وتووێژ/ محهمهد حسێنزاده: ئایا لە ناوچەیەکدا کە لۆژیکی سیاسەتی حەزفی یان باشترە بڵێم سیاسەتی هابزی [یا بکۆژە یان بمرە] داسەپاوە و کاری پێ دەکرێ، مۆدێلی برایەتی گەلان، مۆدیلێکی ڕاستیوازانەیە؟!
🔸 دوکتۆر حسێنزاده/ بیرمەندانی سیاسەت دەڵێن نەزم و سیستەمی نوێ دوای گۆڕانکارییە قووڵەکان و هەڵوەشانەوەی سیستەمە پێشووەکان سەرهەڵدەدەدەن. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین ئەو گۆڕانکاریانە کە لە یەک دەیەی ڕابردوودا لە ناوچە ڕوویان دا لەو جۆرە گۆڕانکاریانە بوون و کوردیش خۆی لە نەزم و سیستەمێکی نوێدا بینییەوە، بەڵام بەو جۆرەی کە پێویست بوو نە کەڵک لە دەرفەتەکان وەرگیران و نە دەستکەوتەکان پارێزران. لەبەر ئەوەی زۆر بەدەگمەن ئەو جۆرە گۆڕانکارییانە ڕوو دەدەن و کاتی وا هەیە چەندین دەیە دەخایەنێ، دیار نییە کورد دەبێ تا کەی چاوەڕوانی دەرفەتێکی تر بکاتەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەوانەی بە ئاسانی بە فیڕۆی دان.
قهندیل پرێس: له گهڵ رێز و سڵاو بۆ بهرێزتان و سپاس و پێزانین بۆ ئهوهی قهبووڵتان کرد لهگهڵ قهندیل پرێس دیمانه بکهن. وهک پرسیاری یهکهم له بهرێزتان. ههروا که دهزانین له چهند ساڵی رابردوودا ڕۆژههڵاتی ناوین ئاڵوگۆڕێکی زۆری به خۆیهوه بینیوه که کوردستانیش لهم ئاڵوگۆڕانه بێ بهش نهبووه. جار وابووه ئاڵوگۆڕهکه به بهرژهوهندی کورد بووه وهکوو دامهزراندنی خۆبهرێوهبهری ڕۆژئاوا و جاری واش ههبووه که به زیانی کورد تهواو بووه وهکوو کهوتنی شهنگال و کهرکووک و شکست هێنانی دامهزراندنی دهوڵهتی کوردی. بهرێز دوکتۆر حسێنزاده ئێستا بارودۆخی کورد له ڕۆژههڵاتی ناوین چۆن ههڵدهسهنگێنن؟
محهمهد حسێنزاده: سڵاو و سپاس بۆ ئێوە و هاوکارانتان لە قەندیل پرێس.
پێش ئەوەی باسی بارودۆخی ئێستا بکەم، پێویستە بە کورتی ئاماژەیەک بکەمە کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر کورد و کوردستان، چونکە ئەو کاریگەریانە لە چەند قۆناغدا دەرکەوتن. سەرەتا ئەگەرچی کورد لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان خەسار و زیانێکی زۆری لێ کەوت و خەڵکێکی زۆر لە شار و گوندەکانی خۆیان ئاوارە کران و تەنانەت لە لایەن گرووپە تیرۆریستەکانەوە لە هەندێ شوێن کۆمەڵکۆژ کران و ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە و گەریلا شەهید بوون و گیانیان بەخت کرد، بەڵام بە گشتی و لە دیمەنێکی گەورەتردا گۆڕانکارییە سەرەتاییەکان لە بەرژەوەندی کورد بوون. واتا کورد هەندێ دەستکەوتی ستراتیژیکی بەدەست هێنا. وەک خۆتان ئاماژەتان کرد سیستەمی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان خۆی بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆڕانەیە، گرتنەوەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان لە لایەن پێشمەرگەوە هەموویان لە بەرژەوەندی کورد و بەرهەمی ئەو گۆڕانکاریانە بوون. لە ڕاستیدا ئەوانە دەستکەوتی ستراتیژیک و زۆر بە نرخ بوون. ئێوە ئاگادارن بۆ نموونە کەرکوک نزیکەی یەک سەدە کێشەی هەرە سەرەکی نێوان کورد و حکومەتی عێراق بووە. کورد هیچ کات لەسەر ئەو ناوچەیە سازشی نەکردووە و هیچ یەک لە دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدایش هیچ کات داخوازی کوردیان سەبارەت بە کەرکوک قەبوڵ نەکردووە. بەڵام لەو گۆڕانکاریانەدا دەرەفەتێک ڕەخسا کە پێشمەرگە بە ئاسانی کەرکوک ڕزگار بکاتەوە. یان بۆ نموونە پانزە ساڵ پێش ئێستا، زۆر ئەستەم بوو کەسێ پێش بینی ئەوە بکات ڕۆژئاوای کوردستان ئەو ڕێژەیەی ئێستای ئازادی و ڕزگاری بەخۆیەوە ببینێ. ئەوە قۆناغی بەدەستهێنانی دەسکەوتی ستراتیژیک بۆ کورد بوو. بەڵام دواتر و بەتایبەت پاش هەرەسهێنانی دەسەڵاتە بەرفراوانەکەی ڕێکخراوەی داعش و هێدی هێدی ئارامبوونەوەی دۆخەکە، کورد یان باشترە بڵێم حیزبە کوردییەکان نەیانتوانی بەو جۆرەی کە پێویستە پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەن. واتا لە نەبوونی ستراتیژییەکی عەقلانی بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان، بەرە بەرە ڕێژەیەکی زۆر لەوەی بەدەستهاتبوو ڕادەست کرایەوە و بەو جۆرەی ئێوە ئاماژەتان داوە، کورد تووشی شکست بوو. دەکرێ بڵێم ئەو شکستە دوو هۆکاری سەرەکی هەبوو. یەکەم، هۆکاری دەرەکی یان سیستەمی ناوچەیی دژە کورد بوو. واتا لانیکەم ئەو چوار وڵاتەی ناوچە کە نەتەوەی کورد بەسەریاندا دابەشکراوە، وەک سیستەمێک و هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکتری، بەردەوام دژی هەموو بەرژەوەندییەکانی کورد دەجووڵێنەوە. دیارە کورد وەک ئەکتەرێکی بێ دەوڵەت، توانای ئەوتۆی بۆ پووچەڵکردنەوەی هەموو پلان و پیلانەکانی ئەو دەوڵەتانە نییە. بەڵام گرنگتر لەوە، کورد نەک لە ئاستی هەموو کوردستان، بەڵکو تەنانەت لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان، لە نێو خۆیاندا تەبا نیین و کێشە و ناکۆکییەکانیان وا دەکات کە تەنانەت پێناسەیان بۆ دەرفەت و هەڕەشەکان جیاواز بێت. بە جۆرێ کە ئەو ناکۆکیانە دەگەنە ئاستێک کە لایەنێک پرسێکی نەتەوەیی وەک ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی بە دەرفەت دەزانێ و لایەنێکی تر بە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی. واتا بە هۆی نەبوونی هاوکاری و ڕوون نەکردنەوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و لە کۆتاییدا بە هۆی نەبوونی ستراتیژییەکی نیشتمانی، پێکهاتن لەسەر پرسە جیاوازەکان زۆر ئەستەمە. بۆیە دەرئەنجامی پلان و پیلانە سیستەمییە ناوچەییەکان و ناتەبایی و ناکۆکییە نیوخۆییەکان، دەبێتە هۆی شکست. لەوانەیە کاریگەری ئەو دوو فاکتەرە دەرەکی و نیوخۆییە لە هەر بەشێکی کوردستان جیاواز بێت. بۆ نموونە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێتە قوربانی دەستێوەردان و پەلهاوێشتنەکانی تورکیا، واتا لەوێ فاکتەری دەرەکی و گوشارە دەرەکییەکان و مامەڵە و سەودای نێوان دەوڵەتەکان دەبێتە گوشار لەسەر کورد. لە باشووری کوردستان هەم پلان و پیلانی دەرەکی و هەم ناکۆکی نێوخۆیی دەبنە هۆی لەدەستدانی هەموو دەستکەوتەکان و خەساری ماددی و مەعنەوی بەرفراوان.
بیرمەندانی سیاسەت دەڵێن نەزم و سیستەمی نوێ دوای گۆڕانکارییە قووڵەکان و هەڵوەشانەوەی سیستەمە پێشووەکان سەرهەڵدەدەدەن. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین ئەو گۆڕانکاریانە کە لە یەک دەیەی ڕابردوودا لە ناوچە ڕوویان دا لەو جۆرە گۆڕانکاریانە بوون و کوردیش خۆی لە نەزم و سیستەمێکی نوێدا بینییەوە، بەڵام بەو جۆرەی کە پێویست بوو نە کەڵک لە دەرفەتەکان وەرگیران و نە دەستکەوتەکان پارێزران. لەبەر ئەوەی زۆر بەدەگمەن ئەو جۆرە گۆڕانکارییانە ڕوو دەدەن و کاتی وا هەیە چەندین دەیە دەخایەنێ، دیار نییە کورد دەبێ تا کەی چاوەڕوانی دەرفەتێکی تر بکاتەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەوانەی بە ئاسانی بە فیڕۆی دان.
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای کوردستان، من ناتوانم وەک یەکەیەکی سەربەخۆ باسی کورد بکەم، چونکە لە ڕاستیدا و بەو جۆرەی کە دەیبینین، کورد هاوکات لە چەند هەلومەرجی جیاوازدایە. باشوری کوردستان کە هێشتا لە ڕاتڵەکان و شۆکی دوای ڕووداوەکانی کەرکوک و ناوچە دابڕواوەکان ڕزگاری نەبووە، ئێستا بەرەوڕووی قەیرانی ئابووری و گوشاری حکومەتی بەغدایە، ڕۆژئاوای کوردستان لە هەوڵی جێگیرکردنی سیستەمی نوێ و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و هاوکات لە ژێر گوشار و پەلاماری گرووپە تیرۆریستەکان و تورکیادایە. پ.ک.ک لە باکور ڕووبەڕووی پەلاماری دڕندانەی تورکیا و خەڵکی باکوور و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ناخۆشترین، سەختترین و تاڵترین ڕۆژانی خۆیان لە ژێر هەیمەنە و ستەمی دەوڵەتانی داگیرکەر تێدەپەڕێنن. ئەمە بارودۆخی ئێستای کوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
قهندیل پرێس: بهشێک له شرۆڤهکاران پێیان وایه که ساحهی سیاسهت له کوردستان لهناوبهین پهکهکه و پارتی دیمۆکرات دابهش بووه. یانی پارتی دیمۆکرات ناسیۆناڵیزمی کوردی به ئامانجی دامهزراندنی دهوڵهتی کوردی نوێنهرایهتی دهکات و پهکهکهیش کۆنفێدراڵیزمی دیمۆکراتیکی عهبدۆڵڵا ئۆجهڵان نوێنهرایهتی دهکات. ئهم شرۆڤهکارانه مۆدێلی کۆنفێدراڵیزمی دیمۆکراتیک به مۆدێلیک ئهزانن که دوای دامهزراندنی دهوڵهتی کوردی دهتوانێت بێته کایهوه و له سهر ئهم باوڕهن که ئهم مۆدێله له داب و نهریتی حهزفی ڕۆژههڵاتی ناوین ناتوانێت وڵامدهر بێت. بۆ نموونه ئیدیعا دهکهن که ئهگهر کورد له ڕۆژئاوا له بواری هێزی نیزامیی لاواز ببێت به زووترین کات به دهست عهرهبه نیشتهجێکانی خۆبهرێوهبهری ههڵئهوهشێتهوه. بهڵام بهشێکتر له شرۆڤهکاران پێیان وایه که سهردهمی ناسیۆناڵیزم به سهر چووه و ناسیۆناڵیزمی کوردیش له خزمهتی جیهانی سهرمایهدایه و هیچکات ناتوانێت کورد به ئازادی و مافی خۆی بگهیێنێت و دامهزراندنی دهوڵهتی کوردیش له گهڵ واقێعی ڕۆژههڵاتی ناوین یهک ناگرێتهوه بهم بۆنهوه له کۆنفێدراڵیزمی دیمۆکراتیک پاڵپشتی دهکهن. به ڕای جهنابتان له ئێستادا کورد دهبێت به شوێن دامهزراندنی دهوڵهتی کوردییهوه بێت یان دامهزراندنی کۆنفێدراڵیزمی دیمۆکراتیکی گهلانی ڕۆژههڵاتی ناوین؟
محهمهد حسێنزاده: پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە ئایا من مۆدێلی کۆنفیدرالیزم بە گونجاوتر دەزانم یان دەوڵەتخوازی، ئاماژە بە چەند خاڵ بکەم. یەکەم، ئەگەر مەبەست لە دابەشبوونی ساحەی کوردستان بەسەر پارتی و پ.ک.ک-دا ئەوەیە کە ئەو دوو حیزبە، لە ئێستادا دوو ئەکتەری چالاکتری شانۆی سیاسەتی کوردستانن، ئەوە ڕاستە. بە هەر حاڵ پارتی وەک ئەکتەری سەرەکی باشووری کوردستان و پ.ک.ک-یش لەبەر جێگیربوونی لە قەندیل و بەتایبەت هەبوونی مۆدێل و ئایدیایەکی تایبەت، کە ژمارەیەکی زۆر لایەنگری لە دەور خۆی کۆ کردووەتەوە، دوو ئەکتەری سەرەکیین. بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوەیە کە کوردستان بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا دابەش بووە، بە دڵنیاییەوە ڕاست نییە. تەنانەت ئەو گریمانەیە هەر لە شانۆی باشووریش ڕەد دەکرێتەوە. خاڵی دووەم ئەوەیە کە ڕاستە کۆنفێدراڵیزمی دێموکراتیک ئایدیا و مودیلی تایبەتی پ.ک.ک-یە بەڵام ناسیونالیزم و دەوڵەتخوازی تەنیا تایبەت بە پارتی دێموکراتی کوردستان و لایەنگرانی ئەو حیزبە نییە.
سەبارەت بە مودێلی کۆنفدرالیزمی دێموکراتیک، ئاماژەتان کرد کە هەندێ شرۆڤەکار، ڕەخنە لەو مودیلە دەگرن و بۆ نموونە دەڵێن ئەگەر ڕۆژئاوا لە بواری هێزی سەربازییەوە لاواز بێت، بە خێرایی سیستەمەکەیان هەڵدەوەشێتەوە و بۆیە سیستەمی کۆنفیدرالیزم بە گونجاو نازانن! بە بڕوای من ئەوە ڕەخنەیەکی گونجاو و جدی لەو مۆدیلە نییە، چونکە لە بنەڕەتدا کۆنفیدرالیزمی دێموکراتیک نەک هەر دژی خۆبەهێزکردنەوە بۆ پاراستنی سیستەمی خۆی نییە، بەپێچەوانەوە بۆ پاراستنی ئەو سیستەمە دەبێ بەهێز بێت. دمهەوێ بڵەم ئەو مودیلە و هەروەها بیرۆکەی برایەتی گەلان، ڕەخنەی جدیدتری لەسەرە. سیستەمی سیاسەتی جیهان لانیەکەم لە ساڵی 1648وە سیستەمی دەوڵەت تەوەرە و هەموو نەتەوەکانی جیهان بە مەبەستی مانەوەی جەستەیی و کلتوریی-شۆناسی خۆیان هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەدەن، لەبەر ئەوەی کە دەوڵەت گونجاوترین سیستەمێکە کە دەتوانێت مانەوە و ئاسایشی هەر نەتەوەیەک گەرەنتی بکات. ئێستاش و تا داهاتوویەکی پێش بینی کراویش ئەو ڕەوتە هەر بەردەوام دەبێ. ئایا کورد توانای گۆڕینی ئەو ڕەوتە و ئەو سیستەمەی هەیە؟ ئایا لە ناوچەیەکدا کە لۆژیکی سیاسەتی حەزفی یان باشترە بڵێم سیاسەتی هابزی [یا بکۆژە یان بمرە] داسەپاوە و کاری پێ دەکرێ، مۆدێلی برایەتی گەلان، مۆدیلێکی ڕاستیوازانەیە؟ نەتەوەیەک کە توانای پاراستنی خۆی نییە، واتا توانای دامەزراندنی دەوڵەتێکی بۆ مانەوەی خۆی نییە، چۆن دەتوانێ دژایەتی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە بکات و کۆتایی بەو سیستەمە بێنێ؟ یان لە دڵی ئەو سیستەمەدا سەر هەڵبدات؟ ئەمانە پرسیاری سەرەکیترین، ئەگەرچی جێی مشتومڕن و لەوانەیە لایەنگەرانی ئەو ئایدیا زەینیی و مۆدیلە سیاسییە، وەڵامی خۆیان هەبێ. بە هەر حاڵ، بەڕێز عەبدوڵا ئوجەلان داهێنەری ئەو ئایدیایە پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە ئەو مۆدێلە ڕیشەی لە مێژوو و جیهانبینی کورددایە و گونجاوترینیشە بۆ چارەسەری پرسی کورد.
