێی بکرێت تەنانەت لە نێو بەرەی ڕێفورمخوازانی ئێراندا کەسایەتییەک بدۆزێتەوە و دەسەڵاتی پێ ڕاسپێرێ یاخود بتوانێت کەسایەتییەک لە دەرەوە بباتەوە، وەک پێشتر وتم، ڕەنگە باشترین و کەمتێچووترین حاڵەت بێت بۆ وەدیهێنانی بەرژوەندییەکانی واشنتۆن. کاتێک تۆم باراک دەڵێت، مۆدیلە ڕۆژاواییەکان وەڵامدەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین و مەبەستیشی لە مۆدیلەکان لە سەرەوەی هەموویان فیدرالیزم و خۆبەڕێوەبەری نەتەوەکانە، بێگومان ئێرانیش دەگرێتەوە. بەڵام پێم وا نییە ئەوە کارێکی ئاسان بێت. بەبۆچوونی من هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە لووتکەی دەسەڵات لە ئێرانی فرەنەتەوەی نادێموکراتدا، دۆخێک لە نێو ئێراندا پێک دێنێت کە من زۆر جار پێی دەڵێم ئانارشی نێوخۆیی. ئانارشی نێوخۆیی بە ئاسانترین شیواز دەکرێت وەک “هەر گرووپ و نەتەوەیەک بۆ خۆی لە ژینگەی بێ سەر و سەروەردا” پێناسە بکرێت. ئەمە جگە لەو گرژی و ناکۆکیانەی نێوان پاشایەتیخوازان و موجاهدین کە چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری داڕووخانی ڕژێمدا توندتر ببنەوە.

بۆچوون

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *