کورد و پێناسەی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان
نازانم لە چ سەرچاوەیەک، بەڵام جارێک لە مامۆستا عەبدوڵا پەشێوم خوێندەوە کە نووسیبووی: “کاتی ئەوە هاتووە لەوە بگەین و دانی پێدا بنێین، کە ئێمە نەک هەر گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتین، بەڵکو گەورەترین نەتەوەی بێ پرۆژە بۆ دەوڵەتیشین”. ئەمە حەقیقتە؛ بەڵام ئەوەش ڕاستییەکی تاڵە کە ئێمە -وەک کورد- نەک هەر بۆ دەوڵەت کە ئامانجێکی مەزن و ڕەنگە کۆتایی بێت، تەنانەت بۆ بچووکترین پرسە سیاسییەکانیش پرۆژەمان نییە. تەنانەت ئەکتەرە سەرەکییەکیانی هەر پارچەیەکی کوردستان پرۆژەیەکیان بۆ ئەو پارچەیە نییە. هەر هیچ نەبێ بۆ پرسی “چەکداربوون و نەبوونیش” پرۆژەیەک نییە. سەیرە تۆ دەبینی تەنانەت ژن و مێردی بەرپرسی یەک حیزبیش بە یەک زمان قسە ناکەن و زەحمەتە لێکوڵەر یان چاوەدێرێکی سیاسی لێیان تێ بگات. ئەوە سیاسەت نییە، هەرچەندەش هەوڵ بدرێت وەک سیاسەت بنوێندرێ.
ئەگەر ئەوە قەبووڵ بکەین پرۆژە بەرهەمی سیاسەتە؛ لەبنەڕەتدا شتێکمان بە ناوی سیاسەتی کوردی نییە؛ بۆچی؟ چونکە سیاسەت بەبێ بەرژەوەندی مانای نییە. زەحمەتە نەتەوەیەک وێنا بکەی ئیدیعای سیاسەت بکات،، بەڵام ئەندامانی نەزانن سەرەکیترین بەرژەوەندییەکان و ئامانجەکانی کامانەن. بەرژەوەندی نەتەوەیی یان نیشتمانی چرای ڕێنوێنی سیاسەتە. بەبێ پێناسەکردنی ئەو بەرژەوەندیانە بێ سیاسەتی. بۆیە ئەوەی پێی دەوترێت سیاسەتی کوردی هیچ نییە جگە لە هەڵبەزدابەز و کاردانەوە بەرامبەر سیاسەتی “ئەوانی تر”.
هەرگیز تا ئەم ساتە هەوڵێکی بەرین بۆ پێناسەکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کوردستان یان کوردستانییان نەدراوە. تەنانەت هەوڵ بۆ پێناسەکردنی، بۆ نموونە، بەرژەوەندییەکانی باشوور یان ڕۆژهەڵات وەک کۆیەک نەدراوە. ڕەنگە بوترێت هەر کەس و لایەن و حیزبێک بۆ خۆی دەزانێت بەرژەوەندی لە چیدایە و لەو پێناوەدا سیاسەت دەکات. ئەوە ڕاستە؛ بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئەوانە بەرژەوەندی نیشتمانی نین، بەڵکوو بەرژەوەندی تاک، گرووپ و حیزبن. بۆیە سیاسەتیش یان سیاسەتی تاکە یان گرووپ یان حیزب.
مادام بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەوەندە گرنگ بن، بێ شک پێناسەکردنیشیان هەم گرینگ و هەم سەختە. نەک هەر بۆ کوردی نیشتمان و خاک پارچەپارچەراو، تەنانەت لە وڵاتێکی خاوەن دەوڵەتی وەک ئێرانیش کێشەی پێناسەکردنی بەرژەوەندییە سەرەکییەکان یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئەو وڵاتەی تووشی ئەم دۆخە نالەبار و پڕ لە سووکایەتییە کردووە. دەزانین زیاتر لە چل ساڵە هێشتا لە نێوان “مەسڵەحەتی ئیسلامی” و “بەرژەوەندی نەتەوەیی”دا لەهاتووچۆدان. کەمتر بیرمەندێکی سیاسی شک دەبەیت بتوانێت بە ئاسانی پێناسەیەک لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەت پێشکەش بکات. ڕەنگە ئەم نموونەیەم مشتومڕی لەسەر بێت، بەڵام بەوە تەنیا ویستم بڵێم پناسەکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان هەم دژوارە و هەم یەکلانەکردنەوەیان ڕەنگە ئەکتەرێک بەرەو هەڵدێر ببات.
بە هەر حاڵ لە کوردستان کاتێک دەکرێت باس لە سیاسەتی کوردی بکرێت کە بەرژەوەندییەکان پێناسە بکرێن و لانیکەم بۆ زۆرینە ڕوون بن. پێناسەکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیش تەنیا کاتێک مومکینە کە گوتارێک / وێژمانێکی نەتەوەیی هەبێت و گرووپ و دەستە و حیزبە جیاجیاکان ئەو دەرفەتەیان هەبێت کە لە باس و گفتوگۆکاندا دەرفەتی ئاڵوگۆڕی بیروڕایان هەبێت. ئەوەش کاتێک دەلوێت دەرفەتی دیالۆگ و گفتوگۆی دۆستانە و هاوکات ڕەخنەگرانە هەبێت. پێویستە زۆرینەی حیزبەکان، گرووپەکان، ڕۆشنبیران و تەنانەت هاووڵاتیان کۆدەنگییەکیان لەسەر ناوەڕۆکی بەرژەوەندییەکان هەبێت و هەر هەموویان پێکەوە هەوڵی دابینکردنیان بدەن و ئەوەی لە توانایانە لەو پێناوەدا ئەنجامی بدەن. ئەوسا ڕەنگە ڕێککەوتنیش لەسەر ئەوە بکرێت کە مادام ئێمە -وەک کورد- دەوڵەتمان نییە، لانیکەم حیزبەکان بە پشتبەستن بە هاوکاری و یارمەتی ئەو زۆرینەی خەڵکە هەوڵی دابینکردنی ئەو بەرژەوەندیانە بدەن.
هەتاوەکوو ئەوەش نەکرێت و ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام بێت و ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر دابەش بین و هەرکەس و لایەنێک و گرووپێک شتێکی/مودیلێکی بوێت و شێوازێکی خەباتی تایبەت بە خۆی هەڵبژێرێت و هەر یەکەو سیاسەتی خۆی لەوانی تر پێ نەتەوەییتر بێت، نە شتێک بەناوی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان/ گشتییەکان هەیە و نە سیاسەتی نەتەوەیی. ئەوەی هەیە وەک وتم کاردانەوە و هەڵبەزدابەزە. ئەمە ڕەشبینی نییە؛ حەقیقەتە.
هەرکات لە من وەک تاکێکی کورد پرسیار کرا بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانتان -وەک نەتەوە- چین و ئەو من توانیم بە ئاشکرا و بە ڕوونی بێژێم “ئەوانەن” و دڵنیاش بووم کە زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگە وەک من بیر دەکەنەوە و لەوپێناوەدا خەبات دەکەن، ئەوسا هەم بەرژەوەندییەکان دیارن و هەم ناوەڕۆک و ئاراستەی سیاسەت. بەدەر لەوە خۆفریودانە: “کاتی ئەو باسانە نییە؛ وەرەن جارێ دانیشین با بزانین چی ئەبێت…”!
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!