دیارە من خۆم زیاتر لەگەڵ ناسیونالیزم/ ناسیونالیستەکان هاودڵ و هاوفکرم و پەرەپێدان بە ناسیونالیزم و جێگیرکردنی بیرۆکەی دەوڵەتخوازی بە ڕێگاچارەیە گونجاوتر دەزانم. ئەوەش فورمولێکی زێڕینە کە زۆرینەی نەتەوە بندەستەکانی ڕزگار کردووە. پێم وا نییە و هیچ نیشانەیەک دیار نییە کە بیسەلمێنێت، سەردەمی ناسیونالیزم کۆتایی پێ هاتووە، بەپێچەوانەوە هەر ئێستا و لەسەردەمی قەیرانی پەتای کۆرۆنادا، بینەری گیانگرتنەوەی ناسیونالیزمین. چرکە، چرکەی پەرەسەندنی ناسیونالیزمە. شانۆی سیاسەتی جیهانی و بەتایبەت ڕووداوەکانی پاش شۆڕشی فەڕەنسا تا ئێستا، بۆ هەموو لایەک ڕوونیان کردووەتەوە کە ناسیونالیزم ئایدیایەکی نەمرە و بەردەوام لە پەرەسەندندایە و بە جدی سیاسەتی جیهانی دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە و هەموو نەتەوە خاوەن دەوڵەت و بێ دەوڵەتەکان بایەخی پێ دەدەن. مێرشامێر گەورەبیرمەندی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە هەموو بەرهەمە نوێکانیدا، ناسیونالیزم و دەوڵەت- تەوەری بە دوو فاکتەری هەرە گرنگ دەزانێ کە زیاترین کاریگەری لەسەر سیاسەتی جیهانی دادەنێن. ڕاستە ناسیونالیزم بەردەوام کەوتووەتە بەر پەلاماری لایەن و بیرۆکە جیاوازەکان، لە ئیماندارە ئومەتخوازەکانەوە بگرە تا ئایدیالیستە ئەخلاقگەراکان و لە لایەنگەرانی کۆمەڵگەی جیهانییەوە [دژبەرانی سیتەمی نێونەتەوەیی] بگرە تا هەندێ لە مارکسیست و چەپەکان. ئەوانە هەموویان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەڵێنی نەمان و فەوتانی ناسیونالیزمیان داوە، بەڵام ئەوەی کە بە واقێع دەیبینین ئەو ڕاستییەیە کە هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکان هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان دەدەن و هەموو نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان هەوڵی پەرەپێدان بە ناسیونالیزم لە نیو هاووڵاتیانیان دەدەن. بۆیە ناسیونالیزم بەردەوام دەبووژێتەوە.
ئاماژەتان بەو خاڵە کرد کە هەندێ لە شرۆڤەکاران بڕوایان وایە کە ناسیونالیزم و دەوڵەتخوازی کوردیی لەگەڵ واقێعی ناوچەکە ناخوێنێتەوە. بەڵێ، ئەوە ڕاستە. بەڵام کام مودێلی پێشنیارکراوی کورد لەگەڵ واقێعی ناوچە دەخوێنێتەوە؟ فدرالیزم یان کۆنفیدرالیزمی دێموکراتیک؟ هیچ کامیان. ئەسقەزا هەموو خەبات و تێکۆشانی کوردیش بۆ گۆڕینی ئەو واقیعەیە کە لەگەڵ هیچ مۆدێلێکی پێشنیارکراوی کورد ناخوێنێتەوە و بەسەر ناوچە و نیشتمانیدا داسەپیوە. لێرەدا وەک خاڵی کۆتایی دەمهەوێ ئەوە بڵێم کە زۆر جار دەوترێ کە کورد بووەتە قوربانی ناسیونالیزمی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و بۆیە دەبێ هەوڵی سڕینەوەی ناسیونالیزم بدەین. بە بڕوای من ئەوە خوێندنەوەی هەڵەیە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە تەنیا داگیرکەرانی کوردستان نین کە گرنگییان بە ناسیونالیزم داوە و ئێمەش بووینەتە قوربانی ئەو گرنگیپێدانەی ئەوان، بەڵکو نەتەوەی کورد قوربانی ئەوەیە کە وەک نەتەوەکانی تر گرنگی بە ناسیونالیزم و لە ئەنجامدا پەرەپێدان بە بیرۆکەی دەوڵەتخوازی نەداوە.
قهندیل پرێس: ئهگهر بگهڕینهوه بۆ ڕۆژههڵاتی کوردستان. له ساڵانی ڕابردوودا به هاتنه سهر کاری دۆناڵد ترامپ له ئهمریکا. گرژییهکانی نێوان ئێران و ئهمریکا توندتر بوون. له گهمارۆ ئابوورییەکان تا گرژی نیزامیی. ههروهها له ناوخۆیشدا ڕاپڕینهکەن له ئاستێکی بێ وێنهدا پهرهیان سهندووه. بهڕای بهرێزتان حیزبهکانی ڕۆژههڵات تا چ رادهیک توانیویانه لهم بارودۆخه کهڵک وهربگرن؟
محهمهد حسێنزاده: دیارە گوشار و گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، ئەو وڵاتەی تووشی قەیرانی نێوخۆیی و دەرەکی کردووە و ئەو قەیرانەی کە ئێران بە تایبەت لە یەک ساڵی ڕابردوودا بەرەوڕووی بووەتەوە، لە تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بێ وێنە بووە. بەڵام ئەو گوشارانەی ئەمریکا هەل و دەرفەتێکیان نەخولقاندووە کە حیزبەکانی کوردستان بتوانن بەشێوەی پێویست کەڵکی لێ وەربگرن. حیزبەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیشیان لە خۆپیشاندانەکان نەبووە. هەڵبەت گومانم هەیە حیزبەکان بتوانن لە دەرفەتەکانیش کەڵک وەربگرن. بە گشتی ئەوەی ئێمە دەیبینین حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تا ئێستا پلان و بەرنامەیەکییان نە بۆ ئەم دۆخە و نە بۆ داهاتوو نییە. لەوانەیە هەر یەک لە حیزبەکان بانگەشەی ئەوە بکەن کە پلانی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام هیچ نیشانەیەکیش نییە کە پێمان وابێ ئەو بانگەشەیە ڕاستە و تەنانەت ئەگەریش ڕاست بێ دەتوانین بڵێین لە ئەگەری ڕووداوێکدا شانۆی ڕۆژهەڵات دەبێتە “هەر کەس بۆ خۆی”. لە ئێستادا دەبینین هەر کام لە سەرکردە و سکرتێر و بەرپرسانی حیزبە جیاوازەکان دێنە سەر شاشە و بەردەوام باسی ئەوە دەکەن کە ئێران لە قەیرانێکی قووڵدایە و لێی دەرناچێ. کەسیان ئاماژە بەوە ناکات کە ئەگەر ئێران لە قەیرانی هەرەسهێناندایە ئەوان چ پلانە و بەرنامەیەکی هاوبەشیان بۆ چرکەساتی داڕمانی کۆماری ئیسلامی داڕشتووە؟ ئەوە ئەو پرسیارە پێویستەیە کە بێ وەڵام ماوەتەوە و هیچ کام لە حیزبەکان وەڵامی نادەنەوە. پێویستییەکەی ئەوەیە کە ئەگەر قەبووڵ بکەین ئێران لە قەیرانی هەرەسهێناندایە، مانای ئەوەیە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەوانەیە بکەونە دۆخێکی قەیراناوی و بەرەوڕووی پەلاماری لایەنە جۆراوجۆرەکان ببنەوە. کەوابوو، پلانی حێزبەکان چییە؟
قهندیل پرێس: ساحهی سیاسی ڕۆژههڵاتی کوردستانیش ههروا که دیاره لهناوبهین لایهنگرانی دامهزراندنی دهوڵهتی کوردی و دامهزراندنی کۆنفێدراڵیزمی دیمۆکراتیک دابهش بووه. ماوهیک لهمهو پێش گرژی ئهم دوو رهوته له تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان به بڵاوبوونهوهی فایلێک بهناو سهناریۆی پارتی دیمۆکرات بۆ ڕۆژههڵاتی کوردستان له لایهن ئاژانسی ههواڵی فۆرات سهر به پهکهکه تهقییهوه. ههڵسهنگاندنی جهنابتان بۆ ئهم بارودۆخه چییه؟
محهمهد حسێنزاده: بۆ من ڕوون نییە ئەو دابەشکارییە چۆنە و لەسەر چ بنەمایەک ڕۆژهەڵات بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا دابەشکراوە. باس و بەرپرچدانەوەکان سەبارەت بەو فایلە لە لایەن هەندێ تاکی ڕۆژهەڵاتییەوە بە مانای ئەوە نییە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر ئەو دووبەرەیەدا دابەش بووە و ناکۆکییەکانی ئەو دوو لایەنە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بەسەر دوو جەمسەردا دابەش دەکا. دەتوانم بڵێم بەدڵنیاییەوە دابەشکارییەکی ڕاستیوازانە نییە. سەبارەت بە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات من پێش هەموو شتێ پێم وایە زۆرینەی خەڵک لایەنگری دەمارگرژی حیزبەکان [هیچ حیزبێک] نین، ئەگەرچی ئەوە بەو مانایە نییە کە خاوەندارێتی حیزبەکان نەکەن و ئەوان بە نوێنەری خواستە نەتەوەییەکانیان نەزانن. دووەم، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەر کامەیان پێگە و لایەنگری تایبەت بە خۆیان هەیە و کەس ناتوانێ حاشا لەو ڕاستییە بکات.
قهندیل پرێس: ههروا که دهزانین ناوهندی هاوکاری ئهحزابی ڕۆژههڵات پهژاک به فهرمی ناناسێت و پهژاک به لهقێکی پهکهکه پێناسه دهکات که سهربهخۆ نییه. یهک له نیشانهکانیشی ئاگربهستی ساڵی٢٠١١ پهژاک له گهڵ رژیمی ئێران و پاشهکشهی له بهرزاییهکانی جاسووسانی سهردهشت دهزانن که به فهرمانی کهجهکه له معامیله له گهڵ سپایپاسداران رووییداوه. له بهرامبریشدا پهژاک ئهحزابی ناوهندی هاوکاری به کلاسیک. کهمپنشین و تهنانهت پڕۆژهی ڕاسانی حدکایش به شکست خواردوو وهسف دهکات. ههڵسهنگاندنی بهرێزتان له سهر ئهم بابهتانه چییه؟
محهمهد حسێنزاده: عەقڵانییەتی سڕینەوە، نەبینین و حاشالێکردن نەک دەستەکەوتێکی نابێت، لە دۆخە هەستیارەکاندا کارەساتیشی لێ دەکەوێتەوە. ئەولەوییەتی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکاری هەموو حیزب و لایەنەکانە. دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵات و لاوازی خۆدی حیزبەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر بەرهەمی هاوکارینەکردن و یەکتر قەبووڵ نەکردن و سڕینەوەی یەکترییە. پژاک سەربەخۆ بێ یان لقێ لە پ.ک.ک واقعێکە کە هەیە و ناکرێ لەبەرچاوی نەگری. دێموکرات و کۆمەڵەکانیش ڕاستە ساڵانێکە بە چەندین هۆکاری ناوچەیی و نێوخۆیی چالاکی ئەوتۆیان نەبووە، بەڵام نە کۆتاییان پێ هاتووە و نە کەس دەتوانێ حاشا لە پێگە و لایەنگر و جەماوەریان بکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. حیزبەکان دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو واقێعانە هەوڵی هاوکاری و لێکتێگەیشتن بدەن.
سەبارەت بە ڕوانگەی پژاک بۆ ڕاسان کە بە شکستخواردووی دەزانێ، ئێمە شانۆی سیاسەتی کوردستان و حیزبەکان دەناسین. تا ئێستا نەمانبینیوە کە هیچ حیزبێک سیاسەتی حیزبێکی تر بە سەرکەوتوو بزانێ، تەنانەت ئەگەر لە سەرکەوتنیشی دڵنیا بێت، بگرە بە ئاشکرا هەوڵی لاوازکردنی پێگە و پلانەکانی یەکتریش دەدەن. ئەمە مەبەستم پژاک یان دێموکرات نییە، ڕەوتێکی گشتگیرە. بەڵام وەک تێبینی خۆم سەبارەت بە ڕاسان، پێم وایە ئەوە داهێنانێک بوو لە ڕەوتی خەبات لە ڕۆژهەڵات بۆ کەڵکوەرگرتن لە توانا و دەرفەتەکان. سەرەڕای ئەوەی کە پێشوازی لەو سیاسەتە کرا و هەڵبەت چەندین پێشمەرگەیش گیانی خۆیان بەخت کرد و شەهید کران، بەڵام پاش ماوەیەک، سەرەتا بینیمان کە بە سەپاندنی ڕوانگە و پەرەپێدان بە تەفسیرێکی تایبەت لە ڕاسان لە لایەن هەندێ لە بەرپرسانی حدکاوە، ڕاسان بچووک کراوە بۆ نووسینی گۆڤار و هەندێ جار کۆبوونەوەکانی ئەورووپا. بۆیە ئەگەر ماوەیەک ڕاسان خاڵی جیاکەرەوەی حدکا لە حیزبەکانی تر بوو، ئێستا ئەو خاڵە نەماوە. بۆ نموونە ئەگەر مەبەست چالاکی مەدەنییە هەم حدک و هەم کۆمەڵەییەکانیش بانگەشەی ئەو جۆرە چالاکییە دەکەن و ئەگەریش مەبەست هەبوونی هێزی پێشمەرگە لە شاخە، بەشێ لە کۆمەڵەیەکان پێشمەرگەیان لە شاخ هەیە.
قهندیل پرێس: ئهگهر رهفتاری ئهحزابی ڕۆژههڵاتی کوردستان لهبهر چاو بگرین دهزانین که ئهحزابی ناوهندی هاوکاری مهیلیان بۆ ئیتیحاد لهگهڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ههیه بۆ نموونه عهلیرهزا نووریزاده ئیدیعا دهکات که بهرێزان مستهفا هیجری و عهبدۆڵڵا مۆهتهدی لهگهڵ رهزای پههلهوی چاوپێکەوتنیان بووه له لایکتر پهژاکیش ههوڵ دهدات لهگهڵ ئهحزاب و رهوتی چهپی ئێرانی بهرهیک پێکبێنێت ههر بهم بۆنهوه دامهزراوهیێکی به ناوی پلاتفۆرمی دیمۆکراتیکی ئێران پێک هێناوه. تهجرۆبه مێژوویهکان به ئێمه نیشان دهدات که ههر دوو قۆتبی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له راستهکان تا چهپهکان خۆیان وهفادار به پاراستنی یهکپارچهیی ئێران دهزانن. بهڕای جهنابتان تێکۆشان له ڕاستای ئیتیحاد و هاوکاری له گهڵ ئهحزابی ئێرانی تهنانهت به فهرزی له ناوچوونی ڕژێمی ئێستا دهتوانێت نهتهوهی کورد به خواستهکانی بگهیێنێت؟ ئهمه له حالێکدایه که گۆڕینی ڕژیم له پههلهوی بۆ کۆماریئیسلامی هیچ ئاڵۆگۆڕێکی له بارودۆخی کورد و کهم بوونهوهی ئاستی سهرکۆت بهدی نههێنا
محهمهد حسێنزاده: سەبارەت بە باسی یەکپارچەیی ئێران پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم، لە ئێستادا نەک هەر ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری ئێرانی، بەڵکو حیزبە کوردییەکانیش بە پێی ڕاگەیەندراو و ئەساسنامە و تەنانەت پێداگرییان، خۆیان وەفادار بە یەکپارچەیی ئێران دەزانن و بەردەوامیش دووپاتی دەکەنەوە. بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە کە ئامانجی حیزبەکان تەنیا گۆڕینی دەسەڵات و ڕژیم بێ، بۆیە هاوکاریکردنیان لەگەڵ لایەنە ناکوردییەکان بە مانای ئەوە نییە ئەمانیش تەنیا بۆ گۆڕینی ڕژیم هەوڵ دەدەن. لانیکەم خۆیان دەڵێن لەگەڵ ئەو لایەنانەی هاوکاری دەکەن کە دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا بنێنن. من پێم وا نییە هاوکاری لەگەڵ ئەو لایەنانەدا خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی هەبێت. مەسەلە چۆنیەتی هاوکاری کردنە. ناکرێ و مانای نییە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خۆیان نەتوانن پێکەوە هاوکاری بکەن و بگەنە کۆدەنگییەک لەسەر پرسی کورد، بەڵام چاوەڕوانی هاوکارییەکیان لێ بکرێ لەگەڵ لایەنەکانی تری ئوپۆزیسیۆن کە لە بەرژەوەندی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا بێت. ئەوەی ئێستا دەبینرێ کێبەرکێی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە بۆ پەیوەندیگرتن بە لایەنەکانی تر بۆ ئەوەی هەرکامیان خۆیان وەک نوێنەری نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات نیشان بدەن. بۆیە زۆر جار لە هەڵوێستەکانیشیان لێکدژییەک دەبینرێ، بۆ نموونە حیزب هەیە لە لایەک باسی ستەمی مێژوویی دەوڵەتانی داگیرکەر دەکات و لە لایەکی تر لە ڕاگەیەندراو و بەیانییە هاوبەشەکان لەگەڵ ئۆپۆزیسیونە ئێرانییە ناکوردەکان، باسی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی مێژوویی دەکات.
قهندیل پرێس: وهکوو دوایین پرسیار. بارودۆخی ڕۆژههڵاتی کوردستان له داهاتوودا چۆن ئهبینن؟
محهمهد حسێنزاده: من لەژێر کاریگەری ڕوانگەی سیاسی ڕیالیزم و گرنگیدان بە یەکە بەههێزترەکان لە شانۆی سیاسەتدا، پێگەیەکی تایبەت بۆ حیزبەکان لە ڕەوتی خەبات و هەروەها دیاریکردنی ڕووداوەکان لەبەرچاو دەگرم. پێم وایە حیزبەکان لە داهاتوودا باش یان خراپ، زیاترین کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان دادەنێن. هاوکات بڕوام وایە ئەگەر حیزبەکانی کوردستان هەر لەسەر ئەم سیاسەتانەی ئێستایان پێداگر بن، نەک خۆیان ناتوانن دیاریکەری سەرەکی ڕووداوەکان و چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن، بەڵکو هەر جۆرە گۆڕانکارییەکیش چ بە هۆی ڕاپەڕینی خەڵک لە نێوخۆ یان ڕووداوێکی دەرەکی ڕوو بدات، ئەستەمە بتوانن بە باشی کەڵک لە دەرفەتەکان وەر بگرن. چوون هەر بەو جۆرەی کە پێشتر ئاماژەم کرد هیچ پلان و نەخشەڕێگایەکی هاوبەش لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تا ئێستا بوونی نییە. تەنانەت ناکۆکی و کێشەی نێوانیان دەتوانێ لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات، کە کۆمەڵگەیەکی فرە چەشنە ڕەنگ بداتەوە و کێشەی گەورە بێتە ئاراوە. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستا، نەک ناتوانین گەشبین بین بە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بگرە هۆکاری زۆریش هەن کە ڕەشبین بین، لانیکەم تا ئەو کاتەی بینەری هەوڵ و پلانێکی هاوبەشی حیزبەکان سەبارەت بە چۆنییەتی سیاسەتکردن لە داهاتوو بین.
بۆ داگرتنی فایلی تەواوی دیمانەکە کلیک لێرە بکە
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!